په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١٨

جەنابی سەرۆککۆماری عێراق دەستبەجێ داوای لێبووردن بکە!


عەلی مەحمود محەمەد  


لە ئێستادا ئەوە ١٥ ساڵی تەواوە, لە پای ئەو تاوانانەی عێراق بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان لە رابردوودا ئەنجامی داوە, داوا دەکرێت سەرۆک کۆماری عێراق وەک رەمزی باڵای وڵات داوای لێبووردن بکات, ئەرکی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی بوو, لەو مانگە سەرەتاییەی دوای روخانی سەدام بونە سەرۆک کۆماری عێراق بە پێی پیتی ناوەکانیان, دەبوایە ئەو ئەرکەیان جێبەجێ بکردبایا, بەشێکی دی لەو کەماسیانە دەکەوێتە ئەستۆی ھەموو ئەوانەی لەو کاتە لە بەغدا بوون , سەرەتا عەقلیەتی کورد لەو ئاستەدا نەبوو ئەو کارە بکات, تەنانەت ئەندامەکانیان لە ئەوروپا زیاتر لە ھەمووان دژ بەو داوایە دەوەستانەوەو کەوتنە جنێو بارانکردنمان کاتێک داوایەکی وامان کرد, لایان نەنگی بوو سەرۆکە نموونەیەکەی ئەوان ئەو داوایە بکات و بەو ئەرکە ھەڵبستێت, نەیانزانی دوا رۆژ مێژوو دەڵێت شایانی ئەوە نەبوون بەو ئەرکە ھەڵبستن, دواتر بۆ دوو خول تاڵەبانی سەۆک بوو , دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو رو کرایەوە, وەڵام ھەر نەبوو , مەعسومیش ھات, داواکارییەکە روو لەویش ساڵ لە دوای ساڵ ھەر بەردەوامە, ئەویش ھەر بێدەنگە, ھەموو نەیانتوانی بە ئەرکی خۆیان ھەڵستن و سەروەرییەک بۆ مێژوو تۆمار بکەن, بۆ کورد نا بەڵکە بۆ مرۆڤایەتی, ناویان لە ریزی ئەوانەدا تۆمار بکرێت بەوکارە ھەڵساون, چونکە داوای لێبووردن کرد مانای دابڕانە لەو مێژووە ناشرینەی پێشوو.


لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە کە ناوی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە کە ناوی کوردستانە, شوێنێک پنتێک نییە بۆ لێبووردەیی مرۆڤەکان, لێبووردەیی لە گەڵ تاوانە گەورەکاندا سەری خۆی ھەڵگرت, روباری خوێن, دنیایەک ھەڵە, وەحشیەت بونەتە بەشێک لە کلتوری ئێرە.


مێژوویەک ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە لە ناو خوێن و ئێسک و پروسکدا غەرق بووە, بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە داد پەروەرییە, دادپەروەری و ئاشتەوایی پێکەوە گرێدراون, بە بێ یەکەم ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و قەتیش بەدی نایات, وەک ئەوەی سیاسییەکانی کورد لەمڕۆدا دەیکەن , لێبووردەیی ھەموو کات دوای دان نان بە تاوانەکان و دادپەروەری دێت, تاوانبار و قوربانیەکان لە ئاوێنەی دەرخستنی ھەقیقەت و راستیەکانی رابردوەوە وەک ئەوەی ھەن دەردەکەون نەک وەک ئەوەی لە تاوانەکانی رابردوو بشورێنەوە. کارێکی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا لە قوربانیانی تاوانەکان بکرێت ئاشتەواویی بکەن, لە کاتێکدا ھێشتا دادوەری بە ڕۆڵی خۆی ھەڵنەسابێت و دان بە راستیەکان و ھەقیقەتی تاوانەکان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەکرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دکۆمێنت کردنی تاوانەکان و دەرخستنی راستیەکان و نووسینەوەی روداوە تاڵەکان!


لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە با فێر بین کە " باسکردنی سەرچاوەی تاوانەکان ,دانپێنان ,قەرەبووکردنەوە,دان نان بەو شتانەی کە رووی دا, ھەندێک جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەکانی بابەتەکە, ئەگەر چی مەرج نییە ھەموو ئەو کەسانەی کە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبووردن کردن ھەبێت بەشێوەیەکی ڕەسمی تا ناکۆکییەکان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە, لێکۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی"کۆمسیۆنی حەقیقەت و پێکھاتنەوە لە باشووری ئافریقا" ئەوە پیشان دەدات کە قەبوڵکردنی سەرەنجامەکان تا ئەندازەیەکی زۆر زیاد دەکات , کاتێک قوربانیان یان کەسوکاری قوربانیەکان دانپێنانێک و داوای لێبووردنێکی شەرعییان پێ دەگات ."پێکھاتنەوە - چارلس ڤیلا - ڤیسیستۆ".


قەرەبووکردنەوە تەنھا پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان کەوتوونە, بەڵکە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێکەوە دەبینێتەوە, ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبووردنکردن بێت لە قوربانیان یاخود ھەردووکیان پێکەوە, نابێت لە یادمان بچێت کە بژاردن ھەم قەرەبووکردنەوەیە و ھەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەکردنەوەی تاوانەکانی ڕابردوو لە ئایندە, ئێمە لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر کە روداوەکان رابردوو دوبارە نەکرێنەوە, لە کاتێکدا نە قەرەبو کراوینەتەوە نە داوای لێبووردنیشمان لێکراوە, نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆیە روداوەکان لە ژینگەیەکی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە, وەک بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە شەنگالەوە بۆ دوز و لە داھاتووشدا بۆ ناوەکانی دی, راستە ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە, وەلێ ژیان بۆ داھاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەکەن.


قەرەبووکردنەوە کەرامەتی مرۆڤایەتی و ھەندێک لە زیانە مادییەکان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان, بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل کراوە, بۆیە مافی قەرەبوو مافێکی بێ ئەملاو ئەولای سازش ھەڵنەگرتنی قوربانیانی کوردستانە, کەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بکات ئەگەر لە ترۆپکی دەسەڵاتیش بێت, دەبێت تەنھا خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم کارە ھەڵبستن.


دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان کە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی کارەکانی ڕابردووی تاوانەکان ھەلبَێت, عێراقی ئێستا کە داوای لێبووردن دەکات و قەربووی قوربانیان دەکاتەوە, لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و ھەڵەکان ڕابردووی سەدام, بەڵکە لە بەر پابەند بوونیەتی بە بەرژەوەندی گشتییەوە و کارکردنیەتی بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی قوربانیەکان بەکۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی کەرامەتە بۆیان و متمانەیان دەداتێ بەوەی عێراقی داھاتوو ئەوەی رابردوو نییە, لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش ھێنانەوە, لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە ھاتۆتە سەر واژۆکەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەکانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەکان, تا ئەمانە نەکات یانی دوبارە بونەوەی تاوان لەکات و ساتدایە.


بە داوی لێبووردن کردن بەرپرسیارێتی ھەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون , تاکە زەمانەتی ھاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانکاران , دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و کاری فەرمانڕەواکانی پێشووی خۆی, ئەو بەرپرسیارییەتیە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت , بەڵکە خۆ پاککردنەوەو شۆردنەوەیە لێی , پاککردنەوەی دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە کە لەم وڵاتە رویانداوە ,ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانکاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیز م ئاپارتاید و دیکتاتۆریەت پەیرەو کرا, کوردیش چاوەڕوانی دەکات لە ئێراقی نوێ کە ئێستا ئێوەی بەڕێز سەرۆکین ببێتە پرنسبێکی دەسەڵاتدارییەتی داھاتوو.


سەرۆکی چەپگەرای شیلی لاگۆس ھەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو ھێنانەوەی کەسی یان داوای لێبووردنکردن بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی ڕاستڕەوی پێشوو بە سەرکردایەتی بینۆتشە, ئەم پرۆسەیە لە ساڵی ١٩٩٦ ەوە بۆ ٢٠٠٨ درێژەی کێشا, کەچی خۆی و بیروباوەڕەکەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوون کە تاوانی ئەنجام دابوو, ئەو نامانەی ناردی بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەکردە تاوانبار , بەڵکە نامەکانی وڵاتی لە تاوانەکانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو ناشرینیەکانی پاککردەوەو خۆشی بردە ریزی سەرکردە مەزنەکانەوە.


قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش, لە پاڵ قەرەبووی مادی, ھەر یەکەیان نامەی سەرۆک کۆمار"یوھانز راو" یان پێگەیشت , کە لە نامەکەیدا داوای لێبووردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی ھیتلەر کردبوو."تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی ", لە دوا ھەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیرییەکان کە زۆرینەیان لە فەرەنسا دەژێن لە مەحرەقە رزگاریان بووە ھەر یەکەیان بە ٢٣٠٠ ئیرۆ قەرەبوو بکرێنەوە.


لە تەیموری ڕۆژھەڵاتیش گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیرکاریشی کردەوە لە دەسەڵاتی ئەندەنوزی , نەک تەنھا قەرەبووی پێشێلکارییە گەورەکان, ئەمەش بۆ کورد جێگای ھەڵوێستەیە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت, لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر کراوەو سامانەکەی تاڵان کراوە.


شیراک سەرۆکی کۆچکردوی فەرەنسا داوای لێبووردنی کرد لە بەرامبەر گرتنی ١٣ ھەزار جولەکە لە پرۆسەی ئەلفیل دیف لە ساڵی ١٩٤٢ لە میانی جەنگی جیھانی دووەم و پاشان بە کۆمەڵ کوشتنیان لە لایەن ھیتلەرەوە.


ھەرچەندە ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە جەزائیر وتی نە ئینکار کردن وە نە داوای لێبووردن کردن, لێ ئەنجومەنی یاسایی فەرەنسا لە ٨ی شوباتی ٢٠١٨ بڕیاریدا ھەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی ١٩٥٤ بۆ ١٩٦٢ کە لە جەزائیر دەژیان لەوکاتە قەرەبو بکرێنەوە, ھەرچەندە ھێشتا فەرەنسا دانی بە ھەقیقەتی یاسایی تاوانەکانی خۆی لە جەزائیر نەناوە کە ملیۆن و نیوێک قوربانی لێکەوتۆتەوە.


لە سیرالیۆنیش لە ساڵی ٢٠١٠ سەرۆکی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبووردنی لەو ژنانە کرد کە قوربانی ململانێ چەکدارییەکان بوون , لە کەمبۆدیا سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی کەمبۆدی بڵاو کرایەوە داوای لێبووردنیشیان لێکرا, لە ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١١ ەش ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورک بە شێوەی زارەکی داوای لێبووردنی کرد, ھەرچەندە ھەنگاوەکەیمان بە ناتەواو زانی داوای لێبووردنەکان پێویستە بە نوسراو بڕیاری فەرمی دەرچن و ھەڵوێستەکان دوربن لە بەرژەوەندی سیاسی, ئەگەر مامەڵە وەک تاوان دەکات ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنیەکانیش بنێت و کۆتایی بە نکۆڵی کردن بھێنێت , کۆتایی بەو شەڕە سەختەی لەبەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی کۆمەڵکوژی ئەرمەن گرتویەتیە بەرو ملکەچی حەقیقەتە مێژوییەکان بێت, تۆنی بلێر سەرەک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا داوای لێبووردنی لە سەردەمی کۆیلەداری و ماندێلاش داوای لێبووردنی لە قوربانیانی کردارە سەربازییەکان کرد.


لە ساڵی ١٩٩٨ دا بیل کلنتۆن لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا داوای لێبووردنی کرد لە رواندییەکان , بەھۆی ھەڵوێستی حکومەتی ئەمەریکیەوە لەو گەل کوژیانەی لەو وڵاتە رویان دا, شینزۆ ئەبی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن, رەتی کردەوە سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی رابواردن داوای لێبووردن لە کۆریەکان بکات, وەلێ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە ١٥ی ئۆگستسی ١٩٩٥ بە بۆنەی ٥٠ ساڵەی کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم لە بەیاننامەیەکدا داوای لێبووردنی لە ھەموو ئەوانە کرد چ وڵاتەکەیانی داگیر کردووە وە یان وڵاتەکەی لە میانی جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون, لە فبرایری ٢٠٠٨دا سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا داوای لێبووردنی کرد لە ھەمبەر تاوانێک کە بەرامبەر ھاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە تایبەت دزینی ١٧٠٠٠ لە منداڵەکانیان, لێ سەرۆک وەزیرانی نەمسا سیباستیان کۆرتز داوای لێبووردنی کرد سەبارەت بە پێشوازیکردنی وڵاتەکەی لە سوپای ھیتلەر.


حکومەتی راستگەرای پۆڵەندا سزای ٣ ساڵی دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندیەکان بە ھاوبەش دادەنێن لە تاوانی ھۆلۆکۆست و دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەکە, ئەمەشیان بە داکۆکی لە کەرامەتی نیشتمانی دانا, بۆخۆی ئەمەش داکۆکیە لە ھاوبەشانی تاوانەکانی نازیەت.


ئەو قەرەبوە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشکرا کردنی ڕاستیەکان و داوای لێبووردنکردن لە لایەن دەوڵەتی بکەری تاوانەوە دەبەخشرێت وەک خوێن بایی و ھەوڵی کڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەکرێت لە بڕی سڕینەوەی رابردووی خوێناوی , کورد پێویستی بە خوێن بایی عێراق نییە, بەڵکە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بکەری تاوان بە فەرمی لە رێگای سەرۆکەکەیەوە بە بڕیاری رەسمی داوای لێبووردنی لێ بکات, بەڕێز فوئاد مەعسومیش کە ھەنووکە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە ئەرکە لەسەری بەمکارە ھەڵبستیت و وەک ئەو سەرۆکانەی ئاماژەمان بە ناوەکانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەک بە یەکی قوربانیانی جینۆساید لە کوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی کۆماری عێراق بنێریت , ئەمە وەک تاک وەک نەتەوەش داوای لێبووردن لە کورد و تورکمان و ئاشور و کلدان و شیعە و کریستان و ئێزیدی و سائیبە .... بکرێت, ھیوادارم بەم ئەرکە ھەڵبستێت و ھەڵەکانی تاڵەبانی و بارزانی دوبارە نەکاتەوە.


چاوەڕوانین ھەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلکاری گەورە لە کوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆکەوە نامەی داوای لێبووردنیان پێ بگات لە زوترین ماوەیەدا.
 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک