١٠\٤\٢٠٢١
چەند نموونەیەک لە شیعرەکانی
فێدێریکۆ گارسیا لۆرکا.

فێدێریکۆ گارسیا
لۆرکا |

و: نەژاد
عەزیز سورمێ |
ئەوەی لە ژیانی شاعیر و شانۆنووس و شێوەکاری
ئیسپانیایی فێدێریکۆ گارسیا لۆرکادا جێی ڕامانە خۆڕسکی و تێکەڵاویەتی
لەگەڵ دەوروبەر، حەزی لەگەڕان بوو، ئەو گوند و ئەو گوندی دەکرد، بە
تایبەتی زۆر تێکەڵی قەرەجان دەبوو.
لۆرکا ھەمیشە لە قاوەخانەو چایخانەکانەوە نزیکتر بوو، لەناو ھاوچین و
ھاوزەوقەکانی تا خەڵکی دیکە.
رافاییل ئەلبێرتی لە بارەی لۆرکاوە دەڵێ:
لۆرکا بارگەیەکی کارەبایی لە شووشی و ناسکیدا لێ ھەڵدەقووڵا گوێگرەکانی
دەخستنە کەش و ھەوایەکی ئەفسووناوی، کە دەئاخڤی یا شیعری دەخوێندەوە
یاخود دیمەنێکی شانۆیی نمایش دەکرد یا گۆرانی دەچڕی و پیانۆی لێ دەدا
بە تەواوی سەرنجی ڕادەکێشان..
یا سالیناس کە حەوت ساڵانیش لە پێش لۆرکاوە بوو ھەمیشە دەیگوت: ((لە
ناوماندا دەدرەوشایەوە، ئێمەش لەوە زیاترمان لە دەست نەدەھات شوێنپێی
ھەڵبگرین..)).
لۆرکا بێجگە لە شیعر، بێجگە لەوەی پیانۆژەنێکی کارامەیش بوو، بە
ھەردوو شانۆیی (زەماوەندی خوێن)و (ماڵی برناردا ئالبا) زۆرتر ناسرا
تاڕادەی ئەوەی چووە ڕیزی شانۆنووسە ناسراوەکانی ئیسپانیا .
لەلایەکی دی مەرگی لۆرکا لە خۆیدا تراژیدیاییەک بوو، کە بە گیانی خۆی
، وێنەی شانۆییەکانی نووسییەوە کاتێ لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا لە سەروبەندی
شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا تیرۆرکرا.
ئەوەی جێی سەرنجە لۆرکا پێش کوژرانی لە شیعرێکیدا (کە لەگەڵ ئەم چەند
شیعرەدایە) بە ھەناسەیەکی تاساوەوە پێشبینی مەرگی خۆی دەکا، پێشبینی
ئەوەش دەکا، تەرمەکەی فڕێ دەدرێ و نادۆزرێتەوە، کە لە دواییشدا ھەروا
کەوتەوە.
خوداحافیز.
ئەگەر مردم
لێ گەڕێن بانیژەکە کراوە بێ
منداڵەکە پرتەقاڵ دەخوا،
لە بانیژەکەمەوە دەیبینم
جووتیار گەنم دەدروێتەوە
لە بانیژەکەمەوە گوێم لێی دەبێ
ئەگەر مردم
لێ گەڕێن با بانیژەکە کراوە بێ.
بێ
چاوی من.
بێ چاوی من ڕۆحەکەم
تۆ جوانی مانگ نابینی
بێ لێوی من گیانەکەم
لە تامی مەی ، تامی ماچ
نازانی
بێ دڵی من
ئەتۆ مردووی
لە کاتێکدا وشە دەمرێ
ھەموو قووڵایی ئاوێنەکانت
سوودی چییە گیانی من؟
رهنگەکان.
مانگ بەسەر پاریسەوە
وەنەوشەییە
لە شاری مردوواندا
زەرد دەبێ
ئەوەتا مانگێکی سەوز
لە ھەموو ئەفسانەکاندا
ماھی تەونی جاڵجاڵۆکەیە
کولانکەی مینابەندی شکاو
بەسەر بیابانانیشدا
مانگ قووڵ و خوێناوی
لێ مانگی سپی
تاکە مانگی ڕاستینەیە
بەسەر گۆڕستانی
گوندە ھێمنەکاندا دەدرەوشێتەوە.
پشادیی
غەمبار.
لە ھەموو شادییان خەمبارتر
ئەوەیە شاعیر بی
ھەموو خەمی دی
تەنانەت مەرگیش
بەھایێکی نییە.
گورانی
گەشتوهرهکە.
قورتوبە
تەنیاو دوورەدەستە
جوانووییەکی ڕەش
مانگێکی گەورە گەورە
لە ھەگبەی زینیشدا زەیتوون
لەگەڵ ئەوەی ڕێگایش پێ دەزانم
ھۆیەک نییە
بە دەشتاییدا، بەبا
بگەمە قورتوبە
بروسکەیێکی ڕەش ، مانگێکی سوور و
سم کوتان لە بەرامبەر
چاوی پاسەوانی
سەر قەڵای قورتوبە
ئای چەند درێژە ڕێگا
ئای جوانووی ئازام
ئەوەتانێ مەرگ
پێش گەیشتن بە قورتوبە چاوەڕوانە
قورتوبە
دوورە دەست و تەنیایە.
لێرهدا.
بە برادەرەکانم بڵێن
من مردم
ئاو ھێشتا
لەژێر موچڕکی دارستاندا
گۆرانی دەچڕێ
بە برادەرەکانم بڵێن
من مردم
سپیدار چۆن شەپۆل دەدەن
پەردەی لەریو
پێیان بڵێن چاوەکانم
بەکراوەیی مابوونەوە
جەستەم
لە دەسماڵێکی پیرۆزکراوی نەمرەوە
لوول درابوو
ئاە
بە برادەرەکانم بڵێن
من مردم و
بێ نان و بێ ئەستێرە ڕۆیشتم.
قەسیدهی
گریان.
بانیژەکەم داخست
چوون من نامەوێ
گوێم لە گریان بێ
بەڵام
لەودیو دیوارە خۆڵەمێشییەکاندا
لە گریان بەدەر
ھیچ نابیسترێ
لەوێ ژمارەیەکی کەم فریشتە ھەن
گۆرانی دەڵێن
لەوێ ھەندێ سەگ ھەن
دەوەڕن
ھەزار کەمانجە
لە لەپی دەستەکانمدا دەکەون
لێ گریان
سەگێکی زلە
گریان
فریشتەیەکی گەورەیە
گریان
کەمانجەیەکی زەبەللاحە
گریان دەمی با دەگرێ
لە گریان بەدەر
ھیچ شتێ نابیسترێ .
پێشبینیی
مردنم.
زانیم من کوژراوم
قاوەخانەکان گەڕان
گۆڕستانەکان
کەنیسەکان، بەرمیل و کۆگاکانیان کردەوە
سێ ئێسکە ھەیکەلیان دزی
ددانە زێڕەکانی لێ بکەنەوە
منیان ھەر نەدۆزیەوە
نەیاندۆزیمەوە ھا؟
ئا.. ئا منیان نەدیتەوە.
_______________________________________
ئاماژە:
ئەم شیعرانە لە سایتێکی تایبەت بە شاعیر وەرگێڕدراون، ھەردوو شیعری (ڕەنگەکان
و لێرەدا) یان لێ بترازێ، کە لە (مختارات من الشعر العالمی) بە
وەرگێڕانی پۆل شاوول، بڵاوکردنەوەی (دار الحداثة)ی بێرووت، چاپی یەکەم
١٩٩٠ کراون بە کوردی.
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|