په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٤\٢٠١٢

جەنابی جەلال تاڵەبانی بە ناوی عێراقەوە لە ١٤ی ٤ی ئەمساڵ داوای لێبووردن لە کورد بکە.


عەلی مەحمود محەمەد  


دەزانین جەنابی خاوەندی شکۆمان جەلال تاڵەبانی زۆر لێبووردەیە زۆر جاران ئەو لیبوورده‌ییه‌ دوژمنە سەرسەختەکانی گەلەکەشمان دەگرێتەوە.. لە جیاتی قوربانیان و دادگا لە تاوانبارە مەزنەکان دەبوwرێت، بەڵام ھیوادارم لیبوورده‌ییەکەی وەک باوەڕبوون بێت پێی نەک سازشی سیاسی، کە تا ئێستا مخابن وا خۆی نیشان داوە، زۆر جارانیش سەرۆکەکەمان لە یاسا لای داوە و بڕیارەکانی دادگای جێبەجێ نەکردووە کە دەبوایە پارێزەری بوایا.


لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە کە ناوی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە کە ناوی کوردستانە، شوێنێک پنتێک نییە بۆ لیبوورده‌یی مرۆڤەکان، لیبوورده‌یی لەگەڵ تاوانەکاندا سەری خۆی ھەڵگرت، ئەوەی سەرانی کوردیش دەیکات زیاتر وەک سەرشۆڕیی نەتەوەی زۆرلێکراو خۆی دەردەخات نەک لیبوورده‌ییەک تاوانبار و قوربان لە جێگاکانی خۆیانەوە، چەندە جوان دەبوو ئەو لیبوورده‌ییانەی سەرکردە سیاسییەکان پێی ھەڵسان کەسوکاری قوربانیان بە تەنیا یان بە ھەماهه‌نگ لەگەڵ سیاسییەکان بکرابانایا.


مێژوویەک ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە لە ناو خوێن و ئێسک و پروسکدا رۆچووه‌، بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵییانە پێویستمان بە دادپەروەرییە، دادپەروەریی و ئاشتەوایی پێکەوە گرێدراون، بە بێ یەکەم ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە، وەک ئەوەی سیاسییەکانی کورد لەمڕۆدا دەیکەن، لیبوورده‌یی ھەموو کات دوای داننان بە تاوانەکان و دادپەروەریی دێت.


جەنابی سەرۆک دەزانن، کارێکی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا لە قوربانیانی تاوانەکان بکرێت ئاشتەواویی بکەن، لە کاتێکدا ھێشتا دادوەریی بە ڕۆڵی خۆی ھەڵنەسابێت و دان بە راستییەکان و ھەقیقەتی تاواەکان نەنرابێت، ھێشتا مافەکان بۆ قوربانیان نەگەڕابێتەوە !!


لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە با فێر بین کە " باسکردنی سەرچاوەی تاوانەکان ،دانپێنان ،قەرەبووکردنەوە، داننان بەو شتانەی کە رووی دا، ھەندێک جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەکانی بابەتەکە، ئەگەر چی مەرج نییە ھەموو ئەو کەسانەی کە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبووردن کردن ھەبێت بە شێوەیەکی ڕەسمی تا ناکۆکییەکان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە، لێکۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی"کۆمسیۆنی حەقیقەت و پێکھاتنەوە لە باشووری ئافریقا" ئەوە پیشان دەدات کە قەبوڵکردنی سەرەنجامەکان تا ئەندازەیەکی زۆر زیاد دەکات ، کاتێک قوربانیان یان کەسوکاری قوربانیەکان دانپێنانێک و داوای لێبووردنێکی شەرعییان پێ دەگات ."پێکھاتنەوە - چارلس ڤیلا - ڤیسیستۆ ".


قەرەبووکردنەوە تەنھا پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان کەوتوونە، بەڵکە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێکەوە دەبینێتەوە،ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبووردنکردن بێت لە قوربانیان یاخود ھەردووکیان پێکەوە ،نابێت لە یادمان بچێت کە بژاردن ھەم قەرەبووکردنەوەیە و ھەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەکردنەوەی تاوانەکانی ڕابردوو لە ئایندە ،ئێمەش لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر.


قەرەبووکردنەوە کەرامەتی مرۆڤایەتی و ھەندێک لە زیانە مادییەکان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان ،بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل کراوە ،بۆیە مافی قەرەبوو مافێکی بێ ئەملاو ئەولای سازش ھەڵنەگرتنی قوربانیانی کوردستانە ،کەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بکات لە ترۆپکی دەسەڵاتیش بێت.


دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان نابێت لە بەرپرسیارێتی کارەکانی ڕابردووی تاوانەکان ھەلبَێت ، عێراق کە قەربووی قوربانیان دەکاتەوە، لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و ھەڵەکان ڕابردووی سەدام، بەڵکە لە بەر پابەند بوونییەتی بە بەرژەوەندی گشتییەوە و کارکردنیەتی بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی قوربانیەکان بەکۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆیان.


بە داوی لێبووردن کردن بەرپرسیارێتی ھەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون ،تاکە زەمانەتی ھاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانکاران ،دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و کاری فەرمانڕەواکانی پێشووی خۆی، ئەو بەرپرسیارییەتییە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت ، بەڵکە خۆ پاککردنەوەو شۆردنەوەیە لێی ،پاککردنەوەی خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانەکان ،ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانکاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیز م ئاپارتاید و دیکتاتۆریەت پەیرەو کر، کوردیش چاوەڕوانی دەکات لە ئێراقی نوێ کە ئێستا ئێوەی بەڕێز سەرۆکین ببێتە پرنسبێکی دەسەڵاتدارییەتی داھاتوو.


سەرۆکی شیلی چەپگەرا لاگۆس ھەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو ھێنانەوەی کەسی یان داوای لێبووردنکردن بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی ڕاستڕەوی پێشوو بە سەرکردایەتی بینۆتشە ،کەچی خۆی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوو کە تاوانی ئەنجام دابوو، ئەو نامانە بۆ سەرجەم قوربانیان ئەوی نەکردە تاوانبار ، بەڵکە نامەکانی وڵاتی لە تاوانەکانی بینۆتشەی تاوانبار پاککردەوە.


قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش، لە پاڵ قەرەبووی مادی، ھەر یەکەیان نامەی سەرۆک کۆمار"یوھانز راو" یان کە لە نامەکەیدا داوای لێبووردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی ھیتلەر کردبوو."تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە - یونامی".


لە تەیموری ڕۆژھەڵاتیش گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیرکاریشی کردەوە ، نەک تەنھا قەرەبووی پێشێلکارییە گەورەکان، ئەمەش بۆ کورد جێگای ھەڵوێستەیە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت.


ئەو قەرەبوە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشکرا کردنی ڕاستیەکان و داوای لێبووردنکردن لە لایەن دەوڵەتی بکەری تاوانەوە دەبەخشرێت وەک خوێن بایی و ھەوڵی کڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەکرێت لە برشی سڕینەوەی رابردووی خوێناوی ،کوردیش پێویستی بە خوێن بایی عێراق نییە، بەڵکە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بکەری تاوان بە فەرمی لە رێگای سەرۆکەکەیەوە داوای لێبووردنی لێ بکات ،بەڕێزیشت کە ھەنووکە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیت ئەرکە لەسەرت بەم کارە ھەڵبستیت و وەک ئەو سەرۆکانەی ئاماژەمان بە ناوەکانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەک بە یەکی قوربانیانی جینۆساید لە کوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بنێریت ، ئەمە وەک تاک وەک نەتەوەش داوای لێبووردن لە کورد و تورکمان و ئاشور و کلدان و شیعە و کریستان و ئێزیدی و سائیبە .... بکەیت ، باشترە چاوەڕوانی دواڕۆژ بکەین بزانین ئەم ئەرکەی کە ٨ ساڵە دەبوایا پێی ھەڵبستایتایا ئەنجامی دەدەیت؟؟ ، با ناوت لەگەڵ ئەو سەرۆکانەیا ڕیز بێت ،کە مێژووییەکی نوێیان لە لیبوورده‌یی سەربەرزانە بۆ قوربانیانی وڵاتەکەیان تۆمار کرد.


چاوەڕوانین ھەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلکاری گەورە لە کوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆکەوە نامەی داوای لێبووردنیان پێ بگات لە ١٤ی ٤ ی ئەمساڵ.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک