په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠٢٢

چەند بابەتێک سەبارەت بە

ناردنی پەنابەران بۆ رواندا و ناردنەوەی پەنابەران بۆ کوردستان.

 

 

دژ بە ناردنی پەنابەران بۆ روندا خۆپیشاندان رێکدەخرێ.

 

 

 

 

 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

فیدراسیۆن بەڵگەی رێککەوتن بۆ ناردنەوەی پەنابەران بۆ رای گشتیی ئاشکرادەکا.


لە نامەیەكدا کە بەدەستی ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆن گەیشتووە "تۆم پیرس گلۆڤ وەزیری دادو کاروباری کۆچ و پەنابەری نایاسایی، لەنامەیەکدا کە لەبەرواری ٦ی نیسان ٢٠٢٢ ئاڕاستەی دکتۆر (نزار خەیروڵا) جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق دەکات و سوپاسگوزارە لەگەیشتن بە ڕیککەوتن سەبارەت بەناردنەوەی پەنابەران"

لەنامەکەدا هاتووە". ناردنەوە بە گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش دەتوانێ ناردنەوەی کوردە عێراقیەکان سادە و ئاسان بکات کە پێکدێن لە ژمارەیەکی بەرچاو لە لە بەریتانیا. "

هەر لەو نامەیەدا هاتووە" سوپاس بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێدانی دۆکیومێنت( یارمەتی پێدانی دۆکیومێنت و بەڵگەنامە /ناسنامە ) کە یارمەتی دەدات لە زاڵبوون بەسەر هەر کۆسپ وتەگەرەیەکی ترانزێت (پەڕینەوە) لەبەغدا."

لە پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ دەشتی جەمال سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سەبارەت بەم نامەیە ووتی"ئەم نامەیە بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ ڕیککەوتنی نێوان حکومەتی عێراقی وحکومەتی بەریتانیا سەبارەت بە بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران، ئەمە کارێکی نایاسایی وە هاوکات تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر چارەنووسی دەیان پەنابەر کەبەرهەمی داسەپاندنی هەلومەرجێکی ئەوپەڕی نامرۆڤانە لە سەرکو ت وبێکاری هەژاری ونەبوونی خزمەتگوزاری و بێمافی بەسەر کۆمەلگادا دایانسەپاندووە ، لەدەرەوەش دەست لەیەخەی پەنابەران ناکەنەوە و پەنابەریان کردۆتە وەرقەیەکی سیاسی وئابووری لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیەکانیان. بۆیە پێویستە بەتەواوی تواناوە لە ئاستی دەرەوەو ناوەوە بەدژی ڕابوەستین"

ئەوەشی ووت"هاوکاری وئاسانکاری بۆ سیاسەتی بەزۆرناردنەوەی پەنابەران بە مانای نائومێدکردنی دەیان گەنجە کە بە هەزار و یەك دەردەسەری و رێگای ترسناك گەشتونەتە بەریتانیا، بەمانای ماڵوێرانکردن و دابڕانی دەیان خێزان ومناڵە لەیەکتری کە ژیانیان لەم ووڵاتە دامەزراندووە ،بەمانای خاڵیکردنەوەی دەیان سفرەی خەڵکی هەژارە لەکوردستاندا کە بەشێکی بەرچاویان سەرچاوەی بژێویان کەسێکە لەهاندەران، ئەمە جگە لەوەی هەڵبژاردنی شۆینی ژیان ونیشتەجێبوون و وەرگرتنی مافی مانەوە لەهەر ووڵاتێك سەرەتاییترین مافێکە کە پێویستە هاووڵاتیانی کوردستان وعێراق لێی بەهرەمەند بن و مافی هیچ حکومەت و دەسەڵاتێك نیە ئەو مافە لەهاووڵاتیان وەربگرێتەوە"

دەشتی ئەوەشی ووت"پیویستە پەنابەران بەخەباتی یەکگرتووی و کۆبوونەوەمان لە دەوری فیدراسێون و خۆرێکخراوکردن بەپشتیوانی خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست وڕێکخراوەکانی بۆ ناکامکردنەوەو شکستپێهێنانی تەواوی ئەم ڕێککەوتننامەیەی نێوان حکومەتی بەریتانیا و عێراق وهەرێم ، بەردەوامی بدەین بە ناڕەزایەتیەکانمان "

لە ئێستادا زیاتر لە ٦٠ پەنابەر کە زۆربەیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن لەژمارەیەك لە گرتووخانەکانی بەریتانیا ڕاگیراون .فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی کەمپەینێکی ڕاگەیاندووە لە پێناو بەرگرتن بە ناردنەوەی ئەو پەنابەرانە وئازادکردنیان.
____________________________________________________

لە: وەزارەتی نێوخوی بەریتانیا
تۆم پێرس گلۆڤ
وەزیری داد و کاروباری کۆچ وپەنابەری نایاسایی
٢ مارشام ستریت، لەندەن
٦ی ئەپریل (نیسان) ٢٠٢٢

بۆ:
بەرێز جەنابی نزار خەیروڵا جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق
بەڕێز باڵا مەقام

سوپاسگوزارم کە گەیشتین بە ڕێکەوتن لەسەر چەندین پرسی گرنگ سەبارەت بە ناردنەوە (گەڕاندنەوە) کە لێرەدا کورتم کردۆتەوە بۆ ئاسانکردن:

ناردنەوە بە گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش دەتوانێ ناردنەوەی کوردە عێراقیەکان سادە و ئاسان بکات کە پێکدێن لە ژمارەیەکی بەرچاو لە عێراقیەکان لە بەریتانیا. هەروەها سوپاس بۆ ڕێکەوتن لەسەر پێدانی دۆکیومێنتەوە (یارمەتی پێدانی دۆکیومێنت و بەڵگەنامە / ناسنامە) کە یارمەتی دەدات لە زاڵبوون بەسەر هەر کۆسپ وتەگەرەیەکی ترانزێت (پەڕینەوە) لە بەغدا.

 

 

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

١\٦\٢٠٢٢ - بەریتانیا

 

 

 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

جیرمی کۆربن سەرۆکی پیشوی لیبەر پارتی داوادەکا چاوپخشێننەوە بە ناردنەوەی پەنابەران.


لەدرێژەی کەمپەینی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی دژ بە ناردنەوەی پەنابەرانی کورد جیرمی کۆربن سەرۆکی پیشوی لیبەر پارتی ئەمرۆ ۳٠_٥_۲٠۲۲ سەبارەت بەبریاری ناردنەوەی پەنابەران نامەیەکی نارەزایەتی ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی بەرتانیاکرد زۆر بەتوندی دژی ئەم
بڕیارە کتوپڕانەیە
کە وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە لەسەر ئامادەکردنی بەتایبەتیش پرۆسەکە بەشێوەیەکی دڵڕەق بەڕێوەدەچێ. داوا دەکات کە پەنابەرێک دەبێ پێشتر بە چ جەھەنەمێکدا تێپەڕیبێت پێش ئەوەی دەست بە پرۆسەی پەنابەری بکات. زۆر گرنگە بە شێوەیەکی ئینسانی بەرامبەر بە پەنابەران و پەناخوازان مامەڵە بکەین و بەردەوام نەبین لەسەرئەوەی بەزۆر پەنابەران بنێرینەوە گوایە لە کۆمەڵگایەکی خەمخۆر بۆ کۆمەڵگەیەکی تا ڕادەیەکی زۆر زبر.
 

دەقی نامەکە لە خوارەوە ھاتووە:


بەڕێز پریتی پەتێڵ
وەزیری ناوخۆ، لەندەن

بەڕێز وەزیری ناوخۆ

نامەی ھاوپێچ لەلایەن IFIR (فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی) زۆر باشتر لەوەی من بتوانم سەبارەت بە پلانی ناردنەوەی پەناھەندە بۆ ھەولێر سبەی ٣١ی ئایار باسبکەم.

ئەو ڕاستیانەی کە تێیان دەگەم ئەوەیە کە ھەندێک لەو کەسانەی لەو ناردنەوەدا دەبن بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

• ھێشتا خەریکی پرۆسەی یاساییە و کێشەکەشی یەکلایی نەکراوەتەوە کەچی دەستگیرکراوە و ھەورەھا لەلایەن ستافی بنکەی دەستبەسەرکردن بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە (دڵنیام بابەتێکە پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتری تیابکرێ).
• پێویستی پزیشکی جدییان ھەیە کە تا ئێستا پشتگوێخراون.
• خەڵکی ھەولێر نین و لەوێ بەجێبھێڵرێن بێ ھیچ پەیوەندی خێزانی و ھاوڕێیەتی.
• لێرە جێگیر بووە، پەیوەندی نزیک و فراوانیان بە خەڵک و خێزانەکانەوە ھەیە و تیایاندایە ھاوسەر، باوک و باپیر.
• لە ھەندێک حاڵەتدا لێرە لە دایک بوون و بە ناپێویستی لە ڕەگ ڕیشەوە ھەلئەکەنرێن.

جگە لەوەش، عێراق لە دۆخێکی ئاڵۆزی بەردەوامدایە بەھۆی شەڕی عێراقەوە و ئێمە بەرپرسیارێتییەکی بەرچاو لە ئەستۆماندایە لە بەرامبەر زەبر و زەنگی پەیوەندیدار بە ھەر کەسێک لەوێ یا لە ناوچەکە دەژی.

وەک گەلێکی چەوساوە، بە تایبەتی کۆمەڵگای کوردی تووشی تەنگانەیەکی بەردەوام و ترسناک بووە، ئێمەش قەرزاری ئەوانین کە دۆخی چارەسەرنەکراوەکەیان خراپتر نەکەین، زۆرێکیان بە درێژایی ژیانیان نەک جارێک بەڵکو دوو سێ جار ھەڵاتوون.

من بە توندی دژی ئەم گەشتە کتوپڕانەیەم کە وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە لەسەر ئامادەکردنی بەتایبەتیش پرۆسەکە بەشێوەیەکی دڵڕەق بەڕێوەدەچێ. داواتان لێدەکەم ھەوڵ بدەن و بیخەنە بەرچاوتان کە پەنابەرێک دەبێ پێشتر بە چ جەھەنەمێکدا تێپەڕیبێت پێش ئەوەی دەست بە پرۆسەی پەنابەری بکات. زۆر گرنگە ئێمە بە شێوەیەکی ئینسانی بەرامبەر بە پەنابەران و پەناخوازان مامەڵە بکەین و بەردەوام نەبین لەسەرئەوەی بەزۆر پەنابەران بنێرینەوە گوایە لە کۆمەڵگایەکی خەمخۆر بۆ کۆمەڵگەیەکی تا ڕادەیەکی زۆر زبر.

ھیوادارم ببیستم کە تۆ ئامادەیت چاو بە پلانەکانتدا بخشێنیتەوە.
لەگەڵ ڕێزم!


جیرێمی کۆربن
ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا

 

 

 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------


 

 

ناڕەزایەتیمان کرد تا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ناردنەوەی پەنابەرانمان لە بەریتانیا راگرت!


سوپاسنامەیەك بۆ تەواوی ڕێکخراوە پەنابەری و ئینساندۆست و چەپ و رادیکالەکان و یەکێتیە کرێکاریەکان، بۆ ئەو پەرلەمانتار و کەسایەتیانەی کە لەم هەڵمەتەدا هاوکارو هاوبەشمان بوون، بۆ هەموو ئەو ئازادیخوازانەی کە بەهەر ڕێگەیەك بووبێت لەم کەمپەینەدا هاوکارمان بوون و پەنابەران و کەسوکاریان تەنها جێنەهێشت!


بەرێزان!

دڵنیام ئێوە خۆتان چەند ڕۆژێکە ئاگادارن کە بەهۆی بڕیاری ناردنەوەی ژمارەیەك لە پەنابەرانی کوردزمان، چون و لە چ ئاستێکدا فیدراسێونی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە مەیداندا ئامادەبووەو بەردەوام لە هەموو ڕێگەیەکی گونجاو و یاسایی و ناڕەزایەتی دەربڕینەوە لە هەوڵدابووە بۆ ڕاگرتنی ئەم بڕیارە دژی ئینسانیەی هۆم ئۆفیس، کە دەکرا بێتە هۆی نا ئومێدو کارەسات و رووداوێکی یەکجار خەمگین کە بەرۆکی بە دەیان خێزان گرتبوو کە بە دڵنیاییەوە هەر ئەمەش دواتر ڕێگەی خۆشدەکرد بۆ ئاساییکردنەوەی ناردنەوەی سەدان کەسی ترو ڕەنج خەسارکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە ساڵەهای ساڵە بە قیمەتی قوربانیدانێکی یەکجار گەورە هاتوونەتە بەریتانیا و بەئومێدی ژیانێکی خۆشتر و دوور لە ستەم و سوکایەتی پێکردن و برسیکردن و بێکاکردن.

هەربۆیە ئەوەی کە ئێمە وەك فیدراسیۆن لەم هەفتەو دە رۆژەدا ئەنجامماندا راوەستانەوە دژ بە بڕیارەکە و ڕوو بەڕووبوونەوەی سیاسەتی ناردنەوە و هەڵوێست گرتن بوو دژ بە هوم ئوفیس و حکومەتی بەریتانیا، لەم ڕێگەشەوە لە پاڵ رێکخستنی خۆپیشاندان لە ناوخۆی کوردستان و لە بەریتانیا، جیاواز لە تۆمارکردنی سکاڵا لە رێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان و دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مروڤ دژ بەم پێشڵکاریانەی حکومەتی بەریتانیا هاوکات دەیان حزب و رێکخراو و سەدان کەسایەتیمان ئاگادار کردەوە لەو هەنگاوە پڕ مەترسیەی کە ئەگەر رێ پێنەگیرایە دەبوو هەوێنی نائومیدیەکی گەورە لەنیو ریزی ئەو پەنابەرانەدا کە بە نرخی گیان لەدەستدانی سەدان هاوڕێ و دۆست و ئازیزان گەشتوونەتە ئەم وڵاتە!

کارێك کە ئێمە لەم هەفتەیەدا ئەنجامماندا هەڵخراندنی تواناو ئیبتکاری بەشێکی بەرچاو لە هەڵسوڕانی فیدراسیۆن و کەسانێك کە خۆیان بەشدارو هاوئامانج دەزانی لەم جوڵانەوەیەدا، بۆیە لە لایەکی تریشەوە هەروەک ئاگادارن بەردەوام لەرێگەی ڕاگەیاندو میدیاکانەوە ئێمە لە هەوڵی زیندو راگریتنی دۆخەکەو بەهێزکردنی جەمسەرێکی هەقخوازدابووین بۆ داکویکردن لەمافی پەنابەران، تا سەرئەنجام لە دواین چرکە ساتەکانی پینانە رۆژی سێ شەممە و جێ بەجێکردنی بڕیاری ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەدا، هۆم ئوفیسی حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی رایگەیاند کە ناردنەوەی پەنابەران هەڵدەپەسێرێت و گەشتەکە هەڵوەشێنراوەتەوە لە نێو گرتووخانەو زیندانەکاندا بەفەرمی پیانیان راگەیانبوون کە ناردنەوەکەتان ڕاگیراوە!

بەرێزان..

وەک هەموو لایەك ئاگادارن کە ئێمە وەک فیدراسیۆن لە رۆژی یەکەمەوە دژی ئەم هەوڵانەی هۆم ئۆفیس بەتووندی راوەستاینەوەو نایاسایی بوونی ئەم هەڵویستەمان راگەیاند و سەلماندمان. بۆیە دواجار خۆشحاڵانە لە دواین چرکەساتدا ئەم هەوڵی ناردنەوەیە راگیرا و شکستی هێناو بەرەی ئێمەی پەنابەران و ئازادیخوازان سەرکەوتنێکی گەورەو پربایەخی بەدەستهێنا، کە ئەمەش تەنیا بەرهەمی یەکگرتوویی و هاتنەمەیدانمان بوو.

هەربۆیە لێرەوە روومان لە هەموو ئێوە یەك بەیەکی ئەو ڕێکخراو کەسایەتی و سیاستمەدارانەیە کە بەشێک بوون لەم هەوڵانە و بەدەم بانگەوازەکەی فیدراسیۆنەوە هاتن و هەڵوێستی جوامێرانەی خۆتان نیشانداو لەهەوڵێکی شایستەدا بوون بۆ هاوکاریکردنی ڕاگرتنی ئەم بڕیارەی هۆم ئوفیس دژ بە پەنابەران!

بۆیە دەستی هاوکاری و هاودڵی یەك بەیەکتان دەگوشین و ئێوە بە هاوکارو بەشدارێکی کارا دەزانین لە بەسەرکەوتن گەیاندنی کەمپینەکەمان و هیودارین ئەم ئەزموونە بەرز ڕاگرین و هەر کات و ساتێك ئەم بڕیارە جاریکی تر هێنرایەوە مەیدان بەتووندی لەبەرامبەریدا راوەستینەوە، چونکە ڕاگرتن و هەڵپەساردنی ئەم ناردنەوەیە هێشتا بەمانای هەڵوەشانەوەی کۆی رێکەوتنامەکە نیە، بەڵکو تەنیا ئەوەندەیە کە لە ئێستادا بۆ ماوەیەکی کاتی ناردنەوەی ئەم پەنابەرانەیان راگرتووە، بۆیە پێویستە هەمیشە ئامادەو لەپەیوەندیدا بین بۆ هەر جوڵەیەکی حکومەت و هێنانەوە مەیدانی ئەم بڕیارە، بۆیە تەنیا رێگە لەبەردەم ئێمەدا یەکگرتووی و گردبوونەوەمانە لە دەوری فیدراسیون و خۆرێکخراوکردنمانە بۆ شکست پێهێنانی تەواوی ئەم رێکەوتننامەیەی نێوان حکومەتی بەریتانیاوعێراق و هەرێم.

ماوەتەوە بڵێین هەنگاوەکانی تا ئێستا سەلماندی کە یەکیەتی و هاودڵی و یەکگرتنمان هەوێنی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی مافەکانمانە، بۆیە دەبیت ئەم هەنگاوەی تا ئێستا وەك سەرکەوتنێکی گەورە بەرز بنرخێنین و رایگرین و هاوکات خۆمان ئامادەتر بکەین بۆ هەڵوەشانەوەی تەواوی رێکەوتننامەو بەدەستهینانی مافی پەنابەریمان!

جارێکی تر ئێمە وەك فیدراسیونی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سوپاس و ستایشی یەك بەیەکتان دەکەین بۆ هەموو هەوڵ و تەقەلاکانتان سەبارەت بە راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی ناردنەوەی ئەمڕۆی پەنابەران بۆ هەولێر، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بووە، هەروەها هەر لێرەشەوە پیرۆزبایی وخۆشحالی خۆمان بۆ هەموو ئەو پەنابەرانە و کەسوکارو منداڵەکانیان رادەگەیەنین کە چەندین رۆژە لە دڵەراوکەو نیگەرانیەکی یەکجار گەورەدا بوون، پێیان دەڵێین کە تەنیا رێگەی ئێوە بۆ رزگاربوون لە تەوقی ناردنەوە یەکگرتووبوون و رێکخراوبوونتانە لە دەوری فیدراسیۆن دا، بۆ داکۆیکردن لەمافەکانتان!

 


سکرتاریەتی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٣١\٥\٢٠٢٢

 

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک