١\٧\٢٠٢٤
چەمکی ''شەرەف''
لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا.

هاوڕێ نەهرۆ
چەمکی شەرەف مەسەلەیەکی ئاڵۆزە، ناکرێ بە گوتارێک یان پەرتووکێک
چارەسەر بکرێ، لەبەر ئەوەی کێشەیەکی مۆراڵی یە، مۆراڵیش مەسەلەیەکی
رێژەیی یە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی دەگۆڕدرێ یان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ
کۆمەڵگایەکی دی گۆڕانی بەسەر دێت، مۆراڵ زۆر هەستیارە تەنانەت فرویدو
بافلوف و یونگ و لاکان چوار چیوەیەکی نەگۆڕیان بۆدانەناوە، هەر
بیرمەندێک لەڕوانگەی تیئورو میتودی خۆیەوە لێکی داوەتەوە، بۆ نموونە
فروید هەموو شتێک دەگەڕینێتەوە بۆ پروسەی سێکس، بافلوفیش لەسەر خۆو
عادەت و فیربوون ئیشی کردووە بەڵام یونگ هەموو کردارێکی بەستۆتەوە بە
ماسک و کۆنەستی کۆمەڵگاوە، تەنانەت لاکانیش لە نێو زانستی نائاگاهی
زمانەوانی ئیشی کردووە. مۆراڵ هەندێ لایەنی غەریزەیی یە، بۆ نموونە مێش
هەنگ ئەو سیستەمەی تیا ئیش دەکرێ و بەرهەم دەهێنرێ، بەشێوەیەکی غەریزی
و خۆڕسکی بەڕیوە دەچێ، لێرەدا دەبێ دەستی رێزو نەوازش بەسێنگەوە بگرین
لەبەرانبەر یاسا زانستی یەکانی سروشت لە کۆتاییش دا سیمبولی خوداوەند
بەشێوەیەکی میتافوری. ژیان پروسەیەکی زۆر ئاڵۆزە، چەندین فەلسەفەو ئاین
هەر لە مێژووی گریکەوە بگرە تا ئاینە ئاسمانییەکان تا ڕێنێسانسی
ئەوروپی تا ڕابوونی خوێندکارانی ١٩٦٨ فەرەنسی، چەندین فەلسەفەو ئاین
هاتووە تائێستا نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوەی روونی کێشەکانی تاک و کۆی
کۆمەڵگا بێت، هەر بۆیە مرۆڤ هەمیشە لە دڵڕاوکێ یی بەردەوام دەژێ، مرۆڤ
هەرگیز یەقینی لا دروست نابێ، دەربارەی کایەکانی قەدەرو یادەوەریی،
مرۆڤی سەردەم ورۆشنبیر هەمیشە لە نێو تەمتومانی ئاڵۆزو دوکەڵاوی ئەژێ،
ڕاستی یەکان بە چاو و چاویلکەی ئاسایی نابینرێن، ئێمە هەرگیز ناتوانین
بە کەرەستەی سادە پروسەی گۆڕانکارییەکانی نێو پروسیسورێکی سمارت
تەلەفون ببینین کە خزمەتێکی گەورە بە مرۆڤایەتی دەکا، مرۆڤایەتی زۆربەی
بەکاربردەکانن، داهێنەرەکان نیین یاخود کەمن. ئاخۆ مۆراڵی مرۆڤ بەندە
بەرەفتاری ئاژەڵەوە یان پەیوەستە بە میکانیزمی ئیش کردنی نێوخۆی
سروشتەوە، ئاخۆ بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چ هێزێک و چ یادەوەرییەک
ئاراستەی دەکا و روڵ ئەبینێ لە ئەنجامدانی کردارێکی دیاریکراو، ئاخۆ
مرۆڤ سەربەخۆیە لە کردارو رەفتاری دا یان دەوروبەرو نەستی کۆ و کایەی
فیزیکی جوراوجۆر روڵ ئەبینن لە ئاراستە کردنی مرۆڤ بەمەبەستی
ئەنجامدانی کردارێکی دیاریکراو کە بەشیوەیەکی دی نێوی لێدەنێن مۆراڵ،
بۆ نموونە فەیلەسوفێک وەک کارڵ مارکس باس لە ژێر خان و سەرخانی کۆمەڵگا
دەکا، ژێرخان بریتی یە لە پەیوەندی ئابوری کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە لە
قوناغی سەرمایەداری پەیوەندییەکە چەوسێنەرانەیە لە نێوان کارو سەرمایە
یان روونتر بڵێن لە نێوان سەرمایەدارو کرێکار کەچی لە قوناغی
سوسیالیستی دا پەیوەندییەکە هاوکاری و هاریکارییە، پەیوەندییەکە خزمەت
بە گەشە کردنی کۆمەڵگاوە دەکا، لەم کاتەدا سەرخان بریتی یە لە داب و
نەڕیت و یاساو ئاین و دەسەڵاتی دەوڵەت و پۆلیس، کەواتە مۆراڵ لای مارکس
سەرخانی کۆمەڵگایە، ڕەنگدانەوەی ژێر خان و پەیوەندی ئابوری و
کۆمەڵایەتی لە ستراکتورێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی دیاریکراو، مۆراڵ لای
مارکس مەسەلەیەکی گۆڕدراوە بە پێ زەمان و زەمینە گۆڕانی چلونایەتی و
رێژەیی بەسەر دێت، مۆراڵی مرۆڤ بارە ئابورییەکەی دەستنیشانی دەکا،
مرۆڤێکی هەژارو مرۆڤێکی دەوڵەمەند وەکو یەک هەڵس و کەوت ناکەن، وەکو
یەک ژەمەکان بەڕێ ناکەن، وەکو یەک جل و بەرگ لەبەر ناکەن، تەنانەت
کومپەنی و دەستەبەندی کۆمەڵایەتی یان جیاوازە، ئەگەر زیاتر ورد بینەوە
گەڕەکی دەوڵەمەندەکان جودایە لە گەڕەکی هەژارنشینەکان، لەگەڕەکی هەژار
نشینەکان گیانی هاریکاری و هاوکاری زاڵە، لە کاتێکدا لە گەڕەکی
دەوڵەمەندنشینەکان گیانی خۆدخواهی و تایبەتمەندی بەرجەستەیە.
ئەگەر باسی ماتریالیزمی مێژووی بکەین لای مارکس ئەوە لە قوناغی
کویلایەتی، کڕین و فرۆشتنی کویلە بەشێک بووە لە مۆراڵی ئەو سەردەمە
کەچی لەقوناغی گەشەسەندووی ئەمرۆدا، مۆراڵی ئەستانداری ئەمرۆ بەچاوێکی
نامۆ و قەدەغە کراو سەیری بازرگانی بە کویلەوە دەکا.
بۆ نموونە لەسەردەمی جاهیلی پێش ئیسلام ئافرەتیان زیندە بەچاڵ دەکرد،
لە کاتێکدا ئیسلام هات ئەو دیاردە نامۆیە قەدەغە کرد لەو رۆژەوە گەرچی
کوشتنی ئافرەت ڕانەوەستاوە بەڵام بەو شێوە دڕندەیەی جاران، مۆراڵی
ئێستا ڕەتی دەکاتەوە. لەڕاستی دا هەندی ئاراستەی مۆراڵی هەیە غەریزییە،
هەندی دیکەش لە پێداویستی بایلۆژی وسایکۆلۆژی و مادییەو سەرچاوە دەگرێت.
وەک ئاشکرایە ٣١٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا مرۆڤی ئاقڵ بوونی هەبووە،
بەواتای پێش ئاینەکان مۆراڵ هەبووە بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی ئاین مۆراڵ
شێوازو رەنگی تایبەتی بەخۆوە گرت، مۆراڵ زیاتر بووە بەحس و خواسی
ئاینەکان، دە ئامۆژگارییەکە کە لە هەر سێ ئاینە ئاسمانیەکان بوونیان
هەن بە هەندێ جیاوازییەوە، چەند خاڵێکی تایبەتە بە پەیوەندی نێوان
مرۆڤەکان، سەرباریش چەند خاڵێکی دیکە هەن تایبەتن بە پەیوەندی نێوان
تاک و خوداوەندەوە. بۆ نموونە پەرتووکی نووسەرێکی روسیم خوێندەوە
تیایدا باسی ڕێ و ڕەسم ئەکا لای مرۆڤی نیادرتاڵ کە چۆن مردوویان
ناشتووە، لەوانەیە مرۆڤەکان لە یادەوەری سروشتەوە هەندێ ڕێ و ڕەسمی پێش
و پاش خۆیان وەرگرتبێ.
حمورابی لەساڵی (١٧٩٢-١٧٥٠ پێش زاین) پادشای شەشەمی بابلی بووە، پێش دە
ئامۆژگارییە ئاینیەکان دوازە خاڵی یاسایی داناوە کە تایبەتە بە
وردەکارییەکانی ژیانی مرۆڤەوە لەو سەردەمە، لە کاتێکدا داهێنانی یاسایی
پێش حمورابی ییش هەبووە، بەدیاریکراوی هەندێ یاسای سومەری دەگەرێتەوە
بۆ پادشای لبت عەشتار.
پەیامی ئاینە ئاسمانیەکان رێک ئیش کردنە لە نێو سیستەمی ژیان، لە نێو
سیستەمی مۆراڵ و بیرکردنەوەو ڕامان و فەلسەفەی ژیان، ئاین پەیوەندی
نێوان مرۆڤەکان و پەیوەندی لەگەڵ سوڵتانی ئاسمان کە خوداوەندە رێک دەخا،
ئاینە ئاسمانیەکان یاساکانی شەریعەتیان دانا، دیارە ئەو یاسایانەو
چەمکی تێگەیشتن لێیان بۆ بارودۆخی ئەو کاتەو ناوچەکە دەگەرێتەوە، بۆ
نموونە فەرهەنگ و کەلچەری ئیسلام زادەی نیمچە دووەگەی عەرەبی یە. هەر
وەک چۆن رۆمان و پەیدا بوونی هونەری گێڕانەوە لە سەبکی رۆمان دا زادەی
قوناغی سەرمایەداری و پەیدابوونی شارە بە پەیدابوونی شاریش هونەری
دیالۆگ زیاتر گەشەی بەخۆوە بینی. بەهەمان شێوە پەیدابوونی دەقی ئاینی
زادەی قوناغی شوانکارییە، زادەی قوناغی تیرەو خیڵە، زادەی قوناغی ژێرو
ژوورە، گەرمیان و کوێستانە، زادەی پەیوەندی ئابوری، کۆمەڵایەتی جێگیر
نییە، هەر بۆیە نووسینەوەی قورئان بە چەندین قوناغ دا تێپەڕیوە،
قورئانی ناسخ و مەنسوخ هەیە کە لەیەکەوە جیاوازن، مۆراڵیش وەک هەڵویست
لە سێکس، هەڵوێست لە تابوو (محرمات) گۆڕانی بەسەرا هاتووە، بۆ نموونە
پەیام بەری ئیسلام بە پێ بارودۆخی رۆژگار ئایەتی بۆ دابەزیوە بە پێ
دۆزینەوەی چارە بۆ حاڵەتەکان، دوایی کە ئیسلام بوو بە خاتمەی ئاینە
ئاسمانیەکان، لێرەدا ئێمە لە بەرانبەر دەقی پیرۆزو دەسەڵاتی دەق
رووبەروو بووینەوە، ئیدی لەگەڵ گۆڕانکاری رۆژگار و پەرەسەندنی گیانی
سەردەم، دەقە پیرۆژەکان لە شوێنێک دا بەرکەوتەو نەزۆک دەرئەچن، دەقەکان
نەگۆڕن لە بەرانبەر دونیای گۆڕاو دا، بەم شێوەیە ئێمە لەبەرانبەر دەقی
نە گۆڕو بەرژەوەندی گۆڕاو داین، دەبێ لەم کاتەدا هاوکێشەکە بەلای
بەرژەوەندی گۆڕاو بشکێتەوە، دیارە خەمی ئاینە ئاسمانیەکان دروست کردنی
کۆمەڵگا بووە بە مۆراڵەوە، بەردی بناغەی کۆمەڵگاش خێزانە هەر بۆیە لە
مۆراڵی ئاینی دا تاڕادەیەک بایەخ بە پەردەی کچێنە دەدرێ تا وەکو مناڵی
بایلۆژی بەشێوەیەکی ساغڵەم پەیدا بێ. بۆ نموونە ئاینەکان زۆر دژی
هاوڕەگەز بازین، دیارە ئەمەش بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی کۆمەڵگایە لە
رووی نێرو مێ یەوە، دەقە ئاینیەکان ئەگەر بەپێ زەمان و زەمینە بە
شێوەیەکی رێژەیی روونکردنەوە بۆ بکرێ تاڕادەیەک حیکمەتی زەمانەی خۆی
تیایە، بەڵام سەردەمی ئێستا، سەردەمی تەکنۆلۆژیاو کەناڵی فەزایی و
زانیاری ئەنتەرنیت و ئەقڵی زیرەک و مۆبایلی زیرەک و چوونە سەر مانگ و
کەشف کردنی فەزای دەرەکی، کاتێ ئەوە هاتووە، پەرتووکە پیرۆزەکان و
چەمکەکانیان دەربارەی مۆراڵ بە ڕێزەوە لە سەر رەفەی ماڵ و سیناگۆگ و
کڵیساو مزگەوت وەک دەقی تاڕادەیەک جوانی سەردەمی خۆی دابنرێن وەک
دەسەڵاتی دەقی مێژوویی ئیلهامیان لێوە وەرگیری، لە لێکۆڵینەوەکان
ئاماژەیان پێ بکرێ، نهێنی سروتەکانیان بخرێتە روو، بە بێ سروتی ئاینی
دەکرێ ئینسان پاک و خاوێن بێ، بە بێ سروتی ئاینی دەکرێ ئینسان تەندروست
بێت وەرزش بکا، بە بێ سروتی ئاینی دەکرێ ئینسان دەست و داوێن پاک بێت،
بە بێ سروتی ئاینی دەکرێ کۆمەڵگا مۆراڵێکی ستاندەری هەبێ. وەک غاندی
دەڵێی، خودا ئاینێکی تایبەتی نییە، ئاینەکان و مۆراڵەکانیان زیاتر
پێناسەیە بۆ ناسینی چەمک و دەسەڵاتی خوداوەند، لە ئەوروپا خوداوەند
بەرجەستەیە وەک دیاردەیەکی فیزیاوی بوونی هەیە، لە ئەوروپا خودا وەک
مۆراڵی شەفاف وروون ترانسپارێنت دەناسرێ لە لایەن تاک و کۆ وەوە، خودا
بە پێ میکانیزمی مارو پەیژە بە عینوانی کارما کایە لەگەڵ تاک و بەندەی
خۆی دەکا.
کەچی لە رۆژئاوا، یەکەم بایەخ بە پەردەی کچێنی نادەن، پێیان سەیرە لە
رۆژهەڵات لە سەر دڕین و دوڕانی پەردەی کچێنی ئافرەت دەکوژرێ، لە
رۆژئاوا سەیری پروسەی سێکس دەکەن وەک کایەیەکی فیزیکی سەر جەستە، لە
ئەوروپا لە قوتابخانەی مناڵان لە تەمەنی یازدە ساڵییەوە زانیاری سێکسی
ئەدەن بە مناڵەکانیان چ کچ بێت یان کوڕ، لە تەمەنی پازدەساڵی پراکتیزەی
سێکس دەکەن. مەسەلەی مۆراڵ لە ئەوروپا بەندە بەچەمکەکانی مافی مرۆڤەوە،
بەندە بە تێگەیشتن لە دەستەواژەی ڕاستگۆیی، ڕاستگۆیی لە ئیش، ڕاستگۆیی
لە کاتی کۆبوونەوەو چاوپێکەوتن، ڕاستگۆیی لەگەڵ ئەمانەتی کۆمەڵایەتی،
رێزگرتنی ئافرەت وەک ئینسان، بەرجەستە کردنی چەمکەکانی هومانیزم،
داننان بە چەمکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دا، داکۆکی کردن لە چەوساوەکان،
لە بەشخوراوەکان بە شێکە لە مۆراڵی شارستانی سەردەم، مۆراڵ رۆژ لە دوای
رۆژ گەشە دەکا و گۆڕانی بەسەر دێت، لە شکڵ و شێوەو رەفتاری جیا جیا
بەرجەستە دەبێت و خۆ دەنوێنێ.
٢٨\٦\٢٠٢٤
- ئۆسلۆ
ماڵپەڕی
هاوڕێ نەهرۆ
|