په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٥\٢٠١٦

جەندەر و زمان: هزر یان زمان کامیان پێشەنگن؟


کازیوە ساڵح        

- بەشی دووەم -


"زمان ترسناکترین به‌خشیشه‌، مه‌ترسی هه‌موو مه‌ترسیه‌کانه‌، ئه‌و ده‌ست ده‌کات به‌هه‌وڵی دروستکردنی مه‌ترسی." هایدگه‌ر" (Heidegger,1962).

زمان بوونی مرۆڤایه‌تی به‌رجه‌سته‌ده‌کات، ته‌نها ئامرازێکه‌مرۆڤ و گێتی پێکه‌وه‌گرێ ده‌دات. و بۆی دەکات بە گوندە بچووکەکە ، چوون خودی تەکنۆلۆژی زمان ، هێماکان ئەوانەی چاو دەیانخوێنێتەوە دیسان زمانن. زمان سیستمێکه‌کە هێما و به‌خشیشه‌‌کانی مرۆڤمان بۆ ئاشکراده‌کات. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ده‌توانین بڵێین زمان وه‌کو یه‌که‌م مه‌رجی مرۆڤناسی فاکته‌رێکی زیندووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌و له‌میانه‌یه‌و ه‌دانوستاندنە کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ئاراسته‌ده‌کرێن. ته‌نها مرۆڤ به‌هره‌مه‌نده‌له‌خاوەندارێتی زمان و سه‌رجه‌م بوونه‌وه‌ره‌کانی تر لێی بێبەشن.

گرنگی زمانیش لەوەدایە کە مرۆڤ له‌ئاژه‌ڵ جیا ده‌کاته‌وه‌. فه‌یله‌سوفی بونیادگه‌ری هایدگه‌ر (Heidegger, 1962) پێی وایه‌: "مرۆڤ و زمان په‌یوه‌ندیه‌کی دانەبڕاویان هه‌یه‌و مرۆڤ بێ زمان بێ به‌ها ده‌مێنێته‌وه‌، مرۆڤ بیسه‌ر و گوێگر و قسه‌که‌ر و بێ ده‌نگه‌، چونکه ‌بوونی هه‌یه." مرۆڤ داهێنه‌ری فیکره‌و زمانیش ده‌ربڕی فیکر، لێره‌وه ‌زمان و فیکر ده‌بن به‌دوو دیوی یه‌ک دراوی گریمانه‌ی بوون. پسپۆران تا ئێستا له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنی فیکر به‌ر له‌زمان مشتومڕیانه‌و هه‌ندێکیشان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌رکه‌وتنی زمان به‌ر له‌فیکر دەزانن. منیش وا مەزەندە ئەکەم فکر بەر لە زمان هاتبێت. زمانی کوردی بۆ دەربڕینی فکری و فەلسەفی زمانێکی لاوازە، چوونکە فکری نەبووە ، فەلسەفە و دیدەبینی قوڵی نەبووە . زمان لە پیوستیەوە دروست ئەبێت. کورد لە بەر ئەوەی خاوەن فکر وفەلسەفە نەبووە و پێویستی بە زمانەکەشی نەبووە هەتا وەکو نەتەوەکانی دیکەی جیهان واتا و چەمک و دەستەواژە پابەندەکان بەو دوو بوارە داتاشێت. بەڵام زمانی بێ حورمەتی بە توخمێکی مرۆیی ' ژن' دەوڵەمەندە چوونکە خاوەن وفکر و کولتووری بێ حورمەتی وبێ بەهای ژن بووە. بۆیە زمانەکەشی پێویست بووە، لە پێوستییەوە لەو ڕووە دەوڵەمەند بووە.

بیرمەندە ته‌کوینییه‌‌کان creationists پێیانوابوو بوونی هه‌ندێ کرداری لۆژیکی له‌منداڵدا به‌ر له‌فێربوونی زمان، ئه‌وه‌ده‌سه‌لمێنێت کە فیکر لە پێش زمانەوەیە، به‌ڵام ئه‌رنست که‌سیری (Cassirer,1953) زانای ئه‌ڵمانی ڕه‌تی ته‌کوینییه‌‌کان ده‌داته‌وه ‌به‌وه‌ی کە دەڵێت: "زمان فۆرمێکی ئاخافتن نییه‌‌ فیکری هه‌ڵگرتبێ، فیکر پێش زمان ناکه‌وێت، به‌ڵام لێوه‌ی سه‌رچاوه‌ده‌گرێت و گوزارشتی لێ ده‌کات، به‌و شێوەیە ‌فیکر وه‌کو ئاخافتن دەردەکەوێت. هیگلیش دەڵێت (Houlgate,2006) "ئێمـه‌له‌ناو وشه‌دا نه‌بێت بیر ناکه‌ینه‌وه‌، باوه‌ڕمان به‌فیکره ‌ده‌سنیشانکراو و حه‌قیقیه‌کانی خۆشمان نییه‌‌، هه‌تا شتی ڕوکەش و لابەلای بۆ سه‌ربار ده‌که‌ین و له‌داڕووخانە کەسیەکانی خۆمان جیایده‌که‌ینه‌وه‌وپاشان وه‌کو شێوه‌ی ده‌ره‌کی که‌تایبه‌تمه‌ندی ناوه‌کی هه‌ڵگرتبێ ریکۆردی ده‌که‌ین." واته‌له‌ده‌ره‌وه‌ی زمان و گوتار و بڕیاره‌ عه‌قڵیه‌کاندا حه‌قیقه‌ت بوونی نییه‌‌. حه‌قیقه‌تیش به‌واتای فه‌لسه‌فه‌ی ته‌قلیدی یه‌کخستنی فیکره‌له‌گه‌ڵ بابه‌ت، یان فیکر له‌گه‌ڵ واقیع، یان حوکم له‌گه‌ڵ واقیع، دیاره حوکم لێرەدا بڕیاره‌عه‌قڵیه‌کان ده‌گرێته‌وه‌. بەڵام هیچ بیرمەندێک نەیتوانیوە بیسلمێنێت ئەو کردارە لۆژیکیانەی لە منداڵدا دەرئەکەوێت جەندەری هەیە. یان بە شێوەی سروشتی مناڵی نێر پەرچەکرداری نەریەیی زمانی هەیە بەرانبەر بە توخمی مێ. یان زمان مێ بێت ، چوونکە مناڵ یەکەم وشە کە فێر ئەبێت " دایە' یە ، بەڵام بە ئنگلیزی یەکەم وشە ' بابە' یە واتە ' داد' چوونکە پیتی ' د' ئاسانتر فێر دەبێت. بەڵام خاک وزمانی مرۆڤ بە زمانی دایک وخاکی دایک ناوزەد ئەکرێت . کە لە دەرەوە وڵاتی خۆت ئەژیت پێت ناڵێت زمانی نەتەوەیت چییە ئەپرسێت 'زمانی دایک'ت چی یە. ئەگەر بە پێی ئەو کردارە فکریانە بێت پێویست بوو زمان مێ بێت ، وە نێر ڕووبەڕووی هێرشی زمانەوانی ببوایەتەوە. بەڵام لە بەر ئەوەی ژن هیچ کام لە دەسەڵات بەد بەکار نەهێناوە و نێر بەدبەکارهێنای سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی کردووە بە خو ئەم هاوکێشەیە دژی مێ جیگیر بووە.

به‌بۆچوونی من هاوته‌ریببوونی فیکر لەگەڵ زماندا زمانی زیندوو و زمانی مردوو به‌رهه‌م ده‌هێنێت. زمانی مردوو ته‌نها ئه‌و‌زمانه ‌نییه ‌‌کە به‌هۆی به‌کار نه‌هێنانیه‌‌وه ‌یاخود قه‌ده‌غه‌کردنی له‌لایه‌ن زۆرداره‌وه ‌مردبێت، مه‌به‌ستم لەو زمانانەیە کە له‌نێو مانشێتی گوزارشتکردنه‌کانی جیهاندا زمانی مردوون. له‌نێو شارستانییه‌‌ته‌کانی جیهاندا گوزارشتی مردوو هه‌ن و زۆربه‌یان پێیان شه‌رمه ‌خۆیان له‌و گوزارشته ‌ئیکسپایه‌رانه‌هه‌ڵنبوێرن .وەکو چۆن خۆراکێک کاتی بە کارهێنانی بە سەر ئەچێت، خواردنی مەترسی تەندروستی بۆ مرۆڤ لێ ئەکەوێتەوە ، بەو شێوەیەش دەستەواژەی زمانەوانی هەیە کە لە گەڵ سەردەمەکەی خۆی ناگونجێت و بە سەر ئەچێت و بەکارهێنای مەترسی تەندروستی بۆ سەر کۆمەڵگە هەیە. لە گەڵ هۆشیاربوونەوەی مرۆڤدا بەرانبەر بە دەستەواژە زمانەوانیەکان کاریگەری نەرێی ' نەگەتڤ' یە کۆمەڵایەتی و دەرونیەکانی زیاتر ئەبێت و ‌خۆتێوه‌گلانی ده‌بێت به‌هۆی کێشه‌ی سۆسیۆلۆژی ئه‌تیکی.'Ethnosociology' واتای ئه‌وه‌یه‌گوزارشته‌کان هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێ ئاماژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و مۆراڵین و گرێدانه‌وه‌یان به‌واقیعه‌وه ‌حوکمی عه‌قڵی دروست ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌. ئەم ئاماژە کۆمەڵایەتییانە له‌هه‌ردوو ڕووی تێگه‌شتن و ده‌ربڕینه‌وه‌کاریگه‌ری له‌سه‌ر که‌سێتی به‌رانبه‌ر جێده‌هێڵن.

لێرەدا ئە‌خوازم ئاماژه ‌زمانه‌وانییه‌‌کان له‌لۆژیکی تێگه‌شتن و ده‌ربڕیندا ناو بنێم "واتا" و "ده‌ره‌وه‌ی واتا ". ‌واتا دەبەستمەوە ‌بە ژیاری ڕۆژئاوا و ده‌ره‌وه‌ی واتاش بە ڕۆژهه‌ڵات بە لۆژیک به‌ستنه‌وه‌ی زمانی هه‌ردوولاش مۆراڵی تیوری و مۆراڵی پراکتیکی١ . هەموو زانست و چەمکێک بە سەر دوو واتای تیوری و پراکتیکیدا دابەش دەبێت، هەندێ جار چەمکێک یان بۆچوونێک هەر بە تیوری دەمێنێتەوە و ناچێتە بواری پراکتیکەوە . هەندێ جاریش بواری پراکتیک و بواری تیوری چەمکێک جیاوازن، ئەمە جیاوازیە بە تایبەت لە بواری پزیشکیدا بەرجەستە ئەکرێت. وەلێ چەمکی ڕەوشت چەمکێکی کۆمەڵایەتی ،کولتووری، سایکۆلۆژی و سیاسیە . پێویستە بواری تیوری و پراکتیکی یان جیاوازی نەبێت یان تا ئاستێکی باڵا وێک چوو بن، بەڵام ئەو کۆمەڵگانەی کە فۆرمی ئەخلاقیان تەنها لە ڕێگەی گواستنەوەی زمانەوانی "word of mouth" پێ گەشتووە و باوەڕییان بە مۆراڵی ڕووکەشە، خوێندنەوەی ڕەوشتیە لە چاوی ئەوی بەرانبەرەوە وەرئەگرن، هەروەها خاوەنی یاسا و سیستمێکی کۆمەڵایەتی نین کە لە سەر ڕاڤەی زانستی ڕەوشت دامەزرابێت، بە ڕەچاوکردنی کاریگەرێ سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیەکانی، ئەخلاقیان لە پێناسەی ڕاستەقینەی خۆی بردوە بەرەو پێناسەیەکی دی. بیناڤێەک گونجاو بێت بۆ چینیەکی کۆمەڵ ، یان چینی کولتووری زاڵن نەک هەموو کۆمەڵگا. ئەگەر ئەو کۆمەڵە کەسە یان چینە ژمارەشیان کەم بێت، کولتووریان زاڵە نەک لە بەر ئەوەی کولتوورەکەیان باڵا و نەوازەیە، ئەکرێت داڕزاوترین بەشی کولتووری کۆمەڵگە بێت، بەڵام ژمارەی پەیڕەوکەرانی کردویەتی بە کولتووریەکی دەزگەیی و زمان و کەسیەتی ڕووکەشی پێ بەخشیوە. کردویەتی بە خاوەنی دەسەڵاتێکی سیاسی ، یان کۆمەڵایەتی یان سیمبولی. ڕەوشتە ئەو چینە دەبێت بە ڕەوشتێکی سەپێنراو بە سەر ڕۆژانەی کۆمەڵگەدا بە بێ ڕەچاوکردنی پێناسەی ڕاستەقینەی ڕەوشت. ئەمەش کارێکی ناڕەزایی خولقینەر نیە چونکە ژینگە و زەمینەی لە باری دروست بوونی پابەندە بە فکر و ئاستی واقعی کۆمەڵگەکەوە، ئەو ئاستەش فۆرمێکی کولتووریە و ئەو کۆمەڵگەیە هەر ئەوەندەی زانست دەستەبەر کردوە بۆ داتاشینی واتای ڕەوشت .وە کاتێک زاراوەی "ده‌ره‌وه‌ی واتا" بەکاردێنم مه‌به‌ستم چه‌مکێکی بێ واتا نییه، ‌‌بەڵکوو مه‌به‌ستم ئه‌و پۆلێنکردنه ‌زبره‌یه ‌که ‌واقیع ده‌باته‌ده‌ره‌وه‌ی واتا و گرێبه‌ندی له‌نێوان حوکمی عه‌قڵی و واقیعدا ناهێڵێته‌وه.
______________________________
سەرچاوەکان:
Cassirer, E. (1953) The Philosophy of Symbolic Forms, Volume 1: Language. New York : Yale University Press,
Heidegger, M., (1962) Being and Time. Translated by John Macquarie and Edward Robinson, New York, Harper & Row.
Houlgate, S. (2006). The opening of Hegel’s Logic. West Lafayette, IN: Purdue University Press.
______________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/cenderuziman1.htm

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک