په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٣\٢٠١٧

  چەند کۆتەڵێکی جەنازەیی.

نەژاد عەزیز سورمێ

١
ھەر چیمان کرد،
بەشی ئارەزووی
شازادە تەنپەروەرەکانی نەکرد..
ھەر چیمان کرد بۆ (سبەی)،
(ئەمرۆ) لەسەر شەقامە خوارەکانی سەدەی بیستەم
وەک چۆلەکەیەکی سڕ یاری پێ دەکەن...
وەرە با پەیمانێک لەگەڵ ئەشکەوتە کوێرەکان مۆر بکەین.
وەرە با لە کۆتەڵی بێ تارای ئەبەدییەتدا بنووین.

٢
ئێمە ئاسمانمان،
بۆ کۆتەڵی یادگاریی ئەوانە.
ئێمە خۆرمان،
بۆ باخچە ھەڵواسراوەکانی ئەوانە..
ئێمە مانگمان،
ئەستێرەکانمان
بۆ مەداری بەتاڵی ئەوانە..


٣
بەرەو من بێی
ھەموو شتێکت دەست دەکەوێ
ھەموو شتێک،
بە (مردن)یشەوە..
کە ئەوە ساڵەھایە لە شەڕ بەجێ ماوە!
بەرەو من بێی،
دەتوانی بەرامبەری دابنیشی
یا لەگەڵی بئاخڤێی..
حیکایەت و سەربردەت بۆ بگێڕێتەوە..
مەگەر ئەو تەواوی چیرۆکی (پێشێل کردنی گوڵەکان)ت
بۆ باس بکا.


٤
ئەو ھەموو چاوانە..
ئەو ھەموو گوێیانە..
ئەو ھەموو زمانانە..
دەستم بوو.. خواردیان.
قاچم بوو.. خواردیان.
چاوم بوو.. کۆڵیان.
ئەوەتا تەمەنی بێ کڵاوڕۆژانە و بێ پەنجەرە و بەژواریشم .
شەڕی پێدا دێتە خوار..
ئاژاوەی لەبەر دەڕوا..
ھاتبووم بڵێم :
ئەم درەختە بەشێکە لە مێژووی
ھەتاوو سێبەرمان
پێویستە بمێنێ.
دەستم بوو، خواردیان..
قاچم بوو، خواردیان..
چاوم بوو، کۆڵیان..
ئەو ھەموو چاوانە..
ئەو ھەموو گوێیانە..
ئەو ھەموو زمانانە..


٥
لەم ئەلبومەدا یادگاری مناڵیتان کوشت
لێرە، لەم سنوورەدا:
گۆرانییەکانمان ،
لەشەڕێکی دەستەویەخەی نابەرابەردا تیاچوون..
لە تونێڵە تاریکەکانی ئەم پایتەختەدا،
شیعرەکان،
شینیان بۆ پاڵەوانەکانمان گێڕا..
پێمانەوە دیارە
ھەموو فریشتەو شەیتانەکانمان تۆراندووە
تا لە ئەفسانەیەکی سیلاکبوودا دەرکەوین..


٦
بەداخەوە ڕایدەگەیێنم:
گوڵەگەنمەکان پیر بوون
دەم و چاو لۆچ .. ماندوو..
وەک لەشکرێک لەشەڕدا
بە دۆڕاوی گەڕابنەوە..
لە گوێی ڕووبارەکان کۆبونەتەوە
نوێژ بۆ شارای دزراو دەکەن..


ئابی ١٩٩٣
ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک