په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٩

چەند بابەتێک سەبارەت بە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش".

 

مەنسوور جیهانی


ناوبژیوانانی بەشی کێبڕکێی نەتەوەیی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" ناسێندران.


"ئەمیر توودە رووستا"، "نیما جاویدی"، "تەناز تەباتەبایی"، "مێھدی مونیری" و "جیھانگیر نەسری ئەشرەفی" ناوبژیوانی کردنی بەرھەمەکانی بەشی کێبڕکێی نەتەوەیی نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" لە ئەستۆیان دایە.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی نۆھەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش"، پێنج سینەماکاری ئێرانی بە رێژەی ٥٣ فیلمی بەشی کێبڕکێی نەتەوەیی نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" ناوبژیوانی دەکەن. "ئەمیر توودە رووستا"، "نیما جاویدی"، "تەناز تەباتەبایی"، "مێھدی مونیری" و "جیھانگیر نەسری ئەشرەفی" ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی ئەم رووداوە سینەماییە پێک دێنن.

ئەمیر توودە رووستا
"ئەمیر توودە رووستا" لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٢ رێکەوتی ١٣٦١ی ھەتاوی لە کەرەج و دەرچووی بەشی ئەدەبیاتی شانۆگەری لە زانستگای سوورەی تارانە. لە بەرھەمەکانی ئەو دەتوانرێ بە کورتە فیلمەکانی "سەڵام بەڕێز ئەیوەل" ، "تلڕلۆ" واتە (پرشنگدار) ، "رادیۆلۆژی یەک پۆرترە" و "جێگای من لە نێو ژوور رابخە" و ھتد و فیلمی سینەمایی "پات" ئاماژە بدرێت.
فیلمەکانی ئەو تا ئێستا لە فێستیڤاڵەکانی تۆکیۆ (ژاپۆن)، وەرشۆ (پۆڵەندا)، سائۆپائۆلۆ (بەڕازیل)، تفلیس (گورجستان)، واشنگتۆن دی سی (ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا) و ترەنسیلوانیا (رۆمانی) نمایش کراوە.
بەدەستھێنانی خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی سیلویتی فەرەنسا ٢٠١٦، رێزگرتنی تایبەتی دەستەی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی ترەنسیلوانیای رۆمانی ٢٠١٤ و ھەڵبژاردەی فێستیڤاڵی شۆرت شۆرتزی تۆکیۆی ژاپۆن ٢٠١٦ بۆ فیلمی "جێگای من لە نێو ژوور رابخە"، تەندیسی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی ٦٠ چرکەیی کۆپێنھاگی دانیمارک ٢٠١٤ بۆ فیلمی "ئاشتی و جەنگ"، تەندیسی باشترین کورتە فیلمی چیرۆکیی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران ١٣٨٤ و تەندیسی باشترین کورتە فیلمی دەیەمین جەژنی ماڵی سینەما و فیلمی ھەڵبژاردەی سێھەم لە فێستیڤاڵی نەتەوەکانی نەمسا ٢٠٠٧ بۆ فیلمی "تلڕلۆ" واتە (پرشنگدار) لە زومرەی سەرکەوتنەکانی ئەو دێتە ئەژماردن.
ھەروەھا ئەندامێتی لە دەستەی ھەڵبژاردن و دەستەی ناوبژیوانی چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی نەتەوەیی خوێندکاری، فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران، فێستیڤاڵی فیلمی رەزەوی، جەژنی ماڵی سینەما، فێستیڤاڵی فیلمەکانی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی شار، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی رشد واتە گەشە و دەبیری و بەرپرسیارێتی ھەشتەمین جەژنی سەربەخۆی کورتە فیلمی ماڵی سینەما لە زومرەی بەرپرسایەتییەکانی ئەو بووە.

نیما جاویدی
نیما جاویدی لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٩ رێکەوتی ١٣٥٨ی ھەتاوی لە بیجنۆرد و خاوەنی بڕوانامەی ئەندازیاریی میکانیکە. ئەو ئەندامی فەرمی ئەکادیمیای فیلمی ئاسیا پاسیفیک، ئەندامی بنکەی دەرھێنەرانی ماڵی سینەمای ئێران، بنکەی سیناریۆنووسانی ماڵی سینەمای ئێران و ئەنجومەنی کورتە فیلمی ماڵی سینەمای ئێرانە. ھەروەھا ئەندامێتی لە دەستەی ناوبژیوانی بەشی سەرەکیی پەنجاوچوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی خیخۆن لە ئیسپانیا، بەشی سەرەکیی نۆزدەھەمین فێستیڤاڵی فیلمی تفلیس لە گورجستان لە کارنامەیدا ھەیە. نووسین و دەرھێنانی فیلمی سینەمایی "سوورپێست" دوایین چالاکیی کاریی ئەوە.
جاویدی تا ئێستا توانیویەتی خەڵاتی ھرەمی زێڕینی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی قاھیرە، خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە ئەکادیمیای خەڵاتەکانی سینەمایی ئاسیاپاسیفیک، خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی فیلمی ستۆکھۆڵم، خەڵاتی باشترین فیلم لە روانگەی بینەران لە فێستیڤاڵی ئارس لە پۆڵەندا، خەڵاتی باشترین دەرھێنان و باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی فیلمی خیخۆن لە ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین فیلم لە روانگەی ئەنیستیتۆی نەتەوەیی زمان و خوێندنەوەکانی رۆژھەڵاتی فەرەنسا، سیمورغی بلوورینی خەڵاتی تایبەتی دەستەی ناوبژیوانان لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر، خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی فیلمی وارش و خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ئاسیا لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران و ھتد بەدەست بێنێت.

تەناز تەباتەبایی
تەناز تەباتەبایی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٣ رێکەوتی ١٣٦٢ی ھەتاوی لە تاران و دەرچووی دەرھێنانی شانۆیە. لە زومرەی بەرھەم گەلی سینەمایی ئەم ئەکتەرە دەتوانرێ بە "سوورا و سپیاوی خەست" ، "رۆخی دێوانە" ، "ھەرا و تووڕەیی" ، "ویلاییەکان" ، "نیشتەجێی نھۆمی ناوەندی" و "مەرگی ماسی" ئاماژە بدرێت.
ئەو تا ئێستا توانیویەتی چەندین خەڵاتی وەکوو باشترین ئەکتەری دەوری یەکەمی ژن لە ئەنجومەنی رەخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێران، باشترین ئەکتەری ژنی کۆمیدیای تەلەڤیزیۆنی، دیپلۆمای شانازیی جەژنی ئەنجومەنی رەخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێران، لەوحەی رێزلێنانی باشترین ئەکتەری دەوری یەکەمی ژن لە فێستیڤاڵی ژنانی سەربەخۆی ئەمریکا، لەوحەی رێزلێنانی باشترین ئەکتەری دەوری یەکەمی ژن لە فێستیڤاڵی فیلمەکانی ئێرانی سانفڕانسیسکۆ و تەندیسی باشترین ئەکتەری دەوری تەواوکەری ژن لە جەژنی ئەنجومەنی رەخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێران بەدەست بێنێت. تەباتەبایی تا ئێستا سێ جار بۆتە ناوزەدی وەرگرتنی خەڵات لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر.

مێھدی مونیری
مێھدی مونیری لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٤ رێکەوتی ١٣٥٣ی ھەتاوی لە بابول و دەرچووی بەشی دەرھێنان لە کۆلێژی دەنە و رەنگی ئێرانە. ئەو بۆ ماوەی ٧ ساڵ لە رایەڵەی کەناڵی سێی تەلەفیزیۆنی ئێران وەکوو دەرھێنەر چالاکی ھەبووە و لە دوای ئەوە تا ئێستا لە رایەڵەی کەناڵی بەڵگەفیلمی تەلەفیزیۆنی ئێران خەریکی کار و چالاکییە.
فیلمی دیکۆمێنتەری و بەڵگەفیلمەکانی "ئەمیری خونێش" ، "پوورە ئامینە" ، "کرب" ، "سووگ و سەماع" و "تینار" لە زومرەی بەرھەمەکانی ئەوە. مونیری ھەروەھا خەریکی ئامادەکردنی دوو بەڵگەفیلمی "سیوا" و "ویشار"ـە.
سیمورغی بلوورینی باشترین دەرھێنانی بەڵگەفیلم لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر، خەڵاتی باشترین دەرھێنانی بەڵگەفیلم لە جەژنی ماڵی سینەما، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی درێژ لە جەژنی ماڵی سینەما، خەڵاتی باشترین دەرھێنانی بەڵگەفیلمی درێژ لە فێستیڤاڵی نێونەتوەیی سینەما حەقیقەت، خەڵاتی باشترین فیلمی یونێسکۆ لە رێوڕەسمی خەڵاتی ئاسیا پاسیفیک لە ئوستڕاڵیا، تەندیسی رێزلێنانی تایبەتی دەستەی ناوبژیوانانی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی کارلۆوی واری لە کۆماری چیک، باشترین فیلمی فێستیڤاڵی فیلمەکانی ئێرانی لە تۆرنتۆی کەنەدا، خەڵاتی زێوینی رێمی لە فێستیڤاڵی فیلمی وۆرد فێست ھیۆستۆن لە ئەمریکا، پلەی یەکەمی فێستیڤاڵی فیلمی وارش، دیپلۆمای شانازیی و خەڵاتی بەھرەکانی لاوان لە فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی کیش و ھتد بەشێک لە خەڵاتەکان و شانازییەکانی ئەم سینەماکارەیە.

جیھانگیر نەسری ئەشرەفی
جیھانگیر نەسری ئەشرەفی لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٧ رێکەوتی ١٣٣٦ی ھەتاوی لە بێھشەھر لە پارێزگای مازەندەران. ئەو نووسەری بواری خەڵکناسی، گەلناس، گەلناسی بواری مۆسیقا، دامەزرێنەر، دیزاینەر و سەرپەرشتیاری زانستنامەی تەبەرستان و مازەندەرانە. ئەشرەفی بە نزیکەی چوار دەیە تێکۆشان و چالاکییەکانی پیشەیی، زیاتر لە ٥٠ کتێب و بەرھەمی توێژینەوەیی، فەرھەنگی و ھونەری سەبارەت بە فەرھەنگی گەلانی ئێرانی و فەرھەنگی نەتەوەیی ھەیە. ئەم بەرھەمانە لە چوارچێوەی نووسراو، بیستراو و بینراودا چاپ و بڵاوکراونەتەوە. لە زومرەی ئەم بەرھەمانە دەتوانرێ فەرھەنگی وشەکانی تەبەری و وازیگاە ناو ببرێت.
لە ھەرە دیار و بەرچاوترین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی فەرھەنگی، گەلناسی و گەلناسی بواری مۆسیقای ئەم توێژەرە دەتوانرێ بە گەوەسانی پارسی، لێکدانەوەی خونیاگەری و ئاوازچڕین و چیرۆک گێڕانەوە لە ناوچەکانی ئێران، خونیاگەری و ئاوازچڕینی نەورۆزی، کۆچ، شانۆگەری و مۆسیقا لە ئێراندا، وشەنامەی گەورەی تەبەری، مێژووی ئەدەبیات و ھونەری ئێران ئاماژە بدرێت. ئەشرەفی تا ئێستا بەڕێوەبەری چەندین فێستیڤاڵی فەرھەنگی، ھونەری و مۆسیقایی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی لە ئێران لە ئەستۆی دابووە.
 


-------------------------------------------------------------------------------------------------
 


ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان و ھەڵبژاردنی نێونەتەوەیی نۆھەمین فێستیڤاڵی فیلمی "وارش".
 


سێرگئی دورۆتسۆی، مارینا تورۆپیگینا و مێھرداد ئوسکوویی ناوبژیوانی و ھەروەھا بەھمەن ئاقایی، ئیلاھە نەوبەخت و مەجید موەسەقی ھەڵبژاردنی بەرھەمەکانی بەشی نێونەتەوەیی نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" لە ئەستۆیان دایە.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی نۆھەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش"، ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان و ھەڵبژاردنی بەشی نێونەتەوەیی نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" ناسێندران.

سێرگئی دورۆتسۆی، مارینا تورۆپیگینا و مێھرداد ئوسکوویی لە بەشی ناوبژیوانی و ھەروەھا بەھمەن ئاقایی، مەجید موەسەقی و ئیلاھە نەوبەخت لە بەشی ھەڵبژاردنی بەرھەمەکانی بەشی نێونەتەوەیی، نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش"، ئەم رووداوە ھاوڕێیەتی دەکەن.

ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان.

سێرگئی دورۆتسۆی
سێرگئی دورۆتسۆی لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٢ی زایینی سینەماکاری قەزاقستانیە. ئەو دەرھێنەری فیلمی دڕامی "ئایکا"یە کە لە فێستیڤاڵی کانی ٢٠١٨ بووە ھەڵبژاردەی رکابەری بۆ چڵە بەڕووی زێڕین و ئەم فیلمە ھەروەھا خەڵاتی چڵە بەڕووی زێڕینی باشترین ئەکتەری ئافرەتی بۆ خۆی مسۆگەر کرد. سێرگئی بە فیلمەکەی دیکەی بە ناوی "تۆپلان" لە ساڵی ٢٠٠٨ کە رێک یەک دەیە بەر لە ئێستا توانیبووی خەڵاتی جۆرێک ڕوانین بەدەست بێنێت، جارێکی دیکە ھاتە فێستیڤاڵی کان. ئەو دەرچووی کۆلێژی فڕۆکەوانی ئۆکراین و ھەروەھا قوتابخانەی فیلمی مۆسکۆیە.

مارینا تورۆپیگینا
مارینا تورۆپیگینا بەرنامەداڕێژی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی مۆسکۆ، VGIK (دامەزراوەی وێنەگرتنی فیلمی گراسیمۆف) قوتابخانەی فیلمی رووسیا و ئەندامی CILECT (ئەنجومەنی نێونەتەوەیی قوتابخانەکانی فیلم و تەلەڤیزیۆن)ـە و وەکوو ناوبژیوان لە بەشی نێونەتەوەیی نۆھەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" ھاوکاری ھەیە.

مێھرداد ئوسکوویی
مێھرداد ئوسکوویی لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٩ی زایینی رێکەوتی (١٣٤٨ی ھەتاوی) و دەرچووی دەرھێنانی سینەمایە کە زۆربەی بەرھەمەکانی ئەو لە فێستیڤاڵەکانی پڕبایخی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا چەندین خەڵاتی بەدەستھێناوە. ئەم سینەماکارە لە ساڵی ٢٠١٠ توانی نازناوی سیمای کەسایەتی فەرھەنگیی ساڵی جیھان لە لایەن دەزگای فەرھەنگیی "پرەنس کڵاوس"ی ھۆڵەندا بەدەست بێنێت و نازناوی باشترین سینەماکاری بەڵگەفیلمی ساڵی ٢٠١٦ی جیھان لە فێستیڤاڵی (ترۆفاڵس)ی ئەمریکا بۆ خۆی مسۆگەر بکات. ھەروەھا ئەو وەکوو باڵیۆزی فەرھەنگیی بەشی مرۆڤ دۆستانەی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UCHA) چالاکی دەکات. تەندیس و خەڵاتی شەستەمین فێستیڤاڵی فیلمی لەندەن (BFI)، خەڵاتی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە شەست و پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین، تەندیسی فێستیڤاڵی ئیدفای ھۆڵەند، خەڵاتی گەورەی لێژنەی ناوبژیوان لە نۆزدەھەمین فێستیڤاڵی "فوول فرەیم"ی ئەمریکا و ھتد لە زومرەی ئەو خەڵاتانەیە ‌کە ئەم ھونەرمەندە بەدەستی ھێناوە.

ئەندامانی لێژنەی ھەڵبژاردن.

بەھمەن ئاقایی
بەھمەن ئاقایی لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٠ی زایینی رێکەوتی (١٣٣٩ی ھەتاوی) و یەکەمین دەبیری فێستیڤاڵی سینەمای لاوانی ئێرانە. جێگری پەیوەندییەکانی فەرھەنگی و نێونەتەوەیی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران، ئەندامێتی لە لێژنەی ناوبژیوانانی فیلمەکانی لاوانی فێستیڤاڵی یونیکا لە وڵاتی سوید، ئەندامێتی لە ئەنجومەنی سیاسەتدانان و بەرنامەداڕشتنی بازرگانی و کاروباری فێستیڤاڵەکان، بەڕێوەبەری کاروباری نێونەتەوەیی پێنجەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سەوزی ئێران لە زومرەی پێشینە و ئەزموونەکانی پیشەیی ئەم بەڕێوەبەرە فەرھەنگیەیە.

مەجید موەسەقی
مەجید موەسەقی لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ی زایینی رێکەوتی (١٣٥٦ی ھەتاوی) لە شاری نوور لە پارێزگای مازەندەران و دەرچووی بەشی شانۆگەری زانستگای ھونەر و بیناسازییە. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٩ لە VGIK (دامەزراوەی وێنەگرتنی گراسیمۆف)ی رووسیا وانەی خوێندووە. ئەو چەندین کارگە و وۆرکشۆپی زۆری سەبارەت بە سینەما و شانۆ لە ئێران و وڵاتانی دیکە بەڕێوەبردووە. ئەو ئەندامی ئەنجومەنی نێونەتەوەیی رەخنەگرانی فیلم و شانۆ و ئەنجومەنی پیشەیی سینەماکارانی ئەنیمەیشێنیی ئێرانە و ئێستاکە لە زانستگای ETH زووریخ لە وڵاتی سویسڕا لە بەشی خزمەتەکانی راگەیاندن خەریکی کار و چالاکییە.

ئیلاھە نەوبەخت
ئیلاھە نەوبەخت لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧ی زایینی رێکەوتی (١٣٦٦ی ھەتاوی) لە تاران بڵاوکەرەوە و بەرھەمھێنەری نێونەتەوەیی سینەمای ئێرانە. دەرچووی ماستەری بازرگانیی نێونەتەوەیی و بەڕێوەبەری گشتیی بەشکۆی ELI IMAGE و دوایین بەڵگەفیلمی ئەو بە ناوی "دلبەند" لە شەست و نۆھەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەرلین (٢٠١٩) نمایش کرا. نەوبەخت ئەندامی لێژنەی ناوبژیوانانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ژنانی بەیرووت لە ساڵی ٢٠١٩، ئەندامی لێژنەی ناوبژیوانانی سێزدەھەمین فێستیڤاڵی نێنوتەوەیی فیفۆگ لە سویسڕا لە ساڵی ٢٠١٨ و بەڕێوەبەری لێژنەی ناوبژیوانان و دێپارتمانی میوانانی بیانی پێنج خول لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر بووە. ئەو ھەروەھا بەڕێوەبەری بەشی نێونەتەوەیی چەندین فێستیڤاڵ لە ئێران لەوانە فێستیڤاڵی فیلمی شار و فێستیڤاڵی فیلمی یاس بووە. ‌

 

-------------------------------------------------------------------------------------------------



ناوی فیلمەکانی بەشی نێونەتەوەیی نۆھەمین فێستیڤاڵی فیلمی "وارش" راگەیەندرا.
 


بە رێژەی ٢٤ فیلم لە ٦ وڵاتی ناوچەی دەریای کاسپیەن لە بەشی نێونەتەوەیی نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" پێکەوە رکابەری دەکەن.
بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی نۆھەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش"، وڵاتانی ئازەربایجان، ئەفغانستان، ئێران لە بەستێنی شارستانیەتی میراتی ھاوبەش و وڵاتانی تاجیکستان، رووسیا و قەزاقستان کە لە بەستێنی شارستانیەتی میراتی سروشتی ھەڵکەوتوون، بە رێژەی ٢٤ فیلم لە بەشی نێونەتەوەیی نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" بەشدارن.

ناونیشانی ئەم فیلمانە کە لە قۆناغی رکابەری لەم بەشەدا وەرگیراون، بەم پێیەی خوارەوە رادەگەیەندرێت:

فیلمەکانی ئازەربایجان.

"مۆسیقای مەقامیی ئازەربایجان" Azerbaijan mugam لە دەرھێنانی ئەمین میرابۆلایف
"مافوورەی ئازەربایجان" Azerbaijan carpet لە دەرھێنانی شامل عەلی یۆف
"موعجیزەی باڵدار" winged miracle لە دەرھێنانی زەھرا میرزازادە
"خواردەمەنی و خواردنەکانی ئازەربایجان" Azerbaijan cuisine لە دەرھێنانی شامل نەجەف زادە

فیلمەکانی ئەفغانستان.
"فەرشچن" the weaver لە دەرھێنانی محەمەد ئایریک
"دڵۆپ" drop لە دەرھێنانی غوڵام یەحیا جەعفەری
"سفید کەمرەنگ" pale white لە دەرھێنانی غوڵامڕەزا جەعفەری
"سەمفۆنیای سەردەمی تالب شەھیدی" the symphony of Tolibhon shahidi time لە دەرھێنانی ئەلکسیو ئەسیلیف
"کۆنە یادگاری نیشتمانی ئازەر" Ancient Land of Azar لە دەرھێنانی سەمیعوڵڵا عەتایی

فیلمەکانی ئێران.

"خەونە ئاسنییەکان" the iron dream لە دەرھێنانی یاسر تالبی
"تەکلیف: رۆژی ئەنجامدانی ئەرک" takleef the day of duty لە دەرھێنانی عەلی خۆشدوونی فەراھانی
"لۆتوس" lotus لە دەرھێنانی محەمەدڕەزا وەتەن دووست
"ئەفسانەی ‌کر‌می حەوتواد" the myth of Haftvad worm لە دەرھێنانی ئەسغەر سەفار و عەباس جەلالی یەکتا
"سەرسوورھێنەری ئیلھام بەخش" the legendary mystical لە دەرھێنانی مەحبووبە تەبایی عەقدایی

فیلمەکانی تاجیکستان.

"دەرگایەک بۆ لای خودا" a door to God لە دەرھێنانی مەعرووف نویوەفت
"خەونی یەکێتی، ئاواتی پامیر" solidream aspirations of the Pamir لە دەرھێنانی برایان ماسە، مۆرگان مەنچوود و سیفای وەرا
"سۆزی تەنبوور" the crying of tanbur لە دەرھێنانی ئەنیسە سەبیری

فیلمەکانی رووسیا.

"تەقینەوەی گەورە" big boom لە دەرھێنانی مراد نەریمانۆف
"کەھکەشانی گەورە" how big is the galaxy? لە دەرھێنانی کسینیا ئیلیان
"تیۆری ئاوابوونی ھەتاو" the theory of the sunset لە دەرھێنانی رۆمەن سۆکۆلۆف
"ئیمان" لە دەرھێنانی تاتیانا فێدۆرۆفکیا

فیلمەکانی قەزاقستان.

"١٣ کیلۆمەتر" ١٣ km لە دەرھێنانی ولادیمیر تالکین
"وەجاغ" hearth لە دەرھێنانی عەلشیر ژادیگرۆف
"میراتێک لە باوان" ancestors heritage لە دەرھێنانی بریک زاکۆنۆف
لەم بەشەدا، فیلمەکانی بواری زمانی فارسی، میراتی ھاوبەش (ئێران، ئەفغانستان و تاجیکستان) و دەریای کاسپیەن، میراتی سروشتی (ئێران، ئازەربایجان، رووسیا و قەزاقستان) پێکەوە رکابەری دەکەن.
نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" بە دەبیری و بەرپرسایەتی "مێھدی قوربان پوور" لە رۆژانی ٢٩ی ئەپریل تا ٣ی مەی ٢٠١٩ رێکەوتی رۆژانی ٩ تا ١٣ی مانگی گوڵانی ١٣٩٨ی ھەتاوی لە شاری بابول و بە نمایش کردنی ھاوکاتی فیلمەکان لە شارەکانی رامسەر و ساری لە پارێزگای مازەندەران لە باکووری وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.
 


-------------------------------------------------------------------------------------------------
 


نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش"ی ئێران دەستی پێکرد.
 


سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسەتداڕشتنی نۆھەمین فێستیڤاڵی خولی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئەم رووداوە سینەماییە رایگەیاند: بابول یەکێک لە باشترین ناوەندەکانی سینەمایی لە پارێزگای مازەندەران و ئێرانە و بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" وەکوو رووداوێکی نێونەتەوەیی لەم شارە دەتوانێت بەرژەوەندیی زۆری بۆ وڵاتەکەمان ھەبێت.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی نۆھەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش"، رێوڕەسمی کردنەوەی نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" لە سینەما ئازادی بابول بە پێشکەشکردنی "شەھریار رەبانی" بەڕێوەچوو. "مێھدی قوربان پوور" دەبیری نۆھەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" وێڕای بەخێرھاتن بە میوانانی ئێرانی و بیانی رایگەیاند: ئەمساڵ شانازی ئەوەمان ھەبوو ئەم فێستیڤاڵە لە کۆنترین ھۆڵی سینەمای شاری بابول واتە سینەما ئازادی کە ساڵی ١٩٧٤ی زایینی رێکەوتی ١٣٥٣ی ھەتاوی لەم شارە دروست کراوە، بەڕێوەببەین. فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" پێگەی لە نێو خەڵکیدا ھەیە و ھەمیشە دەمانویست ھاوڕێی ئەوان بێت.
قوربان پوور ئەوەشی راگەیاند: ‌بە میوانانی ئەم فێستیڤاڵە بەخێرھاتن دەڵێم و دڵخۆشم لە لەگەڵ ئێوەین. بەو ھیوایەی فێستیڤاڵێکی باش لە تەنیشت یەکتر بەڕێوەببەین.

بابول یەکێک لە باشترین ناوەندەکانی سینەمایی لە ئێرانە.

ھەروەھا "مەحموود شالویی" بەڕێوەبەری گشتی ئیدارەی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای مازەندەران رایگەیاند: ھونەرمەندانی سینەماکار و میدیاکاران لەگەڵ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" بە تەواوی ئاشنایەتییان ھەیە. ئەم فێستیڤاڵە بە پاڵپشتیی پیاوانێکی گەورە لە ساڵەکانی رابردوودا دەستی بە کار کردووە و لەم خولەیدا زیندوو بۆتەوە. بۆ بەڕێوەچوونی ئەم رووداوە کەسانێکی زۆر بەشدارییان کرد. ئیمام جومعەی بەڕێزی بابول و دوکتور نەجەفی بۆ ئەم مەبەستە پشتگیرییەکی زۆریان نواند. ھەروەھا ئەندازیار "نیاز ئازەری" زەحمەتی کێشاوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەندازیار وەلی زادە پشتگیرییان لە ئێمە کردووە.

سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسەتداڕشتنی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" وەبیری ھێنایەوە: ھەروەھا بەڕێز قوربان پوور بە پێداگریی من دەبیریی ئەم فێستیڤاڵەی دیسان گرتەوە ئەستۆ و ئەمڕۆ چاوەری سەرکەوتنی ئەم رووداوەین. پارێزگاری بەڕێز و ھەموو بەڕێوەبەران دەستیان دایە دەست یەکتر، بۆ ئەوەی کە ئەم فێستیڤاڵە بە چۆنایەتییەکی باشەوە بەڕێوەبچێت. ھەروەھا لە کۆبوونەوەی کۆتایی مانگی مەی رێکەوتی رەشەمە بەرپرسان و نوێنەرەکانیان بۆ پاڵپشتی کردنی ھەموو لایەنە لە فێستیڤاڵ ئامادەیی خۆیان راگەیاند. وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و رێکخراوی کاروباری سینەمایی ئێران بە ھەموو توانای خۆیان ھەوڵیاندا بۆ ئەوەی کە ھەر ئەو جۆرەی چاوەڕوانی لێدەکرا، ئەم رووداوە لە چوارچێوەی نێونەتەوەییدا بەڕێوەبچێت. ھەروەھا ئەنجومەنی بەڕێزی شاری بابول، میوانانی ئێرانی و بیانی و ھتد ھەموویان لە بەڕێوەچوونی باشی ئەم رووداوەدا بەشیان ھەیە.

"مەحموود شالویی" لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو: بابول یەکێک لە باشترین ناوەندەکانی سینەمایی لە پارێزگای مازەندەران و ئێرانە. فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" وەکوو رووداوێکی نێونەتەوەیی دەتوانێت بەرژەوەندیی زۆری بۆ وڵاتەکەمان ھەبێت. زۆربەی ھەڵبژێردراوانی فێستیڤاڵەکانی سینەمایی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی کاری خۆیان لەم فێستیڤاڵەوە دەست پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت سینەماکارانی لاوی ئەم خولەش لە درێژەدا سەرکەوتنەکانی لەم شێوەیە دووپات بکەنەوە. ھیوا دەخوازین ئەم فێستیڤاڵە بە ھەبوونی ھەنگاوگەلی بنەڕەتی و ئەو کۆڕ و کۆمەڵانەی دامەزرێندراون، ئیدی لە چالاکی نەوەستێت و بەردەوام چالاک و زیندوو بە کاری خۆی درێژە بدات.

لە درێژەی بەرنامەکەدا کورتە فیلمی "لۆتوس" لە دەرھێنانی محەمەدڕەزا وەتەن دووست بۆ میوانان نمایش کرا.

پێشکەش کردنی پارچە مۆسیقای "بەھاران" لە لایەن گروپی وەزیری بەشێکی دیکەی ئەم رێوڕەسمە بوو. "عەلی ئەسغەر رۆستەمی" گۆرانیبێژ، "مەحموود ھەراسانی" ژەنیاری سەنتوور، "حوسێن نەورۆزی" ژەنیاری نەی، "مازیار مەنسووری" ژەنیاری کەمانچە، "بورزوو بەھرامی" ژەنیاری تونبەک و ئامێرە دەھۆڵییەکان، "مەجید محەمەدی حاجی" سەرپەرشتیاری گروپ و ژەنیاری تار ئەندامانی ئەم گروپی مۆسیقایە پێک دێنن.

ئانتوان لابچێنکۆ، سێرگئی دورۆتسۆی، ئیدوارد پیچۆگین، "حوسێن نیاز ئازەری" نوێنەری خەڵکی بابول و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنی عەمران و ئاوەدانکردنەوەی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، "عەلی نەجەفی" نوێنەری خەڵکی بابول و وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، "قوربانعەلی وەلی زادە" جێگری پارێزگاری مازەندەران، "مەحموود شالویی" بەڕێوەبەری گشتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای مازەندەران و سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسەتداڕشتنی نۆھەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش"، "حوجەتولئیسلام وەلموسلمین باباییان" ئیمام جومعەی شاری ئەمیرکەلا، "مێھدی قوربان پوور" دەبیری نۆھەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش"، مێھرداد ئوسکوویی، بێھزاد فیرووزی، محەمەدڕەزا وەتەن دووست، "ئارەزوو وەلی پوور" سەرۆکی کتێبخانە گشتییەکانی بابول، کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەرانی شارستانی و چەندین کەسی دیکە لە زومرەی میوانانی ئەم رێوڕەسمە بوون.

ھەروەھا "ئیلاھە نەوبەخت" بەڕێوەبەری بەشی نێونەتەوەیی، "ناسر موحسینی" بەڕێوەبەری ئیداری و ماڵی، "حامید بارئی تەبەری" بەڕێوەبەری ھونەری، "مورتەزا رەنجبەران" بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن، "عەباس ئەبولحەسەنی" بەڕێوەبەری بەشی بۆنە و رێوڕەسمەکان، "سەید رەزا سائمی" بەڕێوەبەری وۆرکشۆپ و کارگەکانی فێرکاری و کۆبوونەوەکانی پسپۆڕانە، "مورتەزا کازمی نیا" بەڕێوەبەری دەبیرخانە و نووسینگەی فێستیڤاڵ، "میکائیل حەقانی" بەڕێوەبەری کاروباری خوازیاران، "رەزا ئەڵماسی" بەڕێوەبەری تەکنیکی و نمایش کردنی فیلمەکان، "جەواد ساحیبیان" بەڕێوەبەری بانگەشەی فێستیڤاڵ، "حەسەن تەنابی" بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیا و زانیاری لە رێوڕەسمی کردنەوەی نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" ئامادەبوون.

نۆھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "وارش" بە دەبیری و بەرپرسایەتی "مێھدی قوربان پوور" لە رۆژانی ٢٩ی ئەپریل تا ٣ی مەی ٢٠١٩ رێکەوتی رۆژانی ٩ تا ١٣ی مانگی گوڵانی ١٣٩٨ی ھەتاوی لە شاری بابول و بە نمایش کردنی ھاوکاتی فیلمەکان لە شارەکانی رامسەر و ساری لە پارێزگای مازەندەران لە باکووری وڵاتی ئێران درێژەی دەبێت.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک