په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٠\٢٠١٩

چەند بابەتەک سەبارەت بە پەنابەران.

 

 

گرتنی پەنابەران لە تورکیا درێژەی هەیە.


لە بەرواری ٣/١٠/٢٠١٩ لە ناوچەی ڤۆجا چەشمە سەر بە شاری ئەزمیر ٥٩ پەنابەر لە دوو شوێنی جیاواز دەستگیرکران، ٥٠ پەنابەریان خەڵکی سوریا بوون، ٧ پەنابەریشیان فەڵەستینی بوون، ٢ پەنابەریش خەڵکی سۆماڵ بوون، هاووڵاتیەکی تورکیش لە نێو پەنابەرە دەستگیرکراوەکاندا بوو کە بە نیاز بوو لەگەڵ پەنابەرەکاندا کۆچ بکا.


لە ناوچەی ئایڤاچەکی سەر بەشاری چەنکاڵێش ٢١٥ پەنابەر دەسگیرکران کە سەرجەمیان خەڵکی سوریا و ئەفغانستان بوون بە نیاز بوون بپەڕنەوە بۆ دوورگەی لیسبوسی یۆنانی.


لە ناوچەی داتچای سەر بە شاری مۆغڵاش ٢٣ پەنابەر دەستگیرکران کە بە نیاز بوون بپەڕنەوە بۆ دورگەی سیمی یۆنانی،٢٠ پەنابەریان خەڵکی سوریا بوون، ٢ پەنابەریشیان خەڵکی فەڵەستین بوون، ١ پەنابەریشیان خەڵکی عێراق بوو، لە نێو پەنابەرە دەستگیرکراوەکاندا ٤ ژن و ٧ منداڵی تێدابوو.

 


ھیوا خدر - ئەندامی فیدراسۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------

 

 


ئاماری گرتنی پەنابەران لە تورکیا.

 


لە بەرواری ١/١٠/٢٠١٩ لە ناوچەی دیدمی سەر بە ئایدن ٨٨ پەنابەر دەستگیرکران.

 

لە بەرواری ٢/١/٢٠١٩ لە ناوچەی ئۆرلای سەر بە ئەزمیر ٣٤ پەنابەر و دوو قاچاخچی دەستگیرکران ٢ پەنابەریان فڵستینی بوون ٣٢ پەنابەریشیان سوری بوون.


لە بەرواری ٢/١٠/٢٠١٩ لە ناوچەی ئایڤاچەکی سەر بەچانکاڵێ ٢٤ پەنابەر دەستگیرکران کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون بەنیازبوون بپەڕنەوە بۆ دورگەی لیسبوسی یۆنان.

 

پۆلیسی پاسەوانی دەریایی تورکیا سەر بە وەزارەتی ناخۆ ئەمڕۆ ٣/١٠/٢٠١٩ ڕایگەیاند لە بەرواری مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٩ تا بەرواری ٢٧/٩/٢٠١٩ (٣٦.٦٠٠) سی و شەش ھەزارو شەش سەد پەنابەریان لەکەنارە ئاویەکانی تورکیا دەستگیرکردوە، ٢٩ پەنابەریش لە ناو دەریایی ئیجە خنکاون و گیانیان لەدەست داوە ھەروەھا ٥١ قاچاخچیش دەستگیر کراوە.


ھیوا خدر - ئەندامی فیدراسۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------

 

 


پێویستمان بە ھاوکارییە سەبارەت بە چارەنووسی ھاولاتییەکی شاری ھەولیر.


ھۆشەنگ تەلعەت ھەمزە ھاولاتیەکی شاری ھەولیرەو لەدایک بووی ١/٧/١٩٦٩ دوای ئەوەی لەبەرواری ١٣سپتامبەری ٢٠١٩ ڕۆژی ھەینی لە ھەولێرەوە بەرەو ئەستەمبوڵ بەڕێدەکەوێت پاشان بەرەوو ولاتی یۆنان و ھەمان ڕۆژ لەلایەن پۆلیسی یۆناوەوە دەستگیر دەکرێت و شەوی ٢٥ سپتامبەر دیپۆرتی تورکیا دەکرێتەوەو لەو بەروارەوە بەرەودوا کەس وکاری ھیچ ھەواڵێکیان لە ھۆشەنگ نەماوە.


لقی کوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی داوای یارمەتیی و ھاوکاریی لە سەرجەم پەنابەران لەتورکیا دەکا سەبارەت بە ھۆشەنگ ھەر زانیاری وھەواڵێکتان ھەیە ئەوا لقی کوردستانی فیدراسیۆن لەو ژمارە تەلەفونانەی خوارەوە وەیان سکرتاریتی فیدراسیۆن لەدەرەوە ئاگادار بکەنەوە لەھاوکاری وپەرۆشیتان ئەوپەری سوپاس گوزاردەبین.

ئامانج عەبدولا سەعید - بەرپرسی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی / لقی کوردستان
ژمارەی تەلەفون: ٠٧٧٠٢٢٠٤٨٤٤
ئیمیل:
ifir_kb@hotmail.co.uk
ھاوژین محەمەد ئەمین
ژمارەی تەلەفون: ٠٧٥٠٨٢٢٨١٩٢
ئیمیل: ifir_kb@hotmail.co.uk


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە کوردستان
٢\١٠\٢٠١٩

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------

 

 


فیدراسیۆن بۆ سۆراخی ھاولاتیەکی شاری سلێمانی گەیشتە سنووری نێوان تورکیا و یۆنان.

 


ھاوژین محەمەد بەرپرسی نووسینگەی لقی کوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بە ناوەندی ھەواڵگری فیدراسیۆنی ڕاگەیاند "دوایی ئەوەی کەسوکاری ئەرسەلان حەسەن لقی کوردستانی فیدراسۆنیان ئاگادارکردوە سەبارەت بە چارەنوسی ئەرسەلان، سکرتێری فیدراسیۆن) دەشتی جەمال( رۆژی ٢٦/٩ گەیشتە شاری ئەدرنەوە وئەنز دوا نوقتەی سنوری نیوان تورکیا ویۆنان وە بۆ سواخی ئەرسەلان لەگەل بنکەی پۆلیسی ئەو شارانەوە و پۆلیسی دەریاوانی ئەنز کۆبووە...".


ھاوژین ئەوەشی ووت"بنکەی پۆلیس بە سکرتێری فیدراسیۆنیان ڕاگەیاندوە ناوی ئەرسەلان لەنیو ئەو لیستەدا نیە کە تەرمەکانیان لەنێوان سالی ٢٠١٨ وە ٢٠١٩ دا لەو سنورە دۆزراونەتەوە..".


ھەروەھا وتیشی"بنکەی پۆلیس بە سکرتێری فیدراسیۆنیان ووتوە سەردانی بنکەی جەندرمەی شاری ئینز بکات، ئەوانیش ھەمان رۆژ سەردانیان کردون بەوھۆیەوەی کۆمپیتەرەکەیان ئەو رۆژە کاری نەکردوە بەلینیانداوە ئەوانیش بەولیستەدا بچن کە لەوبەروارەدا دۆزراونەتەوە وئەگەر ئەرسەلان لەنیو ئەو ناوانەدا بوو ئەوا فیدراسیۆن ئاگادار بکەنەوە..".


ئەرسەلان حەسەن ھاولاتی شاری سلیمانیەوە خاوەنی سی مندالە لەبەرواری ٣١/٧/٢٠١٨ لەکاتی پەرینەوەی لەرووباری نیوان بولگاریا وتورکیا لە نزیک شاری ئەدرنە دیار نامێنیت. فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە ھەواڵەکانی بەردەوامە بەشۆین ئەرسەلان وسەرجەم ئەو لیستە لە ھاولاتیانی بێ سەروشۆین بوو لە ڕێگای ژیانی پەنابەریدا.
 

ناوەندی ھەواڵگری فیدراسیۆن

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------

 

 


ژمارەیەک پەنابەری کورد لە ناو خاکی یۆنانەوە بە برینداریی رەوانەی تورکیا دەکرێنەوە.

 


"س" پەیوندی کرد بە ناوەندی ھەواڵگری فیدراسیۆنەوە کە خۆی یەکێکە لەو پەنابەرە بریندارانەو ئەم نامەیەی ناردووە:


ئەوکاتەی بەڕێ کەوتین سەعات (١١) شەو بوو بۆ (٣) شەو لە ئاو پەڕینەوە گەیشتینە خاکی یۆنان ھەر ئەوشەوە لە سەعات (٣)وە بەڕێکەوتین تا (٦) بەیانی بە پێ ڕۆشتین، دوای خەوتین تا نیوەڕۆ دوای ئەوە بەڕێ کەوتینەوە بەپێ تا سعات (١)ی شەو.


لەو کاتەوە ماینەوە تا (٤) ڕۆژ بێ خواردن و بێ ئاو وە ھیچ جلو بەرگێکی پێویستمان پێ نەبوو کە بەرگەی سەرما بگرێ لەدوای (٤) ڕۆژ سەیارە ھات (١٣) کەسی برد بەڵام (١٣) کەس جێماین تا (٤) ڕۆژی تر ھەر ئەو ڕۆژە سەیارە ھاتەوە بە شوێنمانا واتا دوای (٨) ڕۆژ ، ئێمە (٦) کەس بوین بە سەیارێکی ٢ دەرگای جۆر فیات ڕۆیشتین تا (٣٠) دەقە بێ کێشە ڕێگەمان بڕی بەڵام دوای ئەو (٣٠) دەقەیە سەیارەی پۆلیس دوامان کەوت دوی چەند دەقە سەیارەکان زیاد بون بە چەند سەیارەیەک و چەند ماتۆرێک دوای ئەوەی کە سایەقەکە نەوەستا تەقەیان لێ کردین دواتر (٣) تایەی سەیارەکەیان تەقاند سەیارەکە لە جادە لایدا لە خێرایەکی زۆرا.


دوای بوو بە ڕوداو سەیارەکە وەستا کەوتە ناو زەویەکی کشتو کاڵەوە، دوای ئەوە پۆلیسەکان ھاتن بە لێدان بە داری پۆلیسی لیێیان داین دەریان ھێناین لە سەیارەکە ئینجا لە سەرزەوی پاڵیان خستین بە نزیکەی (٢٠) بۆ (٣٠) پۆلیس بە ھەموو شێوەیەک لێیان ئەداین بێ بەزەیانە بێ ئەوەی ھیچ بپرسن.


دوای ئەوە، بە زۆر ئەیان ویست یەکێک لە ئێمە بکەن بە سایەق کە سایەقەکەش ڕای کردبوو، دوای ئەوە ھەر بە لێدان و سوکایەتی پێ کردن بردیانین بۆ ناو سەیارەکانیانو بردنیان بۆ گرتوو خانەکە ھەر بە لێدان دایان بەزاندین و بە ھەموو شێوەیەک ئێمەیان پشکنی بە سوکایەتیەوە ، دواتربە لێدان بردنیان بۆ ناو ژورەکان.


گرتوخانەکە ھێلێکی شەمەندەفەر بە بەردەم ژوری گرتو خانەکانا ئەڕۆیشت ، ناو گرتو خانەکە ھیچ شتێکی ڕا خراوی لێ نەبوو تەنھا قە ڵەوێرەی ئاسن بوو ئەوشەوە تا بەیانی لە تاو ئازاری گیانمان و سەرما خەومان لێ نەکەوت ئێمەیان شەو ڕۆژێک ھێشتەوە بێ ئەوەی خواردنمان پێ بدەن ، دوای ئەوە سەیارەیەکی عسکەری کەپسیان ھێناو کۆمەڵە کەسێکی تریان ھێنا لەگەڵ ئێمە کردیانە ناو سەیارەکە بردینیان بۆ قەراغی ئەو ئاوەی کە ئەچێتەوە بۆ تورکیا لەوێوە بە چوپی گەورە ماتۆری پێوە بوو ئێمەیان (١٥) کەس خستە ناو ئاوەکە پەراندەوە بۆ سنوری تورکیا لەوێ وتیان خۆتان بڕۆن، دوای ئەوەی بەرێ کەوتین گەیشتینە لادێیەک لەوێ سەیارێکی پۆلیس بەرەو ڕومان ھات لێیان پرسین چی ئەکەن لێرە وتمان لە سنوری یۆنانەوە ڕەوانە کراوینەوە بۆ ئێرە ئەوانیش ڕێزێکی مرۆڤانەیان لێ گرتین و سەریان خستین بۆ نزیک ترین شوێنی خۆیان لەوێ ماینەوە تا شەوی دواتر ، دوای ئەوە بردنایان بۆ کەمپ ،لە کەمپ خواردناین پێداین ڕێزێکی مرۆڤانەیان لێ گرتین من ئازارێکی زۆرم ھەبوو پەراسوم ئازاری پێگەیشت بوو وتم ئازارم ھەیە وتیان ئەتبەین بۆ نەخۆشخانە بەڵام.


لەبەرئەوەی من چەند شەوێکبوو نە خەوتبوم وتم ئەخەوم تا بەیانی بەڵام بەیانی کە وتیان ئەمڕۆ دەر ئەچن لە کەمپ من وتم خۆم ئەڕۆم بۆ نە خۆشخانە نەم ویست زیاتر تاخیر ببم لەبەر ئەوەی موبایلم پێ نەبوو ژمارەی کەسی خۆمانم بیر نە ما بوو تا ھەواڵی خۆمیان پێ بڵێم لە خەمی ئاوانیش بووم تا زوو بگەمەوە لایان یان لە ھاوڕێکانم لە ڕێگای ئینتەرنێت ھەواڵم بگەیەنم ، دوای ئەوە لێیان پرسین خەڵکی کام وڵاتن ئێمەش ئەوامان پێ وتن دواتر پاسیان ھێناو بە پاس بردنیان بۆ ئۆتۆ گار وتیان ئەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆتان. بێئەوەی ھیچ بێ ڕێزیەکمان پێ بکەن لە خاکی تورکیادا ، پاشان ھەر لە ئۆتۆ گارئازارم ھەبوو وتم وا باشە بڕۆن بۆ نە خۆشخانە ، چوم بۆ نەخۆشخانە چارە سەرم وەر گرتوو. بەڵام ئەوەیجێگایدڵ خۆشیم بوو لە خاکی تورکیا دوبارە ھەستم بە وە کردەوە کە لە ژیان دەمێنم دوا ئەو ھەمو بێ ویژدانیەی بەرامبەرم کرا لە خاکی یۆنان.


تێبینی: بۆ پاڵپشتی ڕوداوەکە شاھیدم ھەیە کە لە ڕوداوەکە لە گەڵم بووە.


٣٠\٩\٢٠١٩
ناوەندی ھەواڵگری فیدراسیۆن

 

 

 

----------------------------------------------------------------------------------

 

 


ئاماری پەنابەران لە تورکیا.

 


ووڵاتی تورکیا یەکێکە لەو ووڵاتانەی بەھۆی شۆێنی جوگرافیای کە ولاتیکە سنوری بەزۆربەی ئەو ولاتانەوەیە کە کیشەو جەنگو ململانی ھیزە ئیمریالیستی وناوجەیەکانی تێدا دەچێتە پیشەوە زۆرترین ڕێژەی پەنابەر لە ولاتی تورکیا گیرساونەتەوە، بەتایبەتی پەنابەرانی سوری ھەروەھا تورکیا یەکێکیشە لەو ووڵاتەی کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاوە ھاوکاری دارایی زۆریان خستۆتە ئیختیارەوە بە مەبەستی ھاوکاری پەنابەران بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا بە سەدان ھەزار پەنابەر لەژێر ھێڵی ھەژاریدا دەژین.


بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لە تەواوی جیھاندا نزیکی ٧٠ ملیۆن پەنابەر ھەن کە بەھۆی جەنگ ونائارامی وھەژاری وبیکاری و نەژاد پەرستی و ئاوارەو پەنابەربوون بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە ڕێژەیەک لەو پەنابەرانە دەستنیشان دەکات بۆ ووڵاتی سێیەم کە پێی وایە باشترین چارەسەرە تا لە ئارامی و دوور لە توندوتیژی و ڕووبەڕووبونەوەی مەرگ ڕزگاریان ببێت بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو ووڵاتانەی پەنابەر وەردەگرن زۆر کەمن ساڵانە کەمتر لە ١٪ پەنابەر وەردەگرن ئەو ووڵاتانەشی کە زۆرترین ڕێژەی پەنابەر لە نەتەوەیەکگرتووەکان وەردەگرن پێک ھاتوون لە (ئەمەریکا و کەنەدا و ئوستراڵیا و باکووری ئەورووپا....) بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە ئەمەریکا پشتی لەوەرگرتنی پەنابەران کردووە بەپێی ئاماری فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٨ دا کەیسی زیاتر لە ٨١،٣٠٠ پەنابەری خستۆتە بەردەم ئەو ووڵاتانە بۆ مەبەستی نیشتەجێکردنیان بەڵام لەو ڕێژەیە تەنھا ٥٥،٦٠٠ ھەزار پەنابەر لەلایەن ئەو ووڵاتانەوە قبوڵکراون ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم کراون لەو ڕێژەیەش تەنھا ٩٠٠٠ ھەزاری بەر تەواوی پەنابەرانی تورکیا کەوتووە.


ڕێژەی پەنابەران لە تورکیا بە داتا:


یەکەم: زیاتر لە ٣،٦٠٠،٠٠٠ سێ ملیۆن و شەسەد ھەزار پەنابەری سوری .
دووەم:١٦٩،٠٠٠ سەدو شەست و نۆ ھەزار پەنابەری ئەفغانی.
سێیەم:١٤٣،٠٠٠ سەدو چل و سێ ھەزار پەنابەری عێراقی.
چوارەم:٣٥،٠٠٠ سی و پێنچ ھەزار پەنابەری ئێرانی.
پێنجەم: ٤٨٠٠ چوار ھەزارو ھەشت سەد پەنابەری سۆماڵی.
شەشەم: ١٠،٠٠٠ پەنابەرانی ووڵاتانی جیاواز.

کۆی گشتی ڕێژەی پەنابەران لە ووڵاتی تورکیا نزیکی ٥،٠٠٠،٠٠٠ پێنچ ملیۆن پەنابەرە چونکە بەسەدان ھەزار پەنابەر ھێشتا لەلایەن تورکیاوا بە فەرمی تۆمار نەکراوە کە زۆرترینیان سورین ڕۆژانەش ڕووی لە زیادبوونە.


ھیوا خدر - ئەندامی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا
٣٠\٩\٢٠١٩

 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک