په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٥\٢٠١١

چەند دڵۆپە خوێنێک هەموو شەهادە بەرزەکانی جیهان دێنێ!


بەهار نەسرەدین


لە زستانێکی سەختدا، بە بێ خواستی خۆم لە خێزانیکی خێڵه‌کیی کورد هاتمە دونیا. تانوپۆی پێکهاتەی کولتووری بنەماڵەکەم پیاوسالاریی و ئیسلامییه‌. هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوە کە بە خەم و حەسرەت و کەسەرەوە پێشوازیم لێ بکرێ، چونکە کچ بوم. بە لە دایک بوونم هەڵگر و پاراستنی شەرەفی خێزانەکە کەوتە ئەستۆم. بە لە دایک بوونم ترس و خەمێکی قورس وەک مۆتەکەیەک بنەماڵەکەمی داگرت، چونکە ئیتر شەرەفی ئەوان بە دەست من بوو، وە ئاگا لێ بوون و کونترۆڵ کردنی منیش کەوتە ئەستۆی ئەوان بۆ پاراستنی شەرەفیان. بە لە دایک بوونم وەک وەیشومەیەک ژیان و شەرەفی خێزان و خێڵه‌که‌م بە گشتی خرایە رەهنی چەند دڵوپە خوێنێک لە لەشی من کە ناوی پەردەی کچێنییه‌ و سومبولی شەرەفی پیاوانە.


بە پێی هه‌موو مەنتقێکی زانستی، ئەخلاقی و ئینسانی ئەم چەند دڵۆپە خوێنە مەسەلەیەکی سروشتیە و هیچ پەیوەندیەکی بە چەمک و بنەما ئەخلاقی و کۆمەلایەتیەکانەوە نییه‌. هیچ پەیوەندیەکی بە باش بوون و خراپ بوونی کەسەکانەوە نییه‌. شەرەف و ئەخلاق بریتیە لە به‌رپرسیارییرکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی بۆ دیفاع و پاراستنی ئازادی تاک و پێکهێنانی بنەماکانی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگا. زاڵ بوون و کاریگەریی کولتووری دینی و پیاوسالارییه‌ کە ئەم چەند دڵۆپە خوێنەی کردۆتە پێوەری شەرەف و ئەخلاقی کۆمەڵگا. ئاکامی حاکمیەتی ئەم کولتوورە پیاوسالاریی و ئاینییه‌ کە شەرەفی بەستۆتەوە بە چەند دڵۆپە خوێنیکی لەشی ژنانەوە کە ناوی پەردەی کچێنییه‌. ئاکامە خوێناویی و زیانبارەکانی ئەم عەقڵیەت و باوەرە دژی مرۆییه‌‌ ئەم راستیە حاشا هەڵنەگرەی پێمان سەلماندوە کە هیچ کۆمەلگایەک پێش ناکەوێ و بواری گەشەکردن و سەربەستیی تاکی کۆمەڵگا نارەخسێ تاکو کۆمەڵانی خەڵک لە مانای راستەقینەی شەرف و ئەخلاق تێ نەگەن و لێی بە دوور بن، وە بروایان بەوە بێ کە شەرەف لە نێو پێی ژنان و ئەم چەند دڵۆپە خوێنەی ئەواندایه‌.


لە کۆمەڵگا پیاوسالاریی و دین لێدراوەکاندا کاتێکی یەجگار زۆر بێهودە سەرفی مناقەشە و باس لە سەر شەرەف و سزادانی پێشێلکاریەکانی شەرەف دەکرێ. ئەم کات کوشتنانە ئێستاکەشی لە گەڵ بێت هیچ سودێکی نەبووە بێجگە لە کوشتن و لە گۆرنانی خۆشەویستی و رەحم و ویژدانیان و پڕکردنی ناخیان لە رق و گومان و دڵە راوکە. هەروەها ئەم پێچەوانە تێگەیشتنە لە شەرەف بووەتە هۆی ئەوە کە متمانە لە نێوان دایک و باوک و مندالەکانیاندا نەمێنیت. بەم شێوەیە خۆشەویستیی دایک و باوک کە سروشتیترین بنەما ئاخلاقیەکانە، بەرانبەر بە منداڵان بە تایبەت کچان دەمرێت و لە جێیدا رقێکی شاراوە لە ناخیاندا سەرهەڵدەدا کە جار و بار بە شێوازی جۆراوجۆر دەری دەبرن. دایک و باوک بە رواڵەت بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکەن کە گۆیا کچەکانیان خۆش دەوێ، بەڵام لە ناخەوە راست ناکەن. ئەم خۆشەویستیە درۆینەیە تا ئەو کاتە بڕ دەکا کە بە ئاستەم هەستی پێبکەن کە کچەکەیان دڵداری دەکا و خەریکە شەرەفیان دەخاتە مەترسیەوە.


بە دروستبوونی گومانی تەنانەت دڵداری کردنی کچ لە لای دایک و باوک، خێرا ئەقڵیان رادەوەستێ و ئەو خۆشەویستیە دەبێتە نەفرەت و قین بەرانبەر بە کچەکە و لە ئاکام دا کوشتنی کچەکەی لێ دەکەوێتەوە. بەم شێوەیە کچان دەبنە قوربانی کولتوری نائینسانیی پیاوسالاریی - ئیسلامی و دواکەوتوانەی نامووسپه‌رستیی. بە هۆی زاڵ بوونی ئەم کولتوورە بەسەر کۆمەڵگادا، هیچ ویژدان و ئەخلاق و یاسایەکی ئینسانیش نییه‌ تا رێگا لە ئازاردان و کوشتاری کچان بگرێت لە لاێەن که‌سوکاریانەوە.


منیش وەک یەکێک لەو هەزاران کچە بەش مەینەت و قوربنییه‌ی ئەم کولتوورە نا ئینسانی و خۆشەویستیە درۆینەیەی دایک و باوک، ترس و خۆفیکی گران و کوشندە لە ناخمدا پێکهات و بوو بە هۆی داڕمانی باری کەسایەتی و گەشە کردنم. بەردەوام هەستی کەمبوون و حەقارەتی تێمدا دروست دەکرد، بە تایبەتی لەو کاتەوە کە لە تەمەنی پینج ساڵیدا تووشی رووداوێک هاتم.


لەو سەردەمەدا عادەتی بنەماڵەکەمان بە شێوەیەک بوو کە دایکم بەهاران جاروبار وەک چۆن دەچی بۆ سەیران، دەیبردینە سەربانەکەی خۆمان و لەوێ یاریمان دەکرد و نانمان دەخوارد. من ئەو رۆژانەم زۆر لا خۆش بوو و بیرم دەکرد. رۆژێکیان دایکم گوتی کە ئادەی منداڵان شتەکان کۆ بکەنەوە با بڕۆینە سەربان. کە ئەمەم بیست، زۆر خۆش حاڵ بووم. شتەکانمان هەڵگرت و رۆشتینە سەربان. باوکم پاسکیلێکی کریبوو بۆ براکانم کە یەکێکیان دو ساڵ لە من گەورەتر و ئەویتریان دو ساڵ لە من منداڵ تر بوو. پاسکیلەکەشمان لە گەڵ خۆمان بردە سەربان. وەک هەمیشە چاوەریم دەکرد کە براکانم پاسکیلەکە جێ بێڵن و منیش یاری پێبکەم. براکانم پاسکیلەکەیان بە جێ هێشت و دایکیشم سەرقاڵی ئامادە کردنی خواردن بوو. منیش بە هەلم زانی و خێرا خۆم گەیاندە پاسکیلەکە. بچوک بووم و قاچەکانم نە دەگەشتنە پەیدەری پاسکیلەکە و هەر بۆیە نەمدەتوانی لێخورم. بە ناچاری چونکە زۆر حەزم لێ بوو، یان پاڵم پێوە دەنا و یان لە کورسیەکەی پشتەوە دادەنیشتم. لە بەدبەختی بەختم زەوق و حەزی تەجرەبە کردن هانیدام کە پاسکیلەکە لێخورم. قاچم هێنا بە کۆڵی پاسکیلدا و قاچم شۆر کردوە. بەڵام نەگەشتە پەیدەرەکە و هەڵ خلیسکام. لە کورسیەکە داکەوتم و کەوتمە سەر ئاسنی نێوان زینەکە و فەرمانی پاسکیلەکە. ئازاریکی زۆرم پیگەشت و لە عەزرەتدا قیژانم. هەر جۆر نەبێ لە پاسکیلەکە دابەزیم و دەستم گرت بە سەر شەرمگامەوە. دەستم کرد بە گریان و هات و هاوار. رۆژانی تر ده‌کەوتین و بەر ده‌بووینەوە و دەشگریاین بەڵام دایکم لای ئاسایی بوو و گوێی نەدەدا. ئەو جارەیان جیاواز بوو. کە منیان بینی دەستم بە بەر سکمەوە گرتوە، ترسان و بە پەلە لە گەڵ پورم خۆیان گەیاندە من. خێرا جلەکانمیان داکەند و سەیری ناو پێیان کردم. ئەوەی کە لێی دەترسان، بینیان. خوێنیان بینی کە لیم هاتبوو و یەکسەر بە پەژارەوە بە یەکتریان وت: ماڵی وێرانم (بنی کەوتوە). خوێنەکەیان پاک کردەوە و جلەکانیان لە بەرم کردەوە. خەم و خەفەتیکی قورس دایانی گرت و بە جارێک تاسان.


بەرە بەرە ئێش و ئازارم کەم بووەوە و دایکم و پوورم بەردەوام پێکەوە قسەیان دەکرد و بە یەکتریان دەوت چی بکەین. هەر جۆریک نەبێ ئەو رۆژەمان تێپەراند و شەو بەسەردا هات. سبەینی کە لە خەو هەستام، هەمان پەژارە و خەمم لە روخساریاندا بینی. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە منداڵ بووم تێنەدەگەشتم لە چی و بۆچی نارەحەت و نیگەرانن. دەموت ئاخۆ چی قەومابێ کە ئاوا دنیایان لێ تەنگەبەر بووە و بە جارێک پەرێشانن. لە دڵی خۆمەوە دەمگوت کە خۆ من ئێشم نەماوە ئیتر ئەوان بۆچی هەر نا رەحەتن. وام دەزانی لەبەر من خەمبارن کە دوێنێ کەوتم و ئێشم پێ گەشت. لە هەمان کاتدا خەمبار بوونی ئەوان ئازاری دەدام و دەمگوت خەتای منە کە ئەوانم توشی ئەم خەم و خەفەتە کردوە. برێک لێیان دور دەکەوتمەوە و خۆم بە یاری و شتێکەوە خەریک دەکرد. لە ناکاو دەکەوتەوە بیرم کە بۆچی ئەوان هەر خەمبارن، دەگەرامەوە و سێریکیانم دەکرد. ئەمە ببووە گرفتێکی کاریگەر لە سەرم و بیرم لەوە دەکردەوە کە چی بکەم خەمەکەیان بیر بەرمەوە و خۆشحاڵ بن.


رۆژ لە دوای رۆژ کە تێدەپەری، ئیتر لام ئاسایی ببووەوە و گوێم نە دەدا بە خەم و خەفەت خواردنەکەیان و نەمدەتوانی لە بیریشی بەرمەوە. چونکە دایکم و پورم بەردەوام باسیان دەکرد. کاتێک کە میوانیشمان دەهات، بەسەرهاتەکەیان بۆ باس دەکردن. دایکم دەیگوت: "بنی نەماوە و هەر کەس دەیهەوێ هەروا بیبا بۆ خۆی". ئەم قسانەی دایکم بە بەردەوامی، هێنامیە سەر ئەو قەناعەتە کە من کەمبودێکی سەرەکیم هەیە و نوقستانم. بەڵام نەمدەزانی چیە و بۆ دایکم ئەوەندە بایەخی پێداوە و بۆ بە خۆرایی دەمبەخشێ. یەک جاریش چیە دایکم بۆی باس نەکردم کە چی روی داوە. نازانم هۆی دوا کەوتویی دایکم بوو یان مەبەستێکی دیکەی هەبوو کە پێی نەدەگوتم. بەردەوام بوونی دایکم لە سەر وتنەوەی، کچەکەم بنی نییه‌ و بنی نییه‌، وەک روتینی رۆژانە لە بەرم کردبوو. زۆر حەزم دەکرد کە لە مانای بنی نییه‌ تێبگەم، هەر بۆیە لە هەر شوێنێک کە باسی ئەم شتانە دەکرا نزیک دەبوومەوە و گوێم هەڵدەخست تا بەڵکو شتێک تێبگەم کە مەسەلەکە چیە.


ساڵانێک تێپەری و هەر کاتێک و لە هەر کوێ باسی وشەی ( بن) دەکرا، بەسەرهاتەکەم بیر دەهاتەوە و بە جارێک مێشکمی بە خۆیەوە خەریک دەکرد. لە مانای بن تینەگەشتم تاکو رۆژێک لە رۆژان لە خوشکە گەورەی کچێکی هاورێم ماناکەیم بیست. کچە هاورێکەم زۆر هەڵسور و هار و هاج بوو. رۆژێک بە سەر لێواری پلەکانەی مەکتەبدا کە قاچێکی خستبووە ئەم دیو و قاچیکی ئەو دیوی پلەکانەکە، بە خشکە هاتە خوارەوە. خوشکەکەی هاواری لێ کرد و گوتی: "کچێ وا مەکە بنت دەکەوێ". بە بیستنی ئەم وشەیە ئەوجا هه‌موو پرسیارەکانی ناخم وروژان و دیسان بەرەوروم بوونەوە. لە بەر خۆمەوە گوتم راست باسی بن دەکا و وادیارە ئەم کچە شتێکی لێ دەزانێ. لە بەر خۆمەوە دەمگوت نازانم لێی بپرسم یان نا. ئاخرەکەی گوتم بە تون لێی دەپرسم. بە ترس و گومانەوە لێم پرسی و گوتم: "ئەرێ تۆ بە خوشکەکەت گوت کچێ وا مەکە بەردەبیتەوە و بنت دەکەوێ، ئەتوانی پێم بڵێی یانی چی؟" وەڵامی دایەوە و گوتی: "بن چەند دڵۆپە خوێنێکە کە لە ناوەوەی ق...ی کچ دایە". دیسان لیم پرسی کە ئەی ئەگەر کچێک بنی نەبوو چی؟ گوتی دەیکوژن. گوتم کێ دەیکوژێ؟ گوتی باوک و برا و که‌سوکاری. گوتم ئاخر لە بەر چی ئەی کوژن؟ گوتی ئەوە پەردەی کچێنییه‌ و شەرەفی باوک و برایە. کچ دەبێ ئاگای لە خۆی بێ و بیپارێزی. پاش ئەم قسانە کە بەدەم رێگای گەرانەوەمان لە مەکتەب بەرەو ماڵ دەهاتینەوە، هەر کەس بەرەو ماڵی خۆمان بەرێ کەوتین.


قسەکانی ئەو کچە بە جاریک حەپه‌ساندمی و ترس و خۆفێکی قورس هه‌موو لەشمی داگرت. یەکەم شت کە هاتەوە بیرم، بەسەرهاتی بەربوونەوەکەم بوو لە سەر پاسکیلەکە. پاشان یەک لە دوای یەک حەسرەتەکان و پەرۆشی و قسەکانی دایکم و پورم هاتنەوە بەر چاوم کە دەیان گوت: "چی بکەین، چ قوریک بکەین بەسەرماندا بنی کەوتوە".


کاتێک دایکم و پوورم خەم دایانی گرتبوو و نارەحەت بوون، پێم وا بوو لە بەر خۆشەویستی منە و دەترسن شتێکم بە سەر بێت یان بمرم. نەمدەزانی لە بەر ترسی کەوتنی بنمە و لەدەست چوونی شەرفی بنەماڵەکەم. کاتێک کە تێگەشتم و کچەکە پێی گوتم کەسێک کە بنی نەبێ باوک و برای دەیکوژن، ئیتر ئەقڵ و هۆشم لا برا و لە ترسی براکەم کە کەسێکی بێ رەحم و درەندە بوو، وە هەمیشە لێمی دەدا، بەجارێک زەندەقم پەری و ئەو شەوە تا بەیانی خەوم لێ نەکەوت. بەردەوام خەم و ترسی کوشتن وەک خۆرکە ناخمی دەخوارد و لە خۆمم دەپرسی کە تۆ بڵێی دایکم بە باوکم و براکەمی وتبێ. خۆفی کوشتن بە جارێک توشی بێ خەوی کردبووم و بەردەوام وەک شەوە و مۆتەکەیەکی قورس سەردڵی گرتبووم. هەر کە چاوم دەچوە خەو، دەکەوتمە ناو کۆمەڵێک توولە مار و لە عەزرەت دا دەمقیژاند و بە دەم قیژە و قاوی خۆمەوە رادەچەڵکیم، یان ژمارەیەک ماری گەورە و درێژ دەهاتن بۆم و لە ترساندا هەڵدەهاتم و هاوارم دەکرد کە بە هەمان شێوە بە دەم هەڵهاتنم و هاوارمەوە خەو لە سەرم دەپەڕی و هەڵدەستام و شل و شەکەت لە سەر جێگاکەم دادەنیشتم و نەمدەوێرا بخەومەوە.


بە تێگەیشتنم لە واتای (بن) کە پەردەی کچێنییه‌ و ئەگەر نەتبێ دەبێ چاوەروانی کارەسات و مەرگ بکەی، لە قۆناغی پرسیار و وت و ویرە تێپەریم و گەشتمە قۆناغی ترس و وەهم و چارەنوسی نادیار. ترس و لەرز ببوونە هاودەمی شەو و رۆژم. جار و بار ئاستی ترسەکەم ئەوەندە بەرز دەبووەوە کە هەناسەم لی دەبرا و هەستم بە خنکان دەکرد.


رۆژێک لە رۆژان لە ماڵی پورم بووین. دیسانەکە بۆ ئاخرین جار کە گوێم لێ بوو، دایکم باسی مەسەلەی بە سەر هاتەکەی منی دەکرد بۆ ژنێکی خزممان کە لە گەڵ مێردەکەی لەوێ بوون. ئەم باسە کاتێک هاتە گۆڕێ کە ژنەکە بە دایکمی وت: "ماشاءاللە کچەکەت گەورە بووە، ئەرێ تەمەنی چەندە"؟ دایکم گوتی ١٢ ساڵیەتی. ژنەکە گوتی کچەکەت جوانە و ئیتر سێبەری ماڵتان خۆش دەبێ. دایکم هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی: "وایە جوانە، بەڵام بە کاری چی دێ". بەسەرهاتەکەی منی بە درێژە بۆی گێرانەوە و گوتی بنی نییه‌، هەرکەسێک گەرەکیەتی با هەروا بیبات بۆ خۆی.


ئەو رۆژە لە بیرم چووبووەو و بێ خەیاڵ لەگەڵ کچی پورم سەرقاڵی یاری و قسە و باسی خۆمان بووین. هەرکە دایکم مەسەلەکەی باس کردەوە، دیسانەکە بەسەرهاتەکەی هێنییه‌وە بیرم و رۆژەکەی لێ تاڵ کردمەوە، بە تایبەتی کە گوتی، با هەر وا بیبا. بەم قسەیەی دایکم زۆر دڵم بە خۆم سوتا و هەستم کرد کە من شتێکی بێ قیمەتم و مەمنونیش دەبن کە یەکێک بە بەلاش لە کۆڵیانم بکاتەوە. کاریگەری ئەم قسەیەی دایکم بە جۆرێک بوو کە خەم و ترسی کوشتنمی لە بیر بردەوە و بە خۆم دا شکامەوە کە کەسێکی نوقستان و عەیبدار و بێ نرخم. ئیتر لێرەوە هەستێکی کوشندەی تازەی کەمبود و ناتەواویم لا دروست بوو و خۆم لە هه‌موو کەسێک پێ کەمتر بوو.


هەستی کەم بوون و شەرمەزارییم رۆژ لە دوای رۆژ زیادی دەکرد، کاتێک کە تێگەشتم گرنگیی پەردەی کچێنی لە کۆمەڵگا و لە کولتووری نەحسی پیاوسالارییدا چەندە رۆڵ دەگێرێ. ئەم هەستەی کەمبوونم بە زۆری ئەو کاتانە زیاتر ئازاری دەدام کە کچە هەرزەکارەکانی مەکتەب بچوکترین کێشە لە نێوانیادا دروست دەبوو و بێ رەحمانە پەلاماری کەسایەتی یەکتریان دەدا کە ئەگەر نزیکترین رەفیق بووایەن. من کاتێک ئەوانەم بەم شێوەیە دەبینی، ئیتر نا ئومێد دەبووم و باوەرم بە هیچ کەسێک نەدەما کە دەردە دڵی بۆ بکەم و دەرونم لەو خەم و مەراقە کە بە هۆی ئەو کارەساتەوە بەسەرم دا هات تۆزێک بەتاڵ بکەم. ئیتر وام لێ هات کە لە هه‌موو کەسێک دورە پەرێز بگرم و گۆشە گیر بم. دەمگوت واباشترە کە تێکەڵاوی کەس نەبم و خەمەکانم لە ناخی خۆمدا هەڵگرم تا وەکو باسی بکەم بۆ کەسێک کە زیاتر سوک و شەرمەزار بم. قەناعەتم وا بوو کە ئەگەر ئەم بەسەر هاتەم بۆ کەسێک باس بکەم، دەبوو ئیتر واز لە مەکتەبیش بینم و گۆشەی تەنیایی ماڵەوە هەڵبژێرم.


ئەم بەسەرهاتەم هانی دام کە بکەومە دوای به‌ده‌تهێنانی زانیاریی لەسەر پەردەی کچێنی. نووسراوە و لێکدانەوەی زۆرم بە دەست هێنا و هەر هه‌موویم خوێندەوە و لە بەرم کرد. بەم شێوەیە تێگەشتم لە ناوەرۆک و ئەسڵی پەردەی کچێنی و هۆکار بوونی. لە راستیدا پەردەی کچێنی مەسەلەیەکی سروشتیە و لە باری پزیشکیەوە هیچ دەورێک لە لەشی ژندا نابینێ. هەروەها لە جۆرەکانی پەردەی کچێنی تێگەشتم و زانیم کە هەر وا بە ئاسانی لە ناو ناچێت تا شتێکی تایبەت نەچێتە ژورە و بیدرێ. تەنانەت ئەوەندە دواکەوتو بوون کە عەقڵیان پێ نەدەشکا بمبەنە لای دوکتور و تاقی کاریەکم بۆ بکەن تاوەکو نە من و نە خۆشیان توشی ئەم داخ و دوخ و شەرمەزارییه‌ نەبین.


سەرەڕای ئەوەی کە لە رێگای خوێندنەوە و بە دواداگەران لە پەردەی کچێنی تێگەشتم و زانیم چیە و بۆ کردویانەتە بەڵگەیەکی پیرۆز بۆ نرخاندنی کچ، دیسانەکە دایکم بە هۆی دواکەوتوبوونی خۆیەوە توانی قەناعەتم پێ بکا کە پەردەی کچێنی بە قەدەر پلەی خودایی پیرۆز و بەرزە. هەروەها بە بی ئەوەیکە یەک جار چیە لە گەڵم دابنیشێ و بۆم باس بکا، توانی وام لێ بکا کە هەم بیپەرەستم و هەم ئەم بەڵگە و هەویە پیرۆزەی شەرەفی بنە ماڵەکەم لە دەست داوە. خۆم هەستم پێ دەکرد کە دایکم خەم و مەراقەکانی منی لا گرنگ نییه‌ و ئیهمالی دەکردم. لە من و لە هه‌موو شتێک گرنگتر لای ئەو ئەوە بوو کە بە جۆرێک قەناعەت بە خەڵک بکا کە پەردەی کچێنییه‌کەم بە هۆی روداوێکەوە لە دەست داوە و هیچ شتێکی تر لە ئارادا نەبووە. زۆر حەزم دەکرد وەک پێویستیەک کە کەسێکی میهرەبان و بە رەحم پەیدا ببێ و بتوانم هه‌موو شتەکانمی بۆ باس بکەم و گوێم لی بگرێ و دڵسۆزانە یارمەتیم بکا، وەبۆمی رون بکاتەوە تا نەختێک باری خەمەکانم سوک بێت. بەڵام بە هۆی کولتوری کۆنە پەرەستانە و نا ئینسنییه‌وە نە کەس یارمەتی کردم و نە خۆشم ئەمتوانی بۆ کەسی باس بکەم. لە ئاکام دا خۆم و ئازارەکانم پێکەوە دەتلاینەوە.


هەستی کەم بوونی و شەرمەزاریم وای لێم کرد کە بە هیچ شێوەیەک متمانە و باوه‌ڕم بە خۆم نەمێنی و بە تەواویی لە دەستی بدەم. هەروەها ئەم بارودۆخەم بوو بە رێگرێک لە بەردەم گەشە کردنی کەسایەتی و کۆمەڵایەتی و پێگەشتنمدا. هیچ کاتێک نەم دەوێرا لە مناقەشەیەک دا بەشداری بکەم، بە تایبەت مناقەشەیەک کە پەیوەندی بە باری ئەخلاقی و شەخسیەتیەوە بێ. من پێم وا بوو کە، چونکە پەردەی کچێنیم نییه‌، نابێ و شایەستەی ئەوە نیم کە لەو باسانەدا بەشدار بم. ئیتر قەناعەتم کردبوو کە ئەم باسانە تایبەتە بەوان و بە ژیانی ئەوانەوە و من لە دەرەوەی ژیان و کۆمەڵگام. هەر وەک چۆن کەسێک سەیری فلیمیکی سینەمایی دەکا کە نە بەشدارە تێدا و نە دەوری تێدا دەگێرێ. ژیان راست وەک فیلمی سینەما بوو بۆ من. بە تەواوی هەستم پێدەکرد کە من بوونم نییه‌ و لە دەرەوەی ژیانم. هەر کاتێک باسەکانی پەیوەندیدار بە شەرەف و ئەخلاقەوە دەهاتە گۆڕێ، خۆمم لێ دەدزیەوە و، یان لە شەرماندا کپ و بێ دەنگ وەک بەردێک دادەکوتم و لە حەسرەتدا ئەوەندە بچوک دەبوومەوە کە چنگۆڵێکم دەما.


بە دەست پێکردنی قۆناغێکی دیکەی خوێندن بۆ سەرەوە، مەکتەبەکەمان دور کەوەتەوە. من و هەندێک کچی دیکەی هاورێم سەیارەیەکیان بۆ بە کرێ گرتین کە بەیانان بمان با بۆ مەکتەب و دوای نیوەڕۆ بمان هێنێتەوە. سەیارەکە دەهاتە بەر ماڵی هه‌موو کچەکان و هەڵی دەگرتین بەرەو مەکتەب. رۆژێکیان چوینە بەر ماڵی یەکێک لە کچەکان. سەیارەکە هۆرنی بۆ لێدا، بەڵام کچەکە نە هاتە دەرەوە. یەکێکمان دابەزی و لە دەرگاکەی دا. کەسێکیان دەرگاکەی کردەوە و گوتی کە نەخۆشە و ئەمرۆ ناتوانێت بێت بۆ مەکتەب. دو رۆژ بەم شێوەیە تێپەری و کچەکە هەر نەهات بۆ مەکتەب. هیچ کاممان نەمان دەزانی بۆچی نییه‌ت. رۆژی سێهەم کە رۆشتینەوە بە دوایدا، ئەم جارەێان هاتە دەر و لە گەڵمان هات بۆ مەکتەب. کاتێک سەرکەوتە ناو سەیارەکە، سەری داخستبوو و بە زەلیلیەکەوە سلاوی کرد و بێ دەنگ دانیشت و هیج قسەی نەکرد. سەیرمان کرد کە سەر و چاوی هه‌موو ئاوساوە و شین بووەتەوە، ئێمەش سەیری یەکترمان دەکرد و بە ئیشارەتی چاو پرسیاری مەسەلەکە چیبێ؟ لە یەکترمان دەکرد. کەسمان قسەی نەکرد تا گەشتینە مەکتەب. هەر کەسە و رۆشت بۆ پۆلی خۆی. من و ئەو کچە لە یەک پۆل دا بووین و بە بێ یەک وشه‌ چوینە پۆلەکەمان و دانیشتین. پاش ماوەیەک مامۆستا هات. کە سەر و چاوی کچەکەی بینی، لێی پرسی: "بۆ وات لێ هاتوە؟". کچەکە لە وه‌ڵام دا گوتی، مامۆستا ویستم بچمە سەربان لە پلیکانەکان بەربوومەوە و وام لێ هات.


زەنگی پشوو لێی درا و چووینە دەرەوە بۆ حەوشە. رۆشتم بۆ لای کچەکە کە بە تەنها لە گۆشەیەک وەستابوو. لێم پرسی چیە بۆ وات لی هاتوە، ئەکرێ پێم بڵێی؟ وڵامی منیشی دایەوە و گوتی کە لە پلیکان بەربوومەتەوە. منیش باوەرم پێ کرد و هیچم نەوت. بە جێم هێشت و رۆشتم بۆ لای کچەکانی دیکە. سەیرم کرد کە ئەوانیش هەر هه‌موویان باسی ئەو کچە ده‌کەن. من گوتم دەڵێ کە لە پلیکان بەربووەتەوە. کچەکان گاڵتەیان بە قسەکەی من دەهات. گوتیان تۆ زۆر فەقیری کە بروای پێ دەکەی. هەر هه‌موو کچەکان لە سەر ئەو قەناعەتە بوون کە ئەو کچە دڵداری کردوە و که‌سوکاری لە سەر ئەو مەسەلەیە لێیان داوە، چونکە که‌سوکار بۆ هیچ شتێک لە کچ نادەن لە سەر مەسەلەی ئەخلاقی نەبێ.


ئیتر باسی ئەو کچە بوو بە بابەت و بنێشتە خۆشەی دەمی ئەم و ئەو. هەر کەسە و شتێکی پێ دەگوت. یەکێک دەیگوت بەرەڵایە و یەکێک دەیگوت سۆزانییه‌ و هەر هه‌موو دەیانگوت حەقی خۆیەتی وایان لێ کردوە و دەستیان خۆش بێت. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە زۆربەی کچەکان دڵداریان دەکرد و پەیوەندیان لە گەڵ کوراندا هەبوو. جیاوازیەکە تەنیا ئەوە بوو کە مەسەلەی ئەو کچە ئاشکرا ببوو و هی ئەمان هێشتا شاراوە بوو، و بە نهێنی دەیانکرد.


مەسەلەی سەر و چاو ئاوسان و شینبوونەوەی ئەو کچە بوو بە مایەی باس و خواستی رۆژانەی پەردەی کچێنی و ئەخلاق و شەرەف و کوشتنی ئەو کچانەی کە لەم پەیوەندیەدا ببوونە قوربانی. زۆربەی کچەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەم کچە بەس پێیان زانیوە دڵداری کردوە بۆیە بە تەنها لێیان داوە، ئەگینا پەردەی کچێنی لەدەست دابا، بێگومان ئەیان کوشت. هەر کاتێک ئەم باسانە دەهاتنە ئاراوە، وەک بڵێی دەستێکی بە هێز دەهات و گەرومی دەگوشی و خەریک بوو بخنکێم. ئەم حاڵەتە بەردەوام لە گەڵما بوو. بە زۆری ترسەکانم قوت دەدایەوە و نەختێک ئاسایی دەبوومەوە، بەڵام دیسان قورگمی دەگوشیەوە و رۆژێک جەندی جار دەمردم و زیندو دەبوومەوە. جارێکیان ئەوەندە ترس و خۆف دایگرتبووم کە لە تاواندا، بۆ یەکەم جار ئەم وتەیەم لە دەم دەرچو و گوتم "خۆزگە ئەم پەردەی کچینییه‌ هەر لە ئەساسدا نەبوواێە". یەکیک لە کچەکان بە شێوەیەکی زۆر ناشرین و توند روی تێ کردم و گوتی: "بۆچی پیت خۆشە نەبووایه‌، دەتەوێ هەر کاتێک پیت خۆش بوو لە گەڵ ئەم و ئەو بخەوی؟" منیش لە ترسی مەسەلەکەی خۆم کپ بووم و لە ترساندا نەموێرا هیچ بڵێم.


تەعلیقی ئەو کچە لە قسەکەی من کە گوتم خۆزگە پەردەی کچێنی هەر نەبووایە، راست ئاکامی پەروەردەی هەمان ئەقڵیەتی دژی ئینسانیی پیاوسالارییه‌ بە سەر کۆمەڵگای کوردەواریدا کە تەنانەت ژنانیشی لە دژی خۆیان کردوەتە ئامراز و وەسیلەی دەمکوت. لە بری لێپرسینەوە و گوێ گردن لە دەرد و مەینەتەکانی یەکتر، دەکەونە تەعلیق و تەحقیری زوڵم لێ کراو کە خودی کچان و ژنانی بێتاوان و قوربانیی دین و پیاوسالاریین.


پاش ماوەیەکی کورت بیرم لەوە دەکردەوە و دەموت کە، راستە ئەو کچەش وەک من کەوتوەتە بەر سووکایەتی و بێ حورمەتی و لێدان و هەر هه‌موو کەس بە ناحەق سەرزەنشتی دەکەن، بەڵام هێشتا لە من باشترە، چونکە هەر هیچ نەبێ لانی کەم ئەو پەردەی کچێنییه‌کی هەیە و بەس دڵداری کردوە. من بە قسەی دایکم و پورم کە پەردەی کچێنیم نییه‌، لە بەر خۆمەوە دەموت داخۆ چیم لێ بکەن و چ بەڵاێەکم بە سەردا بێنن؟


ساڵانێکی زۆر ترس و گومان و پرسیارە بێ وەڵامەکانی ناخم، بە جارێک شەکەت و بێزار و ماندوی کردبووم. حەزم بە مەرگی خۆم دەکرد. بە دەست پێکردنی قۆناغێکی دیکە لە هەڵاواردن و بەدبەختیم، ژیانی چەرمەسەری و پر لە نەهامەتیم برێک ئاڵوگۆڕی بە سەردا هات. ئەم قۆناغە، دەست پێکردنی کار و دامەزرانم بوو وەک ماموستای قوتابخانە. بە هۆی کارەکەمەوە تا ئاستێک باری مادی و گوزەرانم باشتر بوو. ئەم گۆڕانکاریە بوو بە هۆی کەمبوونەوەی ترس و نیگەرنییه‌کانم. تا رادەیەک متمانە بە خۆم تێدا پێکهات و سەربە خۆیی مادیم یارمەتییەکی باشی باری مەعنەویی کردم. ئەگەر کارەکەم نەبووایە، بە دڵنیاییەوە نەم دەتوانی تەحەمولی ئەو وەزعە تاڵەم بکەم. وەک ئەو هەزاران ژن و کچەی کە بە دەستی خۆیان بوون بە قوربانی عەقڵیەتی رزیوی پیاوسالاری و ئایینی ئیسلامی، منیش کۆتاییم بە ژیانی خۆم دەهێنا. کارەکەم بوو بە هۆی ئەوەیکە لەم راستیە تێبگەم کە من بە بێ بوون یان نەبوونی پەردەی کچێنی، ئینسانێکم و دەتوانم لە کۆمەڵگادا دەوری لە بارم هەبی و بە سود بم. کارەکەم و دروست بوونی رۆحی متمانە بە خۆم، کەسایەتیەکی نوێیان تێمدا دروست کرد کە راست بە پێچەوانەی ئەو کەسایەتیە هیچ و پوچ و عەیبدارەی کە کۆمەڵگای نا ئینسانی و بنەماڵە دینییه‌ کۆنە پەرەستەکەم بۆیان تاشی بووم. تەنها ئەو کاتانە هەستم بە ئەمان و ئاسودەیی دەکرد کە لە دەوام بووم. کاتێک دەگەڕامەوە ماڵەوە، دیسان وام دەزانی لە جەهەنەم دام.


ئەم دوو کەسایەتیە لە مندا، بەردەوام ململانەی یەکتریان دەکرد. هەرکام هەوڵی دەدا بۆ لە ناو بردنی ئەوی تریان. بەڵام بە هۆی زاڵ بوونی کولتووری باو، کەسایەتیە درۆیینە لاوازەکەم زاڵتر بوو بە سەرمدا. ئەم کەسایەتیە دەست کردەم وای لێ کردبووم کە رقم لە خۆم و ژیان و هه‌موو شتێک و هه‌موو کەسیک بێتەوە. لە لایەک خۆم هەوڵی بەهێزکردنی کەسایەتیە نوێیەکەم دەدا و مقاوەمەم دەکرد، لە لایەکیتر بە بینینی دایکم و وەبیر هاتنەوەی قسەکانی لە بابەت بێ بنیم و ترس لە برا غەدارەکەم کە لێی دەدام و سووکایەتی پێدەکردم، دیسان ورەم بەردەدا و لایەنی لاوازم زاڵ دەبووەوە بە سەرمدا. بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە کە براکەم بۆچی ئاوا بێ ڕەحمانە ئازار و ئەشکەنجەی گیانیی و جه‌سته‌یی دەدا؟ لە بەر خۆمەوە دەمگوت هی ئەوەیە کە پەردەی کچێنیم نییه‌ و بۆیە دایکیشم بەرانبەر بە تەعەداکانی براکەم بێ دەنگ دەبوو.


بەشی هەرە زۆری تەمەنم لە منداڵیەوە تا گەنجیم کە دەبووایه‌ بە یاری و خۆشی و شادیی منداڵانە و تۆخی هەرزەکاریم تێپەراندبا، لێم بوو بە دۆزەخ و ژەهری مار. نە زانیم منداڵی چیە و نە تامی گەنجێتیشم کرد. نەک جوانە مەرگ، بەڵکو وەک ئەوە وابوو کە هەر بە مردوویی لە دایک بووبێتم.


پاش ساڵانێکی تاڵ و دورودرێژ و لە ناو ئەم گێژاوە مەینەت بارەدا، کەسێک هاتە خوازبێنیم و ماڵی باوکم دایانمێ و مارە کرام. بە مارەکراوی نزیک بە دوو مانگ لە ماڵی خۆمان مامەوە. لەم ماوەیەدا من پێم وابوو دایکم مەسەلەی بن کەوتنەکەمی بۆ ماڵی خەزورانم باس کردووە. بەڵام نەیکردبوو، چونکە تا ئەو دەمەش نە ئەو هیچ شتێکی لەم بارەیەوە لە گەڵم باس کردبوو، نە منیش لێم پرسیبوو کە بۆچی ئاگاداری نەکردوون. لە بەر خۆمەوە دەمگوت: "لەوانەیە ترسی ئەوەی هەبێت کە ئەگەر باسی بکا بۆیان، پەشیمان ببنەوە و زەواجەکەم سەرنەگرێت". هەروەها بیرم لەوە دەکردەوە کە دایکم دەیهەوێ زاوا خۆی بە مەسەلەکە بزانێ و ئەوکات قسەی لەسەر بکەن. پێم وایە لە راستیدا دایکم هەر لە رووی سادەیی و فەقیریی خۆیەوە نەیزانیوە چی بکا و چۆن بریارێک بدا. لەوانەیه‌ پێی وا بووە کە ئاوا باشترە باسی نەکا.


ژیانی تاڵ و پڕ لە بەدەبەختیم لە ئاکامدا رایهێنام بە گونجان لەگەڵ بەشمه‌ینەتی و بێبه‌شبوون لە هه‌موو خۆشییه‌کانی ژیان. خۆشییه‌کانی ده‌می دەستگیرانداریی، روئیا شیرینەکانی جلی بووکێنی و شەوی پەردە کە هه‌موو بووکێک بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکا، بە پێچەوانەوە بۆ من بوو بە ترس و مۆتەکەیەکی قورس و نەحس کە سەردڵی گرتبووم. کە بیرم لە شەوی پەردە دەکردەوە و دەمگوت باشە ئەگەر بنم نەبێ داخۆ چی کارەساتێک روو بدا، بە جارێک مێشکم رادەوەستا و هەستم بە خنکان دەکرد. کاتێک بیرم لێ دەکردەوە کە ئەگەر نەمبێ، بە دڵنیاییەوە دەمکۆژن. ترس و خۆفی کوشتنم بە دەست هەر هەموویان، بە تایبەتی باوکم و کەسوکارم بۆ گێرانەوەی شەرەفیان بە جارێک ده‌می تاساند. هەروەها خەمی ریسوابوونم زیاتر لە ترسی کوشتنەکەم ئازاری دەدام. لە بری خۆشی و خۆئامادە کردن بۆ زەماوەند، ئەم پرسیارانە ژیانیان لێ تاڵ کردبووم و ببوونە مەشغەڵەی بیر و هەست و شعورم. هیچ چارەیەکم نەبوو بێجگە لەوەیکە بە دڵە خۆرپە و خەفەتەوە چاوەرێی چارەنووسی نادیار بکەم کە وەک قوربانییه‌ک کاتێک کە دەیبەن بۆ قوربانگا، چیم لێ دەکەن و چیم بەسەردێ.


بەم شێوەیە رۆژەکانی سەخت و تاڵم تێپەراند تا رۆژی گواستنەوەم هاتە پێشێ. کەلوپەلی گواستنەوە ئامادە کراو بە پێی هەمان نەریت و کولتووری قیزەوەنی کوردەواری، گوازرامەوە و وەک کالاێەکی جنسی بردیانم بۆ ماڵی زاوا. زاوا کە ویستی بێتە لام، لە خۆلی مانگانە دا بووم و تا دوو رۆژ وازی لێ هێنام. دوای دوو رۆژ هاتەوە و من دیسانەکە لە ترسی خۆم هەر گوتم پاک نەبوومەوتەوە. تا نزیک پێنج رۆژ بەم شێوەیە ملم نەدا. دواتر زانیم کە سوودی نییه‌، بڕیارم دا خۆم بدەم بە دەست قەزا و قەدەرەوە. گوتم هەرچییەک دەبێ با ببێ و بریارمان دا تەواوی بکەین. رۆشتم پەروە سپیەکەم هێنا و لە سەر جێگاکە بە سنجاقێک دام دروو. زاوا هاتە لام و هەستم بە ئازارێکی توند کرد. کە هاوارم کرد، زاوا هەستایەوە و سەیری سەر پەرۆکەی کرد. هەرکە خوێنەکەی بینی، بە خۆشحاڵیەوە پێکەنی و گوتی: (خوێن). کە ئەمەم بیست، یەکسەر هەستام کە سەیری خوێنەکە بکەم. خوێنەکەم کە بینی، دەستم کرد بە گریان و فرمیسک بە هەر دوک چاومدا هاتە خوار. لە خۆشی بینینی خوێنی بنەکەمدا هەرچی خوێن تلابوو بە شوینەکانی دیکەمەوە، دەمساوی بە پەرۆکەدا و پێم وابوو هەرچی خوێنەکە زۆرتر بێ پەسەندترە. پاشان مێردەکەم هەستایەوە و بەرەو دەرگاکە رۆشت کە بچێتە دەرەوە. لەو کاتەدا ئاورێکی لێم دایەوە و گوتی: (ئەو خوێنە لە هەرچی شەهادەی ماجستێر و دوکتۆرای جیهان کە هەیە، بەرزتر و گرنگترە). من لە ژورەکە مامەوە و بە دەم گریان و فرمێسک ڕشتنەوە رابردوە تاڵ و گرژەکان دەکەوتنەوە بیرم. مێردەکەم هاتە ژورە و بینی کە هەر دەگریم و وسکت نابم. گوتی: "ئەوە چیە بۆ هێشتا هەر دەگریت؟" گوتم لە بەر ئەوەیکە پەردەی کچینینم لە دەست داوە و بووم بە ژن. ئەویش بروای پێ کردم و خەوت. من هەر بەردەوام بووم لە گریان تا ئوقدەکانی ترس و نیگەرنییه‌کانم بە دەم فرمێسک رشتنەوە هەڵرشتە دەرەوە و خەوم لێ کەوت.


بە درێژایی هه‌موو تەمەنم ئەمە یەکەم جار بوو پاش ئەوەیکە دڵنیا بووم پەردەی کچێنیم هەێە، هەستم بە بوونی خۆم وەک ئینسانێک کرد. ئیتر بە پێچەوانەی پێشوو، خۆم بە یەکێک لە کەسەکانی شایەستەی ناو خەڵک و بۆنەکان دەزانی. بە سەربەستی و متمانە بە خۆ پێشوازیم لە میوانەکان دەکرد کە دەهاتن بۆ پیرۆزبایی. ژنەکان پێیان گوتم لە گەڵمان وەرە بۆ ژووری خەوەکەت. لەگەڵیان رۆشتم و گوتیان پەروەکەمان پیشانبده‌ بزانین بنت هەبووە یان نا. گوتم پەڕۆی چی؟ شەهادەکەم؟ پێکەنین و گوتیان بۆچی دەڵیی شەهادەکەم؟ گوتم پیاوەکەم کە خوێنەکەی بینی، گوتی ئەم خوێنە لە هەموو ماجستێر و دوکتۆراکانی جیهان بەرزتر و گرنگترە. منیش نیشانم دان و هەر هەموو پیرۆزباییان لێ کردم.


هەر کە دڵنیا بووم کە پەردەی کچێنیم هەیه‌، هەستم بە ئەمان و بە هێزبوونی خۆم کرد. چونکە ئەمان و دڵنیابوون گەورەترین پاڵپشتە بۆ گەشەکردن و کامەرانی و پێشکەوتن لە ژیاندا. بەڵام بە هۆی دواکەوتوویی باری رۆشنبیریی و کولتوورییه‌وە، کۆمەڵگاکەم لەم بەهرەیە بێ بەری کردبووم. کەرامەت و کەسایەتیی بە ملیۆنان ژنی دیکەی وەک من بە بوونی چەند دڵۆپە خوێنێک بەندە کە، ئەگەر بە هەر هۆیەک بەر لە هه‌ڵسوکه‌وتی پیاوان لە دەستی بدەین، ئیتر هیچ کەسایەتی و رێز و حورمەتێکمان نامێنێت و تەنانەت گیانیشمان دەکەوێتە مەترسی، هەر وەک ئەو هەزاران هەزار ژن و کچەی کە بەم بۆنەوە کوژران و بێتاوان بوونە قوربانی.


بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگایەک کە بەردی بناغەکەی لە سەر بنەمای نامووسپه‌رستیی و چەند دڵۆپە خوێنی ناو پێی کچێکی بێ تاوان دانرابێت، ئەو کۆمەڵگایە رووخاوە. رووخان شاخ و باڵی نییه‌، کوشتاری ژنان، خەتەنە، بەردباران، درۆ و بوختان، لوت برین، مارە بەجاش و دەیان تەعەدای دیکە لە مرۆڤی ژن، بەڵگەکانی رووخاوبوونی ئەو کۆمەڵگایه‌یه‌.


٣٠
\٥\٢٠١١

ماڵپه‌ڕی به‌هار نه‌سره‌دین

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک