٢٩\٩\٢٠١٠
چەمکى ژیان و مەرگ
لە (گران تۆرینۆ) دا.

ئامادهکردنی: کاردۆ
ئاخۆ دەکرێت ژیانێکى ئاسایى
ببێتە بابەتى فیلمێک؟
ژیانێک
کە تاوانێکى تێدانەبێت یان بەدەربێت لە دەسدرێژیى سێکسى و ناجۆریى و
ماددەهۆشبەرەکان ،ژیانێک وەک ژیانى هەریەکێک لە ئێمە،کە هەندێک
ئاستەنگی ودەردەسەرى تێدایە،لەهەمان کاتدا چەند ساتێک بێگەردیى و
خۆشنوودیشى بەسەردا زاڵە، لەهەمووى گرنگتر، پڕە لە خۆشەویستى و
شەیدابوون و چاوەڕوانى ،وەک ئەم ژیانە سادەوساکارەى کە ملیۆنەها مرۆڤ
لە سەرتاسەرى جیهاندا هەیانە،ئاخۆ دەشێ بکرێتە فیلمێکى سینەمایى؟
ئەکتەر و دەرهێنەرى ناودار کلینت ئیستود لە فیلمە نوێکەیدا گران تۆرینۆ
وەڵامى هەموو ئەو پرسیارانە ئەداتەوە و ئەیسەلمێنێت کە بابەتى هونەر
مرۆڤە،ئەم فیلمە دووەم کارى دەرهێنانى ئیستودە لەماوەى ساڵێکدا کە
تێڕامان و بیرکردنەوەى فەیلەسوفێکە لە بارەى چەمکى مەرگ و ژیانەوە
ئەمەیش لەکاتێکدایە کە تەمەنى بەرەو هەڵکشان دەچێت و گەیشتووەتە نزیکەى
80 ساڵ.
فیلمەکە باس لە پیرەمێردێک دەکات ناوى ووڵتەر کوالیسکى یە ،لەسەرەتاى
پەنجاکاندا سەربازێک بووە لە جەنگى کۆریا و وەک کرێکارێکیش لە
کارگەیەکى درووستکردنى ئۆتۆمبێلى جۆرى فۆرد کارى کردوە، هەمیشە لە رێى
خۆشەویسترین شتیەوە کە ئۆتۆمبێلەکەیەتى لە جۆرى گراندتۆرینۆ مۆدیلى
1972 وابەستەى یادەوەرییەکانێتى ،ئەم مرۆڤە لە دواى مردنى ژنەکەیەوە کە
لە دیمەنى سەرەتادا بە خاک دەسپێردرێت هەست بە تەنهاییەکى زۆر دەکات ،ئیدى
کەسێک نییە لێى تێبگات ، تەنانەت کوڕ و کوڕەزا و ژنەکانیان خۆیان لێ
بەدوورئەگرن ،چونکە نەیانتوانیوە هەوڵێکى کەم بدەن بۆئەوەى لێى تێبگەن
و هۆکارى بێتاقەتییەکانى بدۆزنەوە.
بەڵام کوالیسکى قوربانییەکى بێدەسەڵات نییە ،بەڵکو خاوەن هەڵوێستێکى
توندڕەوانەیە و ناتوانێت رەگەز پەرستى خۆى بەرامبەر بە بە دراوسێ
چینییەکانى بشارێتەوە،ئەمەیش پەیوەندیى بە رابردووەوە هەیە ، ئەو
لەکاتى جەنگدا چەندین کۆریى کوشتووە،و تائێستایش دەمانچە زەبەلاحەکەى و
تفەنگەکەى ماون و هەڵیگرتوون، بەردەوامە لە تانەدانى رەگەزپەرستانە و
رەتکردنەوەى هەوڵەکانى ئەو قەشەیەى کە داواى لێدەکات پەشیمانى بنوێنێت
و بگەڕێتەوە بۆ کڵێسا،کاتێک قەشەکە باسى مەرگ و ژیانى بۆ دەکات ئەم
بەتوندى پرسیارى لێدەکات"تۆ چى لە بارەى ژیان و مردنەوە دەزانیت؟"
دواتر بەشێک لەو مەرگەساتانەى بۆ دەگێڕێتەوە کە لەکاتى جەنگدا
دووچاریان بووە و تائێستایش کاریگەرییان هەیە بە سەریەوە، کاتێکیش
قەشەکە پرسارى ژیانى لێدەکات ،نازانێت چۆن وەڵامبداتەوە بەڵکو دان
بەوەدا ئەنێت کە ژیانى بریتى بووە لە پووچى.
(سوو)) ئەو کچە هەژارەیە کە لە گەلى کەمایەتى هیمۆنگە ،بەشێکیان
بەرەچەڵەک دەگەڕێننەوە بۆ تایلاند و بەشێکى تریان بۆ چین ،ئەمان
ناسراون بەوەى هەڵگرى بیروباوەڕى کۆمۆنیستیین و لەکاتى شاڵاوەکانى
لەناوبردنى کۆمۆنیستەکاندا لە ڤیتنام هەڵاتوون. ئەم کچە ئەگاتە ئەو
رادەیەى بتوانێت بەستەڵەکى پیرەمێردەکە تێکبشکێنێت و بخزێتە نێو
ژیانیەوە،و گۆڕانى بەسەدرا بهێنێت،ئەگەرچى کوالیسکى هەمیشە خۆى لێ
دوورئەگرێت و بەتوندى وەڵامى ئەداتەوە،بەڵام ئەم هەمیشە خەم لەژیانى
ئەخوات و ئازار ئەچێژێت و نیگەرانە لەوەى دابڕواە لە کۆمەڵگە .دەرئەنجام
وەک باوک و کچێکیان لێدێت و چەند جارێک ژیانى کچەکە و براکەى لە مردن
رزگار ئەکات.
(تاو) کە براى کچەکەیە دواى ئەوەى بە پاڵشتى باندێک هەوڵ ئەدات (گراندتۆرینۆ)کە
برفێنێت و و لەلایەن کوالیسکى یەوە دەسگیرئەکرێت شەرم و ترسێکى زۆر
دایئەگرێت ، کوالیسکى فشارى باندەکەى لێدوورئەخاتەوە کە بەردەوام زۆر
لە تاو ئەکەن تا بگەڕێتەوە نێوانیان ،ئەمەیش دەبێتە وەرچەرخانێکى تر لە
ژیانیدا ،بەڵام لە رووداوێکى چاوەڕواننەکراودا باندەکە لەبەرامبەرامبەر
داکۆکیکردنى کوالیسکى لە تاو، دەستدرێژیى سێکسى دەکەنە سەر (سوو).
کوالیسکى تووشى نەخۆشى شێرپەنجەى سییەکان بووە و دڵنیایە لە
نزیکبوونەوەى وادەى مردنى،لە هەمانکاتدا لە ئاست ئەو تاوانەى دەرهەق بە
سوو ئەنجامدراوە بێدەنگ نابێت و رووبەرووى باندەکە دەبێتەوە،بەڵام بەبێ
بەکارهێنانى چەک ، کاتێکیش بە گولەى باندەکە ئەپێکرێت و گیانى
لەدەسئەدات بە شێوەیەکى یاسایى ژیان لە بکوژەکان ئەشێوێنێت ولە نێو
زینداندا ژیان بەسەر ئەبەن، لە کۆتاییشدا تاو دەبێتە خاوەنى گراند
تۆرینۆکە ئەمەیش پاش ئەوەى لە کوالیسکى یەوە فێرئەبێت کە چۆن رووبەڕووى
ئاستەنگییەکانى ژیان بووەستێتەوە .
ماڵپهڕی کاردۆ
|