٣\٣\٢٠١١
جەماوەرى ناڕازى
لە نێوان بەرداشى دز و قازى.

هیوا رەش
کاتێک ناوى پارتى و یەکێتى دێنە پێش ، ڕێک ئەم قسەیەم بیر دێتەوە : ((
کابرایەک لە دوکانێکدا مامەڵەى شت دەکات و لە ئاکامدا لەگەڵ
دوکاندارەکەدا ڕێک ناکەوێ و کەللەیى دەبێت و شەقێک لە تەنەکەیەکى
بەردەم دوکانەکە دەدا کە ئاگرى تێدا کراوەتەوە ، گڕى تێ بەر دەدا و
دوکاندارەکە دەسووتێنێ ، ئینجا کابرا دەیەوێ ڕا بکا ، بەڵام دراوسێ
دوکانى سووتاوەکە پڕ بە کابراکەدا دەکات و دەیگرێ ، کابرا دەست بۆ
خەنجەرى بەر پشتێنى ئەویش دەبات و دەیکات بە لاسکیدا و دەیکوژێت ، لە
دواییدا بە خەنجەرى خوێناوییەوە هەڵدێ و لە ڕێگادا دوو پۆلیس باڵانگژى
دەبنەوە ، بە ڕاست و چەپدا خەنجەر ڕادەوەشێنێت و ئەوانیش بە لادا دەخا
، هەرچى چۆنێک بێت دەیگرن و پاشان دەدرێتە دادگا ، لە ڕۆژى دادگایى
کردنەکەیدا هەموو ئەو تاوانانەى دەخەنە بەردەم کە ئەنجامى داوە ، لە
وەڵامدا دەڵێ : جەنابى حاکم بەخوا گوناهم نیە و بێتاوانم ، من چى بکەم
ئەو خەڵکە خۆیان توڕەهاتن و ناتوانن لەگەڵ مندا بژین، دادوەریش پێى
دەڵێت : ڕاست دەکەى کوڕم ، تۆ لەسەر هەقى و بێتاوانى و ئەو خەڵکە ناهەق
و توڕەهاتن ، ئەستەمە تۆ بتوانى لەگەڵیاندا بگوزەرێنى ، بۆیە
بڕیارماندا ژوورێکى تاکەکەسیت بۆ تەرخان بکەین و بۆ هەتاهەتایە لەو
خەڵکە دوورت بخەینەوە )) ، سەربارى ئەو هەموو دزى و تاڵانى و گەندەڵى و
ناڕوونى و بەرتەسک کردنەوەى دیموکراتییەت و بەکەڵەگا کردنى حیزبەى لە
لایەن پارتى و یەکێتیەوە پیادە کراوە و دەکرێ ، کەچى هێشتا بێشەرمانە
خەڵکى خۆپیشاندەر بە ئاژاوەچى و گێرەشێوێن لە قەڵەم دەدەن ، ئەمەیە کە
دەڵێن : ( هەتا خاوەن ماڵ دزى گرت ، دز خاوەن ماڵى گرت ) ، بێگومان
ڕۆژێک مێژوو دەبێتە دادوەر و لە تۆڵەى دابڕان و ستەمەکانیان لە خەڵک ،
فەرمانى زیندانیى هەتا هەتاییان لە زبڵدانى مێژوودا بەسەردا دەدا .
قسەیەکى کوردەوارى هەیە دەڵێ : ( یەکجار زستان سەختە و بڕایەوە ) ،
سەبارەت بە دەسەڵاتى کوردیش یەکجار ستەمکارە و بیبڕینەوە باشترە لەوەى
بیڵێینەوە و دەبێ عەوداڵى ڕێگا چارەى ئازادى بین ، ئەویش سانا نیە و
دەبێ وەکو شێرپەنجە سستمەکە لە ڕەگەوە دەربهێنین و نەهێڵین بە دروشم و
بەڵێنى سڕکەر ساردمان بکەنەوە و دووبارە ڕەفتارە ناشرینەکانیان سەر
هەڵداتەوە و مەرگەساتەکانمان بەسەردا دووبارە بکەنەوە .
با بێینە سەر ئۆپۆزیسیۆن کە ئەمڕۆکە خۆیان کردووە بە قازى و بە پێى
بالۆرەى حیزبایەتى خۆیان دەڵێى : هەورى بەهارانن یان دەڕەوێنەوە یان پڕ
بارانن ، ئەمانیش میزاجى بەرژەوەندى حیزبیى چۆنیان لێ بخوازێت ئاوها
ڕەفتار دەکەن ، ئەگەر لە حوجرە داخراوەکانى کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ
دەسەڵاتدا بە دەمیانەوە پێ بکەنن ، ئەوا ئەوسا پێکەنینیان بە خواستى
ڕەواى جەماوەر دێت و زوڕناى ( نەیار ) ەکانیان بە گوێى جەماوەرى
بێمافدا دەدەن و بە ئاژاوەچى و گێرەشێوێن بە قاڵبى دەسەڵاتدارێتى
تاڵانچى مەحکومیان دەکەن ، ئەگەریش بیانبوغزێنن و قاچى کورسییان لەق
بکەن و دەمى قاسەیان لێ کلۆم بدەن ، سوارى شەپۆڵى ناڕەزایەتى جەماوەر
دەبن و بەرەو نغرۆ کردنى خواستە ڕەواکانیان سەرشێتانە و بێگوێدانە
ئاییندە و چارەنووسى ئامانجەکانى خەڵک ملى ڕێگەى هات و نەهات دەگرن و
لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە لە برى جەماوەر داد و فیغان دەکەن .
لە نێو بەرداشى دز و قازیدا دەبێ جەماوەر بە وریاییەوە ڕەفتار بکەن :
1- جگە لە نوێنەرانى خۆیان ئیعاز لە هیچ لایەنێک وەرنەگرن و بڕواش بە
بەڵێنى هیچ لایەنێک نەکەن و بێ لە نوێنەرەکانى خۆیان متمانەش بە هیچ
لایەنێک نەبەخشن .
2- دەبێ هەڵسوکەوت و گوتارى نوێنەرانیان دەربڕى ناخى جەماوەر بێت .
3- ڕێککەوتن و موجامەلەى نێوان حیزبەکان ڕەت بکەنەوە کە دەیانەوێ
جەماوەر بکەنە بەردەباز بۆ گەییشتن بە بەرژەوەندییە حیزبییەکانیان .
4- هەوڵ بدرێ مۆرکێکى سەرتاسەرى و بە دوور لە ناوچەگەریى بئاڵێندرێتە
خۆپیشاندانەکانەوە و هەماهەنگیى تەواو لە نێوان گشت کوردستانییاندا
بنیات بنرێ .
5- ڕێگە نەدرێ سەراى ئازادى بکرێ بە مینبەرى پڕوپاگەندەى حیزبى .
6- سیاسەتى - خورمیش - ى ئۆپۆزیسیۆن تەنگەبەر بکرێ و داواى هەڵوێستى
ڕوونیان لێ بکرێ ، چونکە کۆى دەنگەکانیان لە هەڵبژاردن بە گوێرەى
کورسییەکانى ئۆپۆزیسیۆن - گۆڕان ، کۆمەڵ و یەکگرتوو - خۆى لە ( 000 750
- حەوتسەد و پەنجا هەزار ) دەدا ، ئەمەش هێزێک نیە دەسەڵاتداران بتوانن
چاوى هەڕەشەیان لێ سوور بکەنەوە ، ئەگەر مەبەستیان بێ نەک دەسەڵاتداران
ناچارى بەخۆداچوونەوە دەکەن بەڵکو عەرشى جەبەروتیان دەهێننە لەرزە ،
بەڵام وەکو دەردەکەوێت نایانەوێ جەماوەرى خۆیان - استهلاک - بکەن ،
بەڵکو دەیانەوێ لە ڕێگەى کەناڵ و میدیاکانى ڕاگەیاندنەکانیان و هەندێک
ڕمۆزنى خۆیانەوە خاوەندارێتى خۆپیشاندانەکان و بازرگانى بە خوێنى
ڕۆڵەکانمانەوە بکەن .
7- دەبێ لە بەرنامەى چاکسازى و بەخۆداچوونەوەى دەسەڵاتدا نوێنەرانى
خۆپیشاندەران تەرەف بن و ڕاستەوخۆ چاودێریى نیەتپاکیى دەسەڵات بکەن ،
لەبەر ئەوەى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن جێگەى متمانە نین تا بتوانن لە نێوان
خۆیاندا دڵسۆزانە کار بۆ ئەم مەبەستە بکرێ ، چونکە ئەوان مارن و ئێمەش
مارانگاز ، دروشم و هەڵوێست و بەڵێنەکانى ڕابردوویان گەواهیى ڕووى
ڕاستەقینەیانە .
8- پێویستە پێشهات و پێشخستنى ڕووداوەکان ڕۆژانە بۆ جەماوەر ڕوون
بکرێتەوە .
9- دروشم و داواى جەماوەر ڕێک بخرێ و دیار و ئاشکرا بن و خۆ بەدوور
بگیرێ لە شتى ناشرین کە ببێتە مایەى گاڵتەجاڕى بە کەس و حیزبێکى
دیاریکراو .
10- گفتوگۆ و دانوستان ڕاستەوخۆ لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە ( هەرێم ،
پەرلەمان و حکومەت ) بکرێ و لەگەڵ ئەم و ئەو حیزب و لایەن ڕەت بکرێتەوە
و لە دەرگیان نەدرێ .
بۆ ئەوەى بەرداشى دز و قازى نەمانهاڕێت ، دەبێ خۆمان خاوەنى خۆمان بین
و لە خۆمان بەولاوە کەس بە ڕیشسپى نەگرین.
ئەمڕۆ بێ یا سبەى سەرکەوتن هەر بۆ گەلە.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|