١١\٦\٢٠١١
چەند نامەیەکی
کراوە بۆ سەرۆک.

عارف مهعروف
- بهشی یهکهم -
ماوەیەک لەمەوپێش لەم شارە کڵۆڵەی من
(کەرکوک), چەند لایەنێک ویستیان
خۆپیشاندانێک ساز بکەن دژی گەندەڵییهکانی شارەکە. ئەوەی راستیی بێ
بەرپرسانی شارەکە بەوە هاتنە گۆ کە گوایە ئێوە دەتانەوێ باری شارەکە کە
ئێستا بە دەست کوردەوەیە بەرەو شڵوقیی بەرن و ئەمەش لە خانەی خیانەتدا
جێیدەبێتەوە. دواتر گوتیان ئێوە بۆچی خۆپیشاندان دەکەن ئەوەی دەتانەوێ
بیڵێن وەرن بە نووسراو بینووسن و بماندەنێ ئێمەش رەوانەی سەرەوەی
دەکەین و کاریان لە سەر ئەنجام دەدین. تەنانەت دەرگهی سەرۆکیش واڵایە
بۆ گوێگرتن لە داواکاریی و بەدواداچوون.
دوای نزیکەی لە پەنجا نووسراو بۆ سەرۆک لە رێگهی نوێنەرەکانیەوە لەم
شارە.. هیچ نەکرا. وەڵامی یەک نووسراوش چییە نەدرایەوە لەوەی کە بە
سەرۆک گەیشتوە یاخود نە . بۆیە ناچار ئێمەش لە رێگهی ئەم ماڵپەڕەوە
لەگەڵ سەرۆکدا دەدوێن. چونکە و دیارە تاوەکو ئێستا نووسراویکیش بە
دەستی نەگەیشتوە، یاخود وەسەر مێزەکەی نەکەوتوە و نەخراوە، ئەوەندەی بن
مێزی برادەرانی دامودهزگهکان کەوتوە. واته بە کوردی و کورتییهکەی
دڕاوە و فڕێ دراوەتە تەنەکەی زبڵهکه. بۆیە من بە باشم زانی کە شتەکان
رووماڵ بکەین بۆ ئەوەی سەرۆک و خوێنهریش ئاگاداربنەوە کە چی لەم شارە
دەکرێ بە ناوی کوردایەتیەوە. جا بۆ ئەوەی لە رەحمی حیزبێکی ترەوە
حیزبێکی تازەش لە کەرکوکدا سەر هەڵنەدا وام بە باش زانی کە ئەم (10)
نامەیە بە کراوەیی ئاراستەی سەرۆک بکەم و بزانم وەڵامی ئەو چی دەبێ.
نامەی یەکەم:
گەورەم بۆچی؟
گەورەم ئەم کۆبوونەوە پێنج قۆڵییە لە پایی چی و بۆچی؟
گەورەم خۆت وەک سەرۆکی حیزب کۆدەبیتەوە. یاخود وەک سەروک؟
گەوەرەم گەر پێنج حیزب کۆدەبنەوە، ئەی رۆڵی ووڵات و هەرێم چی؟
گەورەم تا دەنگ بەرزەوە نەبێت ماف نادرێ؟ (لەو چهمکهی ماف دەسێندرێ و
نادرێ)
گەورەم زۆرمان ماوە بەوەی پیێمان بڵێن ئاشتیخواز؟
گەورەم کەی لە خەڵکی گوێی دەگرن؟ خۆ ئەوەتا بە مایکۆفۆنی دەنگ هاوار
دەکەن؟
گەورەم.. گەورەم.. گەڕیدە بووم. بەس بزانم بۆچی.
گەورەم من و کادرێِکی حیزبییت بە یەکەوە و بە گیرفانی بەتاڵ هاتینە ئەم
شارە. ئەو بۆچی خاوەن ڤێلا و و موڵک و مۆنیکایە و و منیش دهرۆزهکهری
ترافیکەکان؟
گەوەرم خۆ ئێوە نەوەی شێخن ئەی بۆچی لە دامودهزگهی کەرکوکتان ناپرسن
ئەمەنەتان لە کوێوە بوو (من این لک هذا)؟
ماوەیەکی زۆر دەنگی ناڕەزاییمان بەرزبۆوه. دەمانویست گوێمان لێبگیردرێ
و بزانن چیمان دەوێ. بەڵام دیار بوو کە بەرپرسەکان گوێیان سواخدرابوو
بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون کە گوێبیستی ئەوە بن کە چی دەڵێین و
چیمان دەوێ. لەوە دەترسان کە هاوشەریکی گیرفانیان بین. ئەوەندەی لە
گیرفانەکانیان دەترسان چارەگی ئەوە لە پەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد
بترسابانایە ئەوە حاڵی کورد بەم رۆژە نەدەگەیشت. بەڵام دەڵێی چی گیرفان
عیرفانی لە ناو بردووە.
من سەرگوزەشتەیەک دەگێڕمەوە و دواتر بە حاڵی ئێستای کوردەوەی دەبەستین
و بە تایبەتی کەرکوک. بەڵێ کەرکوکی خێر لەخۆنەدیو و کەرکوکی رزیو بە
دەست زۆر شتەوە.
دەڵێن جارێکیان کابرایەک بە سەفەر رێیدەکەوێتە شاری (حمص) لە سوریا.
ئەو کاتەی لە شارەکە نزیک دەبێتەوە نزیکەی بانگی عەسر دەبێ کە
گوێڕایەڵی بانگەکە دەبێ کابرای بانگدەر(موذن) دەڵێ: (اشهد ان اهل حمص
یقولون محمد رسول الله)، کابرا لەبەر خۆیەوە دەڵێ ئەوە چۆن دەبێ با
بچمە ناو (حمص)وە لە لای مەلای ئەو مزگەوتە سکاڵای ئەم هەڵەیە دەکەم.
کاتێک گەیشته ناو (حمص) و مزگەوت بینی لەبەر دەرگهی مزگەوتەکە کوپەی
شەراب دانراوە و کابرایەک هاوار دەکات، جامی شەراب بە لیرهیەک، ئەوەی
دهچێتە مزگەوت و ئەوەی لێیدەردەچێ جامێک لەوە هەڵدەقوورێنێت.
ئەوەندەیتر کارەکەی لە لا سەرسام بوو و لەبەر خۆیەوە گوتی سکاڵام لە
لای مەلا بوو بە دوو. کاتێک چووە ناو مزگەوتەکەوە بینی خەڵکی قامەتیان
بەستوە ئەویش هەر چۆنی بێ لە پشت مەلاوە قامەتی بەست و دەستی کردە
نوێژکردن .کەچی بینی مەلا کەوا پیشنوێژی ئەو خەڵکە دەکا لە سەر یەک لاق
وەستاوە. لەبەر خۆیەوە گوتی لەوانەیە قاچی تەواو نەبێ. چاوەروان بوو
تاوەکو لە نوێژ بوونەوە. تەماشای کرد مەلا لاقەکەی کەوا لە نوێژدا
هەڵیگرتبوو داینایەوە زەوی بێ ئەوەی هیچی پێوە دیار بێ. لەبەر خۆیەوە
گوتی مەلایەک خەڵکی هەڵخەڵەتێنێ دەبێ سکاڵای چی لە لا بکەم. باشتر وایە
بچمە لای والی شار و هەموو ئەم سکاڵایانهی لە لا بکەم. خۆی گەیاندە
والی بە مەبەستی سکاڵاکردن لەوەی لە (حمص)دا بیستوویهتی و بینیویهتی.
کە گەیشتە دیوانی والی، پێیانگوت والی ئێستا خەڵکی لە لایە چاوەڕوان بە
تا دەردەچن ئەوجا دەتوانی بچیتە لای. خۆی دایە دەست بێهوودەیی
چاوەڕوانی، لە پڕ لە ژووری والییهوە مێردمنداڵێک بە پڕتاو دەرچوو و
خەریکی کۆکردنەوەی جلەکانی بوو. والیش هەمان شێوە بە دوای ئەودا دەرچوو.
کابرا دیمەنەکەی لە لا سەیر بوو. کە چووە ژوورەوە بۆ لای والی پێیگوت:
هاتم سکاڵای سێت لە لا بکەم بەڵام بە بینینی ئەم دیمەنە بوو بە چوار.
والیش پێیگوت فەرموو، کابراش هەموو ئەوانەی ببیستبووی و بینیبووی بۆی
گێرایەوە، وەڵامی والیش بەم جۆرە بوو: مهسهلهی بانگدەرەکە ئەوە پێش
دوو رۆژ ئەوەی بانگی دەدا لەو مزگەوتە مرد. کەسمان لەم یەهوودییه دەنگ
خۆشتر و کەم نرختر دەست نەکەوت لەوەی بانگمان بۆ بدا. جا لەبەر ئەوە
گەر بڵێ: (اشهد ان محمد رسوالله) ئەوە واتای ئەوەیە بووە بە موسڵمان،
ئەویش بە ناچاریی دەڵێ: (اشهد ان اهل حمص یقولون ان محمد رسوالله).
دهربارهی مهسهلهی مەلاکەش ئەو مەلایە لە ماڵەوە دەستنوێژ دەگرێ و
دێ بۆ مزگەوت، لە رێگه ناچار بەسەر گۆماوێکی پیسدا بازبدا و زۆر جار
قاچێکی بەر ئاوە پیسەکە دەکەوێ لە ئاکامی بازدانەکەدا پیس دەبێ جا
ناچار دەبێ لە نوێژکرندا هەڵیبگرێ. کاری شەراب فرۆشتنەکەی بەردەم
دەرگهی مزگەوت، خۆت دەزانی ترێیەکی زۆرمان لە دارەکانی مزگەوت
کردۆتەوە و بازاڕیش نییە ناچار دەیکەن بە شەراب و جام جام دەیفرۆشن و
بە پارەکەی کەموکوڕیی مزگەوتەکەی پێ دابین دەکەین. کابراش خۆی پێنەگیرا
و گوتی: ئەی ئەو مێردمنداڵەی لە لاتەوە دەرچوو؟ والی بزەیەکی بۆ کرد و
گوتی: ئەوە هەندێک پارەی لە لامان بوو و ئەمڕۆ هاتبوو داوای دەکرد و
بانگهشهی ئەوەی دەکرد کە بالق بووە، دوای تاقیکردنەوە دەرچوو قسەکەی
راست بوو و له راستییدا بالق ببوو.
گەورەم بۆچی لەم کەرکوکە دەنگخۆش نییە بانگیان بۆ بدا؟ چی پێویست دەکا
لە دەرەوەی کەرکوک بە گرانتر خەڵکی بهێنین بۆ ئەوەی رێنمایی خەڵکی
کەرکوک بکا. ئاخر کێ دەڵێ ئەم خەڵکی کەرکوکە بەم جۆرە سیاسەتە رازین؟
کەی پرسمان پێ دەکەن پێش ئەوەی بڕیاربدهن؟ ئێ خۆ ئێمەش خەمی
کەرکوکمانە. خۆ ئێمەش لە هەموو کەس پتر بە تەنگ کەرکوکەوە دێین. ئیتر
پێویست ناکا دەنگخۆشێکی تر بێنن و خەڵکی شار نەبێ و لە ئاوازێکیتر
بۆمان بخوێنێ. وەکو کابرای یەهوودی بڵێ (ئەشهدو) کوردستان وا دەڵێ نەک
من. بۆ دواتر خۆی لە هەموو شتێک بێوەری بکا و وەک بەرزەکی بانان بۆی
دەرچێ وەک ئەوەی نە بای دیبێ و نە باران.
گەورەم، خەڵکی بە کوپەی شەراب مزگەوتیان ئاوەدان کردۆتەوە. ئێمە کەی بە
کوپە و چاڵە نەوەتەکانی کەرکوک ئەم کەرکووکە خێر لە خۆ نەدیوە ئاوەدان
دەکەینەوە؟
گەورەم، ئێمە ئەوانەی لە ناو کەرکوکدا بە ناو ئێوەوە قسە دەکەن وەک
مەلاکە هەڵمان دەخەڵەتێنن. گەنممان پێ پیشان دەدن و جۆمان پێ دەفرۆشن.
لە هەولێر و سلێمانییهوە تا دەگەنە کەرکوک قاچیان لە سەد گۆماوی پیس
دهدهن. دەستی راستیان ئاگای لە دەستی چەپیان نییە. گەورەم منیش
دەزانم هەموو شتێکت پێ ناگا. بەڵام با ئەمجارەیان بە ئاشکرا و بە
واڵایی پێت بگەیەنین:
گەورەم کەی بالق دەبین و بەغدا بەجێبهێڵین.
چاوەڕوانی نامەی تر بن گەر هیچ شتێک روونەدا.
ماڵپهڕی عارف مهعروف
|