٢٨\١\٢٠٢١
چەند بابەتێک
سەبارەت بە
سی و حەوتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران.
"کاک ئیرەج" خەڵاتی باشترین
فیلمی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران بەدەستھێنا. مەنسوو جیهانی.
ھەڵبژێردراوانی
بەشە جۆراوجۆرەکانی رکابەریی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی سی و حەوتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران ناسێندران و "کاک ئیرەج"
بەرھەمی سینەماکاری کورد "جەمشید فەرەجوەند فەردا" خەڵاتی باشترین
فیلمی بەڵگەیی بەشی نێونەتەوەیی ئەم ڕووداوە سینەماییەی بەدەستھێنا.
بەپێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران، "سەید سادق مووسەوی" دەبیری ئەم رووداوە سینەماییە وێڕای
بەخێرھاتن بە ئامادەبووان گوتی: مەمنوونم کە کاتی خۆتان بۆ فەرھەنگ و
ھونەری ئەم وڵاتە تەرخان دەکەن. خۆشحاڵم کە بۆ رێوڕەسمی کۆتایی
گرینگترین رووداوی کورتە فیلمی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھاتوون. مەبەستی من
بۆ ئامادەبوون لەم ساتانەدا، ئاراستە کردنی راپۆڕت سەبارەت بە
فێستیڤاڵەکە نیە، لەبەر ئەوەی کە ھەموو راپۆڕتەکانتان بیستووە.
ئەوەشی راگەیاند: تەنیا دەمەوێت قەدرزانی بکەم لە ھەموو دام و دەزگا و
ئەو کەسانەی کە لە بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵەدا ئێمەیان ھاوڕێیەتی کرد.
بەر لە ھەر شتێک لە ھونەرمەندان و فیلمسازانی ئێرانی کە نزیکەی ١٧٠٠
کورتە فیلمیان بۆ ئێمە نارد، سوپاس دەکەم؛ لە ئەنجومەنی شارەوانی تاران
و شارەوانی تاران سوپاس دەکەم. لە بەڕێز "حەق شوناس"، لە بەڕێوەبەری
گشتی فەرھەنگ و ئیرشادی تاران کە بە گیان و دڵ یارمەتی ئێمەیان داوە،
سوپاس دەکەم. ھەروەھا لە "دوکتور جاودانی" سوپاس و پێزانین دەکەم.
نیەتی خێرخوازانەی کۆمەڵگەی "ئێران ماڵ" و رووی کراوەی بریکاری
فەرھەنگی ئەم کۆمەڵەیە، دەبێ حەتمەن قەدرزانی لێ بکرێت. بارودۆخەکە
ھێمن بوو، رەزامەندی بەردەنگەکانی ئێمەی پێکھێنا. لە ھەموو ھاوکارانم
لە وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، پارێزگاریی تاران و شوێنەکانی
دیکە سوپاس دەکەم؛ لە بەڕێز ئینتزامی کە بە لاوان و بیرۆکەی
ئازایانەیان متمانە دەکات، سوپاس دەکەم. ئەو کارەی کە ئێمە ئەمساڵ لە
پەیوەندی لەگەڵ شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ ھەمانبوو، ئەوەی کە
فێستیڤاڵ بە شێوەی تێکەڵاوێک لە ئانڵاین و فیزیکی بەڕێوەچوو، لەبەر
باوەڕ و متمانەی بەڕێزیان بوو. لەم چوار ساڵەدا، ئێمە تەرازی
بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەمان گۆڕی و بە براوەکان پیرۆزبایی دەڵێم.
کورتە فیلم ئامرازی راگەیاندن و سەرقاڵبوونە بۆ کۆمەڵگا.
لە درێژەی ئەم رێوڕەسمەدا، "محەمەد جەواد حەق شناس" سەرۆکی کۆمیسیۆنی
فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی ئەنجومەنی ئیسلامیی شارەوانی شاری تاران،
رایگەیاند: زیاتر لە یەک ساڵە کە لەگەڵ وایرۆسی گیان ئەستێنی کۆرۆنا
دەستەو یەخەین و زۆربەی کار و پیشەکان خەساریان پێگەیشتووە، لەم
نێوەندەدا چالاکانی فەرھەنگ و ھونەر خەسارێکی زیاتریان پێگەیشتووە. لە
رێگای ئەم پەتا بەربڵاوە و درێژە کێشانەکەی، چرای سینەماکان کووژایەوە،
باڵەخانەی مۆزەخانە کپ و بێدەنگ، ھۆڵەکانی شانۆ کەم ھاتوچۆ، کتێب
فرۆشییەکان بێ موشتەری و کافە و چایخانەکان داخران و کۆنسێرتەکانی
مۆسیقا خامۆش و چالاکانی ئەم بوارانە دڵسارد و بێ دەنگ بوونە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی ئەنجومەنی ئیسلامیی شارەوانی
شاری تاران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەو بارودۆخەی کە ھاتۆتە ئاراوە،
ھەتا ماوەیەک فەرھەنگ و ھونەر لە دوای کۆرۆنا رەنج دەکێشێت. سەرنجدان
بە پرسی ئابووریی فەرھەنگ و ھونەر و گەشەی چینی داھێنەر لە
بەڕێوەبەرایەتی شاریی ئەم خولە لە ئەنجومەنی شارەوانی شار سەرنجی پێدرا.
شار دەبێ بۆ پەروەردەکردنی بیرۆکەکان شوێنێکی سەرنجڕاکێش بێت و لە
پێناو پایەداڕشتنی داھێنانەکان لە بیرۆکەکانی بیرمەندان و نووسەران و
شارۆمەندانی ئاسایی کەڵک وەربگرێت.
ئەو بە ئاماژەدان بەوەی کە تێڕوانینی کۆمیسیۆنی فەرھەنگی ـ کۆمەڵایەتی
ئەنجومەنی ئیسلامی شارەوانی شاری تاران، شاری مرۆڤ تەوەر بە بڕەوپێدانی
فەرھەنگ و ھونەر جیدی بوو، گوتی: بۆ رێبەرایەتی و بەھێزکردنی شوناسی
ئێرانی ئیسلامی ھەنگاوەکانی لە چەشنی دەورگێڕانی نەریت و بۆنە و
رێوڕەسمەکان و گۆڕانکارییەکانی رووداوەکانی ژیان، بەستێنی کورتە فیلم
ئامرازێکی گونجاوە بۆ فێرکاری، راگەیاندن و ئاراستە کردنی سەرقاڵبوون
بۆ خەڵکی کۆمەڵگا.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی ئەنجومەنی ئیسلامیی شارەوانی
شاری تاران لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: لەم ھەلومەرجەی ئێستادا
بارودۆخی ھونەرمەندان باش نیە و رێگای ھونەرمەندان سەختە و فیلمسازەکان
ناچارن لە دوای ساڵانێک ئەزموون، بەردەوام ھەر کورتە فیلم بەرھەم بێنن،
کورتە فیلم و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ماڵی و ئابوورییەکەی رێگای ئەم
سینەمایە بە لاڕێدا دەبات.
ئێران لە زومرەی ١٠ بەرھەمھێنەری کورتە فیلمی جیھانە.
حەق شناس بە دەربڕینی ئەوەی کە لەم ڕووەوە کە ئێران لە زومرەی ١٠
بەرھەمھێنەری کورتە فیلمی جیھانە، گوتی: ئەنجومەنی سینەمای لاوانی
ئێران لە کۆنترین قوتابخانەکانی سینەمای جیھانە و جێبەجێکار و
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکانی نەتەوەیی و نێونەتەوەییە. دەوڵەت بەوپەڕی
پاڵپشتی و کەمترین دەستوەردانی نەیتوانیوە بەو جۆرەی کە شایستەیە، بۆ
سینەمای کورتە فیلم کارێک بکات.
سەرنجدان بە تەندروستی لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران بایەخدارە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا لە دوای پەخش و بڵاو کردنەوەی کلیپێک
سەبارەت بە رێزگرتن لە پارێزەران و شەھیدانی بەستێنی تەندروستی، "ئیرەج
حەریرچی" بریکاری وەزیری تەندروستی رایگەیاند: سوپاس دەکەم کە وەھا
رێوڕەسمێکی بەشکۆ و فیستیڤاڵێکی گرینگ بەڕێوەچووە. تەرخان کردنی یەک
بەش بۆ تەندروستی، جێگای قەدرزانیە. مەمنوونم کە لە شەھیدانی تەندروستی
رێزتان گرت. داخوازییەکم لە ئێوە ھەیە. دەڵێن یەک لە کارە سەرەکییەکانی
بەرپرسانی بەستێنی تەندروستی، ئاڵوگۆڕی زانیاری، راسپاردەکان، بیڕ و ڕا
پێشنیارەکان لە نێو کەسانی پسپۆر و شارەزا لەگەڵ ئەو خەڵکەیە کە لە
بەردەم نەخۆشی و مەترسییەکان دان، بۆ ئەوەی کە ببێتە ھۆی کەم بوونەوەی
مەترسی و گۆڕینی ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی. ئامانجی کۆتایی ئەمەیە کە ئەو
کەسەی کە لە مەترسی دایە، ئاگادار بێت مەترسییەکە چیە و دەبێ چ
ھەنگاوێک بنێ و چی بکات، بۆ ئەوەی کە کەسانی دیکە لەو مەترسییە
رزگاریان بن. یەکێک لە گەورەترین کەرەستە و ئامرازەکانی ئەم پرس و
بابەتە، ئامرازی سینەما و بە شێوەی گشتی ئامرازی ھونەرە. نەخۆشییە
چڵکینەکان دەتوانێت گرینگترین مەترسییەکان لە سەر کۆمەڵگا، ئابووری و
تەنانەت رامیاری دابنێت؛ کەوایە دەبێ بەم بابەتە سەرنج بدەین.
خەڵاتی بەشی "کۆڤید ١٩".
خەڵاتی باشترین فیلم لە بەشی "کۆڤید ١٩" بە "شەھاب ئاب رەوشەن" بۆ "ئان
سینز" پێشکەش کرا.
خەڵاتی کۆڕبەندی خوێندنەوەکانی کورتە فیلم.
ھەروەھا لە درێژەی ئەم رێوڕەسمەدا، خەڵاتەکانی کۆڕبەندی خوێندنەوەکانی
کورتە فیلم پێشکەش کرا. خەڵاتی سێھەم بە "موحسین رەھنوما"، خەڵاتی
دووھەم بە "پەریسا حوسێن زادە" و خەڵاتی یەکەمیش بە "ئەحمەد خۆش نییەت"
بەخشرا. خۆش نیەت لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەی خۆی رایگەیاند: خۆشحاڵم
کە لەم کۆڕەدا، بۆ دووھەمین جار خەڵات وەردەگرم. لە مامۆستای بەڕێزم "نوورەدین
زەرین کێلک" سوپاس دەکەم. ھەروەھا یاد دەکەم لە مامۆستای خۆشەویستم؛ "ئەکبەر
عالەمی" کە بە ھۆی کۆرۆنا ئەومان لە دەست چوو.
ھەروەھا دوکتۆر "ئەحمەد ئەلەستی" مامۆستای سینەما و دەبیری زانستی
دووھەمین کۆڕبەندی خوێنەندەوەکانی کورتە فیلم رایگەیاند: داوا دەکەم کە
وتارەکانی ئەم کۆنگرەیە بە شێوەی یەک کتێب چاپ و بڵاو بکرێتەوە و لە
چوارچێوەی سەرچاوەکانی زانیاریدا بکەوێتە بەر دەستی سینەماکارانی بواری
کورتە فیلم. بۆ وێنە وتاری "رێکارێک بۆ خولقاندنی گێڕانەوەی ئەدەبی
مۆسیقایی لە ئەنیمەیشێندا" ناونیشانی یەکێک لەم وتارانەیە کە نیشاندەری
تێڕوانینێکی قووڵ بۆ ئەنیمەیشێنە.
ئەلەستی وەبیری ھێنایەوە: لە دەبیری فێستیڤاڵ کە بە پشتیوانیی یەکجار
زۆر ئەم فێستیڤاڵەیان بەڕێوەبەرایەتی کرد، سوپاسێکی تایبەت دەکەم.
پێشکەش کردنی مەدالیای ئیسفا.
مەدالیای "ئیسفا" لە لایەن "ئیلھام حوسێن زادە" سەرۆکی ئەنجومەنی کورتە
فیلمی ئێران (ئیسفا) پێشکەش کرا. "ئیسفا" وێڕای رێزگرتن لە فیلمی "دەکەل"
لە دەرھێنانی "بابەک موستەفەوی"، مەدالیای "ئیسفا"ی بۆ داھێنان و
تازەگەری لە ناوەرۆک و داھێنان لە ئاراستە کردندا بە فیلمی "ترس خۆی
دەگوازێتەوە" لە دەرھێنانی "ئیمان ساڵحی" پێشکەش کرد. ھەروەھا لەوحەی
رێزلێنانی "ئاسیفا" بە "مەھسا سامانی" دەرھێنەری ئەنیمەیشێنی "ھەبوب"
گەیشت و لە لایەن "مریەم کەشکوولی" پێشکەشی کرا.
چرای سینەما و کورتە فیلم بە رووناکی راگیرا.
لە درێژەدا دوکتۆر "حوسێن ئینتزامی" سەرۆکی رێکخراوی کاروباری سینەمایی
ئێران گوتی: لە ھەموو ئەو سینەماکارانەی کە ئەم کۆبوونەوەیە تایبەتە
بەوان، سوپاس دەکەم و لە زەحمەتەکانی ئەوان قەدرزانی دەکەم. لە ھەموو
ھاوکارانم سوپاس دەکەم کە چرای سینەما و کورتە فیلمیان بە رۆشنایی
راگرتووە. کاتێک دیاردەیەک بەسەر جیھاندا زاڵ دەبێت، دەتوانرێ دوو رێگا
بگریتە بەر؛ یەکیان ئەوەی کە ھەموو شتێک دابخەین و دیتر ئەوەی دیکە
ژیانی کۆرۆناییش ئەزموون بکەین و پێ بە پێی ئەو کارەکان بەرە پێش بەرین.
ئەم فیستیڤاڵە رێگای دووھەمی گرتە بەر و جێگای خۆیەتی لە ھاوکارانم
سوپاس بکەم.
رێزلێنانی "ئەمیر لوتفیان" وێنەگری فۆتۆگرافەر و سینەماکاری پێشەنگ.
بەشی دوایی رێوڕەسمەکە بۆ رێزلێنانی "ئەمیر لوتفیان" وێنەگری
فۆتۆگرافەر و سینەماکاری پێشەنگ تەرخان کرا. لەم بەشەدا، "ئەحمەد مەسجد
جامعی" ئەندامی ئەنجومەنی ئیسلامی شارەوانی شاری تاران، "محەمەد حەمیدی
موقەدەم" بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای بەڵگەیی و
ئەزموونی ھاتنە سەر شانۆی ھۆڵەکە.
مەسجد جامعی سەبارەت بەم کەسایەتییە زانا و بلیمەتەی سینەمای وڵاتی
ئێران رایگەیاند: لە کۆمەڵە وێنەکانی فۆتۆگرافیی بەڕێز لوتفیان
وێنەیەکم بینی کە ئومێد دەخوازم بەدواداچوونی بۆ بکەین، بۆ ئەوەی کە
ئەم وێنەیە بە شێوەی نەخشی بەرجەستە لە شاردا ئامادە بکرێت و بوونی
ھەبێت. ئەم وێنەیە، خرۆش و شادییەکی زۆر لە ساڵەکانی سەخت و دژواری
دەیەی ٦٠ گواستۆتەوە. لەبەر پاڵپشتی کردنی ئەم فێستیڤاڵە لە پزیشکەکان
سوپاس دەکەم، ھەڵبەت سینەماش لەم ماوەیەدا، کەسانێکی گەورەی لە دەست
داوە کە یادی ئەوان بەرز رادەگرین. ھیواخوازم بەردەوام چاوەری ئەوە بین
کە سینەماکارانی کورتە فیلم لە ئاستی ناوخۆیی و بیانیدا بدرەوشێنەوە.
خەڵاتەکانی بەشی کێبڕکێی نێونەتەوەیی.
ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی "رکابەریی نێونەتەوەیی" سی و
حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران کە بریتی بوون
لە؛ "بێھنام بێھزادی" Behnam Behzadi دەرھێنەر لە وڵاتی ئێران، "لیا
بێلتەرامی" Lia Beltrami دەرھێنەر لە وڵاتی ئیتاڵیا و "کیۆن گیۆن کیم"
Kyeongyeon Kim بەڕێوەبەری بەرنامە داڕشتنی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمی "بوسان" لە وڵاتی کۆریای باشوور؛ ٦٣ کورتە فیلم لە دەرھێنەرەکانی
١٩ وڵاتی جیھان لەم رووداوە سینەماییەدا ناوبژیوانی کرد و دەنگەکانی
خۆیان بەم شێوەیە راگەیاند:
خەڵاتەکانی بەشی کێبڕکێی نێونەتەوەیی بە ئامادەبوونی "بێھنام بێھزادی"
دەرھێنەری ئێرانی بە نوێنەرایەتی لە ئەندامانی دیکەی لێژنەی ناوبژیوان
پێشکەش کرا. بێھزادی بەر لە پێشکەش کردنی خەڵاتەکان بە زمانی ئینگلیزی
لە براوەکان پیرۆزبایی کرد و چەند خاڵێکی سەبارەت بەم فێستیڤاڵە
راگەیاند.
لێژنەی ناوبژیوان لە بەشی باشترین کورتە فیلمی ئەزموونیی کێبڕکێی
نێونەتەوەیی، ھیچ فیلمێکی بە شایستەی وەرگرتنی خەڵات نەزانی.
خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەیی بەشی نێونەتەوەیی بە "کاک ئیرەج" بەرھەمی
سینەماکاری کورد "جەمشید فەرەجوەند فەردا" لە کوردستانی ئێران پێشکەش
کرا. دەرھێنەری ئەم فیلمە ئەم خەڵاتەی بە کادری تەندروستی و دەرمانی
نەخۆشخانەکان پێشکەش کرد.
ھەروەھا خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ئەنیمەیشێن بە "مۆم" Candela لە
دەرھێنانی ھاوبەشی "مارک ریبا Marc Riba و ئانا سۆلاناس" Anna Solanas
لە وڵاتی ئیسپانیا بەخشرا.
خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی و درامی بە "شەو باش" DA YIE لە
دەرھێنانی "ئانتۆنی نێتی" Anthony Nti لە وڵاتی غەنا پێشکەش کرا.
خەڵاتەکانی بەشی کێبڕکێی نەتەوەیی.
ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی "کێبڕکێی نەتەوەیی" سی و حەوتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران کە بریتی بوون لە؛ "محەمەدمێھدی
عەسگەرپوور"، "محەمەدڕەزا دڵپاک"، "ناسر سەفاریان"، "ئیسماعیل مونسف"،
"بەھرام تەوەکولی"، "روحوڵڵا حیجازی"، "روقیە تەوەکولی"، "ئەشکان
رەھگوزەر" و "حەمیدڕەزا لوتفیان" دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە راگەیاند:
لە بەشی باشترین فیلمھەڵگرتنەوە تەندیس و کۆتەڵی فێستیڤاڵ و خەڵاتی
نەغدی باشترین تۆمارکردنی وێنەی فیلم بە "حەوید بیوتە" بۆ فیلمی چیرۆکی
و درامی "جوبڕەئیل" پێشکەش کرا.
دیپلۆمای شانازی باشترین تازەگەری و داھێنان بە "لەعیا میرنەسیری" بۆ
دەورگێڕان لە فیلمی "ناھید" پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین مۆنتاژ بە "بابەک بەھرام بەیگی" بۆ مۆنتاژ و لێکگرێدانی
کورتە فیلمی "منداڵانی خوێنیار" بەخشرا.
لە بەشی باشترین دەنگ، تەندیس و کۆتەڵی فێستیڤاڵ و خەڵاتی نەغدی بە "محەمەد
حوسێن مێھرجوو" و "سەید محمەمەد کەشفی" بۆ دەنگھەڵگریی فیلمی چیرۆکی "خوێناو"
پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە فیلمی بەڵگەییدا بە "فریشتە
تەوەکولی" بۆ "فرووغی کۆڵانی بون بەست" پێشکەش کرا.
لە بەشی باشترین سیناریۆی وەرگیراو، تەندیس و کۆتەڵی فێستیڤاڵ و خەڵاتی
نەغدی بە "محەمەد ڕەزا مرادی" بۆ "دوو ئالی پێ" پێشکەش کرا.
لە بەشی باشترین سیناریۆ، تەندیس و کۆتەڵی فێستیڤاڵ و خەڵاتی نەغدی بە
"سەمەد عەلیزادە" بۆ فیلمی چیرۆکی "ناھید" پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین دەرھێنانی ئەنیمەیشێن بە "مۆنا عەبدوڵڵاشاھی" بۆ "ئاگری
سوور" بەخشرا.
خەڵاتی باشترین دەرھێنانی فیلمی بەڵگەیی بە "ئارمان قولی پوور دەشتەکی"
بۆ "منداڵانی خوێنیار" گەیشت.
خەڵاتی باشترین دەرھێنانی فیلمی ئەزموونی بە "کەماڵ کەچووییان" بۆ "ئاداپت"
گەیشت.
خەڵاتی باشترین دەرھێنانی فیلمی چیرۆکی بە "مەھیار ماندەگار" بۆ "ئەسپی
سپی باڵدار" پێشکەش کرا.
خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوان بە "ئیمان ساڵحی" بۆ "ترس خۆی
دەگوازێتەوە" گەیشت.
خەڵاتی باشترین فیلم لە سینەمای ئێران بە "حەمید ڕەزا زەبیر" بۆ
بەرھەمھێنانی "ئەسپی سپی باڵدار" پێشکەش کرا.
خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵ لە بەشی نێونەتەوەیی بە "رەزا فەھیمی" بۆ کورتە
فیلمی "سپی پۆش" لە ئێران پێشکەش کرا.
سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە دەبیری
و بەرپرسایەتی "سەید سادق مووسەوی" وەکوو یەکەمین فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی سینەمایی لە ئێران؛ کە بە شێوەی ئامادەبوون و بەشداریی
سینەماکاران و بینەران و ئانڵاین و بە نمایش کردنی ٦٣ کورتە فیلم لە
دەرھێنەرەکانی ١٩ وڵاتی جیھان و ھەروەھا ١٤٦ فیلم لە دەرھێنەرەکانی
ئێرانی لە دوو بەشی رکابەریی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی لە بەشەکانی
چیرۆکی و درامی، بەڵگە فیلمی دیکۆمێنتاری، ئەزموونی و ئەنیمەیشێن لە
رۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ژانویەی ٢٠٢١ زایینی لە پەردیسی سینەمایی «ئێران ماڵ»
لە شاری تاران و ماڵپەرەکانی ئانڵاین و ئەلیکترۆنیکی "ھاشور" (ماڵی
فێستیڤاڵ)، "وۆدیۆ" و "تیوال" بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر لەسەر ئەم لینکە کرتە بکەن:https://iycs.ir/category/festival
پەیوەندییە گشتییەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
کورتە فیلمی تاران
------------------------------------------------------------------------------------------
دەرھێنەرانی بیانی بۆ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
کورتە فیلمی تاران پەیامیان نارد.
ژمارەیەک
لە دەرھێنەرەکانی بیانیی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان کە بەرھەمەکانیان لە
سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بەشداری
کردووە، بۆ ئەم رووداوە سینەماییە بە شێوەی وێنەیی پەیامیان نارد.
بەپێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران، "ساواس ئیستاورۆ" Savvas Stavrou لە وڵاتی قیبرس کە بە کورتە
فیلمی چیرۆکی "یەک شووشە ئاجیل" A Jar of Nuts لە بەشی "رکابەریی
نێونەتەوەیی" سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران بەشداری کردووە، لە پەیامی وێنەیی خۆیدا گوتی: بەشداری فیلمەکەم
لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بۆ من مایەی شانازیە، ئەم
فیلمە بەپێی کتێبیک لە نووسەری یۆنانی "ئانتۆنی ساماراکیس" Antonis
Samarakis ھاتۆتە بەرھەم. من کاتێک کە چواردە ساڵم تەمەن بوو، ئەم
چیرۆکەم خوێندبۆوە و ھەر لەو کاتەوە، ھۆگر و ئەوینداری ئەو چیرۆکە
بووم. ئەم فیلمە، بە کاریگەریی لە کەشوھەوای سینەمای "ژان ـ پیێر ژونە"
دەرھێنەری فەرەنسی بەرھەم ھێنراوە.
ئەو ھەروەھا گوتی: کەشوھەوای فیلمی "یەک شووشە ئاجیل" لە ھەمان کاتدا
کە پێکەنیناویە، کەمێک غەمگینە و رێک لەگەڵ ئەو دونیایەی کە ئەمڕۆ
تیایدا دەژین کە مرۆڤەکان لەبەر ھۆکاری پاراستنی مەودای کۆمەڵایەتی
ناچارن لە ماڵەکانیان بمێننەوە، پەیوەندییەکی زۆر نزیکی ھەیە.
ھیواخوازم کە بینەران، لە بینینی ئەم فیلمە چێژ وەربگرن.
ھەروەھا "خیسۆز ماری لازکانۆ" Jesus Mari Lazkano و "جۆسوو وێنەرۆ"
Josu Venero لە وڵاتی ئیسپانیا کە بە کورتە فیلمی بەڵگەیی "شومالگان"
لە بەشی "رکابەریی نێونەتەوەیی" سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بەشداریان کردووە، گوتیان: لە فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بۆ ھەڵبژاردنی ئەم بەرھەمە، لە
فێستیڤاڵەکەدا سوپاس دەکەین. ئێمە زۆرمان پێ خۆش بوو کە ئەو ئیمکانە
پێک بھاتبووایە، لە ئێران و لە تەنیشت یەکتر، فیلمەکە ببینین؛ بەڵام
ھەر چۆنێک بێت، لەم ھەڵبژاردنە و ئەوەی کە فیلمەکەی ئێمە لەگەڵ
فیلمەکانی دیکە نمایش دەکرێت، یەکجار خۆشحاڵین.
ئەم دوو سینەماکارە لاوە لە درێژەدا گوتیان: بیرۆکەی ئەم فیلمە، زۆر بە
سادەیی لە زەینی ئێمەدا شکڵی گرت؛ ئەوەی کە ئێمە چۆن دەتوانین
تێگەیشتنێکی باشترمان لە دیمەنەکان و جوگرافیای دەورووبەرمان ھەبێت و
لەگەڵ ئەوان پەیوەندی بگرین. چ دیمەن گەلێک لە جەمسەری باشوور و چ
دیمەن گەلێک کە لە وڵات و یان شارەکانی ئێمەدا بوونی ھەیە. بیرۆکەی ئەم
فیلمە، سەبارەت بە تێگەیشتنی قووڵتر و ئەو ھەستە شاراوەیە کە ئەم
دیمەنانە لە خۆیاندا ھەیانە؛ پوخت دەبێتەوە، ئێمە ھەوڵماندا بە دوور لە
روانینی زانستی و بە روانینێکی تەنیا ھونەری و ھەستی خواز بۆ ئەم
بابەتە بڕوانین بۆ ئەوەی کە بتوانین بەو تێگەیشتنە کە گوتم بگەین.
لەبەر ئەوەی کە دیمەنەکان ئەو شتانە نین کە ئێمە تەنیا دەیبینین و لە
ناو خۆیاندا کۆمەڵێک چیرۆکی شاراوەیان ھەیە و ئەم کورتە فیلمە، ھەوڵ
دەدات کە بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەگەلی ھونەرمەندانە و زەینێکی
داھێنەر، ئەم چیرۆکە نەگوتراوانە بدۆزێتەوە و وێنەی ئەوان بگرێت.
"چێن یوان" Chen Yun لە وڵاتی چین کە بە کورتە فیلمی "بەر لە تۆفان"
Before the Typhoon Comes لە بەشی "رکابەریی نێونەتەوەیی" سی و
حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بەشداری
کردووە، لە پەیامی وێنەیی خۆیدا گوتی: "بەر لە تۆفان" یەکەمین فیلمی
منە و چیرۆکەکەی وەرگیراو لە بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵیمە کە
تێیادا ھەوڵمدا کە بە زمانی سینەما لەگەڵ بەردەنگەکانم بە ھاوبەشی
دابنێم. لەم فیلمەدا، کەسایەتی سەرەکیی چیرۆکەکە، بە دوای سەرپەنایەکدا
دەگەڕێت، نە تەنیا لە تۆفانێک کە لە دونیای راستەقینەدا خەریکە روو
دەدات، بەڵکوو لە تۆفانێک کە لە دڵی ئەودا دەگەڕێت ... ئەو بێنە و
بەردەیەی کە کەسایەتی سەرەکیی فیلمەکە لەگەڵی بەرەوڕووە، یەکجار تایبەت
بەو کەسەیە و لە ھەمان کاتیشدا، یەکجار جیھانیە و ھەموومان بە رێگای
جۆراوجۆر لەگەڵی بەرەوڕووین.
ئەو ھەروەھا گوتی: ستافی ھاوکاران و سازێنەرانی ئەم فیلمە، ھەموویان لە
نەوەی لاوی سینەماکارانی چینین و ئێمە ھەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی کە
ئەزموونێکی دیکە لە سینەمای چین بۆ ئێوە بە دیاری بێنین. کەواتە تکا
دەکەم کە فیلمەکەی ئێمە ببینن و ھومێد دەخوازم چێژی لێ وەربگرن.
ھەروەھا "ھەنینگ بەکھاوس" Henning Backhaus لە وڵاتی نەمسا کە بە کورتە
فیلمی "باشترین ئۆرکێستڕای جیھان" The Best Orchestra in the World لە
بەشی "رکابەریی نێونەتەوەیی" ئەم رووداوە سینەماییەدا بەشداری کردووە،
گوتی: من سەردەمێک فێرخوازی ھونەریی "میشائیل ھانکە" دەرھێنەری ناسراوی
نەمسایی فەرەنسی بووم و رەنگە شتێکی گرینگ کە لە بەڕێزیان فێر بووم،
ئەمە بوو کە؛ قەیرانێکی سادە و پاشان پێچ و خەمێکی جۆراوجۆری بۆ
دابڕێژە! لەوەی کە فیلمەکەی من دەبینن؛ سوپاس دەکەم و ھیوا دەخوازم
پێتان خۆش بێت.
"ئانتۆنی نێتی" Anthony Nti دەرھێنەر و نووسەر لە وڵاتی غەنا و ھەروەھا
"چینگز کۆمبەگۆ" Chingiz Karibekov بەرھەمھێنەر و نووسەری دیکەی
سیناریۆی ئەم فیلمە لە وڵاتی قەزاقستان کە بە کورتە فیلمی چیرۆکیی
"شەو باش" لە بەشی "رکابەریی نێونەتەوەیی" سی و حەوتەمین خولی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بەشدارییان کردووە، لە پەیامی
وێنەیی خۆیاندا گوتیان: ئێمە لە بیستنی ھەواڵی ھەڵبژاردنی فیلمەکەمان
یەکجار خۆشحاڵین و شانازی پێ دەکەین. ھەر وەک دەیبینن ئێمە لێرە "باب"
ـ بە ئاماژەدان بەو کەڵەشێرەی کە بە دەستیانەوەیە ـ ئەستێرەی دەستپێکی
فیلمەکەمان لەگەڵ خۆمان ھێناوە و ھیوا دەخوازین کە لە بینینی ئەم فیلمە
چێژ وەربگرن.
ھەروەھا "سوزان بیخار" Susan Béjar لە وڵاتی ئیسپانیا کە بە کورتە
فیلمی "مەوداکان" Distances لەم رووداوە دینەماییەدا بەشداری کردووە،
گوتی: لە فێستیڤاڵ، بۆ ھەڵبژاردنی ئەم فیلمە سوپاس دەکەم، ئەمە یەک
شانازی گەورەیە بۆ من و گروپی ئەم فیلمە و ئەوەی کە دەبینین کە ئەم
چیرۆکە، توانایی شکاندنی سنوورەکانی ھەیە و لەگەڵ بەردەنگەکانی خاوەن
کەلتووری جۆراوجۆر لە سەرتاسەری دونیادا توانیویەتی پەیوەندی بگرێت؛ بۆ
ئێمە یەکجار مایەی دڵگەرمیە. ئەم فیلمە، چیرۆکێکی ھەڵفریوێنەری ھەیە،
چیرۆکێک کە دەستپێکێکی سادەی ھەیە و بینەر وا بیر دەکاتەوە کە ئەو بۆ
شوێنێکی خۆش و دڵخواز دەبات و لە جێگایەکدا کە بە ھیچ جۆرێک چاوەڕوانی
نەدەکرد، تێدەگات کە ئەم شەمەندەفەرە، بەرەو لایەکی دیکە خەریکی
دەڕوات.
ئەو سەبارەت بە پەیامی فیلمی "مەوداکان" گوتی: ھەندێک لە خەڵکی وا بیر
دەکەنەوە کە ئەم فیلمە، ھەوڵ دەدات کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی
نەخۆشەکانی دەروونی نیشان بدات، بەڵام ئەو شتەی کە من ھەوڵمدا نمایشی
بکەم، ئەمە بوو کە لە وەھا بارودۆخێکدا کاتێک عیشق و ئەوین دەکەی بە
جێگرەوەی لە ژیانتدا، دەتوانی ھەموو شتێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێنی.
ھیواخوازم لە بینینی ئەم فیلمە چێژ وەربگرن و ھەروەھا ئومێد دەخوازم کە
ئەم شانس و بەختەمان ھەبێت کە لەگەڵ کۆتایی ھاتنی بارودۆخی پەتای
وایرۆسی کۆرۆنا، بتوانین رۆژێک لە تەنیشت یەکتردا ئەم فیلمە ببینین.
ھەروەھا "ئانتۆن سازۆنۆف" Anton Sazonov لە وڵاتی رووسیا کە بە کورتە
فیلمی چیرۆکی "مەرەخەسییەکی شیاو" Leave of Absence لە بەشی "رکابەریی
نێونەتەوەیی" ئەم رووداوە سینەماییەدا بەشداری کردووە، گوتی: لەوەی کە
بۆ خۆم ناتوانم لە تەنیشت ئێوە بم، زۆر ناڕەحەتم، بەڵام دەمویست سوپاسی
ئێوە بکەم و ھیواخوازم کە فیلمەکە، نمایشێکی باشی ھەبێت.
"والەنتین تایترۆف" Valentin Tyuterev لە وڵاتی رووسیا کە بە کورتە
فیلمی ئەنیمەشێنی "مێترۆ" Metro لەم رووداوە سینەماییەدا بەشداری
کردووە، لە پەیامی خۆیدا گوتی: من لە بەشی وێنەگرتنی فیلم لە زانکۆی
ھونەری "گراسمۆف" وانەم خوێندووە. فیلمەکەی من سەبارەت بە باڵندەیەکە
کە لە بەینی کۆشکەکانی ژێرزەوینی مۆسکۆ ھەڵدەفڕێت. ھیواخوازم کە لە
بینینی ئەو فیلمە چێژ
وەربگرن.
ھەروەھا "سایمۆن رۆچینسکی" Szymon Ruczyński لە وڵاتی پۆڵەندا کە بە
کورتە فیلمی ئەنیمەیشێنی "ھۆکار" Reason لە بەشی رکابەری ئەم رووداوە
سینەماییەدا بەشداری کردووە، لە پەیامی وێنەیی خۆیدا گوتی: زۆر خۆشحاڵم
کە دەتوانم فیلمی "ھۆکار" بە ئێوە بناسێنم. ئەمە یەکەمین فیلمی من لە
قوتابخانەی فیلمی "وۆلیج". "ھۆکار" ژیانی دایک و منداڵێک دەگێرێتەوە کە
لە سەدەی ٢١ لە ھەڵسوکەوت لەگەڵ پیرێژنێک کە لە لایەن دانیشتووانی
ھەمان شار بە سیحر و جادوو تاوانبار کراوە و ... .
سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە دەبیری
و بەرپرسایەتی "سەید سادق مووسەوی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی سینەمای
لاوانی ئێران؛ وەکوو یەکەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەمایی لە ئێران،
کە بە شێوەی ئامادەبوون و بەشداریی سینەماکاران و بینەران و ئانڵاین و
بە نمایش کردنی ٦٣ کورتە فیلم لە دەرھێنەرەکانی ١٩ وڵاتی جیھان و
ھەروەھا ١٤٦ فیلم لە دەرھێنەرەکانی ئێرانی لە رۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ژانویەی
٢٠٢١ زایینی لە پەردیسی سینەمایی «ئێران ماڵ» لە شاری تاران بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر لەسەر ئەم لینکە کرتە بکەن:https://iycs.ir/category/festival
پەیوەندییە گشتییەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
کورتە فیلمی تاران
------------------------------------------------------------------------------------------
"داریووش خونجی" بەڕێوەبەری وێنەگرتنی فیلمەکانی
"ئیستەنلی کۆبریک"، "وۆدی ئاڵن"، "بێرناردۆ بێرتۆلۆچی" و "رۆمەن
پۆڵانسکی".
کۆڕی گواستنەوەی ئەزموونی "داریووش خونجی" لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی
تاران بەڕێوەچوو.
کۆڕی گواستنەوەی ئەزموونەکانی "داریووش خونجی" بەڕێوەبەری وێنەگرتنی
فیلمی ناوداری بە رەگەز ئێرانیی بەرھەمە دیارەکانی سینەمای جیھان، لە
بەشی "٢٠٣٧" لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران، "داریووش خونجی" Darius Khondji بەڕێوەبەری وێنەگرتنی فیلمەکانی
"ئیستەنلی کۆبریک" Stanley Kubrick، "وۆدی ئاڵن" Woody Allen، "بێرناردۆ
بێرتۆلۆچی" Bernardo Bertolucci و "رۆمەن پۆڵانسکی" Roman Polański، "وۆنگ
کار وای" Wong Kar-wai، "میشائیل ھانکە" Michael Haneke، "سیدنی پۆڵاک"
Sydney Pollack و "کریس کانینگھام" Chris Cunningham دەرھێنەری ناوداری
کلیپە بەرجەستەکان، لە کۆبوونەوەی ئانڵاینی "گواستنەوەی ئەزموون" لە سی
و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران گوتی: لە
رووبەڕووبونەوە لەگەڵ دەرھێنەردا، زیاتر ھەوڵ دەدەم بیسەر بم و بۆ
سینەمای ئێران ھەر کارێکم لە دەست بێت، ئەنجامی دەدەم.
"داریووش خونجی" لەم کۆبوونەوەیەدا، سەبارەت بە جوانی ناسی لە
وێنەگرتنی فیلمدا و پێگەی فۆرمی تایبەتی کەسایەتی لەودا گوتی: ئەگەر
ھەست دەکەن کە شێواز و ستایلی تایبەت بە خۆتان ھەبێت و پێتان خۆشە
بینەرەکان، فیلمەکەی ئێوە بە تایبەتمەندیی ئێوە بناسنەوە؛ یەکجار
رووداوێکی باشە. من ئەوەندە بە دوای ئەوەوە نەبووم کە بە شێوازێکی
تایبەت بناسرێمەوە. لەگەڵ دەرھێنەرانێکی دیار و بەرچاو کارم کردووە و
بەڕێزان "ئیستەنلی کۆبریک" و "رۆمەن پۆڵانسکی" دەرھێنەرە خۆشەویستەکانی
من لە سەردەمی مێرمنداڵییەوە بوونە. ھەر ئەم دوو سینەماکارەش لە
فیلمەکانی خۆیاندا، گۆڕانکارییەکی یەکجار زۆریان ئەزموون کردووە و ژانر،
ئەوەندە لە بەرھەمەکانیاندا مانای نەبوو.
ئەوەشی راگەیاند: فیلم گەلێکم وێنە گرتووە کە لە زۆربەی
تایبەتمەندییەکاندا جیاوازن، لە "حەوت" Seven بگرە ھەتا "ئەڵماسە
نەتاشراوەکان" Uncut Gems، بەڵام کاتێک لەگەڵ دەرھێنەرێک دەمەوێت کار
بکەم؛ یەک چەمەدان لە ئەزموونەکانم لەگەڵ خۆم نابەمە سەر سەحنەی
فیلمەکە. ئەگەر بڕیار لەسەر وێنە گرتنی فیلمێک بدەم، سیناریۆکە چەندین
و چەندین جار دەخوێنمەوە، بەڵام وام پێ باشە چیرۆکەکە لە دەرھێنەرەکەی
ببیستم و قسەکانی ئەو سەبارەت بەو چیرۆکە گوێبیست بم. سەرەتا لەگەڵ
دەرھێنەرەکە دەدوێم، ھەتا ئەو چیرۆکەکەی خۆی بگێڕێتەوە، بە کلیک وشەکان،
ئێلێمان و ھێماکان و ئامرازە گرینگەکانی چیرۆکەکە سەرنج دەدەم. بۆ
ئەوەی کە بیرۆکەی سەرەکیی سیناریۆکە شکڵ بگرێت؛ دەبێ بە باشی گوێجکە
بدەین و ببیستین، بیرۆکە و ئایدیاکان بە شێوەی غەریزی و خۆڕسک لە مندا
شکڵ دەگرێت.
ئەم وێنەگرە سەبارەت بە ئەزموونی ئەو ھاوکارییانەی کە لەگەڵ
دەرھێنەرانی وەکوو "وۆدی ئاڵن" و "دەیوید فینچەر" ھەیبووە، گوتی: لەم
فیلمانە کاتێکی زۆر تێپەڕیوە، لە فیلمی "حەوت" چیرۆکەکە یەکجار تاریک
بوو، ھەروەھا بەڕێز "فینچەر" لەو سەردەمەدا، لە بارودۆخێکی تاریک لە
ژیانی خۆیدا بوو. کاتێک سیناریۆکەم خوێندەوە؛ ھەستم کرد چیرۆکەکە
یەکجار تاریک و ترسناکە و کاتێک لەگەڵ بەڕێز فینچەر قسەم کرد، گوتی کە
فیلمێکی جیدیە کە گێڕانەوەکەی ئەو لە کاری فیلمھەڵگرتندا ئەوەندە سادە
و ئاسان نیە و وەکوو ژیان یەکجار راستەقینەیە.
ئەوەشی خستە ڕوو: بەڕێز فینچەر لەگەڵ ئەوەشدا کە لەسەر بابەتەکانی
وەکوو رووناکی و وێنە ھەستیاریان ھەبوو؛ بەڵام دەستی منی بۆ وێنەگرتنی
فیلمەکە ئاوەڵا کردبوو. ئەم فیلمە، یەکەمین ئەزموونی من لە سینەمای
ئەمریکادا بوو، یەکجار بە ھەست و پەرۆشەوە بووم. ھەوڵمدا بە جۆرێک،
رەنگی ڕەشی سەرەکی وەدی بێنم و ئەو ئامرازانەی کە لەو ڕەشاییە دایە؛
کۆنتڕۆڵ بکەم، ھاوکات بەڕێز فینچەریش بە دوای وەھا بابەتێکدا دەگەڕان.
من خەریکی چێکردنی تیزێری بانگەشەیی بووم کە بەڕێز فینچەر پێشنیاری
چێکردنی یەک بانگەشەی بە من دا و لە کۆتاییدا لەم گەشتەی تاریکیدا
ھاسەفەر بووین، تێست گەلێکی زۆرمان ئەنجام دا، تاریکییەکی زۆرمان تاقی
کردەوە. ئەم تاریکییە کە لە فیلمەکەدا ھەیە، بۆ خۆی دەبێتە یەک
کەسایەتی و بە جۆرێک تاریکیی رۆح دەگێڕێتەوە.
خونجی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: من یەکدا بە دوو لە دوای فیلمی "حەوت"
بەرھەمی "دەیوید فینچەر"، فیلمی جیاوازی جوانی "رفێندراو" بەرھەمی "بێرناردۆ
بێرتۆلۆچی" وێنەم گرت و وەکوو ئەوە وابوو کە ماسوولکەکانم خەریکن شل
دەبنەوە. ھیچ پاشەکەوتێک لە ئەزموون نەمدەتوانی لەگەڵ خۆم بیبەم؛ لەبەر
ئەوەی کە ھیچ وێکچوونێک لە نێوان ئەم دوو فیلمەدا بوونی نەبوو. بە
خێرایی لە دوای ئەوە، لە فیلمێکی "میشائیل ھانکە" ئامادە بووم کە ئەویش
بەرھەمێکی جیاواز بوو. ئەم ھەستی گۆڕان و بەدەستھێنانی ئەزموونە
نوێیەکان، کە بە دوای یەکدا ھاتنە ئاراوە، یەکجار بۆم سەرنجڕاکێش بوو،
لە وەھا بارودۆخێکدا ئێوە ئەوەندەتان ئەزموون و ھەستێکی بەردەوامتان
نیە کە پشت بەوە ببەستن و ئەم بابەتە یەکجار ھەستێکی سەیر و پەرۆشی
بەدواوەیە.
ئەو ھەروەھا گوتی: یەکێک لە مامۆستاکانی من بەڕێز "رۆبێر بێرسۆن"
Robert Bresson کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر رەوتی فیلم چێکردنی
مندا ھەبوو، یەک وێنەگر لە چەندین بەش و ھەستێکی یەکجار دروست بووە و
ئەزموون گەلێکی لەم چەشنە، خاڵەکانی سەرنج و بۆچوونی یەک وێنەگر پێک
دێنێت.
خونجی گوتی: کاتێک لە ئەمریکاوە بۆ فەرەنسا گەڕامەوە، "ئێدوارد ھۆپێر"
Edward Hopper ئەوەندە دیار و بەرچاو نەبوو و ماوەیەک درێژەی کێشا ھەتا
ئەو بناسرێت. کاتێک "ئێدوارد ھۆپێر"م ناسی، ھەستم بە دۆزینەوە دەکرد،
کاتێک بەرھەمەکانی ھونەرمەندانێک دەبینن کە لە پێش ئێوەدا بوونیان
ھەبووە؛ رووداوێکی یەکجار سەرنجڕاکێشە. "ئێدوارد ھۆپێر" خاڵی بە یەک
گەیشتن و بەرکەوتنی شێوەکاری و فۆتۆگرافییە. من بە خێرایی لە دوای ئەو
ئەزموونانە، ھەر لە تەمەنی لاوێتی دەستم کرد بە چێکردنی فیلمەکانی خۆم
کە وەرگیرانێکی راستەوخۆ لەو شێوەکارییانە بوون کە لەو سەردمەدا
دیتبووم. ئێستاکە، لە شێوەکارانی کلاسیک بەرھەمەکانی "فرانسیسکۆ گۆیا"م
زۆر خۆش دەوێت. من کاتێک لە بەرلین بووم و ھەموو کۆتایی حەوتەی خۆم لە
مۆزەخانەکان تێدەپەڕاند و خەریکی دۆزینەوەی فۆتۆگرافی و شێوەکاری بووم،
وردبینی و سەرنجان بۆ وێنەگرەکان یەکجار گرینگە.
خونجی ھەروەھا گوتی: بە موزیکیش ھۆگرییەکی تایبەتیم ھەیە و ماوەی ١٥
ساڵە کە ئەم ھۆگریە لە مندا شکڵی گرتووە، پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان
مۆسیقا و فیلمدا بوونی ھەیە. زۆربەی کاتەکان کە پێویستیم بە ئیلھام
بەخشین ھەیە، بەرھەمەکانی مۆتزارت دەبیستم. یەک فیلمساز و وێنەگری فیلم،
ھەرچەندە وردبینتر بیت و سەرنج بداتە دەورووبەری و وەرگرتنەکانی زیاتر
بێت، سەرکەوتووتر دەبێت، بە رێژەی پێویست وردبین نەبوون و سەرنج نەدان،
بۆ من لە ژیانی تاکەکەسی و پیشەییدا یەک تاوانە. وێڕای ئەوەی کە زۆر
پێم خۆشە کە ئێوە فیلمسازەکان ببینم بۆ ئەوەی کە لە ئەزموونەکانی ئێوەش
بتوانم کەڵک وەربگرم.
ئەم وێنەگرە سەبارەت بە دەروونناسی و چۆنییەتی ھەڵبژاردنی لێنزی گونجاو
گوتی: ھەڵبژاردنی لێنز یەکێکە لە گرینگترین ھەڵبژاردنەکان کە بە
دیزاینی فیلم و کەشوھەواکەی بەندە. زیاترین بابەتێک کە بۆ من گرینگە؛
ئەو خاڵی تێڕوانینەیە کە لێنز بڕیار وایە نمایشی بدات. زۆربەی کاتەکان
خاڵی تێڕوانین لەوانەیە وەستاو بێت، من وا بیر دەکەمەوە کە ھەڵبژاردنی
لێنز، گرینگترین ھەڵبژاردن بۆ وێنەگرتنی یەک فیلمەیە. ھەڵبژاردنی لێنز
پەیوەستە بە گێڕانەوەکەی. لە فیلمێکی "نیکۆل کیدمەن" Nicole Kidman لە
لێنزی ئانامۆرفیک کەڵکم وەرگرت. ھەڵبژاردنی سەرەکیی لێنز ھەڵقوڵاو لە
چیرۆکەکەیە، جووڵەی کامێرا لەگەڵ ئەکتەر، لە کاتی وێنەگرتنی فیلمدا
زۆرم پێ خۆشە. لە فیلمێکدا لە بڕوایەدا بووم کە کامێرا دەبێ لەگەڵ
ئەکتەر بجووڵێتەوە، بەڵام دەرھێنەرەکەی منی قانع کرد کە کامێرا دەبێ لە
دوای ئەو بڕوات و تێگەیشتم کە بۆچوون و سەلماندنی ئەو دروستە.
یە "داریووش خونجی" لە وڵامی داخوازیی بەڕێوەچوونی زیاتری کۆڕ و
کۆبوونەوەکانی لەم چەشنە، شیکردەوە: من لەم رووداوە، یەکجار خۆشحاڵ و
دڵخۆش دەبم، لەبەر ئەوەی لە رەوتی ژیانەکەمدا پەیوەندییەکی کەمم لەگەڵ
ئێران ھەیە و بەوپەڕی ویست و حەزی خۆمەوە، ھەر کاتێک ئێوە بتانەوێت،
خوازیاری ئەو پەیوەندییەم و پەیوەندییەکەی ئەمڕۆش یەکجار بۆ من چێژبەخش
بوو؛ لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ سینەماکارانی لاوی ئێرانی ھاتمە ئاخاوتن.
ئەو رێژە کەمەی فیلمەکان کە لە سینەمای ئێران بینیم، یەکجار چێژدەر و
کاریگەری دانەر بوو، ھەر کارێکیش لە دەستم بێت، بۆ سینەمای ئێران
ئەنجامی دەدەم.
سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە دەبیری
و بەرپرسایەتی "سەید سادق مووسەوی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی سینەمای
لاوانی ئێران؛ وەکوو یەکەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەمایی لە ئێران،
کە بە شێوەی ئامادەبوون و بەشداریی سینەماکاران و بینەران و ئانڵاین و
بە نمایش کردنی ٦٣ کورتە فیلم لە دەرھێنەرەکانی ١٩ وڵاتی جیھان و
ھەروەھا ١٤٦ فیلم لە دەرھێنەرەکانی ئێرانی لە رۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ژانویەی
٢٠٢١ زایینی لە پەردیسی سینەمایی «ئێران ماڵ» لە شاری تاران
بەڕێوەدەچێت.
بۆ زانیاریی پتر لەسەر ئەم لینکە کرتە بکەن:https://iycs.ir/category/festival
پەیوەندییە گشتییەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
کورتە فیلمی تاران
------------------------------------------------------------------------------------------
ناوبژیوانانێک لە
ئیتاڵیا، کۆریا و ئێران بەرھەمەکانی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران
دادوەری دەکەن.
ناوبژیوانانێک لە وڵاتانی ئیتاڵیا، کۆریای باشوور و ئێران، ٦٣ کورتە
فیلم لە دەرھێنەرەکانی ١٩ وڵاتی جیھان لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران دادوەری دەکەن.
بەپێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "رکابەریی نێونەتەوەیی" سی و
حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران کە بریتین لە؛
"بێھنام بێھزادی" Behnam Behzadi دەرھێنەر لە وڵاتی ئێران، "لیا
بێلتەرامی" Lia Beltrami دەرھێنەر لە وڵاتی ئیتاڵیا و "کیۆن گیۆن کیم"
Kyeongyeon Kim بەڕێوەبەری بەرنامە داڕشتنی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمی "بوسان" لە وڵاتی کۆریای باشوور؛ ٦٣ کورتە فیلم لە دەرھێنەرەکانی
١٩ وڵاتی جیھان لەم رووداوە سینەماییەدا ناوبژیوانی دەکەن.
ناوەکانی ئەو ٦٣ فیلمەی کە لە بەشی "رکابەریی نێونەتەوەیی" ئەم خولەی
فێستیڤاڵدا لە بەشە جۆراوجۆرەکانی چیرۆکی، بەڵگەفیلم، ئەزموونی و
ئەنیمەیشێن بۆ بەدەستھێنانی تەندیس و کۆتەڵی فێستیڤاڵ و خەڵاتی ٣ ھەزار
دۆلاری پێکەوە رکابەری دەکەن، بریتین لە:
بەشی چیرۆکی و درامی:
"یەک شووشە ئاجیل" لە دەرھێنانی "ساواس ئیستاورۆ" لە قێبرس، "لە دوای
کلاسی وانە" لە دەرھێنانی "چارلز شوچی دۆنگ" لە چین، "تەعان" لە
دەرھێنانی "دانیەل ھاولید" لە پۆڵەندا، "برا" لە دەرھێنانی "بێپە
توفارولۆ" لە ئیتاڵیا، "بەر لە تۆفان" لە دەرھێنانی "چێن یوان" لە چین،
"کەلەمی برۆکلی" لە دەرھێنانی "ئیلیۆت فێتوێس" لە فەرەنسا، "سەفەری
کاری" لە دەرھێنانی "ڤۆن گیۆلی" لە کۆریای باشوور، "شەو باش" لە
دەرھێنانی "ئانتۆنی نێتی" لە غەنا، "خەیاڵ بافی" لە دەرھێنانی "سەدریک
مارتین" لە فەرەنسا، "مەوداکان" لە دەرھێنانی "سوزان بیخار" لە
ئیسپانیا، "وەڕینی سەگەکان" لە دەرھێنانی "سێرجیۆ سێرانۆ" لە ئیسپانیا،
"شیفتی شەو" لە دەرھێنانی "ئالبین وایڵدنێر" لە نەمسا، "خزین" لە
دەرھێنانی "ھانگیۆنگ بو" لە چین، "بەیانی باش" لە دەرھێنانی "بارتۆز
کۆزێرا" لە پۆڵەندا، "حەمورانی" لە دەرھێنانی "پاتریک کێنلی" لە
ئەمریکا، "دەنگی دەر مەھێنە" لە دەرھێنانی "یایا سیماکۆوا" لە ئەمریکا،
"دەریاچەی بەختەوەری" لە دەرھێنانی "ئالیاکسی پالۆیان" لە بێلاروس، "مەرەخەسییەکی
شیاو" لە دەرھێنانی "ئانتۆن سازۆنۆف" لە رووسیا، "مۆرتنۆل" لە
دەرھێنانی "ژولین سیلوێرای" لە فەرەنسا، "نینا" لە دەرھێنانی "ھریستۆ
سیمئۆنۆف" لە بولگاریا، "بەھەشت" لە دەرھێنانی "پابلۆ ویرادۆ" لە
فەرەنسا، "یاغی" لە دەرھێنانی "پیێر ـ فیلیپ چێویگنی" لە کەنەدا، "بەرچەسب"
لە دەرھێنانی "جۆرجی. ئێم ئۆنکۆفسکی" لە مەقدونیە، "باشترین ئۆرکێستڕای
جیھان" لە دەرھێنانی "ھەنینگ بەکھاوس" لە نەمسا، "گەڕانەوە" لە
دەرھێنانی "چارلی کۆکا" لە فەرەنسا، "بێوەژنی کۆچکردوو ساورینی" لە
دەرھێنانی "لووییک گایلارد" لە فەرەنسا، "تاب" لە دەرھێنانی "سامارا
ساگینبائۆوا" لە قێرقیزستان، "ژنی ماڵی" لە دەرھێنانی "فیلیپە
ئێسپینۆزا" لە ئیسپانیا، "بیر" لە دەرھێنانی "دیێەگۆ پۆرتاس" لە
ئیسپانیا، "سپی پۆش" لە دەرھێنانی "رەزا فەھیمی" لە ئێران، "گۆشتی تاڵ"
لە دەرھێنانی "فەرید حاجی" لە ئێران، "دەکەل" لە دەرھێنانی "بابەک
موستەفەوی" لە ئێران، "داغی" لە دەرھێنانی "فاتمە محەمەدی" لە ئێران و
"ئەسپی سپی باڵدار" لە دەرھێنانی "مەھیار ماندەگار" لە ئێران.
بەشی بەڵگە فیلمی دیکۆمێنتاری:
"شومالگان" لە دەرھێنانی "خیسۆز ماری لازکانۆ" و "جۆسوو وێنەرۆ" لە
ئیسپانیا، "سنووری رەنگی شین" لە دەرھێنانی "ئەیوان میلۆساوەلجۆی" لە
سێربستان، "پیانۆی پریپیات" لە دەرھێنانی "ئەلیشکا سیلکۆوا" لە کۆماری
چیک، "پێداچوونەوە" لە دەرھێنانی "میخائیل ژێلزنیکۆف" لە رووسیا، "ئێس
تی. کۆلۆن" لە دەرھێنانی "ئێرنێست لۆرک" لە پۆڵەندا، "دوایین
راوچییەکانی سەر" لە دەرھێنانی "مارکۆ دێک لۆچی" و "کۆزیمۆ گورگنانی"
لە ئیتاڵیا، "دوور خراوەکان" لە دەرھێنانی "لیە مۆنفورتی" لە فەرەنسا،
"کاتێک دایە رۆیشت" لە دەرھێنانی "زەینەب گوڵروو کەجەنجیلێر" لە تورکیا
و "کاک ئیرەج" لە دەرھێنانی "جەمشید فەرەجوەند فەردا" لە ئێران.
بەشی ئەنیمەیشێن:
"مێترۆ" لە دەرھێنانی "ناتالیا کرافچۆک" لە پۆڵەندا، "٤٠٠ مایل لە
کاتژمێردا" بەرھەمی "دەرھێنانی گروپی" لە فەرەنسا، "کوڕێک لە جەنگەڵدا"
لە دەرھێنانی "فابیانۆ لێئاندرۆ پاندۆلفی" لە بەرازیل، "مۆم" لە
دەرھێنانی "مارک ریبا و ئانا سۆلاناس" لە ئیسپانیا، "دەریای ویشک" لە
دەرھێنانی "بارت بوسیرت و یوس بەکس" لە بێلژیک، "ئەپیرنۆف" لە
دەرھێنانی "ئەلخاندرۆ ئاریەل مارتین" لە ئارژانتین، "مێترۆ" لە
دەرھێنانی "والەنتین تایترۆف" لە رووسیا، "شامی کۆتایی" لە دەرھێنانی "پیوتر
دۆمالا" لە پۆڵەندا، "راوچی مرواری" لە دەرھێنانی "مارگریت دانیەلسن"
لە نەرویژ، "مشکەکان لە نێو دیوارەکاندا" لە دەرھێنانی "میریانا
ساراندۆوا" لە نەمسا، "ھۆکار" لە دەرھێنانی "سایمۆن رۆچینسکی" لە
پۆڵەندا، "وا چەرخە" لە دەرھێنانی "ماتێئۆس لێنارت " لە پۆڵەندا، "غەریبە"
لە دەرھێنانی "ئانتۆنیۆ میشلە ئیستیا" لە ئیتاڵیا، "مێترۆ" لە
دەرھێنانی "رابێرت کۆزنیۆسکی" لە پۆڵەندا، "کوڕ و کوند" لە دەرھێنانی "ماریۆ
گاجۆ دێ کاروالیۆ" لە پۆرتوگال، "باڵە کۆلارە" لە دەرھێنانی "مارتین
سامانتا" لە کۆماری چیک، "ئاگربەست" لە دەرھێنانی "مۆنا عەبدوڵڵاشاھی"
لە ئێران و "خەرچەنگ" لە دەرھێنانی "شیوا سادق ئەسەدی" لە ئێران.
بەشی ئەزموونی:
"تەرمی من بە ھەرزان بۆ ئێوە" لە دەرھێنانی "ئانا ـ کلاریا ئۆستاپێنکۆ
بوگدانۆف" لە فەرەنسا و "ماڵی منداڵییەکەم، من دیل دەکات" لە دەرھێنانی
"جاندرە وێن ھەردن" لە ئەفریقیای باشوور.
سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە دەبیری
و بەرپرسایەتی "سەید سادق مووسەوی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی سینەمای
لاوانی ئێران؛ وەکوو یەکەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەمایی لە ئێران،
کە بە شێوەی ئامادەبوون و بەشداریی سینەماکاران و بینەران و ئانڵاین و
بە نمایش کردنی ٦٣ کورتە فیلم لە دەرھێنەرەکانی ١٩ وڵاتی جیھان و
ھەروەھا ١٤٦ فیلم لە دەرھێنەرەکانی ئێرانی لە رۆژانی ٢٠ تا ٢٤ی ژانویەی
٢٠٢١ زایینی لە پەردیسی سینەمایی «ئێران ماڵ» لە شاری تاران
بەڕێوەدەچێت.
بۆ زانیاریی پتر لەسەر ئەم لینکە کرتە بکەن:https://iycs.ir/category/festival
پەیوەندییە گشتییەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
کورتە فیلمی تاران
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|