په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٢\٢٠١١

جەنابى سەرۆک، بەڵگەى چیت لێم دەوێ؟


هیوا رەش     


ئەم نووسینەم بە نمونەیەک لە خۆمەوە دەست پێ دەکەم " دواى 8 ساڵ پێشمەرگایەتیى بێ دابڕانم دواى ساڵێک لە تاوانە دڕندانەکەى - قاسمە کوێر - ى ئەنفالبازى داڵدەدراوى ژێر دەوارى دەسەڵاتدارێتیتان کە دەرهەق بە پێشمەرگە شیوعییە سەرسەختەکانى دواى ئەنفال لە کەلکەسماق ئەنجام درا ، ڕێک کاتژمێر دەى سەر لە بەیانى ڕێکەوتى ڕۆژى 2 3 1990 ، بە بریندارى کەوتمە چنگى ئاغاکانى قاسم ئاغاوە لە ئیستیخباراتى کەرکوک ، پیرەدایکیشم هەموو جارێک گلەیى دڵى خۆى دەکرد و دەیگووت : ( کوڕەکەم هیچى نەکردووە و لە ختوخۆڕایى گرتوویانە ) ، لەو دەمەى لە زینداندا بووم دایکم لە سەید سادقەوە ئاگرى جەرگ هەڵى گرتبوو بە ناچارى ڕیزى کۆڕەوەکەى گەلەکەمان جێهێشت و لە کۆڕەوى ملیۆنییەوە کردى بە ( کۆڕەوى نۆسەد و نەوەدو نۆ هەزار و نۆسەد و نەوەد و نۆیى ) ، ملى دا لێیان جودا ببێتەوە و بەرەو ( ئەبو غرێب ) ى کۆشکى ترس و سێدارە ملى ڕێگە بگرێت ، سەردانى منى ( موخەریب و موتەمەرید ) ى ئەو دەمەى سەرکردە بەعسییەکان و ئاژاوەگێڕ و تێکدەر و گێرەشێوێنى ئەم دەمەى سەرکردە کوردەکان بکات ، دایکم زۆر ڕقى لە بەعسییەکان دەبۆوە ، هەروەکو گوتم هیچ وەڵامێکى نەبوو بۆ تۆمەتەکانى بەعس جگە لەوەى هەموو جار دووبارەى دەکردەوە و دەیگووت : ( کوڕەکەم هیچى نەکردووە و لە ختوخۆڕایى گرتوویانە ) ، منیش جاجارە پێدەکەنیم و پێم دەگووت : ( کچێ دایە ، حەیام مەبە ، چۆن هیچم نەکردووە و لە ختوخۆڕایى گیراوم ؟ ! ) ، بە هەر حاڵ لەو سەردانەیدا کە ئێمەى زیندانیى تینووى هەواڵ و دەنگوباسى میللەتەکەمان بووین ، چوومە بن کڵێشەیەوە تا ڕاستیى ڕووداو و نەهامەتییەکانى ڕاپەڕینى گەلەکەمان بگێڕێتەوە ، زۆر دواندم تا چاویم پڕ لە فرمێسک کرد و بەدەم هەنسکى گریانەوە هاتە قسە : ( کوڕم باوکت لە کێشمەکێشى نێوان هاتن و دەرکردنى جەماعەتى عەلى کیمیاوى گیانى لە دەست دا ) ، (خاڵۆت هەر ئەو جەماعەتە بە ناهەق دایانە بەر ڕێژنەى گوللە و شەهیدیان کرد ) ، ( دەڵێن ئامۆژنت هەر لە ڕێگادا مردووە و نێژراوە ) ، ( سیروانى پورزاشت گیراوە و بێسەر و شوێنە ) ، بەدەم گێڕانەوەى کارەساتى چوار قوربانییەکەوە هۆنهۆن فرمێسکى دادەباراند ، منیش بۆ دڵدانەوەى ئەو بە پێکەنینێکى گریان ئامێزەوە پێم گووت : ( توخوا دایە ئەگەر نەیبڕیتەوە ، بەخوا چوار نەفەر زیاتر هەڵگرم پۆلیسى مرور دەمگرێت و وەسڵى غەرامەشم بۆ دەبڕێت ) ، بەڵێ هەواڵى پێدام کە باوکم مەرگ مەوداى نەداوە ئازادیى کەرکوک بە تەواوى ببینێت ، باوکم کتوپڕ گیانى لە دەست دابوو ، بێگومان وەکو هەر مردوویەکى دیکە شۆریبوویان و کفنیان کردبوو ، پاشانیش ناشتبوویان ، من هیچ بەڵگەیەکى بەرجەستەم نەبوو تا تێپەڕ بوونى دوانزە ساڵ لە پرۆسەى ئازادى عێراق لە ساڵى 2003 دا ، کە گەڕامەوە کەرکوک چوومە سەر گۆڕەکەى و ئینجا قەناعەتم پەیدا کرد کە باوکم مردووە ! بەڵام لە ڕاستیدا قەناعەتەکەشم لە جێى خۆیدا نەبوو ، چونکە بەڵگەیەکى زیندووى ئەوتۆم لا نەبوو جگە لە بڕوا هێنان بە قسەى دەوروبەر و بە ڕاستى دیار نەمانى باوکم و خاڵۆم و ئامۆژنم .

ئەو منداڵانەى لە دەورانى دوای ڕاپەڕین لەدایک بوون ، بە ( گەندەڵى ) سەرکردەکان بانگ بە گوێچکەیاندا درا ، بەو وشەیە فرچکیان گرت ، لەوانەیە زمانیشیان پێش دایە و بابە هەر بەو وشەیە پژابیت ، ئەوانە ئێستا پیاوى کۆمەڵگان ، خوێندکار و قوتابى و مامۆستا و بیرمەند و کارمەند و کاسبکار و کرێکارن ، تەنانەت زۆرێکیان پۆلیس و ئاساییش و پێشمەرگە و زێڕەڤانى و پاسەوان و میلیشیاى حیزبەکانتانن ، هەندێکیان منداڵیشیان هەیە و دەزانن کە ڕۆڵەکانیشیان تا گەورە دەبن وەکو دایک و باوکیان مڵۆزم ئاسا گەندەڵیى دوایان دەکەوێت و لێیان نابێتەوە و دەسبەرداریان نابێت ، دەبێتە مایەى نەخوێندەوارى و نەهامەتى بۆیان ، شان وەبەر کار نان و کۆچ و سەرهەڵگرتن و شاربەدەر کردنیان و بگرە گەلێک جار خۆسوتاندن و خۆکوشتنیش یاوەریان دەبێت ، چونکە منداڵدانى گەندەڵیى سەرکردە و نەکردەکانمان بارگاوییە بە نادادپەروەرى ، نادادپەروەریش ڤایرۆسى بێئومێدى و غەمۆکى و نامۆیى لە هەناویدا هەڵگرتووە و دەیکاتە جەستەى چینە ژێردەستەکانى دەسەڵاتە ڕەهاکەى ئێوەوە ، بۆیە لە ترسى ئاییندەى ڕۆڵەکانیان تا وەکو خۆیان تەمەنێکى پڕ لە خێر خۆ نەدیویى ئامبازیان نەبێتەوە ڕادەپەڕن ، خۆپیشاندان دەکەن ، ماندەگرن و پەنا وەبەر هەموو شێوازێکى خەباتى ئاشتییانە و هێَمن و شارستانى دەبەن لە دژى گەندەڵى .

دەزانم موڵکى گشتى دەستى بەسەردا گیراوە و دەبینم حیزبەکان خۆیان کردۆتە میراتگرى بەعس و هەرچى لە دواى ئەو جێماوە ئەمان خۆیان بە خاوەنى دەزانن ، تەزکیەى حیزبى و بەرتیل و واسیتە و ماستاوچێتى سەروەرن ، دەزگاکانى حکومەت بە وەزیر و گزیر و بەڕێوەبەرى گشتییەوە تا کارگوزارەکەى حیزبین و سەر بە ئێوەى دەسەڵاتدارن ، هەستى پێ دەکەم مادەى 140 بارمتەى گیرفانى بەرپرسە نابەرپرسەکانى ئێوەیە ، تەلار و ئاپارتمان و بازاڕ و کۆمپانیاکان مەحاڵە بێ پشکى ئێوە بتوانن هەناسە بدەن ، دیارە سستمى فرە حیزبى ئەوەندە بڕ دەکات کە زیان بە سستمى حیزبى سەرکردە - حزب القائد - نەگەیەنێت ، پرۆژەى وەهمى خۆى و پارەکەى نادیار و بێسەر و شوێنن ، پەرلەمان و حکومەت ئەڵقەیەکى بێ ئیرادەى نێو پەنجەى مەکتەبى سیاسییەکانتانە ، جاشی وڵاتفرۆش موچەى پێشمەرگەى وڵاتپارێزى بۆ بڕاوەتەوە ، خانەوادەى شەهیدانیش پڕ توڕەیى و گلەیین لێتان لەسەر ئەوەى لەیەک شوێندا موچەیەکى کەمتر لە موچەى خائینێکى لە خوێن گەوزاو لە پاداشتى خوێنى ڕۆڵە شەهیدەکەیان وەردەگرن ، چیا و گرد و تەپۆڵکە و گرد نەماوە لەسەر خۆتان و حیزبەکانتان تاپۆتان نەکردبێ ، پارێزگار ( موحافز ) ەکانى بەعس لە هەر شارێکدا ماڵێکیان بۆ تەرخان کرابوو ، خۆى و خاو و خێزانى بە سەڵتى دەهاتنە ناوى و بە سەڵتیش لێى دەردەچوون و کە دەڕۆییشتن بۆ ئەوانەى دواى خۆیان جێ دەما ، بەڵام پارێزگارەکانى ئێوە لەبەر ماڵ زۆرى و شوێنى حەوانەوە و دۆنمەباخ و ڤێللا کەس پەى بە جێگە و ڕێگەیان نابات ، لە 17 % ى بودجە ، و داهاتە ناوخۆییەکانى بوارى ( شارەوانیەکان - تەندروستى - باج - گومرک - کارەبا - قاچاغچێتى نەوت و بۆندەکان لێک بدەرەوە و بەراوردى بکە لەگەڵ ژمارەى دانیشتوانى کوردستان و ئاستى خومەتگوزارى و بژێوى خەڵک هەموو شتێکت بۆ ڕوون دەبێتەوە و پێویست ناکات بە دواى بەڵگەدا بگەڕێیت ، خۆ ماست نیە بە دەمەوە دیار بێت ، بەڵام نازانم لێکۆڵینەوە ناکەیت یان پێت ناکرێت ؟ ! ئەگەر نایکەیت دڵنیابە هەزار هێندەى تر بە غەوغائى و گێرەشێوێن ناومان ببەن زیاتر و توڕەتر خەڵک لێتان دەڕژێتە سەر شەقامەکان ، کە توڕەش بن لە خوێنى خۆیان خۆش دەبن و نەک شوشە بە پەنجەرەى بارەگاکانتانەوە ناهێڵن ! بەڵکو لە دواڕۆژدا دەیانکەن بە مۆزەخانە و سەرچاوەى داهاتى نیشتمانى ، چونکە ئەستەمە چى تر قایل بین بە برسێتى و بێکارى و بێداڵدەیى و بیخزمەتى ، ئەگەر کوردى ، پێشینانى کورد دەمێکە فەرموویانە : هەموو شتێک لە باریکیدا دەپچڕێت و زوڵم لە ئەستوریدا ، ئەگەر موسڵمانیشى ، سەدان ساڵ پێش ئێستا - ابى در الغفارى وتوویەتى : پێم سەیرە هەژارێک ببینم منداڵەکەى برسى بێت و شمشێر هەڵناکێشێت و لە ملى دەوڵەمەندى نادات ، ئەگەر چەپ و مارکسیش بیت ، سەدوپەنجا ساڵ زیاترە مارکس ڕایگەیاندووە کە :

(( ڕێکخستنى پرۆلیتاریاى سەربەخۆ زێدەتر و مەزنتر دەبن لە جیهاندا ، پرۆلیتاریا لە هەناوى خەباتى چینایەتییەوە پەروەردە دەکرێت و فێر دەبێت ، لە وەهمى کۆمەڵگاى بورژوازى و دروشمە بریقەدارەکانیان تێدەگات ، بۆ ئەوەى خۆى لەو کۆت و پێوەندە ڕزگار بکات ، بە تێکچڕژاوى و بە بێ گوێدانى بیروڕاى جیاوازى نێوخۆیان یەکدەگرن و هەتا گەییشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانیان واز ناهێنن )) .

لە کۆتاییدا دەمەوێت بپرسم ، کاتێک سوپاکانى جەندرمەى ئەتاتورکیزم و پاسدارى خومەینیزم پێشڕەوى لە پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن و سنورى کوردستان دەبەزێنن و گوندەکانمان وێران دەکەن و ڕەز و باخمان دەسووتێنن و خوێنى مرۆڤ و مەڕ و ماڵاتمان تێکەڵ بە یەک دەکەن ، سوپا چەکدارە فرەناوەکانتان ( زێڕەڤانى ، پێشمەرگە ، ئاژانسى پاراستن ، دژەتیرۆر ، ئاساییش ، پۆلیس ، پاسەوان و میلیشیاکانى حیزب ) ئیشیان چییە ؟ تۆ بڵێى وەکو ئەو کابرایەى کە خەنجەر بە دەستێکیەوە و دەستەکەى تریشى دەمانچەى پێ دەبێت ، دواى ئەوەى تێرى لێ دەدەن ، لێى دەپرسن : کاکە خۆ تۆ خەنجەر و دەمانچەت پێ بوو بۆچى هێشتت لێت بدەن ؟ لە وەڵامدا دەڵێت : ئاخر هەردوو دەستم گیرا بوو ، بریا لە بەرامبەر جەماوەرى خۆپیشاندەرى سڤیل و بێچەکیشدا ئاوها بێوەى و دەستگیراو بوونایە و بە فیشەک وەڵامى داخوازییەکانى خەڵکتان نەدایەتەوە ، هەرچەندە دەشزانم وەڵامەکە ئیحراجیى تێدایە بۆتان .

ببوورە پرسیارەکەم ئاراستەى جەنابت دەکەم ، چونکە سەرۆکەکەى ترمان لەبەر عێراق نایپەرژێتە سەر کوردستان ، دەزانم دڵسۆزیتان بۆ یەکپارچەیى خاکى عێراق واتان لێ دەخوازێت ئەرکەکانتان لە نێو خۆتاندا دابەش بکەن ، چوون لە کاتى خۆشیدا سەدام حوسێن لە پێناو پاراستنى یەکێتى خاکى عێراقدا - شمال العراق - ى کردە قوربانیى.

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

پێشبینییه‌ هەڵەکانى خۆم و هەڵوێستى شەرمنانەى بزووتنەوەى گۆڕان.

 

 


پێم وابوو کاتێک جەماوەر ڕا بێت ، نەوشیروان مستەفا دەبێتە ( محمد البرادعى ) ى میسڕ و خۆى دەگەیەنێتە ڕیزى خۆپیشاندەران و دەبێتە زرێیەک بۆ پاراستنى خۆپیشاندانەکە و گیانى ئەنجامدەرانى ، دەوریان چۆڵ ناکات و تا دوا هەناسەى پێداگیریى لە داخوازییەکانى خەڵک دەکات ، تا ئەم ئێوارەیەش چاوەڕوانى ئاواتە وەدینەهاتووەکەم بووم بەڵام مخابن ئاواتەکەم لەبار چوو ، چونکە بێ پرس و ڕاى جەماوەر خۆى بۆى نەکرا نوێنەرى هەناردەى ژێر چەترى سازش کرد لەگەڵ دەسەڵاتدا ، بۆم دەرکەوت ئەمانیش ( کورسى ) دانیان منداڵێکى برسی لە هەناودایە و پەلەپڕوزێیەتى بگاتە بنکڕى گەندەڵى .

هەگبەى پارتى و یەکێتى پڕ بوون لە لە واژەى ئاژاوەگێڕ و تێکدەر و گێرەشێوێن و لەم بوارەدا هێندە پسپۆڕ و شارەزان ، لە چاو تروکانێکدا کام تۆمەت ڕەزا قورسە بۆ خەڵکى ناڕازى دادەتاشن ، ئەمجارەیان بێگوێدانە فوو پێدا کردنەکانى دوێنێیان ، بزوتنەوەى گۆڕان ناولەپى ئەشەدوبیلاى بە پشتى ملیدا کێشاو وتى ماشەڵا لە سەنعەتى دەست و پەنجەتان ، ڕێژەیەکى باشى لێیان کڕى و وەکو بیلبیلەى چاو لە نێو فەرهەنگى ڕاگەیاندنەکانیدا جێگەى بۆیان خۆش کرد .

لەم دەڤەرى خوێن و مەرگەى ئێمەدا دەسەڵات و بەرهەڵستکار ، چەپ و ڕاست ، ئیسلامى و عەلمانى ، ڕەش و سپى ، دۆست و نەیار ، کڕیار و فرۆشیار وەکو یەک وان ، هەموویان ڕاوچى کارامەن و ئێمەى بێمافیش بە نێچیرى خۆیان دەزانن ، ئەگینا کێ لەو بڕوایەدا بوو بەناو ئۆپۆزیسیۆن ( گۆڕان ، کۆمەڵ و یەکگرتوو ) بێمنەتانە و بێئاوڕدانەوە لە نوێنەرانى شەهید و بریندارەکان خۆ بکوتنە ئامێزى کۆن و گەرمى دەسەڵات ؟ ! ئەمانە سیاسەتمەدار نین و فێڵمەدارن ، ئەمانە دڵسۆز نین و دڵخۆرن ، ئەمانە بۆ حوسەین ناگرین و شینى هەریسەکەیانە ، بۆیە نابێت نە گلەییان لێ بکرێ و نە بڕوایان پێ بکرێ ! لە جێگەى خۆیدایە ئیتر ڕێگە لە بازرگانانى خوێن بگیرێ و نەفرەتی مێژووش بە سەر شاگردە گەنەخۆرەکانى پەراوێزى دەسەڵاتداراندا داببارێنین و بێهەڵوێستى و پارەپەرستییان لە دووتوێى ڕقى جەماوەردا قەتیس بدرێن .

بە پارەى ئێمە داگیرکارى خاکمان دەکەن ، ڕاگەیاندنەکانیان پڕ قسەى ئاگردارى شەڕ و ڕەونەقدارى ئاشتى دەکەن ، پێشمەرگە لەبەر لێزمەى باران ڕادەگرن و لوولەى چەکەکانیان پێ ڕوو لە سنگى لاوانمان دەکەن ، دەبا پێشمەرگە و جەماوەر دەستى یەکتر بگرن ، پشت لە یەکتر نەکەن ، زەماوەند بگێڕن بۆ یەکسانى و ئاوەدانى ، با ئێمە وا بکەین ، ئەوانیش چییان لە دەست دێت با بیکەن . با ڕوون بێتەوە ئێمە دەستێک لە پشتمانە یان ئەوان دۆستى خوێن شیرینى میت و ئیتیڵاعات و موخابەراتن ؟ ! ئێمە هێزێکین دەستى دەرەکى دەستمان ماچ دەکا و ئێمەش خۆڵى خاکى پیرۆزى کوردستان دەکەینە چاوى زیتى تەماعاوى خۆیان و پیاوە گرگنەکانیان .

ئێمە ئێمەین و ئەوان ئەوان ، ئێمە بێچەکى ئلشتیخواز و ئەوان پڕچەک و شەڕخواز ، ئەوان گوللەى چەکى براکانى خۆمان پێوە دەنێن ، ئێمەش گوڵى ئاڵ لە براکانمان دەگرین ، ئێمە و ئەوان ، کاممان دەستمان سوورە بە خوێن و تاوان ؟ !

ئێستا سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا بوو لەگەڵ باوکى شەهید ڕێژوان ، موچڕکەیەک سەرتاپاى جەستەى داگرتم ، خۆزگەم خواست تەنها لە سەغڵەتى و تەنگانەدا نا ، هەموو دەمێک و لە شێنەیى و شادیشدا ، سەرۆک و سەرکردە فرەکانمان ئاوها خاکییانە لە تەماسدا بن لەگەڵ هاوڵاتییانى غەمخۆرى نیشتمان و باوک و دایکانى جگەرسووتاو ، بەوانەى شەڕى نەگریسى ناوخۆشەوە چونکە ئەوانیش ڕۆڵەکانیان لە دەست داوە و ئەوانیش جەرگیان سووتاوە . بە دواى ئەویشدا سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش مژدەى نەهێشتنى شاڵاوى ڕاگەیاندنى حیزبەکانى دا ، بە هیوا بووم مژدە بە جەماوەر بدات کە لەو پێنج حیزبە ( پارتى ، یەکێتى ، گۆڕان ، کۆمەڵ و یەکگرتوو ) لە هەر لایەک و کەسێکیان بە تۆمەتى گەندەڵى و خیانەت و تەقە کردن لە جەماوەر ڕادەستى دادگا کردووە، چونکە ڕیزەکانیان بەوەندەش هیچى لێ کەم نابۆوە ، بەڵام دڵى جەماوەر خۆش دەبوو بەوەى کە حیزبەکانیان ڕاست دەکەن و بە خۆیاندا دەچنەوە ، چونکە ئەگەر ئەوان گرفتى پۆست و پارەیان هەبێت لەگەڵ یەکتردا ، ئەوا جەماوەر هیچ گرفتێکى نیە جگە لە غەمى نیشتمان ، دەرکەوت ئێمە غەمخۆرین بەڵام ئەوان ، بێغەمن و نا بایان دیوە نە باران ، نازانن ڕێژنەى گوللە ملکەچە لە ئاستى گوڵباران !
 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش