په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠١٥

چەمکی خەڵک لە دیدگای پارتە سیاسییەکانەوە.


ستار محەمەد قادر   


بەیەقینەوە پارتە سیاسییەکان کاتێک دێنە سەر باس و خواسی خەڵک، بۆ بەرەوەندیی تەسکی خۆیان ناوی ئەھێنن و ئاماژەی بۆ دەکەن، یان لەدیدگای ئەوانەوە خەڵک بریتیە لەھەوادارانی خۆیان و ئیتر بەھیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکەنەوە خەڵکانێک ھەن رەنگە زۆرینەش بن و ھەواداری ھیچ پارتێکی سیاسیش نەبن. بێ گومان کەناوی خەڵک ئەھێنرێت، دەبێت تیشک بخرێتە سەر مافەکانیانیش، ئەمان دەیانەوێت نوێنەرایەتی رەھای خەڵک وەربگرن و بەناوی ھەمووانەوە بڕیار بدەن، لەکاتێکدا ئەوان مافی خەڵکی پێشێل ئەکەن، کەچی باس لەپابەند بوون بەیاساوە ئەکەن!


لێرەدا پێم خۆشە چیرۆکێک بگێڕمەوە، پێش چەند ساڵێک چاوم بەخوێنکارێکی قۆناغی بنەڕەتی کەوت لەوڵاتی بەریتانیا، بۆ ئەوەی لەشێوازی پەروەردەو فێرکردنی ئەو وڵاتە زانیاریم دەست بکەوێت، پرسیارێکی زۆرم وورووژاند، ئەو خوێنکارە منداڵە نموونەیەکی بۆم ھێنایەوەو گووتی: لەخوێندگاکەی ئێمە، ئەگەر بڕیار بێت دیزاینی باخچەی خوێندگاکە بگۆڕن، ئەوا دیزاینێکی نوێ دەخەنە بەردەمی سەرجەم خوێندکارەکان، بۆ ئەوەی ئەوەیان لەلا روون بێت، ئەو گۆڕانکاریە گرفتی دەروونی لەلای ھیچ خوێندکارێک درووست نەکات، بەواتایەکی تر، لەبەر ئەوەی ئەو گۆڕانکاریە بۆ خوێندکارەکانە، دەبێت سەرنج و تێبینیەکانیان بەھەند وەربگیردرێت!


لێرەوە دێمە سەر کرۆکی بابەتەکەم، کە بریتیە لەتێگەیشتنی ئەم پارتە سیاسییانە لەچەمکی خەڵک، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان و ھەر سێ دەستە خووشکەکەی بەنموونە بھێنینەوە، بێ ئاگا لەراو سەرنجی خەڵک، ویستیان لەڕێی پرۆژەوە دەسکاری جومگەیەکی گرنگی ژیانی سیاسیی و ژیاریی خەڵک بکەن، بێ ئەوەی رای خەڵکیان وەرگرتبێت، یان ھەستییان بەوە کردووبێت، ئەمە پێشێلکارییەکی یاساییەو ستەمێکی گەورەیە دەرھەق بەمافی خەڵک!


ئەمەش ئەوەمان بۆ ئاشکرا ئەکات، لەلای ئەم پارتە سیاسییانە ئەوە بووە بەکلتوور، کەبەنێوی خەڵکەوە قسە بکەن، نەک لەدەرەنجامی رێزگرتنەوە بێت بۆ رای خەڵک!


لەکاتێکدا ئەوان باش ئەو راستییە ئەزانن، کەکۆمەڵانی خەڵکی لەتەماشا کەرێک زیاتر نین و لەھیچ وێستگەیەکدا لەسەر مافەکانی خۆیان نەھاتوونەتە دەنگ و بەپانی و درێژی چارەنووسیان رادەستی میزاج و بەرژەوەندیی پارتە سیاسییەکان کردووە!


بۆیە ئەوان وا بەرەھایی و بێ سڵەمینەوە ناوی خەڵک دەکەن بەپەرژین بۆ سەرخستنی خواست و بەرژەوەندییەکانیان، ئەگەر ئەمە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان خەوشێکی گەورە بێت و گوزارشت لەدونیا بینی ئەو بزووتنەوەیە دەکات کە ھەڵگری پەیامی گۆڕانەو بەدیدو دونیا بینی و ھەمان فەلسەفەی پارتی و یەکێتی، ئەوا بۆ پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش کە دەیەوێت ئیدارەی ململانێکان بەناوی خەڵکەوە بکات، ھەمان شتە، چونکە ئەگەر ئەوان لەبەرنامەیاندایە رەچاوی بەرژەوەندیی خەڵکی بکەن، پێویست بەوە ناکات بەبێ بوونی خەڵک، نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە بکەن!


باشە لێرەدا پێم باشە ئەو پرسیارە بوورووژێنم، ئایا قسەکردن یان ھەوڵدان بۆ گۆڕین یان گۆڕانکاریی لەھەر شتێکدا، نابێت بگەڕێنەوە بۆ لای راو سەرنجی خەڵک؟ ئەی کەواتا بۆ ئەوە ناکەن و لەچی سڵ ئەکەنەوە؟ یان ئەم شەڕڕە ھیچ پەیوەندییەکی بەخەڵکەوە نییەو بریتیە لەقۆڵ بادان و پاشقوولدانی یەکتری، ئاخر لەکام ووڵاتی دیمۆکراتیدا، بەناوی خەڵکەوە قسە ئەکرێ و لەھەمان کاتیشدا خەڵک پەراوێز دەخرێت؟


ئەوەی دەیبینین، درێژکراوەی ھەمان شەڕی ساڵانی رابردووە، بەڵام لەفۆرمێکی نوێدا، شەڕێک بۆ ساڵانێک ئەڕوات تەنھا خەڵک باجەکەی ئەداو ئەوان بۆ خۆیان بەرھەمەکەی ئەچننەوە، ئەم شەڕە ئەوەمان پێدەڵێت: ئەوانەی ئێستا لەشێوەدا گەنج دەرئەکەون، لەشوێنی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی، خاوەنی ماستەرو دکتۆراو مامۆستای زانکۆن، درێژکراوەی ھەمان ئەقڵییەتی ئەو خەڵکە سیاسییەن کە بارگاوین بەئایدۆلۆیای رق و بێ رەھەندو بێ ئەجێندایەکی جیاواز، ئاراستە ئەکرێن و دەیانجووڵێنن، ئەگینا خۆ دەبێت ھۆشیاریی ئەوەیان ھەبێت، ھەر شتێک پەیوەندیی بەشا دەماری خەڵکەوە ھەبێت، دەبێت راو سەرنج و تێبینی خەڵک بەھەند وەربگیردرێت، نەک لەرووی تیۆرییەوە ناوی خەڵکی بھێنن و لەرووە پراکتیکییەوە بەشداری پێ نەکرێت بۆ پرسێک، کە راستەو خۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر ژیان و ژییاریی خەڵک؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک