په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠٢٦

چەمکی دەوڵەتی تورك، حکومەتی تورك،

پۆلیسی تورك، میتی تورك، جێندرمەی تورك.


زاھیر باھیر       

 
ئەو چەمکانەی سەرەوە هەر هەموویان چەمکێکی ڕایسستانەیە زۆرێكیش لەوانەی کە بەکاریدەهێنن لەبێ ئاگاییانەوەیە یا لە نەزانینی زمانەوەیە . بێ گومان کەمایەتییەکی زۆر کەمیش هەیە زۆر بە باشی ماناکەی دەزانن و بە لێکدانەوەی مەبەستی خۆیان بەکاریان دەهێنن.


من لە مانگی یەکی ٢٠١٦ بە وتارێك سەبارەت بەم زمانە ڕایسستیانە و هەڵەکانی پەکەکە زیاتر لە ١٢ لاپەڕەم نوسیوە. هاوکاتیش ئەوەشم ڕوونکردۆتەوە کە ئەم زمانە هەر زمانی پەکەکەیە نەك ڕۆژئاوا، میدیای ڕۆژئاوای کوردستان بەم زمانە ڕایسستیانە نە قسە دەکات و نەدەنوسێت و نە بانگەشە دەکات.


باشە ئێمە دەزانیین کە سەرکردەکانی پەکەکە کوردیی سۆرانی بەحاڵ دەزانن بەڵام خۆ نوسەران و ڕۆشنبیران و زۆرێك لە فەیسبوکوانانی کوردی سۆرانی زمان، ڕەنگە ماناکەی بزانن ، کەچی هەر بەکاری دەهێنن، یاخود لەبەر ئەوەی کە سەرکردەکانی پەکەکە یا میدیای پەکەکە ئەم زمانە بەکاردەهێنێت ئیتر ئەمانیش دەبێت دوای کەون.

بۆچی بەکارهێنانی ئەو چەمکانە ڕایسستانەیە؟

یەك: گەرچی ئامارێکم لە دەستدا نییە بەڵام وەکو دەیزانین و مێژوی کۆمەڵگەی تورکیا دەزانین خودی میللەتی تورك لەوێ ئەگەر کەمایەتیش نەبن ئەوە نیوەی میللەتانی تورکیان. کەواتە دەوڵەت ، بە تەنها دەوڵەتی تورک نییە هی هەموانە ، زۆرێك لەو کەمایەتییانە دەنگیان بەو حکومەتە داوە و دروستیان کردوە.

دوو: دەم پارتی کە بەشدارە لە پەڕلەمان و حکومەتدا هەرە زۆرینەیان کوردن ، نەك تورك ، خۆ ئەگەر هیچ نین پەڕلەمان هی ئەوانیش نییە، ئەی خێرە لەوێن؟

سێ: دڵنیام کە زۆرێك کە لە پایە گەورەکانی حکومەتدا یا دەوڵەتدا کار بەدەستن کوردن وەکو هاکان فیدان کە دوژمنی سەر سەرختی کوردە ، وەکو عومەر چلێک کە قسەکەری فەرمی ئاکەپەیە وەکو زۆرێكی دیکەیان کە پێویست ناکات لێرەدا ناویان بهێنم . ئەمە جگە لەوەی خۆ خودی ئەردۆگان تورك نییە، نەك هەر ئەوە بەڵکو ئەو ٣ کەسەکەی دیکە کە خۆیان کاندید کرد لەگەڵ ئەردۆگان بۆ سەرۆک کۆمار هیچیان تورک نەبوون.

چوار: هاووڵاتیانی تورکیا هەر نەتەوە و کەمایەتییەك بن دەبێت خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بکەن ، هەروەها لە بەشەکانی وەکو پۆلیس و دەزگە سیخوڕییە هەستایارەکاندا کارمەندن، یاخود لە بەشەکانی خزمەتگوزاریدا ، لە دادگە و پەروەردە و تەندروستی و وەرزش تد کورد هەیە . کەواتە تۆ بتەوێت و نەتەوێت ئەوانە لە خزمەتی دەوڵەتی تورکیادان بەو جۆرەی کە پێویست دەکات.

پێنج : تۆ چۆن دەزانیت ئەو پۆلیسەی ، ئەو سەربازەی ، ئەو سیخوڕەی میت کە کوژراوە تورکە ؟ تەماشای پێناسەکەیت کردووە؟ کونییەکەیت بینیوە؟

شەش : ئەی هەر ئێوە نین کە دەڵێن ٢٠ ملیۆن کورد لە تورکیادا هەیە ؟ ئەی ئەم ٢٠ ملیۆنە، با بڵێین ١٤ ملیۆنیان هێشتا لەناو توکیادان، بە چی دەژین ؟ پارە لەکوێ وەردەگرن و دەیگۆڕنەوە باج بە کێ دەدەن ؟ قازانج بە کێ دەگەیەنن ؟ پاسپۆرت و پێناسە لە کێ وەردەگرن؟ خزمەتی پۆلیسی بۆ کێ دەکەن ؟ غەیر هەمووی بۆ ئەو دەوڵەتەیە !! کەواتە تۆش بەشێکی لەو تورکانەی ، ئازەریانەیت ، ئەو عەرەبانەی کە لە تورکیا دەژین حکومەت و دەوڵتتان ڕاگرتووە !! کەواتە وەکو ڕاگرتن ئەرکەکەی هەر تورک نایکات بەڵکو هەموو هاووڵاتیەکی تورکیا ، هەموو پێکهاتەکانی کە میللەتی تورکیایان پێكهێناوە ، دەیکەن.

حەوت : کە تۆ دەڵێیت دەوڵەتی تورك، وجود بۆ خۆت دانانێت ، بوونی خۆت لەوێ ڕەت دەکەیتەوە ، ئاخر چۆن خاكێك دەبێت بێ میللەتێك؟ گەر حکومەت یا دەوڵەت بە تەنها تورکە تۆ بەشدار نیت و وجودت نییە لە تورکیا و لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی تورکیادا نییە ، ئیتر بە چ هەقێك تۆ هەڵدەکوتیتە سەری و شەری لەگەڵدا دەکەیت؟

هەشت: ئەگەر وەڵامیشت بۆ ئەم خاڵانە ئەوەیە کە کورد لەوێ تەتریك کراون، واتە کراون بە تورك ، کەواتە تۆش دەستورەکەی دەوڵەتی تورکیا پشتڕاست دەکەیتەوە کە کورد نییە لەوێ!!

بێ گومان خاڵی دیکەش هەیە ، بەڵام ئەمانە سەرەکییەکانن لای من. تکایە بوەستە لە بەکارهێنانی زمانی ڕایسستی ، تکایە پێش ئەوەی وتار بنوسیت و ڕاگەیاندن بڵاوبکەیتەوە و ببیتە ڕۆژنامەنووس بڕۆ فێری زمانی کوردی ببە ؟ یا هەر مەبەست ئەوەیە تۆوی ڕایسستی بچێنیت وەک چۆن تورکە ، عەرەبە ڕایسستەکان هەمان شت دژ بە تۆ دەکەن.
 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک