٢٩\٧\٢٠١٥
چەمکی سازان.

ستار محەمەد قادر
بۆ ماوەیەک دەڕوات پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی
کوردستان ھەڵایەکی ئیعلامی وای لێکەوتۆتەوە کە ھەموو ھێزە سیاسیەکان
لەدەلاقەی راگەیاندنەکانیانەوە راو سەرنجی خۆیان لەسەر پرسی " سازان "
بەشێوازی جۆراو جۆر دەخەنە روو، تەماشای ھەر کەناڵێکی ئاسمانی دەکەیت،
ئەو دەستە واژەیەت بەرگوێ دەکەوێت.
سازان لەبنەڕەتدا بەمانای ئەوە دێت، ھێزە سیاسیەکان لەسەر پرسێک
رێکناکەون و نە " سازن " یان بێ بەرانبەر نایانەوێت " بسازێن " بۆیە
دەیانەوێت لەڕێی دایەلۆگەوە بگەن بە " سازان ".یان ئەو شتەی کە گرێی
دەروونی درووستکردووە لەنێوانیاندا " سازان " ی بۆ بکەن.
دەستەواژەی " سازان " زیاتر لەو وڵاتانەدا دەھێنرێتە ئاراوە، کە
دیمۆکراسیەت لەقۆناغی ھەرزەکاریدایەو پڕنسیپەکانی بەباشی جێگیر نەبووەو
دەستاو دەستکردنی دەسەڵات نەبووە بەنۆرم و بەسانایی لەنێویدا ئەنجام
نادرێت.
لەبنەڕەتدا " سازان " بەواتای پینەکردن دێت، ھەر ھەمووشمان ئەو راستیە
بەباشی دەزانین، کە مرۆڤەکان بەناچاری روو لەپینەکردن دەکەن، چونکە
ئەلتەڕناتیڤی پینەکردن بەمانای لێکترازان دێت، بۆیە مژارکردنی ( سازان
یان لێکترازان) کە بژاردەی دووەم خزمەت بەم قۆناغە ھەستیارەی ئێستای
ھەرێمی کوردستان ناکات، بێ گومان لەسۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە دەبێت پەنا
بۆ " سازان " بەرن.
ئەوە سەرەڕای ئەوەی " سازان " ی سیاسیشمان وەکو ھەموو شتەکانی دیکەی
ئەم میللەتە داماوە تام و بۆن و مۆرکی تایبەتی خۆی ھەیەو لەمانگ و رۆژی
خۆیدا لەدایک نابێ و بەشێوەی سرووشتی ناوکی نابڕدرێ و ناوی لێ نانرێت!
ھەر چەندە رێککەوتن یان " سازان " ی ھێزە سیاسیەکان زۆر جار بووە بە
بارێکی قورس گران لەسەر شانی ھاوڵاتییان، بەڵام نە " سازان " نیان شەڕو
ماڵ کاولی و ماڵ وێرانی لێکەوتووەتەوە، کەواتە " سازان " ەکە ئەگەر
لەسەر حیسابی ھەر شتێکی دیکەش بێت، گەلێک باشترە لە نە " سازان و
لێکترازان"!
ئەوەی کەشوێنی سەرنج و رەخنەیە لەھەموو ھێزە سیاسیەکان، ئەویش ئەوەیە:
ئەگەر ئەوان لەنیەتیاندا " سازان " ھەبوو، پێویستی بەوە نەدەکرد لەچوار
چێوەی راگەیاندنەکانەوە پەیامی دڵی خۆیانیان بەیەکتری بگەیاندایە،
بەڵکو دەبوایە بەشێوەیەکی راستەو خۆ دوور لەموجامەلە، قسەی دڵیان روو
بەڕوو بکردبایە!
بەحەقیقەت ئەوە خەوشێکی گەورەیە بۆ ئێمەی کورد ئەگەر دەسبەرداری واقیعی
حاڵمان ببین و بمانەوێت لەخەیاڵدا بژێین، ئەگەر " سازان " توانای ئەوەی
ھەبێت ئەم قۆناغەمان بۆ پینە بکاو دوورمان بخاتەوە لەکێشەو قەیران،
ئەوا دەبێت بۆ زۆر شتی تریش بە بنەما وەریبگرین!
باشترین " سازان " یش ئەوەیە: کە ھەموو ھێزە سیاسیەکان لەدەلاقەی
بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵانی خەڵکیەوە تەماشای بکەن، نەک چنینەوەی
بەرژەوەندیەکانی خۆیان، چونکە لەکۆتاییدا ئەوەی ئەوان دەبێت لەسەری رێک
بکەون و " بسازێن " دەبێت رەھەندی نیشتیمانی و نەتەوەیی لەخۆی بگرێت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|