په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٢\٢٠١٤

چەند دێڕێک لە بارەی ''ئاڵا''ی کوردستانەوە!


سیروان کاوسی    

 

یەکێ لەو خاڵە بنگەھین و سەرەکییانەی کە بەھۆی کەمتەرخەمی و لاوازیی بیری نەتەوەیی کورد خۆیەوە، تاکو ئێستا لەسەری رێکنەکەوتووە، کێشەی ''ئاڵا'' یە. سەرەڕای خەباتێکی دوورودرێژی خوێناویی کە لەمێژووی نوێدا خۆی لەسەتوچل ساڵێکدەدات، ھێشتا کورد خاوەنی ئاڵایەک نییە کە لای تێکڕای جەماوەری کوردستان و لای دنیای دەرەوەش ھێما و پێناسەیەک بێت بۆ ھەبوون (موجودیت) ی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ.


ھۆی ئەم کورتی و ناتەواوییەش تەنیا بۆ حیزبوڕێکخراوەی ئۆتۆنۆمیخواز و کۆمۆنیستی ناگەڕێتەوە کە پتر لە نیوسەدە خەبات و چارەنووسی سیاسیی کوردیان گرێدا بە چوارچێوەی وڵاتانی داگیرکەر و، بۆ رازیکردنی دڵی داگیرکەران و پارتەچەپەکانی باندەستی کورد، بەداتاشینی بیرۆکەی چەوت و ناقۆڵا کەوتنە دژایەتیکردنی یەکگرتنەوەی کورد و دەوڵەت و ئالا و، ناسنامەی نەتەوەیی کورد، بەڵکو ئەم کێشەیە مێژوویەکی کۆنتری ھەیە و، ھەر لەشۆرشەکەی شێخ عوبەیدۆڵڵا شەمزینییەوە تاکو شۆرشی ئەیلوول بەسەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر کە بەدواقۆناخی سەرکردەیەتیی کلاسیکی کورد دەژمێردرێت، نەتەوەی کورد بەلانیکەمەوە زیاتر لە دە (١٠) شۆرش و بزووتنەوەی ھەڵگیرساندووە، بەڵام جگە لە حکوومەتەکەی شای کوردستان مەلیک مەحموود لەباشووری کوردستان کە لەساڵی ١٩١٩ دادەزرا، ''شۆرشی خۆییبوون'' (بەسەرۆکایەتیی ئێحساننووری پاشا) لە ١٩٣٠ بۆ ١٩٣٣ لەباکووری کوردستان، ھەروەھا کۆماری کوردستان بەسەرۆکایەتیی پێشەوا قازی لە رۆژھەڵاتی کوردستان کە ئاڵای فەرمیی خۆیان ھەبووە و، بەوێنە و نووسراوە گەیشتوونەتە ئەمڕۆ، لەبارەی ئەوانی دیکەوە ھیچ ئەرشیڤ و نووسراوەیەکمان لەبەردەستدا نییە و، نازانین نەخشە و رەنگی ''ئاڵا''ی ھەر یەکێ لەو شۆرشانە چۆن بووە؟ ئەوی دەیزانین زیاتر پشتبەستنە بەوتە و گێڕانەوەی ئەو کەسایەتی و نیشتمانپەروەرانەی کە دوای نەمانی شۆرشەکان، لەبارەی رەنگەکان و نەخشەی ئالاکانەوە دواون. بێگومان ھۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بیرتەسکی و تێنەگەیشتنی ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەی کە لەو کات و سەردەمانەدا ژیاون، رووداو و بەسەرھات و گرێوکۆسپی نێوخۆ و دەرەکی و ئالا و ئامانج و روانگەی شۆرشەکانیان بەراستی و دروستی تۆمارنەکردووە، کە وەچەکانی دوای خۆیان بتوانن سوودی لێ ببینن.


وەک ئاماژەم پێکرد، حکوومەتی مەلیک مەحموود خاوەنی ئالایەک بووە بەرەنگی سەوز لەنێوەراستیدا وێنەی مانگ کێشراوە، کە ئەمەش وەک زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامیی ئەوکات و ئێستاش، لە ئاڵای ئیمپراتۆریی عوسمانییەوە وەرگیرابوو. شۆرشەکەی ''خۆییبوون'' کە زۆر جاریش بە شۆرشی ''ئارارات'' نێودەبرێ و، بەیەکێ لە گەورەترین شۆرشەکان لەمێژووی کورد ئەژماردەکرێت، نەخشەی ''ئالا'' کەی، ھەر ئەو ئاڵای ''ئێران'' ی سەردەمی پاشایەتیی بوو بەو جیاوازییەوە لە نەخشەی ئالاکەی کۆمەڵەی خۆییبوون دا، ھەتاو بەرەنگی زەرد، لەنێو ھەتاوەکەشدا وێنەی دووچیای ''ئاگری گەورە'' و ''ئاگری بچووک'' کێشرابوو.


ئەوجا کۆمەڵەی ''ژێکاف'' کە وەک رێکخراوەیەکی نھێنی لەساڵی ١٩٤٢ی زاینیی سەریھەڵدا، لەگەڵ ئەوەی کە باوەڕی بەیەکگرتنەوەی کورد و کوردستان و کیانی کوردی بوو، بەڵام ئالای نەبوو، تەنیا لەسەر پەڕەی رۆژنامەی ''نیشتمان''، وێنەی ھەتاوی دەکێشا. دواتر کە لەساڵی ١٩٤٦ی زاینیی، کۆماری کوردستان لەسەر بناخەی ھزریی کۆمەڵەی ژێکاف دامەزرا، بەفەرمیی بڕیاری لەسەر ھەڵبژاردنی ''ئاڵا'' بۆ کۆمارەکەی کرد، کە نەخشەکەی بەمجۆرە بوو: رەنگی سۆر لەسەرەوە، بەنیشانەی شەھیدانی کوردستان، رەنگی سپی لەنێوەراست بەنیشانەی ئاشتی، رەنگی سەوز لەخوارەوە بەنیشانەی ئاوەدانی و سروشتی جوانی کوردستان. ئەوجا لەنێوەڕاستیدا دوو چەپکە گەنم وەک کەوان کێشراوە، بە کەتانی سۆر پێچراوەتەوە، کە نیشانەیە بۆ کشتوکاڵ و بەروبووی کوردستان، لەنێو کەوانەکەدا قەلەمیک بەنیشانەی خوێندەواری و زانست، لەژێر قەلەمەکەش وێنەی ھەتاو کێشراوە کە رۆناکیی بە ولات دەبەخشێت. ھەڵبژاردنی ھەتاو ھەروەھا پێوەندیی راستەوخۆی ھەیە بەمیتۆلۆژیا و ئاینەکۆنەکانی کوردەوارییەوە وەک میترایزم و زەردەشتی و، مەزدانیزم کە مێژووەکەی بۆ چەند ھەزارساڵیک دەگەڕێتەوە. لۆگۆی نێو ئەم ئالایە، لەسەر راگەیەندراوە و نامەفەرمییەکانی سەرکۆمار و وەزارەتەکانی کۆماردا دادەنرا.


دوای رووخانی کۆماری کوردستان، لەساڵی ١٩٦٤ دا کۆنگرەی دووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد تۆفیق لەژێر درۆشمی ''سەربەخۆیی بۆ کوردستان'' لەگوندی ''سوونێ'' لەباشووری کوردستان بەڕێوەچوو، ھەر ئەو ئالایەی کۆمار لە کۆنگرەدا بەرزکرایەوە بەبێ ھیچ گۆڕانێک. لە کۆنگرەکانی دواتری حیزبدا، لەگەڵ لکاندنی نێوی ''ئێران'' بەپاشکۆی نێوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە، لۆگۆی نێو ئالای کۆماریش گۆڕدرا و، وێنەی ھەتاوێکی گەش لەجێی دانرا.
ئەم ئالا تازەیە ھەر لەسەرەتای ھەشتاکانی زاینییەوە، لەلایەن نیشتمانپەروەران و رێکخراوەی نەتەوەیی و لەگۆڤار و رۆژنامە نەتەوەییەکان بەتایبەتیی لەدەرەوەی وڵات وەک ئالای کوردستان قەبووڵکرا. پاسۆک کە لە سەرەتای ھەشتاکان دامەزرا، کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان لەساڵی ١٩٨٥ و پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەسەرەتای ھەشتاکان لەدەرەوەی وڵات دامەزران، لەکۆنگرە و سەمینار وبۆنە نەتەوەییەکاندا ئەم ئالا تازەیان دادەنا. دوای ئەوەی ساڵی ١٩٩١ ''ھەرێمی دژە فڕین'' لەبەشێکی زۆری باشووری کوردستان لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمانەوە دامەزرا، کەسایەتی نیشتمانپەروەر و خەمخۆری ناوداری کورد مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێو لەسەمینار و دانیشتن و کۆڕی شیعری ھەزاران کەسی و دیدارەکانی لە باشووری کوردستان، رۆڵی گەورەی گێڕا لە تێگەیاندنی لایەنی سیاسی و جەماوەری کورد بەگشتی لە گرنگی و پێویستیی ئالا وەک ناسنامەی نەتەوەیی.


لەنێو حیزبەکانی رۆژھەڵاتیشدا کە ژمارەیەکیان لەباشوور دامەزروان، یەکێتیی شۆرشگێڕانی کوردستان لەپێش ھەموویانەوە دوای دامەزرانی لەساڵی ١٩٩٢، ئاڵای کوردستانی لەسەر بنکەی پێشمەرگەکانی ھەڵدا و، بەدرۆشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستان چالاکیی سیاسی و چەکداریی دەستپێکرد. ئەم حیزبە دواتر ناوەکەی گۆڕی بۆ ''پارتی ئازادیی کوردستان''. ئێستا جگە لەحکوومەتی ھەرێم، ھەروەھا تێکڕای حیزب و رێکخراوەکانی رۆژھەڵات و باشوور ئالای کوردستان لەسەر بنکە و بارەگە و لە بۆنە و کۆنگرەکانیاندا ھەڵدەدەن. نێزیک بە چارەکە سەدەیەکە لەنێوخۆ و لەدەرەوەی وڵات ھەڵکردنی ئالای کوردستان بووە بە نەرێتێکی نەتەوەیی و لەبۆنەنەتەوەییەکان بەتایبەتیی لە جێژنی نەورۆز، لەشار ولادێ، لە دەشت و داوێنی چیا و مێرگ و چیمەن، لە شایی و سەما و خۆشی و لەگەڵ خوێندنی سروودی نەورۆز، ئالای کوردستان بەسەر دەستی کیژان و کوڕان و گەورە و بچووکی کوردەوارییەوە دەشەکێتەوە.


بەکورتی، نەتەوەییەکانی کورد لەھەر دوو بەشی باشور و رۆژھەڵات و لەدەرەوەی وڵات، رۆڵی گەورەیان گێڕا لەوەی کە لای جەماوەری کوردستان و لەئاستی دەرەوەش ئەم ئالایە، بەئاڵای کوردستان بناسرێت. ڕێکەوتی ١١/١١/١٩٩٩ پەرلەمانی کوردستان بەتێکرای دەنگ ئەم ئالا سێ رەنگەی وەک ئاڵای فەرمیی حکوومەتی ھەرێم پەسندکرد. ئیستا ئەم ئاڵایە، نەک ھەر لەباشوور و رۆژھەڵاتی کوردستان، بەڵکو لەئاستی نێودەوڵەتیش، بەئاڵای کوردستان دەناسرێت.


ئەوی مابێ لێدوانیکی کورتی لەسەر بکەم، جێنەکەوتنی ئاڵای کوردستانە لە ھەردوو بەشی باکوور و رۆژاڤای کوردستان. وەکدەزانین پارتی کرێکارانی کوردستان، لەو دوو بەشەی کوردستاندا پێگەیەکی جەماوەریی گەورە و بەھێزی ھەیە. پێ کێ کێ لەماوەی دامەزرانییەوە تاکو ئەمڕۆ گەلێک داھێنانی گرنگی لەبواری ئابووریی سەربەخۆ، میدیا، شەڕی چەکداری و رێکخستنی جەماوەریی ئەنجامداوە. پیلانگێریی بەردەوامی سیاسی و چەکداری و دیپلۆماسی رژێمی تورکیای تووشی شکست کردووە. بەرخۆدانی شەرڤانانی پێ کێ کێ لە ''کۆبانێ''، لەم دوو مانگەی دواییدا، نێوبانگی ئازایەتی و ئازادیخوازی و بیری پێشکەوتنخوازانەی کوردی بەھەموو جیھاندا بڵاوکردەوە. پێ کێ کێ ھاوکات لەگەڵ ئەم خزمەتە گەورە و بەرچاوانەی، ھەروەھا بە پەسندکردنی سروودی نەتەوەیی ''ئەی رەقیب''، ھەڵوێستێکی نەتەوەیی گەورەی نواند و بێ ھیچ کێشەیەک سروودی ''ئەی رەقیب'' بوو بە سروودی نەتەوەیی لەسەرتاسەری کوردستان. ماوەتەوە سەر ''ئالا'' کە پێ کێ کێ لەپێناو یەکێتیی نەتەوەیی لەسەر ئەم خاڵە بنگەھینە نەتەوەییەش رێکبکەوێ و ئالای کوردستان پەسندبکات، بەمەش نەتەوەی کورد ھەنگاوێک لەو ستراتیژە ھاوبەشە نێزیکدەبێتەوە کە مەبەست لێی، رزگاریی یەکجارەکیی نیشتمان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی سیکۆلار و مودێڕنە لەسەرتاسەری کوردستان.


ھەر شەکاوەبێت ئاڵای بەرز و پیرۆزی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان!


٩\١٢\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک