جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیران کاتێک سه‌باره‌ت به کرێکاران قسه ده‌که‌یت به ڕێزه‌وه بدوێ!
شه‌ماڵ عه‌لی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم له دیدارێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی په‌یامنێر، له وه‌ڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به گه‌نده‌ڵی به بێ پێشینه‌و بێ هۆ هێرشی کردۆته سه‌ر کرێکارانی کوردستان‌و به ته‌مبه‌ڵ ناوزه‌دی کردوون. هه‌روا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت هه‌مان سوکایه‌تی دووباره کردۆته‌وه. ئه‌م به‌رپرسه له جێگای تێگه‌یشتن‌و ووردبوونه‌وه له هۆکاره‌کانی هاتنی کرێکارانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، له جیاتی وه‌ڵامدانه‌وه به‌وه‌ی بۆچی له کوردستانێکی پڕ سه‌روه‌ت‌و ساماندا، بێ‌کاری بێداد ده‌کات، چی ساڵانه هه‌زاران لاوی خاوه‌ن بڕوانامه به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان‌و ته‌حه‌مولکردنی خراپترین گوزه‌ران‌و سه‌ختترین کار پاڵپێوه ده‌نێت، زۆر به ساده‌یی ئۆباڵی هه‌موو ئه‌م هه‌ل‌ومه‌رجه ناله‌باره ده‌خاته سه‌ر شانی کرێکاران‌و له‌و جێگایه‌ی که ده‌بێت وه‌ڵامی پرسیار له‌سه‌ر "گه‌نده‌ڵی" دام‌و ده‌زگای حکومه‌ته‌که‌ی بداته‌وه یه‌خه‌ی کرێکاران‌و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان ده‌گرێت. به‌ر له هه‌موو شت وا چاکه به کاکی سه‌رۆک حکومه‌ت بڵێین که حکومه‌ته‌که‌ی ئێوه به ناهه‌ق پێی ده‌گووترێت گه‌نده‌ڵ. نه کێشه‌ی کوردستان گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و مالیه‌و نه حکومه‌ته‌که‌شتان ده‌بێت له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت. که‌لتوری گه‌نده‌ڵیش به‌و جۆره‌ی ئێوه باسی ده‌که‌ن کێشه‌ی کوردستان نییه. ئه‌مڕۆکه له زۆر جێگای دنیادا گه‌نده‌ڵی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌و له ڕاستیدا ئه‌م نه‌خۆشیه که‌م‌وزۆر له هه‌موو جێگایه‌کدا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌مه گرفتی سه‌ره‌کی کوردستان نییه. ئه‌وه‌ی له کوردستان هه‌یه تاڵانکاریه، حکومه‌تی ئێستا‌و ده‌سته‌و دایه‌ره‌که‌ی تاڵانکاره نه‌ک گه‌نده‌ڵ. گه‌نده‌ڵی یانی ئه‌وه‌ی که له پشت یاسا‌و پێوانه یاساییه‌کانه‌وه ده‌سه‌ڵات بۆ خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن به‌کاربهێنرێت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن‌و تاڵان‌کردنی سامانی کوردستان دامه‌زراوه. یاسای حکومه‌ت یاسای تاڵانکارییه. چ پێویستیتان به ژێرپێنانی یاسا هه‌یه؟ ئه‌وانه‌ی سه‌روبنی "ڕه‌خنه‌یان" باسی گه‌نده‌ڵی ئیداره‌ی ئێستایه، بزانن یان نه‌زانن خودی ده‌سه‌ڵاتی ئێستایان قبووڵکردووه‌و ته‌سلیمی بوون، به‌ڵام خه‌ریکن وورده گله‌یی‌و گازنده له ده‌ست بێبه‌شمانه‌وه‌یان ده‌که‌ن. گله‌یی له‌ده‌ست گه‌نده‌ڵکارییه‌کان کاری توێژاڵێک له ورده مالیک‌و ورده سه‌رمایه‌داره که خه‌ریکه تاڵانکاریی حکومه‌ت به‌دحاڵیان ده‌کات‌و مایه‌پووچیان ده‌کات. کریکاران‌و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان له بناغه‌وه خودی ده‌سه‌ڵاتتان به سه‌رچاوه‌ی مایه‌پووچی‌و نه‌گبه‌تیی خۆیان ده‌بینن. ئه‌م جه‌ماوه‌ره زۆر باکیان به‌وه نییه کام ئه‌حمه‌د‌و مه‌حمود به پاره‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌وڵه‌مه‌ند بوون‌و کام کۆمپانیا سه‌ری به حکومه‌ته‌که‌ی ئیوه‌وه به‌نده‌و به‌کام یاساپێشێلکردن شتێک له خه‌زنه‌کانی ئێوه‌ی پێ بڕاوه. کێشه‌ی ئه‌وان ئه‌وه نییه که سه‌رفی پاره‌ی ناوخه‌زنه‌کانتان چۆن ده‌کرێت. گرفت‌و کاره‌ساتیان له‌وه‌دایه که ئه‌و خه‌زنانه له‌بنده‌ستی ئێوه‌دان. کێشه‌که چۆنێتی سه‌رف نییه، موسیبه‌ته‌که له ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی سه‌روه‌تی کۆمه‌ڵگایه له لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه. دیاره حکومه‌ت‌و ڕاوێژکاره ئیعلامیه‌که‌ی درکیان به تووڕه‌یی‌و بێزاری بێ ئه‌وپه‌ڕی ئه‌م جه‌ماوه‌ره کردووه‌و به هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌زانن، بۆیه هه‌ر که مه‌سه‌له‌ی "گه‌نده‌ڵیتان" بۆ ده‌بێته جێگای باس خێرا په‌لاماری ئه‌وان ده‌ده‌ن‌و یه‌کێکتان به ته‌مبه‌ڵ‌و ئه‌وی ترتان به سه‌گیان ناو ده‌بات. ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر ڕوناکبیرێک سه‌باره‌ت به جنێوه‌کانی ڕاوێژکاره‌که‌ت به خه‌ڵک، نووسینێکی ده‌رباره‌ی ئوروستوکراتی کوردی نووسی‌و ووتی که گوایه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ئه‌م توێژه زیندووبووه‌ته‌وه‌و خه‌ریکه به لووتبه‌رزیه‌وه مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵک ده‌کات. ئه‌و ئه‌وه‌ی له‌بیرچووبووه‌وه که پارته ناسیۆنالیسته‌کانی کورد سه‌راپای میژوویان مێژووی خۆژیاندن‌و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن بووه له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵک‌و سیاسه‌تیشیان بازرگانی بووه به مه‌ینه‌ت‌و ڕۆژڕه‌شی خه‌ڵکه‌وه‌و هه‌میشه‌ش وه‌ک ئێستا سوکایه‌تیان به خه‌ڵک‌و چاره‌نووسی کردووه. به ڕاستی ئێوه‌و سه‌رمایه‌دارانی کوردستان به چیتانه‌وه ئاوا به لوتبه‌رزیه‌وه مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵک ده‌که‌ن‌و سوکایه‌تی به کرێکارانی کوردستان ده‌که‌ن؟ تۆ خۆت که‌وچکه چایه‌ک عاره‌قه‌ت بۆ ئه‌م کۆمه‌ڵگایه نه‌ڕشتووه، چۆن ده‌کرێت ئه‌وانه‌ی ڕۆژ تا ئێواره به به‌ر سووری هه‌تاوه‌وه ده‌سوتێن‌و له‌به‌ر سه‌رمای زستان ده‌ست‌وپێیان ده‌قڵیشێت‌و کار ده‌که‌ن به ته‌مبه‌ڵ ناو به‌ریت؟ به چیه‌وه ده‌نازن؟ به پێشکه‌وتنه زانستی‌و فه‌رهه‌نگیه‌که‌تانه‌وه؟ پیشه‌سازیه گه‌وره‌و به‌رهه‌مهێنه‌که‌تان؟ سازدانی ژیرخانی ئابووری؟ سیسته‌مه ئیداریه سه‌رکه‌وتووه‌که‌تان؟ په‌روه‌رده‌و فێرکردنه باڵاکه‌تان؟ چیتان هه‌یه‌و چیتان له کوردستان بنیاتناوه تا خۆتان به‌سه‌ر خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشی کوردستانه‌وه باده‌ن؟ مۆدیله ئابووریه‌که‌ی خه‌ونی پێوه ده‌بینیت کردنی هه‌ولێره به دوبه‌ی، هه‌موو که‌س ده‌زانێت که دوبه‌ی کاروانسه‌رای سه‌رمایه‌یه، ناوه‌ندێکی بازرگانیه‌و تیایدا له پاڵ بازرگان‌و سه‌رمایه‌دار، له‌شکرێکی برسی له کرێکار‌و خزمه‌تکار مۆڵکراوه که له‌وپه‌ڕی بێمافی‌و سته‌مدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. له‌وێش هه‌ر کرێکاری کۆچکردووی به‌نگه‌لادیشی‌و فیلیپینی خه‌ریکه خزمه‌ت به سه‌رمایه ده‌کات‌و حکمه‌ته‌که‌ش له‌وه‌دایه که ئه‌و هه‌ل‌ومه‌رجه نائینسانییه ته‌نها کرێکارێکی برسی‌و له ژیان گوزه‌شته‌ی کۆچکردوو ده‌توانێت ته‌حه‌مولی بکات. ئه‌تانه‌وێت دۆزه‌خێک له بێمافی‌و کۆیله‌یی بۆ کرێکاران بخوڵقێنن‌و جنێو به کرێکارانی کوردستان بده‌ن که بۆچی ناچنه ژێر ئه‌م باره‌و ملی پێ ناده‌ن؟ کارگه‌ری کۆچکردووی سه‌رده‌می گڵۆباڵیزه‌یشن دیارده‌یه‌کی جیهانییه. ئه‌وه پێداویستی دڕنده‌یی سه‌رمایه‌یه که چینێکی کرێکاری بێماف‌و کۆیله ده‌خوازێت. ئه‌م شێوازه له کارکردن هێنده سه‌خت‌و که‌سایه‌تی وردکه‌ره که که‌م که‌س له هه‌لومه‌رجێکی ئاسایی گوزه‌ران‌و له جێگایه‌ک که کۆمه‌ڵگا‌و خه‌ڵک ده‌یناسێت ته‌حه‌مولی ده‌کات‌و پێی ده‌کرێت. ئه‌و جۆره کار‌و ژیانه ته‌نها به خه‌ڵکانێکی ناچار‌و ئاواره ته‌حه‌مول ده‌کرێت‌و ئه‌وه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری‌و بازاڕه ئازاده ناشرینه‌که‌ی ئێوه‌یه که هه‌میشه په‌راوێزێک بۆ ئه‌و جۆره کارانه دروست ده‌کات‌و بانگی کرێکارانی به‌دبه‌خت‌و ناچار ده‌کات. له جێگای تانه‌و ته‌شه‌ردان له کرێکارانی کوردستان، هه‌لومه‌رجێکی ئینسانی‌و پڕ له ڕێز بۆ کار‌و کرێکاران بخوڵقێنن‌و ئه‌وانه‌ی که به ناچاریش بۆ جاده پاکردنه‌وه دێن به ڕیزه‌وه مامه‌ڵه‌یان بکه‌ن‌و وه‌ک جه‌ڵه‌به ئاژه‌ڵ سواری تراکتۆری پڕ زبڵیان مه‌که‌ن‌و به جاده‌کاندا مه‌یانگێڕن. به‌ر له‌وه‌ی هێرش ببه‌یته سه‌ر کریکاران‌و به ته‌مه‌ڵ ناوزه‌دیان بکه‌یت، که‌مێک له فه‌رهه‌نگی عه‌شیره‌تی‌و دوواکه‌وتوویی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته وردبه‌ره‌وه. کێشه‌ی کوردستان ته‌مه‌ڵی کارگه‌ره‌که‌ی نییه، به‌ڵکو هیچ له‌باردانه‌بوویی، دواکه‌وتوویی، چڵێسی‌و هه‌ڵپه‌ی خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردنی به‌په‌له‌ی سه‌رمایه‌دارانێتی. ده‌تانه‌وێت شیخه‌کانی خه‌لیج بن‌و باقی خه‌ڵکی کوردستان کۆیله‌و خزمه‌تکاری بازاڕه بێ یاسا‌و هه‌ڕه‌مه‌کیه‌که‌تان بێت؟ به‌رله‌وه‌ی ڕووی ده‌م بکه‌نه کرێکاران‌و به کارنه‌که‌ریان وه‌سف بکه‌ن حیساب‌و کیتابێک له‌گه‌ڵ خۆتان بکه‌ن‌و نه‌ختێک فه‌رهه‌نگتان به‌رنه سه‌ر. کاتێکیش سه‌باره‌ت به کرێکار قسه ده‌که‌یت به ڕیزه‌وه بدوێ!
|