چەمکی ترس لە
نێوان وەهم و واقیعدا!

ستار محەمەد قادر
بێ گومان باس و خواس و قسەکردن لە سەر وشەی "ترس" لەم ساڵانەی دووایدا
زۆرترین شوینی لە نێو وتاری سیاسیماندا گرتووە. لە کاتێکدا فەنتازیای
ترس لە دونیای ئێمەدا تەنها بە هۆی ئەزموونی حوکمڕانی کوردستانەوە
بەرجەستە نەبووە، بەڵکو ئیش کردن لە سەر تۆخ کردنەوەی خودی ترس و ترسە
وەهمییەکان و تۆو کردنیان لە نێو دڵ و دەروونی تاکەکاندا مێژوویەکی
دێرینی هەیەو تا هەنووکەش "ترس" رووبەرێکی فراوان لە ئاستی دیدو
تێڕوانینی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان بۆ خۆی قۆرخ دەکات.
کێ لە ئێمە هەیە بە کۆرپەیی لە زاری دایکییەوە گوێی لە وەهمی گورگانە
شەوێ و شەو لە بان نەبووبێت؟! گورگانە شەوێ وانەیەکی فێر دەکردین، بە
نغرۆ بوون لە نێو دونیای ترسێکی وەهمی و داخستنی پێڵووی چاوەکان، ژیانت
پارێزراو دەبێ و ئەگەری مەترسی "ترس"ەکە لە خۆت بە دووردەخەیتەوەو
ئاراستەکەی دەگۆڕیت و ژیانی کەسێکی ناسراو و نێزیکی خۆتی پێ دەخەیتە
مەترسییەوە!
نووستن لێرەدا ئەو حاڵەتەیە کە لە رێگەی ترسەوە بەر جەستە دەبێ و
کۆتایی بە هەموو خەون و ئەندێشەی منداڵێکی ساوا دەهێنێت. ئەو ئیدی وا
رادێت لە هەر شوێنێک وشەی "ترس" بەر گوێی بکەوێت، بە بێ بەراوردکردن لە
نێوان جۆرەکانی ترسدا، پێڵووی چاوەکانی دابخاو بکەوێتە حاڵەتی مت
بوونەوە!
ئەم نۆرمە کۆمەڵایەتییە بە گورگانە شەوێ دەست پێ ناکاو بە شەو لە بانیش
کۆتایی نایات، بەڵکو پانتاییەکی زۆر لەوە فراوانتر لە ژیانمان بۆ خۆی
قۆرخ دەکاو وامان لێدەکات: " بەر لەوەی هەست بە نیگای چاوەکانمان بکەین،
هەڕەشەی کوێر بوونمان لێدەکات. پێش ئەوەی بزانین ئاگر چییە، وێنەی
دۆزەخ لە نێو زیهینماندا دەکێشێت. بەر لەوەی لە مانای ژیان بگەین، لە
رێی دێوە زمەی مەرگەوە ژیانمان خاڵی و خامۆش دەکات لە هەموو جووانییەک.
پێش ئەوەی بە ئارامی ئاشنا ببین، ترس و دڵە راوکێ دەکات بە بەشێکی
دانەبڕاو لە ژیانمان. بەر لەوەی متمانەمان پێ ببەخشن، فێری گومان و بەد
حاڵی بوونمان دەکات! لێرەوە ئیمبراتۆریەتی ترس لە گەڵ گەورە بوونماندا
گەورەتر دەبێ و لە نێو هەموو کایەکاندا بە ئاشکرا هەست بە بوونی دەکرێت.
"زەروورەتی درووستکردنی ترس.
"
رەنگە بۆ دایکێکی نەخوێندەوار ئاسایی بێت لە پێناو ئەوەی منداڵەکەی بە
زووترین کات بخەوێنێت، ئامادە بێت بیترسێنێت. ئەو بە بێ ئەوەی لە
رەهەندەکانی ترس بگات، وا دەزانێت سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆی تۆمار
دەکات! لە کاتێکدا گەورەترین تاوان بەرانبەر جگەرگۆشەکەی خۆی ئەنجام
دەدات. ئەو بە بێ ئەوەی ئەوە بزانێت دونیای منداڵ دونیایەکی هێندە
هەستییارو ناسکە، کە بچووکترین هەڵە گەورەترین کارەسات بە شوێن خۆیدا
پەلکێش دەکات، بۆیە لە نەزانیی خۆیەوە پەنا وەبەر درووستکردنی ترس
دەبات!
لەم حاڵەتەدا شتێک داخوازی بوونی شتێکی دیکە دەکات، بە واتایەکی دیکە
دایکێک داخوازی خەوێکی ناوازە لە منداڵەکەی دەکاو لە پێناو خەواندنیدا
ترس وەکو دیارییەک دەکات بە ئامرازی دەستی، لە کاتێکدا ئەو هێندەی
مەبەستێتی منداڵەکەی بخەوێنێت، مەبەستی نییە بیترسێنێت!
لێ هەر ئەم دیاردەیە لە ئاستی سیاسەتدا بە شێوەیەکی دی بوونی هەیەو
دەبینرێت. ئەگەر لە حاڵەتی یەکەمدا خەو ئامانجەو "ترس"ەکە ئامرازە،
ئەوا لە حاڵەتی دووەمیشدا بە هەمان شێوازی حاڵەتی یەکەم "ترس"ەکە
ئامرازە نەک ئامانج. تەنها جیاوازییەکان ئەوەندەیە کە لە نێوان بە
ئامراز کردنی ترسەکاندا مەبەستی جیاواز بوونیان هەیە. حاڵەتی یەکەم
راستە لە پێناو خەوتندا ترس دەکات بە بەشێک لە ژیانت، بەڵام نابێت بە
هۆکاری راگرتنی بیرکردنەوەو راڤەکردنت. لێ حاڵەتی دووەم لە
بەرنامەیدایە لە رێگای ترسێکی ئەبستراکت لە ترسەوە هەژموونی خۆی فەرز
بکات بە سەر بیرکردنەوە و تێڕوانینتدا. دایک هیچ مەبەستێکی شەخسی نییە
لە پشت درووستکردنی ترسە وەهمییەکانەوە، بەڵکو ئاستی هۆشیاریی ئەو تا
ئەو ئەندازەیەیە کە لە بێ ئاگاییەوە بەو کارە هەڵدەستێت. بەڵام
زەروورەتی درووستکردنی ترسی گورگانە شەوێی سیاسییەکان، مەبەستێکی
ئاشکرای لە پشتەوەیە و لە بەرنامەیدایە لە کاتە هەستییارەکاندا ترس
بکات بە ئامرازی دەستی لە پێناو مانەوەی ستاتۆی خۆی لە هەرەمی
دەسەڵاتدا ویستی خۆی بە سەرتدا فەرز بکات!
سەددامی دیکتاتۆر یەکێک بوو لەو سەرکردانەی کە داڕێژەری زەروورەتی
درووستکردنی ترس بوو، ئەو بە بەردەوامی پەنای وەبەر درووستکردنی
دووژمنی وەهمی دەبرد و بە شێوەیەک ئەندامانی حزبەکەی بارگاوی دەکرد، کە
کەسیان راست و چەپیان لە یەکدی جوودا نەکەنەوە! چونکە ئەو لە بەراییدا
بە شەڕ تووانی درێژە مانەوەی خۆی بدات لە سەر کورسی حوکم، ئەو هەمیشە
شەڕی دەکرد بە تەواو کەری سیاسەت، بۆیە بە باشی ئەو راستییەیشی دەزانی
کە بە یارمەتی درووستکردنی ترسە وەهمییەکانەوە لە بارتەقایدا دەبێت تا
کۆتایی ژیانی مانەوەی خۆی لە هەرەمی دەسەڵاتدا مسۆگەر بکات!
خەوشێکی گەورەیە بۆ ئێمەی کورد لەم سەردەمەدا کە خۆمان
بانگهشهی
دیمۆکراسی دەکەین بۆ ئێراق و خۆمانیش لە تارمایی هەڵبژاردن ئەترەشمان
بچێت، ئەمە ئەوەمان بۆ پشت راستدەکاتەوە کە چەمکی ترس ئەگەر لە لای هەر
میللەتێک تەفسیرێکی هەبێت، ئەوا لە لای ئێمە بە ئارەزووی خۆمان تەفسیری
جیاوازیی بۆ دەکەین! ئەگەر ئەوان لە هەوڵی سڕینەوەی ترسدا ببن لە ژیانی
سیاسیی و کۆمەڵایەتییاندا، ئەوا ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین ترسیش بە
مۆدێرنیزمە بکەین! رەنگە بۆ دایکێک کە تێ بگات گورگانە شەوێ کاریگەری
سلبی چێدەکات لە سەر دەروونی ساواکەی، کارێکی سانا بێت دەسبەرداری بە
تۆبزی خەواندنی کۆرپەکەی ببێت، لێ ئەگەر سیاسییەکانمان بزانن
درووستکردنی ئەو ترسە وەهمییانە دەبێت بە هۆی درووستکردنی چ گومانێک لە
ناخی تاکەکاندا، بڵێی دەسبەرداری زەروورەتی درووستکردنی ترس نەبن؟!
star_qadr@yahoo.com
|