٢\٤\٢٠١١
چهند کورته هۆنراوهیهک.

ناڵە
عەبدولڕەحمان
(1)
بەڵێن بێ
ئەوەندە بە نهێنى بە
تیلەچاو ماچى گەرم بگۆڕینەوە
تا ئەغیاریش فێرى وانەى عەشق ئەکەین
ئەوەندە بە بێدەنگى یەکتریمان خۆشبوێت
تا عەشق تەق ئەکات و
بە قاچێ لێمان رادەکات.
* * *
(2)
لێگەڕێ بەر لەوەى ئەو نهێنیە جوانانەمان بدزرێن
با ئەوەندەم خۆشبوێى تا ڕۆژێ بەرگەت ناگرم و
بە شەقامان لێت رائەکەم
یەقەى هەموو رێبوارانى بەردەم قەڵا و
دەستگێڕانى ناو قەیسەرى و
زیوفرۆشانى باتا ئەگرم
تێیان ئەگەیەنم:
(بە حەرامی خۆشم ئەوێى...).
* * *
(3)
بەڵێن بێ
ئەوەندە گۆنات ماچ بکەم،
سەرتوێژى گەنجێتیت بە نان بخۆم،
تا بەشى ژنیکى دیکە ماچت بۆ ناهیڵم..
درۆم کرد ئەگەر رۆژێ
پێمگوتى:
بەشى ئەوەندە عەشقت ئەبم
تا ژنێکى ترى نەگبەت
ئەگاتە فریات...
* * *
(4)
ئەگەر ئەمجارە
بە یەکەوە سێوێکمان لەت کرد
من قەپ لە پەنجەت ئەگرم
یان لە لێوت
ئینجا لە سێو.
* * *
(5)
ئێوارەیەک دێتەسەرم
کۆترەکانى سینگم هەڵفڕێنم
ئەگەر بەخت یاوەرت بوو لەسەر پەنجەکانت
نیشتن
بزانە من بۆ هەر شتێ
ئازادمکردوون.
* * *
(6)
عەشق مرۆڤەکان دیل ناکا
تۆش کە هێندەت خۆشدەوێم
ئازادمکە
با هەموو ئاسمان تەى بکەم.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|