٢١\٦\٢٠٢٥
چەند بابەتێک
سەبارەت بە جەنگی ئیسرائیل و ئێران.

ئەرسەلان مەحمود
ساتەوەختە
هەستیارەکە.
کاتێک سەیری نەخشەی سیاسی و سەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین لەم
ساتەوەختەدا، ڕووبەڕووی یەکێک لە هەرە ئاڵۆزترین قۆناغەکانی دەیەی
ڕابردوو بۆتەوە. ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران گەیشتووەتە خاڵێک کە
مەترسیی گەورەی بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە و تەنانەت جیهان دروست کردووە.
دۆخی سەربازی - واقیعێکی تاڵ.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە دیدێکی زۆر سادە سەیری
کێشەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران دەکات. ئەو پێیوایە کە بە چەند هێرشێکی
وردی ئاسمانی دەتوانێت کۆتایی بە خەونی ئەتۆمیی تاران بهێنێت. بەڵام
ڕاستییەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە.
ئێران ئێستا گەیشتووەتە ئاستی "دەروازەی ئەتۆمی" یان بە ئینگلیزی پێی
دەگوترێت "nuclear threshold". ئەمە واتە تاران خاوەنی هەموو زانیاری و
تەکنەلۆژیا و کەرەستەی پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. تەنها شتێک
کە ماوە بڕیارێکی سیاسییە لە ئاستی بەرزی ڕێبەرایەتیدا.
هێرشەکانی ئیسرائیل، هەرچەندە وردیش بن، ناتوانن ئەم واقیعە بگۆڕن.
زۆرینەی شارەزایانی بواری ئەتۆمی لەسەر ئەم ڕایەن کە هێرشی سەربازی
تەنها دەتوانێت: ماوەی دروستکردنی بۆمبەکە لە چەند مانگەوە بۆ یەک تا
دوو ساڵ درێژ بکاتەوە. تێچووی دارایی و تەکنیکیی پرۆژەکە زیاد بکات و
هەندێک لە دامەزراوە سەرەکییەکان تێک بدات، بەڵام ناتوانێت بە تەواوی
پرۆگرامەکە لەناو ببات، بە تایبەتی کە ئێران زۆرینەی چالاکییە
هەستیارەکانی بۆ ژێر زەوی گواستووەتەوە.
ستراتیژیی ترامپ.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، خۆی لە دۆخێکی زۆر دژواردا دەبینێتەوە.
لە لایەکەوە، ئەو لە هەڵبژاردنەکەدا بەڵێنی دابوو کە ئەمریکا لە شەڕە
بێسوودەکان دوور بخاتەوە و سەرچاوەکانی واشنتن بۆ بنیاتنانەوەی ناوخۆ
تەرخان بکات. لە لایەکی تریشەوە، پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل
پەیوەندییەکی ستراتیژی و قووڵە کە ناتوانێت بە ئاسانی پشتگوێی بخات.
ترامپ دەیەوێت وەک "بازرگانی گەورە" یان "deal maker" دەربکەوێت، کەسێک
کە دەتوانێت ڕێککەوتنی مەزن ئەنجام بدات. بەڵام نەتانیاهۆ بە
کردارەکانی، دەرگەی هەموو چارەسەرێکی دیپلۆماسی داخستووە. ئەمە ترامپ
دەخاتە بەردەم دوو ڕێگەی خراپ، یەکەم پشتگیریکردنی ئیسرائیل و
بەشداریکردن لە شەڕێکی فراوان کە دەتوانێت ئەمریکا بۆ ساڵانێکی دوور و
درێژ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێڵێتەوە، دووەم جێهێشتنی ئیسرائیل بە
تەنها، کە ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ
هاوپەیمانێکی سەرەکی و ڕەخنەی توندی لۆبی ئیسرائیلی لە ناوخۆی
ئەمریکادا.
سیناریۆکانی داهاتوو - سێ ڕێڕەوی ئەگەری:
کورتخایەن (٢-٤ هەفتەی داهاتوو).
لەم ماوەیەدا، چاوەڕوان دەکرێت شەڕەکە بە هەمان شێوە درێژە بکێشێت.
ئیسرائیل هەوڵ دەدات هێرشەکانی قووڵتر بکاتەوە و زیانی زیاتر بە
ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمیی ئێران بگەیەنێت. لە بەرامبەردا، ئێران و
هاوپەیمانەکانی بەرپەرچدانەوەکانیان چڕتر دەکەنەوە. ئەم قۆناغە بە
زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان و تێکچوونی زیاتری ژێرخانی ئابووری
هەردوو وڵات تەواو دەبێت. هەروەها ئەگەرێکی بەرزە کە شەڕەکە کشانی
زیاتری هەبێت و وڵاتانی تر ناچار بکات هەڵوێست وەربگرن.
مامناوەند (١-٣ مانگ).
دوای ماندووبوونی هەردوو لای شەڕەکە و زیانە گەورەکان، چاوەڕوان دەکرێت
هێزە نێودەوڵەتییەکان دەست بخەنە کار. چین و ڕووسیا، کە هەردووکیان
پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئێران هەیە، هەوڵی ناوبژیوانی دەدەن. نەتەوە
یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپاش هەوڵەکانیان چڕ تر دەکەنەوە. لەم
قۆناغەدا، ئەگەری ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی یان ناجێگیر هەیە. بەڵام
ئەم ئاگربەستە تەنها چارەسەرێکی ڕووکەشە و گرێی کێشە بنەڕەتییەکان
ناکاتەوە. هەردوولا بۆ قۆناغی داهاتوو خۆیان ئامادە دەکەن.
درێژخایەن (٦ مانگ - ساڵێک).
ئەم قۆناغە گرنگترین و مەترسیدارترین قۆناغە. دوو ئەگەری سەرەکی
لەبەردەمماندایە، ئەگەری یەکەم: ئێران بڕیاری کۆتایی دەدات، ئەگەر
فشارە سەربازی و ئابوورییەکان درێژە بکێشن، ئێران دەتوانێت بڕیار بدات
کە بە فەرمی ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. ئەم بڕیارە گۆڕانکارییەکی
بنەڕەتی لە هاوسەنگی هێزی ناوچەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی
دەستپێکردنی کێبڕکێیەکی ئەتۆمی لە ناوچەکە، هەوڵی عەرەبستانی سعودی و
تورکیا بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی، گۆڕینی سیاسەتی ئیسرائیل لە "پێشگیری"
بۆ "بەرگری". ئەگەری دووەم: گۆڕانی ڕژێم لە ئێران قەیرانی ئابووری،
نارەزایەتیی ناوخۆ و فشارەکانی شەڕ دەتوانن ببنە هۆی لاوازبوونی زیاتر
و تەنانەت ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران و گۆڕانکاریی بنەڕەتی.
تراژیدیای بەردەوام.
ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە هیچ لایەک ناتوانێت بە تەواوی سەرکەوتوو
بێت لەم ململانێیەدا. ئیسرائیل ناتوانێت بە هێزی سەربازی کۆتایی بە
پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بهێنێت. ئێرانیش ناتوانێت ئیسرائیل ناچار بکات
دەست لە سیاسەتەکانی هەڵبگرێت. تەنها ڕێگەچارەی واقیعی بریتییە لە
وەستانی دەستبەجێی شەڕ و کشانەوە بۆ سنوورە پێشووەکان، دەستپێکردنی
دانوستانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە ناوبژیوانی ئەمریکا، دانانی
میکانیزمێکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و
پێدانی گەرەنتیی ئەمنی بۆ هەردوو لا لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی فراوانەوە.
١٩\٦\٢٠٢٥
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
وەهمی کوشتنی سەری مارەکە.
سەیری خەونی سەری زلهێزەکان بکە، ئەوانەی وا دەزانن دەتوانن بە
گولـلەیەک مێژوو بنووسنەوە. بنیامین نەتانیاهۆ، لە چاوپێکەوتنکەی
"ABC"دا، جارێکی دیکە ئەو خەیاڵە کۆنەی هێنایەوە سەر شانۆ: "کوشتنی
خامنەیی شەڕ دەوەستێنێت، نەک گەورەی بکات." قسەیەک کە لە سادەیی خۆیدا،
قووڵایی نەزانی مێژوویی و سیاسی دەردەخات. لێرەدا، لە نێوان دیوارە
ڕووخاوەکانی تاران و کۆڵانە خوێناوییەکانی تەل ئەبیب، پرسیارێکی
گەورەتر سەرهەڵدەدات، ئایا مرۆڤایەتی هێشتا هیچ لە هەڵەکانی ڕابردوو
فێر نەبووە؟
ڕوونکردنەوەیەکی پێویست.
پێش ئەوەی بچینە ناو قووڵایی باسەکە، دەمەوێت شتێکی گرنگ ڕوونبکەمەوە.
ئەم وتارە بە هیچ شێوەیەک بەرگری لە دیکتاتۆر و ڕژێمە دیکتاتۆر و
تاوانبارەکان ناکات. بە تایبەتی وەک کوردێک کە نەتەوەکەم قوربانی
کیمیاباران، ئەنفال و جینۆسایدی بووە لەلایەن سەددام حوسێنەو دەیان
ساڵیشە لە ژێر سەرکوت، ئێعدام و زیندانی سیاسیدایە لەلایەن ڕژێمی
ئێرانەوە، زۆر باش لە قووڵایی تاوان و دڕندەیی ئەم ڕژێمانە تێدەگەم و
ئاگادارم. بەڵام ڕەخنەگرتن لە ستراتیژی "کوشتنی ڕێبەران – سەری مارەکە"
تەنها ڕەخنەیەکە لە شێوازی چارەسەرکردن، نەک پاکانەکردن بۆ
تاوانەکانیان. بە پێچەوانەوە، پێموایە دادپەروەری ڕاستەقینە بە
دادگاییکردنی یاسایی و ئاشکراکردنی تاوانەکان دێتە دی، نەک بە تیرۆری
دەوڵەتی.
میتافۆری مارەکە.
ڕۆژانێک، لە دەستپێکی سەدەی بیست و یەکدا، سەرێکی دیکە لە کۆشکی سپیدا
بڕیاری دا "سەری مار"ەکە بپەڕێنێت. جۆرج بوش وایدەزانی بە لەناوبردنی
سەددام حوسێن - ئەو جەلادەی کە دەستی بە خوێنی سەدان هەزار کورد و
عیراقی و خەڵکانی بێتاوان سوور بوو - عیراق دەبێتە گوڵستانی دیموکراسی.
ئەمڕۆ، دوای بیست و دوو ساڵ، منداڵانی فەللوجە، موسڵ و شەنگال، هێشتان
لە ژێر کاولکاریی و ناسەقامگیریدا، لەبری ژیان، خەون بە ئاشتی و
سەقامگیرییەوە دەبینن. داعش، ئەو بەرهەمە شەیتانییەی بۆشایی دەسەڵات،
میراتێک بوو کە کەس چاوەڕێی نەدەکرد - بە تایبەتی بۆ ئێزیدییەکان کە
جینۆسایدێکی دیکەیان بەسەرهات. نەتانیاهۆ، کە دەڵێ "خامنەیی وەک
هیتلەرە"، لەبیری دەکات کە دوای مردنی هیتلەریش، نازیزم بەو خێراییە
نەمرد. بەڵکو پێویستی بە ساڵانێکی درێژ و پڕۆسەیەکی ئاڵۆز هەبوو بۆ
ڕیشەکێشکردنی.
وەهمی چارەسەرە خێراکان.
کاتێک نەتانیاهۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە کوشتنی ڕێبەری باڵای ئێران
"شەڕ دەوەستێنێت"، پێمان دەڵێت کە لە چەند ڕاستییەکی بنەڕەتی غافڵە،
یەکەم: ئێران کەسێتییەک نییە، سیستەمێکە. کۆماری ئیسلامی بریتینییە لە
خامنەیی بە تەنها. ئەو هەر چەند گرنگ بێت، دواجار تەنها بەشێکە لە
کۆمەڵە دامەزراوەیەکی وەک شورای نیگابان، مەجلیسی خوبرەگان، سوپای
پاسداران، بازاڕییەکان و ملیۆنەها ئێرانی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان
پەیوەستن بە سیستەمەکەوە. دووەم: بۆشایی دەسەڵات قەت بە بەتاڵی
نامێنێتەوە. لە فیزیادا فێربووین کە سروشت ڕقی لە بۆشاییە. لە
سیاسەتیشدا، هەمان یاسا کاردەکات. کوشتنی موعەممەر قەزافی - کە خۆی
دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژ بوو - لیبیای گۆڕی بۆ دۆزەخێک کە تائێستاش دەکوڵێ.
لەناوچوونی سەددام - جەلادی هەڵەبجە و ئەنفال - عیراقی نەبردە بەر
ڕووناکی، بەڵکو دەرگەی بۆ شەڕی تایفی و دواتر سەرهەڵدانی داعش کردەوە.
سێیەم: تۆڵە، میکانیزمێکی زیندووە لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە
کەلتووری سیاسی ناوچەکەدا، خوێنی سەری گەورە نابێتە کۆتایی ملمڵانێ،
بەڵکو دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی خوێناویتر. سەیری کوژرانی قاسم سلێمانی
بکە - ئایا ملمڵانێی ئێران و ئیسرائیل کەمی کرد یان زیادی کردوە؟
کورد لە نێوان دوو ئاگردا.
وەک نەتەوەیەک کە قوربانی هەردوو ڕژێمی تاران و بەغدا بووین، ئێمەی
کورد لە هەموو کەس باشتر دەزانین کە گۆڕینی دیکتاتۆرێک بە ناسەقامگیری
یان دیکتاتۆرێکی تر چارەسەر نییە. ئەزموونی تاڵمان هەیە لەوەی کە چۆن
بۆشایی دەسەڵات دەبێتە مەیدانی ململانێی هێزە توندڕەوەکان و زۆرجار
خەڵکی بێتاوان - تایبەت کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان - دەبنە قوربانی
یەکەم. کوردستان خۆی نموونەیەکی زیندووە: دوای ڕووخانی سەددام، بەشێک
لە کوردستان بووە پەناگەی ئاوارە و پەنابەران و هەڕەشەی داعش و میلیشیا
شیعەکان جێگەی هەڕەشەی بەعس و سەددامیان گرتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی
کوردستانیش، سەرکوتی ڕژێمی ئێران بەردەوامە و هەر گۆڕانکارییەکی
ناسەقامگیرکار دەتوانێت ببێتە هۆی کارەساتی گەورەتر بۆ کورد.
لە کوێوە هاتووین و دەچین بۆ کوێ؟
ئەمڕۆ، کاتێک گولـلە و مووشەکەکان لە نێوان تاران و تەل ئەبیبدا دێن و
دەچن، گیانی ئەوانەی لە هەردولا بوونەتە قوربانی، تەنها دەستپێکە.
وڵاتانی عەرەبی ئەوانەی ڕۆژگارێک دوژمنی سەر سەختی ئێران بوون، ئێستا
بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن. سعودیە، کە ماوەیەک خەونی
بە هاوپەیمانی ئیسرائیل دەبینی دژی ئێران، ئێستا دەڵێت ئیسرائیل
"سەروەری برا ئیسلامییەکەی" پێشێل کردوە. ئەمە تەنها هەر دیپلۆماسییەت
نییە. ئەمە نیشانەی گۆڕانێکی قووڵە لە تێگەیشتنی ناوچەیی: کەس ناتوانێت
لە شەڕێکی بێکۆتاییدا سەرکەوتوو بێت.
مرۆیی بوون یان بە کۆمەڵایەتی کردنی کارەساتەکان.
با قسە لەسەر ئەوانە بکەین کە لە ململانێ سیاسی و جەنگە خوێناوییەکاندا
هەمیشە لەبیر دەکرێن - خەڵکی ئاسایی. لە تاران، دایکێک منداڵەکانی لە
خوێندنگە دەهێنێتەوە، گوێی لە دەنگی فڕۆکە جەنگییەکانە. لە تەل ئەبیب،
باوکێک بە پەلە بەرەو پەناگا دەڕوات، منداڵە ترساوەکەی لە باوەش
گرتووە. نەتانیاهۆ دەڵێت "ئێمە بە خەڵکی تاران دەڵێین شارەکە چۆڵ
بکەن." ئەی باشە ١٤ ملیۆن کەس دەبێ بۆ کوێ بڕۆن؟ ئەم پرسیارە سادەیە،
ڕووبەڕووی بێمرۆیی ستراتیژییەکی وەهامان دەکاتەوە. ئێمەی کورد کە
ئەزموونی کۆچی زۆرەملێ و ئەنفال و کیمیابارانمان هەیە، باش دەزانین
مانای ئەوە چییە کە پیاوانی دەسەڵات بڕیاری کۆچکردنی ملیۆنان بدەن.
کاتێک سیاسەتمەداران لە ژوورە گەرمەکانی بڕیاردا دانیشتوون و قسە لەسەر
"ئامانجە ستراتیژییەکان" دەکەن، ئەوان ناتوانن بۆنی سووتانی گۆشتی مرۆڤ
بکەن، ناتوانن هاواری منداڵان ببیستن، ناتوانن فرمێسکی دایکانی داماو
ببینن، ناتوانن لە برسێتی و قات و قڕی و قەیرانە مرۆییەکان تێبگەن.
پارادۆکسی هێز.
یەکێک لە سەیرترین لایەنەکانی ئەم ملمڵانێیە ئەوەیە کە هەردوو لای
پێکهەڵپڕژاو خۆیان بە بەهێز دەزانن. ئیسرائیل، بە تەکنەلۆژیا سەربازییە
پێشکەوتووەکەی و پشتیوانی ئەمەریکا، وا دەزانێت دەتوانێت "کێشەی ئێران"
بە هێزی سەربازی چارەسەر بکات. ئێرانیش، بە میلیشیا هاوپەیمانەکانی و
بەرنامە ئەتۆمییەکەی، پێیوایە دەتوانێت ئیسرائیل ناچار بە پاشەکشە
بکات. بەڵام هەردووکیان هەڵەن. هێز، بێ ستراتیژییەکی ڕوون بۆ ئاشتی،
تەنها دەبێتە هۆی وێرانەیی زیاتر. ئێمەی کورد کە لە نێوان ئەم دوو
هێزەدا پەرتەوازە بووین، شایەتحاڵی ئەوەین کە هێز بە تەنها ناتوانێت
دادپەروەری بەدی بهێنێت.
پرسیارە نەکراوەکان.
کاتێک نەتانیاهۆ لە کامێراکان دەڕوانێ و بەڵێنی "کۆتاییهێنان بە
ملمڵانێ" دەدات، چەند پرسیارێک لە هەوادا دەمێننەوە: ئەگەر خامنەیی
بکوژێت، ئایا کێ جێگەی دەگرێتەوە؟ ئایا جێگرەوەکەی میانەڕەوتر دەبێت
یان توندڕەوتر؟ ئایا میلیشیاکانی عیراق و لوبنان و یەمەن دەوەستن، یان
دەبنە سەگی هاری بێخاوەن؟ ئایا خەڵکی ئێران، کە زۆرینەیان گەنجن و
ماندوون لە گەمارۆ ئابوورییەکان، هەستی نەتەوەییان دژی ئیسرائیل
بەهێزتر نابێت؟ ئایا چین و ڕووسیا، کە بەرژەوەندییان لە ئێران هەیە،
بێدەنگ دەبن؟ ئەی چ کاریگەرییەکی لەسەر کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان
دەبێت؟
وانە گرنگە مێژووییەکان.
مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو کەسانەی وایان زانیوە دەتوانن بە کوشتنی سەری
مارەکە و کوشتن بە گشتی، کێشە چارەسەر بکەن: ڕۆمەکان وایاندەزانی بە لە
خاچدانی مەسیح، دەتوانن ئایینەکەی بنبڕ بکەن. کەچی ئەمڕۆ، ٢.٤ ملیار
مەسیحی لە جیهاندا هەن. ئینگلیزەکان وایاندەزانی بە ناردنی ناپلیۆن بۆ
دوورگەی سەینت هێلینا، دەتوانن میراتەکەی لەناو ببەن. بەڵام بیرۆکەکانی
ناپلیۆن بوونە مایەی سەرهەڵدانی شۆڕش لە سەرتاسەری ئەوروپادا.
ئەمەریکییەکان وایاندەزانی بە کوشتنی بن لادن، دەتوانن ئەلقاعیدە لەناو
ببەن. بەڵام داعش سەریهەڵدا، توندڕەوتر و خوێناویتر، شەنگالییەکان و
کورد بە تایبەتی بوونە قوربانی و ئامرازی بەرەنگاربوونەوە و لە
کۆتایشدا باجێکی گەورەتر.
ڕێگەی دیکە هەیە.
دواجار، نە پرسیارەکە و نە خەمەکەش ئەوەنین ئایا ئیسرائیل دەتوانێ
خامنەیی بکوژێت. بێگومان دەتوانێت. بەڵکو ئەوەن: دوای ئەوە چی
ڕوودەدات؟ ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت هەردوو لا تێبگەن کە ئەمنییەت بە
کوشتنی دوژمن بەدەست نایەت، بەڵکو بە دروستکردنی ئاشتی. شکۆمەندی لە
بەخشین و لێبووردندایە، نەک لە تۆڵەسەندنەوە. میراتی ڕاستەقینە ئەوە
نییە چەند دوژمنت کوشتووە، بەڵکو چەند منداڵت پاراستووە. نەتانیاهۆ
دەڵێ "ئەمڕۆ تەل ئەبیبە، سبەی نیویۆرکە." بەڵێ ئەمە ڕاستە، بەڵام بە
پێچەوانەی ئەوەی ئەو دەیەوێت. ئەمڕۆ ئەگەر بێدەنگ بین لە کوشتنی خەڵکی
بێتاوان لە تاران، سبەی دەنگی بۆمبەکان لە شارەکانی خۆشمان دەبیستین.
جیهان بچووکترە لەوەی بتوانین خۆمان لە کاریگەری کارەساتەکانی یەکتر
بپارێزین. ئێمە هەموومان لە یەک کەشتیداین و ئەگەر کەشتییەکە نوقم بێت،
هەموومان نوقم دەبین. ڕەنگە ڕۆژێک بێت نەوەکانی داهاتوو سەیری ئەم
سەردەمە بکەن و بپرسن: "بۆچی نەیانتوانی هیچ لە وانەکانی ڕابردوو فێر
بن؟ بۆچی هەمان هەڵەیان دووبارە کردەوە؟" وەڵامەکە ئاسان نییە. بەڵام
ڕەنگە لەوەدا بێ کە مرۆڤ، بە هەموو زیرەکی و تەکنەلۆژیاکەیەوە، هێشتا
گیرۆدەی هەمان کین و ترس و ئارەزووی دەسەڵاتە کە هەزاران ساڵە ڕێنمایی
دەکات. تا ئەو ڕۆژەی فێر دەبین جیاوازی لە نێوان هێز و دانایی، لە
نێوان سەرکەوتنی کاتی و ئاشتی هەمیشەیی، لە نێوان دادپەروەری و تۆڵە،
ئەوا مەحکومین بە دووبارەکردنەوەی هەمان تراژیدیاکان، تەنها بە چەکی
نوێتر و قوربانی زیاتر. تەنها بە تێگەیشتنی قووڵ لە ڕیشەی کێشەکان
دەتوانێ ڕێگەی چارەسەری و دادپەروەرانە بدۆزینەوە.
١٧\٦\٢٠٢٥
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
دواکەوتن لە گێمە نوێیەکەی هێزدا.
- گۆڕانکاری
جیۆپۆلیتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست -
دەشتەکانی میسۆپۆتامیا، کە گەوهەری شارستانیەتن، ئێستا شایەتحاڵی
گۆڕانکارییەکی قووڵن کە هێشتا زۆرێک لە چاودێران وەک ئەوەی پێویستە لە
دەلالەتەکانی تێنەگەیشتوون. ململانێی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل
تەنها شەڕێکی دیکە نییە لە زنجیرە درێژەکەی کێشمەکێشە ناوچەییەکان -
ئەمە نیشانەی کۆتایی سەردەمێک و دەستپێکی سەردەمێکی نوێیە.
لە ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ ئەمڕۆ، ئەمە یەکەمینجارە
دۆخێک دەبینن کەتێیدا ئەکتەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە نە دەوڵەتە
عەرەبییەکانن و نە هێزە عەرەبییە بە دەوی و سیاسییەکان. بەڵکو سێگۆشەی
ئێران-ئیسرائیل-تورکیا بوونەتە ناوەندی کێبڕکێی جیۆستراتیژی، لە
کاتێکدا تا هەنوکە، ناوەندی سیاسەتی ناوچەکە هەر جیهانی عەرەبی بوو -
ئێستا خۆی لە پەراوێزی یارییەکەدا دەبینێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە پەیوەندی بە چەندین فاکتەری ستروکتورییەوە
هەیە. یەکەم، لاوازبوونی دەوڵەتە عەرەبییەکان لە ئەنجامی بەهاری عەرەبی
و شەڕە ناوخۆیی و مەزهەبی و تائیفییەکان. دووەم، هەڵکشانی ئێران وەک
هێزێکی ناوچەیی کە دەیەوێت نەفووزی خۆی لە یەمەنەوە تا لوبنان فراوان
بکات. سێیەم، پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و توانای سەربازی ئیسرائیل کە مەودای
جوگرافی چیتر کاریگەری ئەوتۆی نەماوە.
ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێشە لەم ململانێیەدا، ماهیەتی تەکنیکی شەڕەکەیە.
ئێمە لەبەردەم نموونەیەکی نوێی شەڕی هایبریدداین کە تێیدا ئامێرە
پێشکەوتووەکانی شوێنکەوتن، هێرشە سایبەرییەکان، و ئۆپەراسیۆنە
دەقیقەکان جێگرەوەی تانک و تۆپخانە دەبنەوە. کاتێک ئیسرائیل دەتوانێت
بە وردی شوێن جووڵەی بەرپرسانی ئێرانی بکەوێت و لە شوێنە
تایبەتەکانیاندا بیانکوژێت، ئەمە واتای ئەوەیە کە مۆدێلی کۆنی "عومقی
ستراتیژی" کە ئێران پشتی پێدەبەست، چیتر کارا نییە. ئەم پێشکەوتنە
تەکنەلۆژییە، پرسیارە قووڵە ئەخلاقی و یاساییەکان دەورووژێنێت. چ
سنوورێک هەیە بۆ بەکارهێنانی زانیاری کەسی لە شەڕدا؟ چۆن دەتوانین یاسا
نێودەوڵەتییەکان نوێ بکەینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە نوێیانەی
شەڕ؟
وڵاتانی کەنداو، تایبەت سعوودیە و ئیمارات، خۆیان لە دۆخێکی هەستیاردا
دەبیننەوە. لەلایەک نیگەرانن لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی فراوانخوازی
ئێران. لەلایەکی دیکەوە، دەترسن لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە و
کاریگەرییەکانی لەسەر ژێرخانی نەوت و ئابووری. ئەم دۆخە وایلێکردوون کە
پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا بە شاراوەیی و نههێنی بهێڵنەوە و
بەهێز بکەن.
عیراق، لوبنان، یەمەن و سووریا - ئەم وڵاتانەی کە ماوەیەکی زۆرە
کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئێرانەوە - ئێستا لە دۆخێکی لەرزۆکدان.
لاوازبوونی توانای ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی میلیشیا هاوپەیمانەکانی ڕەنگە
دەرفەتێک بێت بۆ ئەم وڵاتانە تا سەروەری خۆیان بگەڕێننەوە، بەڵام
مەترسی ململانێی ناوخۆیی و دەستێوەردانی هێزەکانی دیکەش لەگەڵ خۆیدا
دەهێنێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە هێشتا هێزی کاریگەری سەرەکییە لە ناوچەکەدا،
خۆی لە بەردەم هەڵبژاردەیەکی دژواردا دەبینێتەوە. ئیدارەی ئەمەریکی
دەیەوێت "بەرزترین فشار" لەسەر ئێران بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی لە سەر مێزی
وتووێژ ناچار بە خۆبەدەستەوەدانی بکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا
ڕێژیمێک کە هەست بە مەترسی بوونیەوی دەکات، دەتوانێ بە شێوەیەکی چالاک
لە دانوستاندا بەشداری بکات؟ زیاتر لەوە، واشنتۆن پێویستی بە پاراستنی
هاوسەنگییەکی وریایانە هەیە - پشتیوانی لە ئیسرائیل بەبێ ئەوەی
ڕاستەوخۆ تێوەبگلێت، دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانە عەرەبەکان بەبێ ئەوەی
بەڵێنی زیادە بدات و هەوڵدان بۆ سەقامگیری ناوچەیی بەبێ ئەوەی وەک
لایەنگر دەرکەوێت.
ئەوەی تا ئێستا ڕوونە ئەوەیە: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە ناو قۆناغێکی
نوێوە کە تێیدا ڕێسا کۆنەکان چیتر جێبەجێ نابن. هاوسەنگی ترس کە بۆ
دەیان ساڵ ناوچەکەی پاراستووە، ئێستا شکستی هێناوە. دیپلۆماسییەتی
نەریتی کە پشتی بە ناردنی نێردە و کۆبوونەوەی نهێنی دەبەست، ئێستا
جێگەی خۆی داوە بە کردارە یەکلاکەرەوەکان و پەیامە ڕاستەوخۆکان. ئایا
ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی ناوچەیی کە
زیاتر سەقامگیر بێت، یان دەمانباتە ناو قۆناغێکی درێژخایەنی نائارامی و
شەڕی بەردەوام؟
وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە توانای ئەکتەرە ناوچەیی و
نێودەوڵەتییەکان بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی گۆڕانکارییەکان و دەستپێشخەری
بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ ئاسایش و هاوکاری. ئەگەر شکستیان
هێنا لەم هەوڵەدا، ئەوا ناوچەکە ڕووبەڕووی دەیەیەکی دیکە لە
ناسەقامگیری و توندوتیژی دەبێتەوە.
دواجار ئەم ململانێیە دەرسێکی گرنگ بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێ لە
جیۆپۆلیتیکی سەدەی بیست و یەکدا کار بکەن: تەکنەلۆژیای نوێ نەک تەنها
ئامرازەکانی شەڕ دەگۆڕێ، بەڵکو خودی سروشتی هێز و نفووزی جیۆپۆلیتیکیش
دەگۆڕێ. ئەو ناوچانەی کە ئامادە نین بۆ ئەم گۆڕانکارییە، مەحکوومن بە
دواکەوتن لە گێمە نوێیەکەی هێزدا.
١٥\٦\٢٠٢٥
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|