په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠٢٠

دوا قەسیدەی شاعیری ناسراو عەبدولوەھاب بەیاتی:

  چەند لاپەڕەیەکی بەغدادیی نادیار.

 

عەبدولوه‌هاب ئەلبەیاتی*

و: نەژاد عەزیز سورمێ

١
چاوی ئاژاوەگێڕی شەو لە بەغدا
دووچاری شێتیی عاشقانی کردم
باوکم لێی دەپرسیم :
(( چی بە نھێنی دەخوێنمەوەو
ئەوەی دەیخوێنمەوە
لە ژێر پێخەودا دەیشارمەوەو
تا بەرەبەیان بێدارو
گوێ لە بانگی کەڵەشێری
ھاوسێکان دەگرم ؟
بە خەمەوە وەڵامم دەدایەوە :
بابە ، ئەو کتێبانە دەخوێنمەوە
چەندان چەرخە قەدەغە کراون
لەوانە ھەندێ کتێبی جادووگەرین
ھەندێ کتێبی سیمیا و
ھەندێکیش لەبارەی مردووان و
شارستانییەتەکانی ئاو
ھەوڵ ئەدەم
خۆڵەمێشی خۆشەویستی
بکەم بە زێڕ ، یا بە وشە
ئەوانی دیش
بە فرمێسکەکانم نۆژەن بکەمەوە
یا لەسەر بەرپەڕی سپیدا
لاوانەوەی شاژنەکانی ئوور بنووسم
کە ئەگریجەی زێڕینی یەکێکیانم
لە مۆزەخانەی بەرلین بینی
وێنەی ئەوی دیشم
لە مۆرێکی قوڕین
دەیگڵۆفم
برووسک ، کۆڵانەکانی بەغدا
ڕووناک دەکاتەوە ))
دایکم لەو دیو دەرگاوە دەپاڕایەوە
ئەو دەردە بپەڕێنم
بەڵام شێتییەتیم ھەر مایەوەو
عەشقم زیاتر ..

٢
لە گۆڕستانی ( غەزالی ) دا
مردوو دەگریان
درەختیش دەگریان
گیانەوەرێکی دزێو
لە پشیلەیەکی گەڕ دەچوو
پێیان دەگوت ( زەبزەب)
*
گۆڕی تازەمردوویەکی ھەڵدەدایەوە
دەستی مردوو دەردەکەوت
دەیقرتاند ..
ژنێک بە جل وبەرگی گوندییان دەیبینی
دەقیژێنێ
لێ گیانەوەری برسی
لە کرۆژتنی نێچیری بەردەوام دەبێ ..
تۆلاز بە شواڕک و بە داسانەوە
لە نیوان گۆڕی مردووان دەرکەوتن
بەربوونە گیانی زەبزەب
پەکی کەوت و دەستی بە میاوەمیاو کردو
چنگی قرتێنراوی
بە ڕووی تۆلازەکان بەرز کردەوە
ئەعڕابی ھەڵاتن ..
وتی
ئەو ساڵانەی نەفرەتیان ھێنا
خەڵک برسییە ،
ئەستێرەی دمۆریش
بەسەر گۆڕستانەکانی بەغدا دا دەڕژێن
کێ دەزانێ
دڕندەی بەچۆکداھاتوو
لە یادەوەری دابڕێندراوی گەل دا
ناگەڕێتەوە ،
تا پێش کۆتایی ھاتنی ئەم سەدەیە
زیندووان بخوا ؟

٣
شەیتانی شیعر
بە خۆشەویستی ژنێکی زۆر لە خۆم بچووکتر
فریوی دام
کە پێدەکەنی و دەگریا !
دەپاڕایەوە لە بادەی خۆمی بدەمێ و
فێری نھێنی
گریانی بەکوڵی
(تار)ی بکەم
لەو وەختەی شاعیران دەمرن ..
خانم
لە گەڕەکێکی میللی بەغدا دادەنیشت
لە واڵا کردنی لینگان و خواردنی ھەنجیر
چیتر نازانێ ..
نیوەشەو چاودێریم دەکرد
ئارەزوومی پێ دابمرکێنمەوەو
پێش کازیوە
بگەڕێمەوە گۆڕەکەم
بەڵام شەیتان
چاودێری دەکردم
چاودێری ئەویشی دەکرد
فێری دەکرد ،
چۆن بە مەکری مێینان
ھێزی ڕۆح و سەرچاوەکانی ئاگرم
لێ زەوت بکا .
بەڵام قەدەر
گاڵتەی بەو و
بە شەیتانی شیعر کرد
من لەو و لەمیش بەھێزترم
ئەوەتا پێشەوام غەیاسەددینی بەغدایی
لە پەراوێزی دەسنووسەکەیدا ( جادووی مێینە)
ڕایسپاردووم
چۆن مەلە
بەم لێشاوە ئینسانییەدا بکەم.

______________________________________
کە مەغۆلەکان چەند ھەفتەیەک مابوو بگەنە بەغدا، برسییەتی تەنگی پێ ھەڵچنی بوو، ئینجا لەباتی ئەوەی چارەیەک بۆگرفتی برسییەتی و قاتیی بدۆزرێتەوە و شوورەکانی شار بەھێز بکرێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی و بەرپەچدانەوەی داگیرکاران، دارودەستەی دوا خەلیفەی عەبباسی دەستیان دایە بڵاوکردنەوەی دەمگۆ و پاگەندە بۆ دەمکوتکردنی خەڵک و ناچارکردنیان بۆ ماڵنشینی و پاراستنی ماڵ و مڵکیان کە ئەمنییەت بەرەو داڕمان دەچوو.

 

١٥\٣\١٩٩٩ - دیمەشق 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک