١٣\٢\٢٠١١
جەنابى سەرۆکى
هەرێم، گەراى گەندەڵیى لە کۆبوونەوەکانتانەوە سەرچاوە دەگرێ.

هیوا
رهش
جەنابى سەرۆکى هەرێم، گەراى گەندەڵیى لە
کۆبوونەوەکانتانەوە سەرچاوە دەگرێ و لەوێش گەرا دادەنێ و هەر لەوێش
گەراکە دەتروکێ و لە قۆزاخە دەردەچێ و دەبێتە مەلۆتکە و کۆرپەڵەیى بەڕێ
دەکا، وا بیست ساڵ زیاتریشە ساوایە و گڕوگاڵ دەکات و ناکەوێتە سەرپێ و
گەورە نابێ و گەنجى تێناپەڕێنێت و پیرى زەفەرى پێ نابا و بە ڕۆخى
مردنیشدا ناڕوا.
بە ویقارەوە دواى هەموو بانگهێشتێک بۆ
کۆبوونەوەکان چاوەڕوانى دەمى جەنابتان دەکەین و دەڵێین بەڵکو ئەمە
خوایە و شتێکى نوێ و داهێنانێکى تر و تەرزە حوکمڕانى و جۆرە
گۆڕانکارییەکى ئەوتۆ ببێتە پاشکۆى کۆبوونەوەکانتان و وەکو جەنابى
سەرۆکى حکومەتى هەرێم وتى : ( کردار شەرتە ) و ئەوەى دەیڵێن هەر وتن
نەبێت و بە گیانێکى کردار ئامێزەوە بەرەو هەنگاوێکى پەلەتر وەکو
فریادڕەسێک بێن بە هاناى گەلە ستەمدیدەکەمانەوە ، بەڵام ئەفسوس باس هەر
باسى خۆرەى گەندەڵییە کە جەستەى تەواوى چین و توێژە نەدارەکانى
کۆمەڵگاکەمانى کرمێ کردووە ، هەموو جارێک لەسەر هەمان بەزم و ئاواز
هەمان بەیت و بالۆرە بە باڵاى گەندەڵیدا دەوترێتەوە و بێئایە و بێمایە
کۆبوونەوەکانتان کلۆم دەدەن و ئێمەش بێئومێدتر دەکەن .
جەنابى سەرۆکى هەرێم ، بەپێویستى دەزانم پێت ڕابگەیەنم کە لەمەودوا
باشتر وایە بەردێک بنێیتە سەر گەندەڵى و نەهێڵیت کاتى کۆبوونەوە (
نمونە ) ییەکانتان بەهەدەر بدات ، چونکە گەندەڵى مڵۆزمێکە ئەستەمە
کۆبوونەوەکانى ئێوە پێى بوێرێت ، گەراى گەندەڵى لەو کۆبوونەوانەوە
دەتروکێت و لەوێش قۆزاخە دەکات و لەوێش دەبێتە مەلۆتکە و کۆرپەڵەیى
بەڕێ دەکات و وا بۆ بیست ساڵیشە هەر ساوایە و گڕوگاڵ دەکات و ناکەوێتە
سەرپێ و گەورە نابێت و گەنجى تێناپەڕێنێت و پیرى نابینێت و بە ڕۆخى
مردنیشدا ناڕوات ، با بەم بۆنەیەوە ئەم مەتەڵە بگێڕمەوە : سێ برادەر
هەر یەکە و 10 هەزار دینار کۆ دەکەنەوە تا ڕادیۆیەکى پێ بکڕن ، دەچنە
دوکانێک مامەڵەى ڕادیۆیەک دەکەن کوڕێکى منداڵکار لەسەر دوکانەکە دەبێت
و وەڵامیان دەداتەوە کە نرخەکەى 30 هەزار دینارە ، ئەوانیش کە بە هەر
سێکیان 30 هەزار دیناریان کۆ کردبۆوە ڕێک پارەکەى دەدەنێ و ڕادیۆکەى
لێدەکڕن ، چەند فرسەخێک لە دوکانەکە دوور دەکەونەوە خاوەن دوکانەکە کە
باوکى منداڵەکەیە لە نوێژێ دەگەڕێتەوە بۆ دوکان ، یەکسەر کوڕەکەى پێى
دەڵێت : بابە یەکێک لەو ڕادیۆیانەم فرۆشت بە 30 هەزار دینار ، باوکیشى
دەڵێت : کوڕم ئەوە نرخەکەى 25 هەزار دینارە ، ڕاکە بڕۆ بیاندۆزەرەوە و
ئەو 5 هەزار دینارەیان بۆ بگێڕەرەوە ، کوڕەکەش لە ڕێگادا بیرى خراپ
دەکاتەوە کە 2 هەزار دینار لەو 5 هەزار دینارە هەڵبگرێت و 3 هەزار
دیناریان بۆ بگێڕێتەوە ، سێ کەسەکە دەدۆزێتەوە و ڕێک چۆنى لە دڵدایە وا
دەکات و 2 هەزار دینارى بۆ خۆى لا دەداتە لاوە و 3 هەزار دیناریشیان
دەداتەوە ، ئێستا کەواتە سێ کەسەکە هەریەکە و 9 هەزار دیناریان بۆ
کڕینى ڕادیۆکە پێ بڕاوە ، 3 کەڕەت 9 دەکاتە 27 هەزار دینار ، منداڵەکەش
2 هەزارى لێ داوەتە لاوە ، 27 و 2 دەکاتە 29 هەزار دینار ، پارەکەش خۆى
30 هەزار دینار بوو ، کە واتە لەم نێوانەدا هەزار دینار دیار نامێنێ و
کەسیش نازانێت چى لێ بەسەر هاتووە ؟ !
ئێمەى کوردیش کە لە 17 % ى بودجەى حکومەتى ناوەندمان پێ دەبڕدرێت ،
هەموو ئەم فەرمانگانەش ( تاپۆ ، باجى داهات ، باجى خانووبەرە ، ژوورى
بازرگانى ، پۆلیسى هاتوچۆ ، کارەبا ، ئاو ، گومرک ، شارەوانى ،
فڕۆکەخانە ، دادگا ، دادنووس ، پاسپۆرت ، تەندروستى و سامانە
سروشتیەکان و --- هتد) و بۆندە بازرگانى و پیشەسازى و نەوتییەکانیش
لەولاوە بوەستن و گرانى بازاڕیش سەرباریانە و گیرفانمان دەتەکێنن ،
واسیتە و بەرتیل و مەحسوبیەت و مەنسوبیەتیش ناخمان دەهەژێنن ،
بەڕێوەبەرى ناکارامە و ئەفسەرى بێبڕوانامە و جاشى خانەنشینى پێشمەرگە و
ئەنفالبازى دەسەڵاتداریش سەرپاڵە بن ، ئیتر پێم ناڵێى گەندەڵى چۆن و بە
چى بنبڕ یان کەم دەکرێتەوە لە کاتێکدا حکومەت لەبەردەستى حیزبدا دیل و
زەبوونە ؟ ! لێرەوە من ئەم پرسیارە ئاراستەى تۆى سەرۆکى هەرێمەکەم
دەکەم ، ئەمانەى باسم کردن کێ لێیان بەرپرسە ، ئێمەى خوا لێسەندراو یان
ئێوەى خوا پێداو ؟ ! نەک تۆى سەرۆکى مەزن و منی هاوڵاتى سادە ، بگرە
منداڵێکى بەسزمانیش دەزانێت ئێمەى هیچ بەدەست نا ، بەڵکو ئێوەى زەوى و
ژێر زەوى و ئاسمان بەدەست هۆکارن ، ئێمە گەندەڵى دایهێزراندووین و
بێئیش و بێکار و بێداڵدە و بێنەوا و بێخزمەت و بێئاییندە و بێئومێدو
بێهیوا و بێئاوات بێناز و بێکەس و بێبەش و بێچارە و بێفریادڕەسى
کردووین ( هەرچەندە پێویستە باش بزانن ئێمە بۆ داکۆکیى لە خۆمان و
نیشتمانمان گڕکانین و دەستى کەمتەرخەمى ئێوە و دەسسدرێژى دوژمن گڕمان
دەدا ) ، کەواتە ئەگەر بتەوێت لە دڵەوە ئەو پەتایە چارەسەر بکەیت ئەوا
لە دەستى خۆتدایە مەیخەرە ئەستۆى کەسەوە ، بۆ ئەوەى مەسەلەى گەندەڵیى
نەبێتە حیکایەتى ڕادیۆکە و بۆمان ڕوون ببێتەوە چارەنووسى ئەو هەموو
داهاتەى وڵات لە گیرفانى کێوە تەحەکومى پێ دەکرێت و چۆن تەخشان و
پەخشان دەکرێت و بۆچى نادیارە ؟ بۆ ئەمەش دوو ڕێگەت لە بەردەمدایە :
1- دەبێت لە کۆبوونەوەى هاوشێوەى کۆبوونەوەکانى ڕابردووتان ئەمجارەیان
لە ئاییندەدا بەڕێزان دادوەر و پارێزەرى بەرگرى و داواکارى گشتیش
بانگهێشتى کۆبوونەوە بکەن و هەر لەوێوە لاى خۆتانەوە دەست پێ بکەن و لە
ڕاست و چەپ و دەوروبەرى خۆتەوە بیسمیلاى لێ بکە و ناوى خواى لێ بهێنە ،
ئەگەر بۆ فەرامۆشیى دڵیش بێت یەکێک لە ئەندامان و ئامادەبووانى
کۆبوونەوەکەتان ( ئەوەى کە زۆر دەمى گەرمە بۆ بنبڕ کردنى گەندەڵى )
بخەرە بەر لێپرسینەوە ، ئەگەر پاشەڵى پاک بوو گەردنت ئازاد بێت و لە
مەیدانێکى کراوەدا و بە بەرچاوى جەماوەرەوە و بە بڕیارێکى یاسایى ئەو
پیاوانەى قەزا کە بانگهێشتیان دەکەیت ، گەردنى من حەڵاڵى پەتى سێدارەى
تۆ بێت .
2- یان لەو جۆرە کۆبوونەوانەى خۆتان کە سازى دەدەن ،ئەگەر هات و باسى
گەندەڵیت کرد ، جوانتر وایە حاشا حازرى بکەیت ، چونکە دڵنیات دەکەمەوە
ئامادەبوانى کۆبوونەوەکەت دڵیان بەو وشەیە هەم دادەخورپێ و هەم گەرد
دەگرێت و ڕەنگە لێت زویریش بن ، جا یان ئێمە و چاکسازى هەڵبژێرە یان
ئەوان و گەندەڵى و خۆت سەرپشکى سەرۆکایەتى کام هەرێمەیان دەکەیت ( هى
ئێمە یان ئەوان ) ؟
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|