١٤\١٠\٢٠٢٤
چەند چالاكییەك لە
رۆژی جیهانیی دژ
بە سێدارە.
لە
رۆژی جیهانیی دژ بە سێدارە ١٠-١٠-٢٠٢٤ لە هەردوو شاری كەركوك و هەولێر
، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و دژ بە جینۆساید دوو گردبوونەوەو كۆنگرەی
رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا، بە بەشداری كەناڵەكانی راگەیاندن، داوایان
كرد لە عێراق و كوردستان حوكمی سێدارە نەمێنی، سەرۆكی عێراق و هەرێمی
كوردستان واژۆ لەسەر هیچ بڕیارَكی سێدارە نەكەن ، هاوكات داوا كرا
كەرامەتی زیندانی پارێزراو بێت ، ئەشكەنجە ، هەڕەشەی لەسەر نەمێنێت.
نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ مافی ژیان.
گەلی كورد قوربانی پلە یەكی سێدارە و كوشتنی دەرەوەی دادگا و ئەشكەنجە
بووە لە مێژوودا، كەم نین ئەوانەی لە رابردوو وە ئێستا تەنها بەهۆی
كوردیوونەوە لەسێدارە دراون، یاخود لە پرۆسەكانی جینۆساید مافی ژیانیان
بە كۆمەڵ لێسەنراوەتەوە و سێدارەی بە كۆمەڵكراون، بۆیە هەڵگرتنی ئەم
بڕیارە وەحشیانەیە ئەركێكی مرۆڤانەو وەڵامدانەوەیەكیشە بۆ تاوانەكانی
رابردوو و نەفرەتە لێی، با كوردستان بكرێتە هەرێمی مافی ژیان. لە
كۆنگرەی ستۆكهۆڵمی رێكەوتی ١١-١٢-١٩٧٧دا لەسەر ئاستی جیهان یەكەم
هەنگاو نرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لە سێدارەدان كە لە راگەیاندنی
ستۆكهۆڵمدا بەرجەستەكراوە، دوای ٤٧ ساڵ لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان
تەنها ٥٥ وڵات بڕیاری سێدارە جێبەجێ دەكات كە مخابن عێراق یەكێكە لە
پێشەنگەكانی، لە ناویاندا ١١٢ وڵات بە هەموو شێوەیەك لەسێدارەدانیان
قەدەغە كردووە لە حوكمدان و جێبەجێكردندا. رێكەوتی ١٠-١٠ی هەموو ساڵێك
رۆژی قەدەغەكردنی سێدارەیە لە جیهان، لەم ساڵ ٢٠٢٤ رێكخراوەكانی دژ بە
سێدارە وەك ساڵانی پێشوو زیاتر لە ١٠٠٠ چالاكی جۆراوجۆر لە زۆرتر لە ٧٠
وڵات ئەنجام دەدەن بۆ فشارخستنە سەر ئەو ٥٥ وڵاتەی تا ئێستا بەردەوامن
لە سەپاندنی بڕیار و جێبەجێكردنی سێدارە لە جیهاندا.
ساڵی ٢٠٢٣ لە جیهاندا ١١٥٣ لەسێدارەدان جێبەجێكراوە، كە ٣١٪
زیاتر بووە لە ساڵی ٢٠٢٢، ئەوانەش لە ١٦ وڵات جێبەجێكراون، وە ٢٤٢٨
حوكمی سێدارەش لە ٥٢ وڵات دەرچووە.
خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆرە بڕیاری جێبەجێكردنی سێدارەی
راگرتووە، ئەمەش هەنگاوێكی باش و پۆزەتیفە، لەم رۆژەدا داخوازین سێدارە
لە كوردستان بە یەكجاری هەڵبوەشێتەوە و بچێتە ریزی ئەو وڵاتە
مۆدێرنانەی جیهانەوە كە بڕیاریان داوە مافی ژیان لە مرۆڤەكان
نەسێننەوە. لێرەوە داوا لە سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێز دكتۆر لەتیف رەشید
و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین واژۆ لەسەر
هیچ بڕیارێكی سێدارە نەكەن.
هەروەها لەم رۆژەدا داواكارین زیندانی نهێنی لە كوردستان نەمێنێت و
هەموو زیندانییەك لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا هۆكاری مانەوەی ئاشكرا بكرێت،
زیندانی سیاسی قەدەغەی یەكجاری بكرێت، ئەشكەنجە بە هەموو شێوەكانی
قەدەغە بكرێت، دەستی سیاسییەكان لە دادگاكان نەهێڵرێت، داواكاری گشتی
بەهێز بكرێت، پۆلیس ئەركی دەستگیركردنی تۆمەتبار بگرێتە ئەستۆ،
كەرامەتی زیندانی پارێزراو بێت، دەست بۆ شمەكە تایبەتمەندەكانی وەك
مۆبایل و كۆمپیوتەرو شمەكی بەر باخەڵ نەبردرێت كە پەیوەندییان بە
دۆسیەكەیەوە نەبێت، ئەركی پشكنینی ئەوانەش تەنها بە دادوەری تایبەتمەند
پسپێردرێت. هەروا تۆمەتباران بە تایبەتیش تۆمەتباری تاوانە گەورەكان
وەك تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە سزا
رزگاریان نەبێت.
نا بۆ سێدارە، نا بۆ ئەشكەنجە، بەڵێ بۆ مافی ژیان، بەڵێ بۆ پاراستنی
كەرامەتی مرۆڤەكان.
رێكخراوی كوردستان بێ
جینۆساید
تۆڕی KONCICC
هەڵمەتی دادپەروەریی
هەڵمەتی ژیان نا بۆ سێدارە لە كوردستان
١٠\١٠\٢٠٢٤
|