په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١٤

چەمکی هاوبەشیی لە وڵاتێکی پڕ لە قەیراندا؟!


ستار محەمەد قادر   


کورد لە عێراقی نوێدا شەریکە، چیتر هاوڵاتی پلە دوو نیە، ئەمە ئەو رستەیەیە سەرباری ئەوەی بێ هیوامان دەکات لە تموحی نەتەوەییمان بۆ بۆنیاد نانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دەمانیش گەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفرو بۆ نێو هەمان بازنەی عێراقیبوون و ئەوەمان پێدەڵێت: ئەگەر ئەوان ئێمەیان وەکو شەریکێک پێهەزم بکرێت، ئەوا سووپاس گووزاریان دەبین، ئەمە لە کاتێکدا شەرعیەتدان بەو هاوبەشییە، تەنها لەلایەن کوردەوە بە زۆری قسەی لەسەر دەکرێ و تیشک دەخرێتە سەری، دەنا ئەوان وەکو مووچە خۆرێک لە کورد دەڕوانن!


بێ گومان سەرکردایەتی کورد رۆڵی بەرچاو و دیاری هەبووە لە درووستکردنەوەی عێراقی نوێدا، بە واتایەکی تر شەرعیەتی بەخۆیدا وڵاتێک بونیاد بنێتەوە کە لەمەو دوا بەهیچ شێوەیەک هەڕەشە نەبێت بۆ سەر خاک و میللەتەکەی، لەو باوەڕەدا نیم ئەو شەرعیەتدانەش بنەمایەکی پتەوی هەبووبێت، ئەگەر بنەمایەکی پتەوی هەبوایەو وەکو شەریکێکی حەقیقی و خاوەن ماف و بڕیار تەماشا بکرابایە، حکومەتی ناوەندی هەرگیز بیری لەوە نەدەکردەوە دڵی شەریکە کاراو راستەقینەکەی بئێشێنێ و نیگەرانی بکات!


ئەو شەڕەی ئەمڕۆ حکومەتی ناوەندی بە کوردی دەفرۆشێت، ئەوەمان بەڕوونی بۆ ئاشکرا دەکات، ئەوان کوردیان وەکو شەریکێک قبووڵە، گوێ رایەڵی فەرمان و بڕیارەکانیان بێت و بەبێ پرسی ئەوان پەنجە بە ئاودا نەکات، ئەمەش لە واقیعدا هیچ واتایەکی هاوبەشیی ناگەیەنێ و مەسیجێکە بۆ گۆڕینی جۆری هاوبەشییەکە لە شەریکێکی حەقیقی و خاوەن بڕیارەوە بۆ شەریکێکی پەراوێز خراو و رامکراو!


لێرەدا دەکرێت ئەو پرسیارە بوورووژێنین: سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، کاتێک بڕیاری ئەوەیاندا بەشدار بن لە درووستکردنەوەی ئەم وڵاتەدا، چۆن و بە چ شێوەیەک لەوە دڵنیا بوون کە ئەو دەسەڵاتەی دێتە سەر کورسی حوکم، بە پێی رێبازو پیادەکردنێکی دیاریکراو پا بەند دەبێت بە دەستوورەوەو کار بۆ جێبەجێکردنی بڕگەو ماددە دەستووریەکان دەکات؟!


ئەوەی لە میدیاکانەوە لەسەر زاری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گوێ بیستیان دەبین، کورد لە گەڵ ناوەنددا لەسەر زۆر پرس تا ئێستا نەگەیشتوون بە ریککەوتن، باشە ئەگەر ئەمە هێزی کورد بێت لە عێراقی نوێدا؟! ئیتر چۆن دەتوانین باس لە هاوبەشییێک بکەین، کە مافەکانمان پێ رەوا نابینن؟! ئەی چۆن شەرعیەت بەو هاوبەشییە دەدەینەوە؟! لە کاتێکدا ئەوان هەموو هێزی خۆیان لەدژی ئێمە بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی رێگە لە کۆمپانیا بیانیەکان بگرن لە هەرێمی کوردستان بکشێنەوەو کاری وەبەرهێنانی نەوت ئیفلیج بکەن؟!


کورد لە عێراقدا شەریکەو کەس خێری پێ ناکات، ئەمە بۆ کاتێک دەگوونجێت، ئەم وڵاتە لەڕێی دانووستانەوە کۆتایی بە کێشە سیاسیەکان هێنابێ و نەیانگەیەنێت بە ئاستی قەیران و ئاشتی کۆمەڵایەتی باڵی بەسەر ئەم وڵاتەدا کێشابێت، ئێمە بەچاوی خۆمان شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی دەبینین لە چ رەوشێکی دژواردان، هۆکاری ئەو رەوشە دژوارەش دەگەڕێتەوە بۆ قۆرخکاری و ئەو سیاسەتە نا تەندرووستەی کە حەزی لە ماڵێکی شێواوە بۆ ئەوەی درێژە بە مانەوەی خۆی بدات لەسەر کورسی حوکم!


شەریکی کورد لە عێراقی ئێستادا ئاسۆی نا دیارەو ئەو بوودجەیەی لێدەربهێنین، هیچ پانتاییەک نابینینەوە بۆ ئەوە قسە لەسەر هاوبەشییی راستەقینە بکەین، بۆ ئەوەی ببین بە شەریکی راستەقینە، دەبێت بەر لەوەی ئێمە شەرعیەت بە خۆمان بدەین وەکو شەریکێک حیسابمان بۆ بکرێت، دەبێت لە ناوەندی بڕیارەکاندا وەکو شەریک دەربکەوین، نەک وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک