١٣\٢\٢٠١٠
چهند کورتیلە
چیرۆکێک.

هیوا ڕەش
سێو.
بۆ چاودێرى بەندەکانى خۆى بە ئاسماندا دەخولایەوە ، چاوەکانى لە سەر
کانییەکى ژنانە زەق و زۆپ گیرسانەوە، هیچ شتێک بە قەد سێوى باخى سینەى
کیژۆڵە کوڵ* کەرەکان سەرنجى ڕانەکێشا ،
سەرتاپاى جەستەى ئاوى لێ چۆڕا ، لەو ڕۆژە بەدواوە بەڵێنى دا ئیدى لە
سەر سێو کەس سزا نەدات !
________________________________
* کوڵ:
لە کوردەواریدا بە جل و خۆشۆرین ئەووترێت.
شەیتان.
ئەمشەو کە هاتە خەوم لە تۆڵەى دەربەدەرکردنى باوە ئادەم نامە ژێرم و
ئەوەى ویستم پێیم کرد ، سبەى بۆ مەلاى ئاواییم گێڕایەوە خەریک بوو لە
مزگەوتەکە دەرم بکات و بە توڕەییەوە هاوارى کرد بە سەرما :
نەگریس ، خۆت لە ئەستێڵى حەوشەکە هەڵکێشە با پاکەوە بیت .
لەو ڕۆژەوە هەستەکانى خۆم کلیل داوە نەبادا کافر بم !
درزەکان.
درزێک و دووان و سێیان - - - ئەو هەموو درزانە چین ؟ یەک لەوى دى
جوانتر و بە تامتر ! بەڵام سەرم لەوە سووڕماوە بۆ هەتا کۆلکە مەلاکەى
ئاوایی قسەیان تێدا نەکات، کەس بۆى نییه لاقەیان بکات ؟ !
مشتومڕ.
ژنەکەم ووتى ئێمەش لە گەڵ ئێوەدا یەکسانین ، منیش زەردەخونەیەکم بۆى
کرد ! پرسى بە چى پێ ئەکەنى ؟ ووتم ئەگەر وا بوایە : ئەبوایە خوداى
دلۆڤان و مەزن بۆ جارێکیش بوایە خۆى بۆ ئاستى ئێوە دابگرتایە ، لە
وەڵامدا ووتى : تۆ کافرى ئەبێت ئێستا تەڵاقم بدەیت !
نەنکم.
پیرەژنەکەى نەنکم بە کاوەخۆ قسەى بۆ دەکردم : مناڵ بووم باوکم و
باپیرەت کچەکانیان گۆڕییەوە ، من کرام بە نەنکى تۆ و لەوساوە بۆ ساتێک
نەحەواومەتەوە ، باپیرەت زۆر غەدرى لێ کردم ، ئەمسەرم فت ئەترسم لەو
سەریش قەوانەکە دووبارە بێتەوە ، بە تەنیا بەس منى هەبوو زوڵمى لێ
ئەکردم چ جاى حۆرى و غیلمانى لە دەور بئاڵێن ! هاى ڕۆڵە خۆزگە منیش
پیاو ئەبووم .
نۆرە.
لە خەوما نۆرەى من بوو ، سەر لە نوێ دنیام دروست کردەوە ، سروشتم لە
گیاندارى گۆشت خۆر داماڵى و مرۆڤیش لە عەقڵ .
تەقینەوە.
کاتێک پشتێنەکەیان لێ بەستم و بۆ جیهادیان ناردم تا خۆم بتەقێنمەوە ،
هەموو گیانم وەکو شەقشەقە ئەلەرزى بۆیە یەک شوشە (مەى) یان بۆ هێنام
هەڵى قوڕێنم .
بە سەرخۆشیی بە نێو شەقامەکەدا ڕێم ئەکرد و لە جوانییەکانى ژیان وورد
بوومەوە ، هەموو ئافرەتەکانم لێ بووبوون بە پەرى، بە پەلە پڕووزێ
پشتێنەکەم لە خۆم کردەوە بەرلەوەى بە پارچە پارچە کراوى بگەمە بەهەشت .
لەو ڕۆژەوە پێنج فەرزە ئەخۆمەوە تا تاوانى بە کۆمەڵ نەکەم !
Hewarash1@yahoo.com
|