په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٦\٢٠١٩

چەند بابەتێک سەبارەت بە پەنابەران.

 

 

دووبارە پێداگریی لەسەر بڕیارنامەی مافەکانی پەنابەران.
- بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی پەنابەرانەوە -


٢٠ی حوزەیزان ڕۆژی جیھانی پەنابەرانە کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لەساڵی ١٩٥١ەوە بە فەرمی ناسێنراوە ، ئەمساڵ ڕۆژی جیھانی پەنابەران لە ھەلومەرجێکدا بەڕێوە دەچێت کە ھەموو دنیا شاھیدن کە جەنگ و نائارامی و فەزای میلیتاریزم و تیرۆریزم و ڕاسیزم و ھەڵکشانی نەتەوەپەرستی و فەناتیزمی دینی و سەرکوت و ئیستیبداد و ھەڵاواردن و کاولکاری و بێکاری و ھەژاری و بێ خانەولانەیی..،‌ بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ھەندێک لە وڵاتانی دنیای ناچار بە کۆچکردن و ئاوارەبوون کردووە. دەوڵەت و ھیزە ئیمپریالیستیەکان لە کێشەمەکیش و مونافەسەیەکی گەورەدان لەپیناو دووبارە دابەشکردنەوەی دنیا و بەدەستھێنانی ناوچەی نفوزیان و بۆ ئەمەش ئامادەن بەشەرییەت بخەنە بەردەم شەڕی ئەتۆمی و کوشتار و نابوتکردنی سیمای شارستانی ئەم سەردەمە.
لە ئێستادا کە ٦٨ساڵ بەسەر بڕیارنامەی مافەکانی پەنابەراندا تێپەڕدەبێت، بەڵام ھەموو ئەودەوڵەتانەی کە ئیمزاکەرانی ئەم بڕیارنامەیە بوون نەک پاشەکشەیانکردوە، بەڵکو مەسەلەی پێدانی مافی پەنابەرییان تەواو کردووە و مەسەلەی پەنابەرییان گرێداوەتەوە بە مەسەلەی ئەمنیەتی کۆمەڵگاکانیان، ھاوکات توندکردنەوە و داخستنی سنورەکان و چاونووقاندن لەئاست تراژیدیای مەرگی بەکۆمەڵی پەنابەران و لێگرتنەوەی خزمەتگوزارییەکان و زیندانیکردن و جیاکردنەوەی مناڵان لە دایک و باوکیان تا ڕاگرتنی ساڵانێکی زۆر لەکەمپی پەنابەری و ئایزۆلەکردنی ئاوارەکان کە چەندین حاڵەتی خۆکوشتن و نەخۆشی دەروونی و سەرھەڵدانی دیاردەی بەشودانی پێشوەختی مناڵان و بێمافی و توندوتیژی بەرامبەر بەژنان وە گرتن و دیپۆرتکردنەوەی زۆرە ملێ لەچوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە پەنابەران لێوەی ھەڵدێن، لێکەوتۆتەوە.


لەناوخۆی وڵاتەکانیشیاندا گەر لەژێر گوشارێکی جیھانیدا بەناچاری مافی پەنابەرییان دابێت، ئەوا نەک باڵی ڕاستی حکومەتەکانی ئەوروپا ھەوڵی ئەوەیانداوە قەیرانە ئابووریەکانیان لەسەری ھەڵھاتواندا بشکێننەوە، بەڵکو پەیڕەویکردن لە سیاسەتی جیاکاری و ئایزۆلەکردن و ڕاگرتن لە حاشیەی ئەو کۆمەڵگایانە ھاوکات زەمینەی سازداوە بۆ گەشەی ڕاسیزم و چونەسەرەوەی پێگەی ئەحزابی ئەوپەڕی ڕاست و کەشێکیان پێکھێناوە بۆ ڕقھەڵگرتن و ھاندانی توندوتیژی مەزھەبی و نەتەوەپەرستی و بوژاندنەوەی بیروڕای کۆنەپەرستانەی ئاینی جیاجیایان کردۆتە مەترسییەک بۆسەر کۆمەڵگاکانی ئەوروپا. ئەم دەسەڵات و حکومەتانە بەھەر بیانوویەک بێت کەوتوونەتە لێسەندنەوەی دەستکەوتەکانی چینی کرێکاری ئەم وڵاتانە وھێرش بۆ سەرمافە مەدەنییەکان، کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و داسەپاندنی ھەلومەرجی کاری سەخت و زەمینە سازکردن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسەتی ئابووری ڕاستڕەوەکان و نیولیبراڵەکان، لەپەنایدا سیاسەتی دژی پەنابەری دەبەنە پێشەوە و مافەکانی پەنابەران بەرتەسک دەکەنەوە.


ڕووداوەکانی دونیای ئەمڕۆ وجەنگ لەسوریا و یەمەن و لیبیا وعێراق ومیلیتاریزمێک کە ئەمریکا لە ‌ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێیخستووە و لەم دواییانەدا بەبیانووی ململانێ لەگەڵ ئێراندا زیادیکردووە و بەم بۆنەیەوە نائارامیەک کەتەواوی دنیای گرتۆتەوە، کەبەھۆیەوە شەپۆلەکانی پەنابەری بەرھەمھێناوە، بەڕۆشنی نیشانی دەدات کە مەسەلەی پەنابەری ڕاستەوخۆ بەرھەمی کارکرد و سیاسەتە شەڕخوازەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکایە و ھەرخۆشیان ئەم ناسنامە دژی ئینسانیەی کەپێی دەڵێن "پەنابەر" بەسەر ھاوڵاتیانی ھەڵھاتوو لە جەنگ و نائارامیدا دایانسەپاندووە، لەکاتێکدا دنیای شارستانی شایانی ئەم ناسنامە دروستکراوانە نیە، مەگەر بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانی بیخوازێ ...


ھەربۆیە خەبات و تێکۆشان بۆ دنیایەک کە مافی ئیقامەت و نیشتەجێ بوون و ژیانکردن و بەھرەمەندبوون لە بارودۆخێکی ئارام بۆ ھەر ئینسانێک کە لەدەست سەرکوت و جەنگ و برسێتی ھەڵھاتووە، بۆتە خەباتێکی ڕەوا و ھەقخوازانە و ئەرکی سەرشانی ھەر ئینسانێکی ئازادیخواز و ئینساندۆستە لەسەرتاسەری دنیا.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە ڕۆژی جیھانی پەنابەراندا جارێکیتر بڕیارنامەی مافەکانی پەنابەران کە لە کۆنگرەی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە وڵاتی سوید لە ئۆگۆستی ٢٠٠٧دا دەنگیپێدا لەم ھەلومەرجەی ئێستادا دەھێنێتەوە تا وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگ لەپێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی پەنابەران و بەھێزکردنی خەبات بۆ دابینکردنی ئازادی و مافی ھاوڵاتی یەکسانی ئینسانی و لەپێناو ئازادی بێ قەیدو شەرتی ھەڵبژاردنی شوێنی ژیان و ئازادی سەفەرکردن و ھاتووچۆ و پاراستنی شوێنی ژیان، ئازادی ھەڵبژاردنی کار، ھەڵگرتنی سنوری دەستکرد بۆ ئینسانەکان و زامنکردنی بەھرەمەند بوونی ھەر کەسێک لەژیانێکی ئارام و ئاسودە و خۆشگوزەران لەڕیزی پێشەوەی بەرگری لە بەھا ئینسانییەکان و بەرگری لە مافەکانی پەنابەران ھەنگاو دەنێت.
داواکارین لەگەڵمان بن بۆپشتیوانی و جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە وەک ڕێگاچارە و بەدیلی ئێمە بۆ چارەسەری کێشەی پەنابەری چاو لێبکەن.

پەنابەر:
ھەر کەسێک کە لەژێر گوشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و پێشێلی مافەکانی ئینسان لە سەرکوت، جەنگ، پێشێلی مافەکانی ئینسانی، چەوساندنەوە، جنسی، نائارامی، ھەڕەشەی دینی و ناسیونالیستی بۆتەوە لەلایەن ھەر ڕێکخراو و گروپێکی دینی و قەومی و عەشیرەتی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتییەوە و پەنا بۆ ژیانێکی ئامن و ئارامتر و ھانا بۆ وڵاتێکی تر دەبات بێ قەیدو شەرت پێویستە مافی نیشەجێبوون ومافی پەنابەری بۆ بەڕەسمی بناسرێت.

داواکارییە ئینسانیەکان:
١. ھیچ دەوڵەتێک مافی داخستنی سنورەکانی خۆی نیە بەڕووی پەنابەراندا.
٢. ھەرکەسێک بەدەلیلی نەژادی، جنسی، دینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لەشوێنی ژیانی خۆی ڕووبەڕووی ئازار و ئەزیەت و توندوتیژی و تەوھین و سوکایەتی دەبێتەوە، وەیا ڕووبەڕووی پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەبێتەوە لەلایەن دەوڵەتەکان وە یان گروپە غەیرە دەوڵەتییەکان دەبێ مافی پەنابەری پێ بدرێت.
٣. منداڵان کە بەھەر دەلیلێک لەگەڵ دایک و باوکی خۆیاندا بەتەنھا لە وڵاتانی خۆیان ھەڵدێن، دەبێت دەستبەجێ مافی پەنابەرییان پێبدرێت. بەھرەمەند کردنی پەنابەران و بەتایبەتی لاوانی خوار ١٨ ساڵ لە ئیمکاناتی ژیان و فێربوون، دەرمان، وەرزش و سەرگەرمی ئاسایی لە وڵاتی پەیوەندیدار نابێت ببەسترێتەوە بە قبوڵکردنی مافی پەنابەرییەوە.
٤ . ژنانێک کە لە وڵاتی خۆیاندا بەپشتیوانی یاسای ڕەسمی، سوننەت و دابونەریتی دواکەوتووانە و کۆنەپەرستانە، یان بەھۆی توندوتیژی دارودەستە و گروپی دژە ژنەوە ڕووبەڕووی خشوونەت و ئازاری فیزیکی، ڕۆحی و فەرھەنگی ناموسپەرستی دەبنەوە، دەبێ مافی پەنابەرییان بۆ بەڕەسمیەت بناسرێت.
٥ . لە وڵاتانێک کە "خزمەتی" سەربازی تێیدا ئیجبارییە و ھەڵھاتن لێی، ڕووبەڕووی سزای یاسایی، وەک زیندانیکردن و بێبەش کردن لە کاری دەوڵەت دەبێتەوە، ئەو کەسانەی کە مل بە "خزمەتی سەربازیی ئیجباری" نادەن و ڕوودەکەنە وڵاتانی تر دەبێ لە مافی پەنابەری بەھرەمەند بن.
٦ . کاری پێچەوانە بەیاسای وڵاتان، کە خەسڵەتی چەوسێنەرانەی، دینی و کۆنەپەرستانەیان ھەیە و ئازاردانی ژن و منداڵ بەرھەمدێنێ بەسەرپێچیکردن ناژمێردرێن. ھەڵسوڕانی سیاسی و فەرھەنگی و سنفی لە سایەی ھیچ بارودۆخێکدا نابێ وەک تاوان لە قەڵەم بدرێت. لە ھەموو حاڵەتەکاندا دەبێت مافی نێونەتەوەیی ئینسان کە لە ھەموو وڵاتانی ئەوروپای غەربیدا ھەیە لە بەر چاو بگیرێت.
٧ . کەسانێک کە ژیانی تایبەتی سیاسییان لە دەرەوەی وڵات، شوێنی لە دایکبوونیان پێچەوانەی یاسای ئەو وڵاتەیە کە لێوەی ھەڵھاتووە، بە ھەمان ھۆ ئەگەر بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتێک کە لێوەی ھاتوون مەترسی دەستگیرکردن و زیندانکردنیان لەسەر بێت، ئەوە ئەو کەسە دەبێت لە مافی پەنابەری بەھرەمەند بێت.
٨ . تاوانبارانی شەڕ، سەرانی وڵات و کەسانێک کە تاوان و ئینسان کوژییان کردووە، تا کاتێک کە لەو وڵاتەی کە لێی ھەڵھاتوون سزای ئیعدام و ئەشکەنجە ھەبێت، نابێت بۆ ئەو وڵاتانە دیپۆرت بکرێنەوە. بەڵام دەبێت بە معیاری حقوقی وڵاتێک کە ئەو سزایانە تێیدا ھەڵوەشێنراوەتەوە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.
٩ . ھەموو ژنان، کچان، منداڵانی خوار ١٨ ساڵ کە لە وڵاتانی سەرکوتگەر و ئیسلامزاوە ھەڵھاتوون و ڕوویان لە وڵاتانێکی تر کردووە، دەبێ مافی پەنابەرێتییان بەڕەسمی بۆ بناسرێ.

١٠ . نەبوونی مەدارک و بەڵگەنامە و ناسنامە، یا تەنانەت سود وەرگرتن لە بەڵگەنامەی دروستکراوی نایاسایی لەلایەن پەنابەرانەوە تاوان نیە و نابێت کاریگەریی خراپی لەسەر بە ڕەسمییەت ناسینی مافی پەنابەری ئەو ھەبێت. بوونی پاسپۆرت و دەرباز بوونی یاسایی نابێت ڕێگر بێت لە بەردەم بە دەستھێنانی مافی پەنابەریدا.
١١ . ھەر پەنابەرێک مافی ھەیە لە وڵاتێکدا کە داوای مافی پەنابەری دەکات، لێکۆڵینەوە لەسەر فایلەکەی بکرێت، دەربازبوون بەنێو وڵاتانی تردا نابێت ڕێگر بێت لە بەردەم داواکاریی مافی پەنابەری و لەو وڵاتەدا ببێتە پەنابەر، ھەڵبژاردنی شار و شوێنی ژیان مافی ئینسانیی ھەموو پەنابەرانە و نابێت پێشێل بکرێت.
١٢ . ھەر پەنابەرێک مافی ھەیە کە بەشێوەیەکی یەکسان لە عەدلانەترین پرۆسەی پەنابەری بەھرەمەند بێت. ھەر پەنابەرێک دەبێت لە خزمەتگوزاری خۆڕایی حقوقی بەھەرەمەند بێت ، وەک محامی، وەرگێڕ، ڕێنمایی لەبارەی پرۆسەی پەنابەرییەوە، بەھرەمەند بوون لە مافی کۆمەڵایەتی و ریفاھی باو لە کۆمەڵگا لە چەشنی مافی کارکردن، مافی خوێندن، ھەروەھا بیمەی بێکاری، بیمەی دەرمانی بەشیکە لە مافە ئاساییەکانی ھەر پەنابەرێک.
١٣ . ھیچ پەنابەرێک بە خاتری پەنابەر بوون یا ڕووکردنە ھەر وڵاتێک، بە بێ بەڵگەنامە، نابێت دادگایی و زیندان بکرێت، ئەگەر پەنابەرێک لە وڵاتێکدا کە داوای پەنابەری دەکات، تاوانێک بکات دەبێت فایلەکەی بە پێی یاساکانی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێت.
١٤ . ھەموو پەنابەران مافی ڕاکێشانی خێزان ومناڵیان ھەیە.
١٥ . زیندانیانی سیاسی پێشتر و کەسانێک کە ئەشکەنجە دراون، دەبێت وەک پەنابەر وەرگیرێن، ئەم کەسانە بەدانی نامەی پشتیوانی لەلایەن ڕێکخراوەیەک یا حزبێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنەوە بەسە بۆئەوەی داوای مافی پەنابەرییان بۆ بە ڕەسمیەت بناسرێ.
١٦ . ئازادی بەیان، کۆبوونەوە و ڕێکخراوبوون، ھەڵسوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ھەموو پەنابەران دەبێت بەھەمان پێوانەی ھاوڵاتیانی تری ئەو وڵاتە بۆپەنابەران بەڕەسمی بناسرێت. دەوڵەتەکان بەرپرسن لە دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەم ھەڵسووڕاوانە لە ھەرجۆرە ھێرشێکی تیرۆریستی یا ڕاسیستی.
١٧ . ھەرجۆرە تەبلیغاتێکی ڕاسیستی و نەژادپەرستانە بەدەر لە دەوڵەتی و نادەوڵەتی دژ بە پەنابەران دەبێت قەدەغە بکرێت.
١٨ . دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست بەشێوەیەکی سیستەماتیک و پلانداڕێژراو، بەمەبەستی جێکەوتنی ھەرچی زووتری پەنابەران لەنێو کۆمەڵگای پەنابەروەرگردا، و ھەروەھا بەھرەمەندی پەنابەران لەھەموو مافێکی فەردی و کۆمەڵایەتی وەک ھاوڵاتییەکی ئەو وڵاتە دەبێت لە دەستورکاری وڵاتانی پەیوەندیداردا قەرار بدرێت. ھیچ پەنابەرێک نابێت بەپێی میلیەت و فەرھەنگ و دین لەژێر ناوی نسبییەتی فەرھەنگیدا لە کۆمەڵگا و فەرھەنگی پێشڕەو جیابکرێتەوە. قەدەغەکردنی بەکارھێنانی سیاسەتی نسبییەتی فەرھەنگی نسبەت بە پەنابەران لە کۆمەڵگای پەنابەروەرگردا.
١٩. داخستنی دەستبەجێی ھەموو بنکەکانی دەستبەسەرکردنی پەنابەران لەئەوروپا و شۆێنەکانیتر.
٢٠. ئاسایش و داوەری کۆمەڵایەتی بێجیاوازی وەک ئەندامی مافی یەکسانی کۆمەڵگا بۆ ھەموان.
٢١. ھەموو ئینسانێک مافی خۆیەتی لەھەموو پێداویستیەکی کۆمەڵگای ئەمڕۆ بەھرەمەند بێت بێجیاوازی، وەک پێداویستی پزیشکی، دەرمان، مافی خۆیندن و فێربوونی زمان،مافی داھێنەرانەی فکری و عەمەلی خۆی پەرەپێبدات .
٢٢. ھەموو کەسێک ئازادە لەھەڵبژاردنی جلوبەرگ پۆشین ،ھەر جۆرە گوشار و فشارێکی ڕەسمی وەغەیرە ڕەسمی بۆ جلوبەرگ پۆشین قەدەغەیە.
٢٣. بوونی مەزھەب یان نەبوونی بێ قەید و شەرت ئازادە، ھەرجۆرە فشارێکی ئیجباری فیزیکی لەپێناو قبوڵکردنی مەزھەب قەدەغەیە، ھەڵبژاردنی مەزھەب ئەمری گەورەساڵانە ،ھەر فشارێک بۆ مندالان و لاوانی خوارتەمەن ١٦ ساڵ قەدەغەیە، خوێندنی دەرسی مەزھەبی قەدەغەیە، کۆمەککردن بەھەر دەزگایەکی دینی لەلایەن دەوڵەتەوە لەژێرناوی فرە فەرھەنگیدا قەدەغەیە.
٢٤. مافی وەرگرتنەوەی ھاوڵاتی (ستیزن) لەھەر پەنابەرێک لەژیر ھەر ناو و ئەنجامدانی تاوانێک قەدەغەیە، بەکارھێنانی یاسا بەشێوەیەکی یەکسان بۆ ھاوڵاتیان لەکۆمەڵگادا.
٢٥. سەلامەتی و مافی ژیان و پاراستنی جەستەیی و ژیانی تایبەتی کەسەکان لە ھەرجۆرە ھەڕەشە و پێشێلکارییەکی نەژادپەرستانە، قەدەغەکردنی ھەرجۆرە تەبلیغاتێکی ڕاسیستی (نەژاد پەرستانە) و جیاکاری نێوان ئینسانەکان بەرامبەر بە پەنابەران.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بڕوای تەواوی بەخەبات بۆ بەسەرئەنجام گەیاندنی بەندەکانی ئەم بڕیارنامەیە ھەیە و ھاوکات بە جێبەجێکردنی، تەنھا پەنابەرانی کورد و عێراقی لێی بەھرمەند نابێت، بەڵکو تەواوی بەندەکانی ئەم بڕیارنامەیە خواست و داواکاری ئینسانی ھەر ئێستای سەرجەم پەنابەرانە لە ھەر شوێنێک بن. دڵنیاین تەنھا نین، خەڵکی ئازادیخواز و یەکێتیە کرێکاری و ڕێکخراوە پەنابەری و ئینسانییەکان تا دەگات بەڕێکخراوەکانی وەک مافی مرۆڤ و لێبوردنی نێودەوڵەتی دەتوانن پشتیوان بن و بەرگری و داکۆکی لەم بڕیارنامەیە بکەن لەپێناو ئایندەیەکی ئینسانی و ڕێزگرتن لە بەھا ئینسانییەکان.
 


١٩\٦\٢٠١٩
 

 

--------------------------------------------------------------------------------------------------

 


وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا له‌ په‌یوه‌ند به‌ په‌نابه‌رانه‌وه‌ دوو بڕیاری دا.


چنار عه‌لی نۆێنه‌ری فیدراسیۆن له‌ به‌رلین به‌ فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی ڕاگه‌یاند "لە کۆبونەوەی وەزیرانی ناوخۆی ئەڵمانیا لە ١٢/٠٦/٢٠١٩-١٤/٠٦/٢٠١٩ تەنھا دوو خاڵی پەیوەندیدار بە پەنابەرانەوە تاووتوێ کراوە:

١. بڕیار دراوە بە درێژەپێدان بە بڕیاری ناسراو بە Abschiebestopp، Stop deportation بۆ سوریا. واتا جارێک نابێت کەس دیپۆرتی سوریا بکرێتەوە تا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بارودۆخی ئاسایشی سوریا دڵنیا ئەبێتەوە. ئەگەر کەسانێکیش دیپۆرت بکرێنەوە تەنھا ئەوانەن کە سەر بە ڕژێمی ئەسەدن و تاوانکارن.ھەرکەسێک کە ژیانی لەلایەن حکومەتی سوریاوە بکەوێتە مەترسییەوە، دیپۆرت ناکرێتەوە.

٢. ئەو پەنابەرە ئەفغانیانەی،کە تاوانیان کردوە یان مەترسیان لەسەرە یان لەکاتی چاوپێکەوتن بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری درۆیانکردوەو زانیاری ھەڵەیان داوە یان ئەوانەی کە فەرمانی دەرکردنیان ھەیە، دێپۆرت دەکرێنەوە. ئەم بڕیارەش جارێ بەم شێوەویە درێژەی پێ دەدرێ.
 

 

 

--------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

نامەیەکی کراوە.


بۆ بەرێزان:
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
داوای بە دواداچوون بۆ پەنابەرانی بێسەروشوێن

لەڕێی ئەم نامەیەوە دووبارە سەرنجتان بۆ کێشەی کۆمەڵێک خێزان و کەسوکاری پەنابەرانێک ڕائەکێشم کە لە چەند وڵاتی جیاجیادا بێسەروشوێن بوون.


ژمارەیەکی زۆر لە ھاولاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای پەرینەوەیان بە تورکیاو یۆناندا بێ سەروشۆین بوون و ھیچ ھەواڵێکیان نییە، ‌یان لە ‌دەریای ئیجەدا خنکاون و تەرمەکانیان دەست کەس وکاریان نەکەوتۆتەوە. ئەمەش بۆتە ھۆی پەرێشانی و خەمێکی قورس بۆ خزم وکەسوکاریان و لە بێ ئۆقەرەیی و بێ ئارامیدا ڕایگرتوون و شەو وڕۆژ دەژمێرن تا سوراخێکیان بکەن. چ دڵگرانییەکی گەورە و دۆخێکی دژوارە سەدان کەس ئێستا دڵیان لەسەر مشتیانە بەھۆی ئەوەی کە ئازیزانێکیان جێیانھێشتوون و ھیچ لەبارەی مان و نەمانیانەوە ئاگادارنین یاخود نازانن لە چ دەریایەکدا خنکاون؟! لەگەل ھەموو ئەو ھەوڵانەی کە لە ‌ڕێگای ڕێکخراوەکەمانەوە داومانە بە ‌تایبەتی لەڕێی ‌پشکنێنی (دی ئین ئەی ) ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەو ھاولاتیانە و دانی بە ‌ دەست حکومەتی یۆنانی، بەڵام بەداخەوە وەلامێکمان وەرنەگرتۆتەوە.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە سونگەی بەرپرسیاریتیمانەوە جارێکی تر دۆسیەی بەدوادا چوون بۆ ئەو ھاولاتیانەی بێ سەروشۆین بوون دەخەینەوە بەردەم کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان تا لە ڕێگای ئەو پەیوەندیە فەرمیانەی ھەیانە لەگەل ولاتانی دراوسێدا، بەدواداچوون بۆ ئەو ھاولاتیانەی ھەرێمی کوردستان بکەن و لیژنەی تایبەت پێک بێت بۆ ئەو پرسە و ئێمەو کەس وکاریان دڵنیا بکەنەوە لە چارەنووسی ئەو کەسانە. لەوبارەیەوە رێکخراوەکەمان ئامادەیە ھەر ئاستێک لە زانیاری پێویست بخاتە بەردەمی ئەو لیژنەیەوە.

ئێمە ھەر لەڕێی ئەم نامەیەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەمە یەکەمین جار‌مان نیە نامە ئاڕاستەی کابینە یەک لەدوا یەکەکانی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان ئەکەین، بەڵکو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا لەبارەی کێشەو گیرو گرفتەکانی پەنابەرن و ئەوانەی بە ‌پێچەوانەی خواستی خۆیان دیپۆرتی ھەرێمی کوردستان کراونەتەوە داوا و پێشنیارمان خستۆتەڕوو، تا ئاستی ئامادەکردنی پرۆژە بریارێک بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوە وھاوکاری پەنابەرە بەزۆر نیردراوەکان و دووبارە ژیان دامەزراندنەوە و تێکەڵابوونەوەی ژیانیان بە کۆمەڵگەوە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پێشنیار و پرۆژەکانمان بەھەڵواسراوی ھێڵراوەتەوە ودواخستنیشی ئاکام وکارەساتی زیانباری بەدوای خۆیدا ھێناوە . ھەریەکێک لەو پەنابەرانەی کە نێردراونەتەوە بۆخۆیان گرفتی گەورەیان ھەیە و پێویستیان بە دا‌مەزراندنەوەی ژیانە، پێویستیان بە کارە، پێویستیان بەکۆمەک ھەیە تا تێکەڵبنەوە، زۆربەیان ماڵ و حاڵیان فرۆشتوە، پێشتر وەزیفەیان بووە کە پێویستە بگەرێنەوە سەرکاریان، بەشێکیان خێزان و منداڵیان لە دوای خۆیان بەجێھێشتووە، موڵک وماڵیان لە وولاتە ئەوروپیەکان لەدوای خۆیان بەجێھێشتووە و بەشیکیان باری دەروونیان تێکچووە... ھەموو ئەمانە برگە گرنگەکانی ئەو پرۆژەیەمان بووە، ھاوکات فایلی ئامادەکراوی زیاتر لە ٥ھەزار پەنابەری دیپۆرتکراوە لە ‌بەردەست لقی کوردستانی رێکخراوەکەمانە لە شاری سلێمانی، بەڵام بەداخەوە بەسەرئەنجامگەیاندنی ئەو پرۆژەیە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان پشتگۆی خراوەو لە ئەرشیفی پەرلەمانی کوردستان بی ئاکام ماوەتەوە و پشت گوێخراوە.


داوکارین لە کابینەی نۆیەمی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان کە جارێکی تر چاوبخشێنێتەوە بەو پرۆژە بریارەی کە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی خستۆیەتیە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، ھەروەھا وەڵام بەو داوکاریانە بداتەوە کە خراونەتە ڕوو، بەتایبەتیش بەدوادا چوون بکات بۆ پەنابەرانی بێ سەرو شوێن، تا دڵی کەسوکاریان ئاسودە بێت.


دەشتی جەمال
سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
١٧\٦\٢٠١٩

 


--------------------------------------------------------------------------------------------------

 


با پێکه‌و به‌رامبه‌ر ره‌گه‌زپه‌رستیی رابوه‌ستین و به‌ر‌گریی له‌ ناسنامه‌ی مرۆیی بکه‌ین!

 


به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی په‌نابه‌ران و یادکردنه‌وه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌ریتانیا (Jo Cox) که‌ به‌ده‌ستی نه‌ژادپه‌رستێک ژیانی له‌ده‌ستدا، فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عێراقی هه‌ڵده‌ستێت به‌ بۆنه‌یه‌ک له (‌ (Finsbury Park له‌ له‌نده‌ن.
شه‌مه ٢٢\٦\٢٠١٩
کاتژمێر: ٢ی پاشنیوه‌رۆ تا ٨ی شه‌و.
شۆێن: Finsbury Park له‌سه‌ر هه‌ردوو خه‌تی Victoria Line و Piccadilly Line
له‌م بۆنه‌یه‌دا چه‌ند چالاکیه‌کی سه‌رگه‌رمی و موسیقا وخواردن وخواردنه‌وه‌ بۆ به‌شداربوان ئاماده ‌ده‌کرێ.
پێویسته‌‌ پیشتر له‌ ئاماده‌بونتان ئاگادارمان بکه‌نه‌وه‌.
بۆ زانیاریی پتر په‌یوه‌ندیی بکه‌ن بەم ژماره‌یه‌وه: ٠٧٨٢١٨٠٨٨٤١‌

 

 

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک