په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٨

چەند بابەتێک سەبارەت بە

سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران.

 

مەنسوور جیھانی


بەرھەمە ھەڵبژاردەکانی فێستیڤاڵی "تامپرە"ی فینلەندا لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران.


 

فیلمە ھەڵبژاردەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تامپرە"ی فینلەندا لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران نمایش دەکرێن.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، بەرھەمە ھەڵبژاردەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تامپرە" فینلەندا لەو ساڵانەی دواییدا لە دوو سانسی تایبەتدا لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران نمایش دەکرێن.

یەکەمین بەشی نمایش کردنی ئەم بەرھەمانە لە یەکەمین رۆژ لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ دەست پێدەکات و تیایدا بەرھەم گەلێکی وەکوو بەڵگە فیلمی لە دەرھێنانی "ویرپی سۆتاری" بەرھەمی ساڵی ٢٠١٦ی زایینی وڵاتی فینلەندا، ئەنیمەیشێنی "لەدایکبوون" لە دەرھێنانی "ھانرینا مویسنێن" بەرھەمی ساڵی ٢٠١٤ی وڵاتی فینلاند، ئەنیمەیشێنی "لە خەو داین" لە دەرھێنانی "ھونا والکی"، "ئیسو لەھتولا" بەرھەمی ساڵی ٢٠١٧ی وڵاتی فینلەندا، فیلمی چیرۆکیی "گوێ بگرە" لە دەرھێنانی "حامی رەمەزان" لە وڵاتی فینلەندا و بەڵگەفیلمی "ئازاد" لە دەرھێنانی "ئۆکا نۆتیلاینێن" بەرھەمی ساڵی ٢٠١٤ی وڵاتی فینلەندا نمایش دەکرێن.


فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تامپرە" لە زومرەی فێستیڤاڵە ھەڵبژاردەکانی کورتە فیلم لە جیھان دایە کە ھەموو ساڵێک لە شاری تامپرە لە وڵاتی فینلەندا بەڕێوەدەچێ.

 


دەستەی داوەرانی بەشی کێبڕکیی "سینەمای ئێران" لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران.

 


دەستەی داوەرانی بەشی کێبڕکێی "سینەمای ئێران" لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران ناسێندران.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، "وارۆژ کەریم مەسیحی"، "ئایدا پەناھەندە"، "محەمەد ئافەریدە"، "بێھتاش سەناعی ھا"، "رامتین شەھبازی"، "کاوە قارەمان" ، "لوقمان خالیدی" وەکوو ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی بەشی کێبڕکێی "سینەمای ئێران" لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران راگەیەندران.

"واروژ کەریم مەسیحی" دەرھێنەر، سیناریۆنووس و مۆنتاژکاری سینەمایە کە دەرھێنانی چەندین فیلمی وەکوو؛ "فاختە"، "سەمەکی عەیار"، "پەردەی کۆتایی" و "گومان" لە کارنامەی کاریی ئەودا دەبیندرێت. ھەروەھا کەریم مەسیحی لە زۆربەی فیلمەکانی "بەھرام بەیزایی"دا یاریدەدەری دەرھێنەر بووە.

"ئایدا پەناھەندە" نووسەر و دەرھێنەرە کە چێکردنی کورتە فیلمەکانی "قوتووی تەنەکە"، "بازار"، "رێمۆلۆس"، "ئەنتێگراڵ" و بەڵگە فیلمەکانی "ژووری ئەمن"، "ماڵی قەمەر خاتوون" و فیلمە دەرێژەکانی وەکوو؛ "ناھید" و "ئیسڕافیل" لە کارنامەی کاریی خۆیدا ھەیە.

"مەحەمەد ئافەریدە" کاری فیلم چێکردنی خۆی لە بنکەی بارھێنانی ھزریی منداڵان و مێرمنداڵان و سینەمای ئازاد دەست پێکرد. ئەو دەرھێنانی زنجیرە دراماکانی تەلەڤیزیۆنیی "میوانیی خودا"، کورتە فیلمەکانی "پەیقام"، "منداڵانی شۆڕش"، "قارەمان کێیە" و فیلمی تەلەڤیزیۆنیی "بادییەکانی شیر" لە کارنامەی کاریی خۆیدا ھەیە.

"بێھتاش سەناعی ھا" نووسەر و دەرھێنەرە کە بەرھەمە گەلێکی وەکوو "ئەگەری بارانی ئەسیدی" و "دیپلۆماسی شکەست نەخواردووی ئاغای نادری" لە کارنامەی کاریی خۆیدا ھەیە.

"رامتین شەھبازی" لێکۆڵەری نێوان بەشەکانی سینەما و شانۆیە کە چەندین وتاری جۆراجۆری لەم بوارەدا ئاراستە کردووە. ئەو ھەروەھا نووسینی کتێبەکانی "گەشتێک لە کۆمەڵناسیی فیلمدا" و بەشداریی لە بەرھەمھێنانی بەکۆمەڵی چەندین ناونیشانی کتێب لە کارنامەی کاریی خۆیدا ھەیە.

"کاوە قارەمان" دەرھێنەر، سیناریۆنووس، وێنەگری سینەما، مۆنتاژکاری فیلم و دەنگدانەری فیلمە کە تا ئێستا چێکردنی زیاتر لە ٢٨ بەرھەمی کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگە فیلم و ئەزموونی لە کارنامەی کاریی خۆیدا ھەیە.

"لوقمان خالیدی" سینەماکاری بەڵگەفیلم و مۆنتاژکاری سینەمایە کە لە زومرەی بەڵگەفیلمەکانی ئەو دەتوانرێ بە "وە من موسافیرم"، "بەکارھێنەری دیاری کراو"، "کەمێک سەرتر"، "نیساء" و "وەرزی ئاخ ھەڵکێشان" ئاماژە بدرێت.

کێبڕکێی "سینەمای ئێران" پێکھاتووە لە دوو بەشی "کێبڕکێ" و "تایبەت" کە لەم خولەدا، بە رێژەی ١٠٨ بەرھەم لە سینەماکارانی ئێرانی تیایدا نمایش دەکرێت.
 


داوەرەکانی بەشی کێبڕکێی نێونەتەوەیی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران ناسێندران.
 


داوەرەکانی بەشی کێبڕکێی نێونەتەوەیی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران ناسێندران.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، "کریستۆف گیرات" لە پۆڵەندا، "ویرجیل ویدریش" لە نەمسا، "تام پاڵمەن" لە سوید، "ساری ولانێن" لە فینلاند، "میک ھەنیگن" لە ئیرلەندا، "پێر فیکسە" لە نەرویژ و "مێھرداد ئوسکوویی" لە ئێران وەکوو ٧ داوەری بەشی کێبڕکێی نێونەتەوەیی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران ناسێندران.

کریستۆف گیرات.

"کریستۆف گیرات" کارناسی فیلمی پۆڵەندا و دەرچووی زانستگای Jagiellonian یە. ئەو کە لە رێکخراوەی ھونەری ئەکادیمیای زانستەکانی پۆڵەندا لە وەرشەو وانەی خوێندووە، جێگری پێشووی شارەوانی کراکۆف، بەڕێوەبەری ئاژانسی فیلمی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتیی پۆڵەندا، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی فیلمی پۆڵەندا و ئەندامی ئەنجومەنی فیلمی ئەورووپا و پۆڵەندایە. گیرات کە وانەبێژی زانستگای ئەکادیمیای کراکۆف و ئەندامی دەستەی داوەرانی چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆرە، لە ساڵی ٢٠٠٠ بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ، دامەزرێنەر و سەرۆکی دامەزراوەی فیلم و بەرھەمھێنەری فێستیڤاڵی فیلمی "کراکۆف" و بڕەوپێدەری بەڵگەفیلمی پۆڵەندا لە دەرەوەی وڵاتدا بووە.

ویرجیل ویدریش.

"ویرجیل ویدریش" بەرھەمھێنەری ھونەری بوارەکانی نوێی چەند رەھەندی راگەیاندن و فیلم، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٧ لە شاری زاڵتس بۆرگ لە وڵاتی نەمسایە. ئەو یەکێک لە دامەزرێنەرەکان و بەڕێوەبەرانی بەشکۆی چەند رەھەندی راگەیاندنی Checkpointmedia GmbH، مامۆستای زانستگای ھونەر و زانستەکانی زانکۆی ھونەرەکانی بەکارھاتووی ڤیەن و خاوەن و بەڕێوەبەری گشتیی Virgil Widrich Film- und Multimediaproductions G.m.b.H یە. یەکەمین فیلمی درێژی ویدریش "رووناکتر لە مانگ"ـە و "فرۆشگەی کۆپی" نازناوی کورتە فیلمی ئەو، ٣٧ خەڵاتی نێونەتەوەیی وەرگرتووە و ناوزەدی ئۆسکار بووە. فیلمی "خێرا" لە ویرجیل ویدریش لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی لە فێستیڤاڵی کان نمایش کرا و تا ئێستا ٣٦ خەڵاتی وەرگرتووە. دوایین فیلمی درێژی ئەو "شەوی ١٠٠٠ کاتژمێرە"یە و لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی ئەو یەکەمین کلیپ و موزیک ڤیدیۆی خۆی بە ناونیشانی Nena & Dave Stewart: Be my Rebel دەرھێنانی بۆ کرد. ویرجیل ویدریش لە شاری ڤیەن دەژی.


تام پاڵمەن.

"تام پاڵمەن" یەکێک لە دامەزرێنەرانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی "ئۆمە ئا"ی سوید لە درێژایی ساڵەکانی ١٩٨٦ تا ٢٠٠٧ی زایینیدا بووە. ئەو وەکوو داوەر بۆ فێستیڤاڵەکانی جۆراوجۆری سینەمایی لەوانە؛ بەرلین، سۆفیە، رێگنربۆرگ، کۆتبووس، کۆرک، تامپرە، ھامبۆرگ و ھتد بانگھێشت کراوە. پاڵمەن لەو کاتەی ئێستادا ناساندن و ھەڵبژاردنی فیلم بۆ فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان ئەنجام دەدات، وێڕای ئەوەی کە لە پۆستی بەرھەمھێنەری سینەماشدا چالاکی دەکات. ئەو لە مانگی ئەپرێڵی ٢٠١٧ی زایینی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکاری فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی ھانچێنگ جینژێن لە وڵاتی چین لە ئەستۆی دایە، یەکەمین کورتە فیلمی تام پاڵمەن وەکوو بەرھەمھێنەر بە ناوی In the Theme لە دەرھێنانی Olga Popova لە رووسیا لە ساڵی ٢٠١٨ لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین ھەڵبژێردرا و توانی خەڵات بەدەست بھێنێت. ئەو وەکوو راھێنەری خولقاندنی بیرۆکەی ئەنیماتۆرەکان لە VAF چالاکی دەکات و ھەروەھا رێنوێنی زۆربەی پڕۆژەکانی کورتە فیلم لە ژانرە جۆراوجۆرەکاندایە. پاڵمەن چەندین خوێندنەوەی لە مێژووی ھونەر، مێژووی چێکردنی بیرۆکە و کۆمەڵناسیدا ھەبووە و دامەزرێنەری فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی Umea لە ساڵی ١٩٨٦ی زایینیدا بووە. لە پێشێنە و ئەزموونەکانی دیکەی ئەو دەتوانرێ بە سەرۆکایەتی نووسینگەی ھاودەنگیی فێستیڤاڵەکانی فیلمی ئەورووپی لە ساڵەکانی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٤ و ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٧ی زایینی، ئەندامێتی خاوەن دەنگدان لە ئەکادیمیای فیلمی ئەورووپا و بەرھەمھێنانی ١٠٠ کورتە فیلم و ٣ فیلمی درێژ لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینیدا ئاماژەی پێ بدرێت.

ساری ولانێن.

"ساری ولانێن" سەرنووسەری کورتە فیلم و بەڵگەفیلم لە YLE بەشکۆی بڵاوکەرەوەی تەلەڤیزیۆنی فینلاندە. ئەو زیاتر لە سی ساڵ لەوە پێش کاری خۆی لە تەلەڤیزیۆندا دەست پێکردووە و لەو کاتەی ئێستادا لە دێپاڕتمانی بەرھەمھێنانی ھاوبەشی YLE کە فیلمەکان لەگەڵ بەرھەمھێنەرە سەربەخۆکان و سینەماکارانی فینلاند دێنێتە بەرھەم، چالاکی دەکات. ولانێن بەرپرسی بەشی کورتە فیلم و فیلمی بەڵگەیی New Cinema لە کەناڵی YLE TEEMA یە. ئەو کە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی ھونەرە، وێڕای خوێندنەوەکانی فیلم لە فینلاند، لە ساڵی ١٩٩٩ لە خولی فێرکاریی EAVE، لە ساڵی ٢٠٠٦ لە EURODOC و SOURCE ٢ و ھەروەھا لە فێرکاریی راھێنەری فیلمی بەڵگەیی لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینیدا بەشداری کردووە.

میک ھەنیگن.

"میک ھەنیگن" لە کاتی دامەزراندنی یانەی فیلمی Triskel لە شاری Cork لە ساڵی ١٩٨٦ی زایینی، لە فێستیڤاڵی فیلمدا خەریکی چالاکییە. ئەو لە ساڵی ١٩٨٧ وەکوو دەبیری فێستیڤاڵی فیلمی کۆرک دەستنیشان کرا و چەندین ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە. ھەنیگن وەکوو دەرھێنەری سینەما لە ناوەندی فیلمی ئیرلەندا خزمەتی کردووە و پاشان سینەمای کینۆ ئاڕتاس کە ماوەی ١٣ ساڵ خەریکە چالاکی دەکات، دامەزراندووە. ئەو ھۆگرییەکی تایبەتی بە کورتە فیلم ھەیە و لە زۆربەی فێستیڤاڵەکاندا بەشداری کردووە. میک ھەنیگن لە ساڵی ٢٠٠٥ یەک سەمپۆزیۆمی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی وەڕێخست و کورتە فیلمی وەکوو ھونەرێکی دیار و جیاواز لەبەر چاو گرت. ئەو لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی فیدراسیۆمی ئەنجومەنەکانی فیلمی ئیرلەندا خەریکە کار دەکات و لەو کاتەی ئێستادا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی کورتە فیلم و سەرۆکی ناوەندی ئەدەبی مۆنسترە. ھەنیگن ئێستاکە وەکوو دەبیری فێستیڤاڵی فیلمی IndieCork کە لەو کاتەی ئێستادا گەورەترین فێستیڤاڵی کورتە فیلم لە وڵاتی ئیرلەندایە، چالاکی دەکات. ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی دامەزراوە و میک ھەنگین یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی فێستیڤاڵ بووە.

پێر فیکسە.

"پێر فیکسە" لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٥ی زایینی لە نەرویژە. ئەو لە ساڵی ١٩٩٩ تا ئێستا دەبیری فێستیڤاڵی کورتە فیلمی مینیمالێن لە ترۆندھایمە. ئەم فێستیڤاڵە تا ئێستا ٣٠ خولی تێپەڕاندووە، کە لەم خولەیدا ٢٥٠ فیلمی لە ماوەی ٦ رۆژدا نمایش کردووە. فیکسە کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەری بەڕێوەبەرایەتی لە زانستگای زانست و تەکنەلۆژیای نەرویژە تا ئێستا چەندین کورتە فیلمی چێکردووە و چەندین وتاریشی سەبارەت بە فیلم لە راگەیاندنەکانی نێونەتەوەیی و نەرویژیدا چاپ و بڵاو کردۆتەوە، ئەو ھەروەھا وەکوو بەڕێوەبەری پەرەپێدانی نەرمەواڵە لە بەشی کەرتی تایبەتدا چالاکی دەکات.

مێھرداد ئوسکوویی.

"مێھرداد ئوسکوویی" سینەماکار، بەرھەمھێنەر، لێکۆڵەر و فۆتۆگرافەر و دەرچووی دەرھێنانی سینەما لە کۆلێژی سینەما و شانۆی زانستگای ھونەری تارانە. ئەو لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی توانی نازناوی کەسایەتی فەرھەنگیی ساڵی جیھان لە لایەن دامەزراوەی فەرھەنگی "پرەنس کڵاوس"ی ھۆڵەندا بەدەست بھێنێت. ئوسکوویی نازناوی باشترین سینەماکاری بەڵگەیی ساڵی ٢٠١٦ی جیھانی لە فێستیڤاڵی ترۆفاڵسی ئەمریکا بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. ئەم ھونەرمەندە لە مانگی مارسی ٢٠٠٦ تا مارسی ٢٠١٠ی زایینی بۆ ماوەی دوو خولی دوو ساڵە ئەندامێتی کۆمیتەی پسپۆڕانەی سینەمای بەڵگەیی فەرھەنگستانی ھونەری ئێرانی لە ئەستۆدا بوو. ئوسکوویی لە زیاتر لە سەد فێستیڤاڵی پڕبایخی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا ئەندامی دەستەی داوەری بووە، ئەو ھەروەھا وەکوو باڵیۆزی فەرھەنگی بەشی مرۆڤدۆستانەی رێکخراوەی نەتەوەیی یەکگرتووەکان چالاکی دەکات. ئەندامێتی لە "ئەنجومەنی سینەماکارانی بەڵگەیی ئەورووپا (EDN)"، "ئەنجومەنی سینەماکارانی بەڵگەیی جیھان، دەستەی پسپۆڕانەی فیلمی بەڵگەیی "فەرھەنگستانی ھونەر"، دەستەی دامەزرێنەری "ئەنجومەنی کورتە فیلمی ئێران"، "ئەنجومەنی سینەماکارانی بەڵگەیی ئێران"، "ئەنجومەنی نەتەوەیی وێنەگرانی فۆتۆگرافەری ئێران"، "ئەنجومەنی فۆتۆگرافەرەکانی چاپەمەنی و رۆژنامەکان" و وانەبێژیی فیلم چێکردنی بەڵگەیی لە چالاکییەکانی دیکەی ئەوە.

فیلمە بەڵگەییەکانی "خەونەکانی بەرەبەیان" (٢٠١٥)، "دوایین رۆژەکانی زستان" (٢٠١١)، "رۆژەکانی بێ رۆژژمێر" (٢٠٠٧)، "لووت بە شێوازی ئێرانی" (٢٠٠٥)، مریەمی جزیرەی دوورگەی ھەنگام (٢٠٠٥)، لە پشت نیقاب (٢٠٠٤)، بێوە پیاو (٢٠٠٢)، روو لە جێگایەکی دوور (٢٠٠١)، رۆژگیران ٢٠٠٠، ماڵی دایکم زەلکاو (١٩٩٩)، ھەروەھا کورتە فیلمە چیرۆکییەکانی "قوتابخانەی سەرەتایی حاجی باشی" (١٩٩٨)، "لەو بەھەشتەی کە دێین" (١٩٩٧)، سنوور (١٩٩٦)، لە مێژووی ئەودا (١٩٨٩)، "لەدایکبوونێکی دیکە" (١٩٨٨)‌ لە بەرھەمەکانی ئەون.

ئوسکوویی چەندین خەڵاتی پڕبایخی وەکوو تەندیس و خەڵاتی شەستەمین فێستیڤاڵی فیلمی لەدەن (BFI)، خەڵاتی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە شەست و پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین، تەندیسی فێستیڤاڵی ئیدفای ھۆڵەندا، خەڵاتی گەورەی دەستەی داوەران لە نۆزدەھەمین فێستیڤاڵی "فوول فرەێم"ی ئەمریکا، تەندیسی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی ھات داکسی کەنەدا، تەندیسی ھەژدیھای زێڕینی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی کارکۆفی پۆڵەندا، خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەیی فێستیڤاڵی مۆنیخی ئەڵمانیا، خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەڵگەیی مۆنتراڵی کەنەدای بەدەستھێناوە و وەرگرتنی زیاتر لە سەد خەڵاتی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی لە کارنامەی خۆیدا ھەیە.
 


بازاری نێودەوڵەتی لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بەڕێوەدەچێ.



بەشی بازاری نێودەوڵەتی بۆ یەکەمین جار لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بەڕێوەدەچێ.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، بەشی بازاری نێودەوڵەتی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران لە دووھەمین رۆژی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵدا دەست بە کارەکانی دەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ لە کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ تا ٦ی ئێوارە میوانداریی ئەو خوازیاران و ھونەرمەندانەیە کە پێشتر لە ماڵپەڕی فێستیڤاڵەکەدا ناونووسیان کردووە.

بەشی بازاری نێودەوڵەتی، بۆ یەکەمین جار لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران چالاکی خۆی دەست پێدەکات. چالاکانی کورتە فیلم لە سەرتاسەری دونیا لەم بەشەدا ئامادەن بۆ ئەوەی کە بتوانن لەگەڵ سەرمایەگوزاران و نوێنەرەکانی فێستیڤاڵە جۆراجۆرەکانی بیانی و بەشکۆ نێودەوڵەتییەکان پەیوەندی بگرن و بۆ فرۆشتن یا ئامادەبوونی بەرھەمەکانی خۆیان لە فیستیڤاڵە نێونەتەوەییەکاندا پرس و راوێژی پێویست ئەنجام بدەن.

سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە مەبەستی ئاشنابوون و ناساندنی باشترین بەرھەمەکانی کورتە فیلم لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا و ھەروەھا سازکردنی رکابەریی کاریگەر لە نێوان سینەماکاران و بە نمایش کردنی ١٥٤ فیلم لە دەرھێنەرەکانی ٣٠ وڵاتی جیھان لەوانە؛ فەڕەنسا، ئەمریکا، میسر، ھیندوستان، چین، ھۆڵەندا، کەنەدا، قیبرس، ئیرلەندا، کۆڵۆمبیا، ئوستڕاڵیا، ئیسپانیا، سویسڕا، رووسیا، ئەستۆنی، ئەڵمانیا، ھۆنگ کۆنگ، فیلیپین، کۆریای باشوور، تونێس، ژاپۆن، فینلاند، مەکزیک، بەلژیک، کۆماری چیک، پۆرتوگاڵ بەڕازیل، یوونان و ئێران و ھەروەھا بە ئامادەبوونی ناوبژیوانانی دیار و گرینگ لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە؛ پۆڵەندا، نەمسا، لاتۆیا، نەرویژ، ئیرلەندا و ئێران لە چەندین بەشی رکابەریی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی پێکھاتوو لە کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، بەڵگەیی، ئەزموونی و ئەنیمەیشێن لە رۆژانی ١٨ تا ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٩ تا ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ی زایینی لە پەردیسی سینەمایی میللەت لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەدەچێ.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک