٥\٤\٢٠١٦
چەند نووچەیەک لە
لایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان.
●
کرێکاران و کارمەندانی قەسری شیرین و سەرپێل زەھاو لە کار دەردەکرێن.
کۆمەڵێک
لە کرێکارانو کارمەندانی قەسری شیرینو سەرپێل زەھاو لەسەر کارەکانیان
دەرکران.
ڕۆژی شەممە ١٤ خاکەلێوە لە یەکەم ڕۆژی کاریی ساڵی نوێدا لەسەر بڕیاری
پارێزگاری کرماشان لە رۆژھەڵاتی کوردستان، ٦ کەس لە کارمەندەکانی
فەرمانداریی قەسری شیرین کە لە ڕێکخراوی ھاوکاریی شارەدارییەکانی
پارێزگا لە قەسری شیرین کاریان دەکرد، لەسەر کار دەرکران.
دوو ڕۆژ دواترو لە ١٥ی خاکەلێوەدا کارخانەی ئاوەدانکردنەوەی سەنعەت لە
شارۆچکەی پیشەسازیی سەرپێل زەھاو ئەم کارخانەیەیان داخستو
کرێکارەکانیشی دەرکران. خاوەنەکانی ئەم شیرکەتە دەزگاکانو کەلوپەلی
بەبایەخی ئەم کارخانەیەیان بە نھێنیو نایاسایی بردووەتە دەرێ. ئەم
کارەیان بە مەبەستی دەسبەسەرداگرتنی دەوڵەت بە ھۆی قەرزداربوونی کرابوو.
لقی سەرەکیی ئەم شیرکەتە کە بە ناوی “نەزمی ئۆران” لە “نەزەرئاباد”ی
شاری کەرەجە، کارەکەی دروستکردنی ئامێری وشککردنەوەی گەنمەشامی و
سیلۆکانی جووتیارییە.
یەکێک لە کرێکارە دەرکراوەکانی ئەم شیرکەتە لەبارەی ڕاگواستنی بە
نھێنیی ئامێرەکانی ئەم شیرکەتە دەڵێ، ئەم کارخانەیە پاش ٤ ساڵ کارکردن
وامی میلیاردیی وەرگرتو بینای ئەم کارخانەیە لە زەمانەتی بانک دابوو،
ئەگەرچی نرخی ئەم بینایە لە وامەکەش کەمتر بوو. پاشان خاوەنەکانی ئەم
شیرکەتە وامەکەیان نەدایەوە و بانکی میللەتی سەرپێل زەھاو قەراربوو
دەست بەسەر کارخانەکە دابگرێ.
ئەو دەڵی خاوەنەکانی ئەم شیرکەتە مووچەی ٦ مانگی کرێکارانی بیمەکراو
نیوەی جێژنانەی ساڵی پێشوویان نەداوەو لە یەک شەودا کار لە کار ترازاو
ھەموو ئامێرە قورسو باشەکانیان گواستەوەو ئێستا کەس نازانێ چییان
بەسەر ھات.
دوای بەدواداچوون و سکاڵابەرزکردنەوەیەکی زۆر دەرکەوت کە بیمەی ٩ مانگ
تا یەک ساڵی ٢٠ کرێکاریش تێنەکراوە.
بە پێی دواین ئاماری بێکاران کە ناوەندەکانی سەر بە حکومەتی کۆماری
ئیسلامی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، رێژەی بێکاری لە سەرەوەی ۲٨ لە سەدە
لە کۆیی ماڵباتەکان لە ئێران، بێ گوومان ئەو رێژەیە لە رۆژھەڵاتی
کوردستان زۆر لەسەر ترە، بەو ھۆیەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ھیچ
پلانێکی ئاوادەدان کردنەوە لەوێ ئەنجام نادات و بە ئەنقەست ھەوڵی
دواکەوتنی دەدات، ئەوە لە حاڵێک داێە کە دەوڵەت بەرپرسە لە ئاوەدان
کردنەوە و سازدانی دەرفەتی کار، ھەروەھا پاراستنی مافی کرێکاران.
● کوژرانی
مامۆستایەکی قوتابخانە لە باشووری کوردستان.
مامۆستایێکی قوتابخانە کە دوو رۆژ پێش ئێستا لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا
بەر دەستڕێژی گولـلە درابوو و بە سەختی بریندار ببوو، گیانی لەدەستداوە،
پۆلیسی گەرمیان لە باشووری کوردستان رایدەگەیەنێت: چاوەڕوانی پشکنینی
پزیشکی دەبین بۆئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین.
کاتژمێر ٤:٠٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەو مامۆستا کەلارییەی شەوی شەممە
لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بەر دەرستڕێژی گولـلە درابوو، بەھۆی سەختی
برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
ئاکۆ سەمین، ئامۆزای مامۆستای گیانبەختکراو لە وت وێژێک لەگەڵ ناوەندی
ڕاگەیاندنی رۆژنیوز ئاماژە دەکات: درەنگانێکی شەوی شەممە (غازی خەلیل)ی
ئامۆزام لەناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆی و لەبەردەم ماڵی خۆیان درایە بەر
دەستڕێژی گوللـە، سنگی بە سەختی برینداری کرا، بەھۆی سەختی برینەکەشی و
بەمەبەستی چارەسەرکردنی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا،
بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی سپارد”.
ناوبراو لەو وت وێژە درێژە دەدات : “لەم کاتەدا ناتوانین ھیچ شتێک
ئاشکرا بکەین، چونکە لە پرسەداین و بەگوێرەی قسەی خۆشی پێش کۆچکردنی
کێشەی شەخسی لەگەڵ کەسدا نەبووە و ھیچ کێشەیەکی تریشی شک نەبردووە،
بەڵام ئێمە دوای پرسەکەی سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین لەسەر ئەو کەسانەی
گومانمان لەسەریان ھەیە، بۆئەوەی دادگا خۆی رێچکەی دۆزینەوەی ئەو
کەسانە بگرێتە بەر”.
ھەر دەربارەی ئەم پرسە ناوەندی ھەواڵی رۆژنیوز پەیوەندی بە رائید عەلی
جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان کردوە و ناوبراو بەو دەسگا
راگەیاندنەی وتوە : ” ئێمە وەک پۆلیسی گەرمیان چاوەڕوانی پشکنینی
پزیشکین لەسەر ھۆکاری گیان لەدەستدانی و ئەوکات ئێمەش بەکاری خۆمان
ھەڵدەستین وەک ئەوەی پێویست بکات، تا ئێستاش کەس نەھاتووە سکاڵا لەسەر
ئەو رووداوە تۆمار بکات”.
جێی ئاماژەیە ماوەیەک پێش کوشتنی ئەم مامۆستایە تێزاب کراوە بەسەر
ئۆتۆمبێلەکەیدا.
غازی خەلیل، مامۆستای وەرزش بوو و لەگەڕەکی ٥٠٠ ماڵەکەی شارۆچکەی کەلار
نیشتەجێ بوو و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٩یە.
● سێ ساڵ زیندان
بۆ برایانی پیرۆز زادەگان.
ھوشەنگ و مەحەمەد پیرۆز زادەگان دو برای کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان کە
ئەوەل مانگی پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون، لە لایەن شوعبەی
یەکی دادگایی ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی ھەڵوێست و چالاکی دژی کۆماری
ئیسلامی ئێران بە سێ ساڵ زیندان سزا دران.
بە پێی ھەواڵێک کە گەیشتۆتە دەست کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، رەزبەری
ساڵی پێشوو ، واتا رەزبەری ساڵی ۲۷۱٥ کوردی، دو برا بە ناوەکانی ھوشەنگ
و مەحەمەد پیرۆززادەگان لە لایەن ھێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی
کۆماری ئیسلامی لە گوندی ماوانێی سەر بە پارێزگایی ورمێ لە رۆژھەڵاتی
کوردستان دەستبەسەر دەکرێن و لە دوایی دا راگوێزی زیندانی ستادی
ئیتلاعات لەو شارە دەکرێن.
ئەو دو برا کوردە دوایی دوو مانگ راگوێزی گرتوخانەی ناوەندی ورمێ
دەکرێن و لە بەشەکانی ۳ و ٤ ئەو گرتوخانەیە زیندانی دەکرێن. بەشی ۳ی
ئەو گرتوخانەیە تایبەتە بە گیراوانی تاوانە کۆمەڵایەتی و عمومیەکانی
وەک تاوانبارانی مادە ھۆشبەرەکان و….
براکەی دیکە واتا مەحەمەد رەوانەی بەشی ٤ کە تایبەت بە گەنجانە دەکەن.
کۆتایی مانگی رەشەمێی پاڕ، شوعبەی یەکی دادگا ئینقلابی ورمێ بە
سەرۆکایەتی دادوەر چابک، ئەو دوو برایە بە تۆمەتی چالاکی دژی ئاسایشی
کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانبار دەناسێنێت و ھوشەنگ بە دوو ساڵ و
مەحەمەد بە یەک ساڵ زیندان سزا دەدات.
ھەر لەو پێوەندیەدا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە
ھاووڵاتیێکی تری کورد بە ناوی نەسرەدین داڵایی میلان خەڵکی ماکۆ لە
رۆژھەڵاتی کوردستان، پاییزی پاڕ دەستبەسەر کراوە، ناوبراو بە تۆمەتی
ھاۆکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران
بە شەش مانگ زیندان سزا دراوە. ناوبراو دوایی کۆتایی ھاتنی
لێپرسینەوەکان، رەوانەی بەشی ۹ی گرتوخانە کراوە.
جێی ئاماژەیە کە تۆمەتی ئەو سڕ گیراوە کوردە، چالاکی سیاسیە و بەو
ھۆیەوە رەوانەی گرتوخانە کراون، بەڵام شوێنەکەیان لە گرتوخانە تایبەتە
بە تاوانە گشتیەکان و تاوانی عمومی. ھەر بەو ھۆیەش باری سڵامەت و
تەندروستی وان تێک چووە.
جیا نەکردنەوە و تێکەڵ کردنی گیراوانی سیاسی لە گەڵ تاوانبارە گشتیەکان،
جیا لەوەی کە پێشێڵ کردنی یاسایی زیندانی ئاییننامەی زیندانەکانی
ئێرانە، پێشێڵکاری ئاشکرایی یاسا نێودەوڵەتی و ماف مرۆڤیەکانە.
بۆیە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەتا گیرانی ئەو سێ کەسە بە ھۆیی
چالاکی سیاسی شەرمەزار دەکات، لە کاتێک دا جارنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ،
ھەر چەشنە گوشار و گرتنێک بە ھۆیی چالاکی سیاسی قەدەخە دەکات. گیرانی
ئەو سێ کەسە پێشێڵکردنی ئاشکرایی مافی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی
بیرکردنەوەیە. ھەر وەھا راگوێزی وان بۆ بەشی گیڕاوە گشتیەکان تاوان و
پێشێڵکاری ماف مرۆڤی دەزانێت و شەرمەزاری دەکات.
● بەساڵاچووانی
رۆژھەڵاتی کوردستان ناچارن بۆ بژێوی ژیانیان دەرۆزە بکەن.
بەپێی ئەم راپۆرتە زۆربەی بەساڵاچوانی پارێزگای سنە لە بیمەی تەئمین
ئیجماعی یان بێ بەرین یان پارەیەکی زۆر کەم وەردەگرن.بەم ھۆیەوە
زۆربەیان ناتوانن بژێوی ژیانیان یان پارەی چارەسەری بۆ خۆیان دابین
بکەن.و ئەژمارێ زۆریان خانوویان نییە وماڵی بەساڵا چووان بۆ وەرگرتنیان
داوای پارەیەکی زۆر دەکات کە بەوان ھەڵ ناسوورێت.بە سووڕێک بەناو
شارەکوردیەکاندا زۆرێک لەم بەساڵاچووانە دەبینین کە بۆ بژێوی ژیانیان
ناچارن لە شۆستەکاندا یان سواڵ بکەن یان دەسفرۆشی کالە وجل وبەرگی
بەریان بکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ھەر بەم بۆنەوە وتوو وێژیکی لەگەل یەکێک
لەم بەساڵاچووانە پێک ھێناوە:لە کونجێک لە سەر شۆستەکەی دەور مەیدانی
سنە لە بەر ھەتاودانیشتووە دەڵێت۷۳ ساڵیە وھێچ خێزانێکی نیە،تاقە
کوڕەکەی چەند ساڵ پێش کوژراوە وماوەیەک دواتر ھاوسەرەکەی
مردووە.تاماوەیەک لەمەو پێس کە توانای ئێشم بوو کرێکاری رۆژانە بووم و
ریکخراوە تەئمیب ئیجتماعی بڕی٤٠٠ھەزار پارەی پێ دەدام بەلام کرێ
خانووەکەم ۳٠٠ھەزار بوو بەڵام چون نەم دەتوانی ئەم پارەیە بدەم ساحێب
ماڵەکەم بە گرتنی بەڵگەی دادگا دەری کردم.بەدرێژایی زستان لە گاراژێک
ژیانم بەسەر برد لە کۆتایی دا ئاخێکی ھەڵ کێشاو وتی ئەمە ئاقیبەتمە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەری گشتی بیھزیستی پارێزگای کوردستان لەساڵ ۱۳۹۲ھەتاوی
ژمارەی بەساڵا چووان ۲۱ھەزارکەس بووە.بە پێی وتەی بەڕیوەبەری گشتی
بیھزیستی کوردستان ئەم رێخراوە تەنیا توانای ئەوەی ھەیەبە ۵٠٠٠کەس
ئیمکانی یارمەتی بدات.ھەر لەم بارەیەوە خاتوو موژگان شەفیق جێگری گشتی
گەشە پێدانی بھزیستی باس لە کەم بوونی بنکە ی دەرمانی وخزمەتگوزاری،کەم
بوونی داھاتی مانگانەی بەساڵاچووان و بێ بەھرەبوون لە ماڵ وخانوو ئەم
چینە دەکات. شوناسی بەساڵاچووان لەم ئامارە سەرووی ٦٠ساڵ دەس نیشان
کراوە.
شایەنی باسە پارێزگاکانی کوردستان،کرماشان و ئیلام رێژەی کەمترین
کەسیان ھەیە لە ئێران کە لە خزمەتگوزاریەکانی تەئمین ئیجتماعی
بەھرەمەند دەبن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە پێی مادەی۲۵ جاڕنامەی جیھان مافی مرۆڤ
کە دەڵیت:ھەمووکەس مافی بەھرەمەند بوون لە ستانداردەکانی ژیان
وئاسوودەیی بۆ خۆی وبنەماڵەی وەک خۆراک،پۆشاک،شوێنی نیشیە
جێبوون،چاودێریەپزیشکیەکان وخزمەتگوزای ھەیە ولەکاتی بێکاری،نەخۆشین ،پیری
دا مافی کەڵک وەرگرتن لەم.خزمەتگوزاریانەی ھەیە،ئەم دۆخە بە پێشیل کاری
مافی مرۆڤ پیناس دەکات و داوادەکات کە کۆماری ئیسلامی گۆرانکاریەک
بنەڕەتی بۆ ئەم دیاردەیە بۆ ھاولاتیانی بکات.
● (حەبیبوڵا
لەتیفی) بەندکراوی سیاسیی کورد پەیوەندیی تەلەفونیی و دیدارلەگەڵ
بنەماڵەی لێ قەدەغە کراوە و چاوەڕێی سێدارەیە.
لە دۆخی حەبیب اللە لەتیفی بەندکراوی سیاسی کورد لە گرتووخانەی شاری
سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان ئەگاداریەک لە بەردەست دا نییە وناوبراو
پەیوەندی تەلەفون ودیداری لێ قەدەغە کراوە.
بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان:لە پەیوەندیەکدا کە بە
یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی لەتیفی بەناو “سیروان کەمانگەر”کراوە
ناوبراووتوویە:بنەماڵەی حەبیب ماوەیەکە کە لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ
ئاگان ونەیان توانیوە پەیوەندی پێوەبکەن. حەبیب اللە ماوەیەکە ھەمو
ئیمکانە ئاساییەکانی ناو زیدانی لێ زەبت کراوە وسزای سێدارەکەی کە
وەستابوو ھەر وەک خۆی ماوەتەوە.
حەبیب اللە لەتیفی لە دایک بووی ۱خالەلێوەی ساڵی۱۳٦۱ھەتاوی خوێندکاری
موھەندسی سەنایع زانکۆی پەیام نووری شاری ئیلام بوو کە لە ۱خەزەڵوەری
ساڵی۱۳۷٦ھەتاوی لە لایەن ھێزەئەمنیەکانی شاری سنە لە شەقامی ئەدەب
دەسبەسەر کرا.
ناوبراو لە دوای٤مانگ کەلە ژوورەتاکەکەسیەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە
دەسبەسەربوو لەو ماوەیەدا ئازار وئەشکەنجەی زۆر دراو دەوترێت تووشی
خوێن بەربوونی گورچیلە بووە و سەریان شکاندووە ودواتر گوێزراوەتەوە بۆ
گرتووخانەی شاری سنە.
ھەروەھا لە۱٠پووشپەڕی ساڵی۱۳۸۷ھەتاوی لە دادگای شۆڕشی سنە لقی یەک
لەلایەن دادوەر بابایی سەرەڕای ئەوەی کە پارێزەرەکانی”ساڵح نیک بەخت
ونیعمەت ئەحمەدی”پارێزگاریان لێ کرد بە تاوانی شەڕی دژی خوداو
ئەندامەتی حزبی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک،سزای سێدارە بە سەری دا
سەپا.
لە دوای سەرڕاست بوونەوەی سزاکە لە دادگای پێداچوونەوە،دواتر لە دێوانی
باڵای وڵات لە بەڕواری۱٦رەشەمەی ساڵی۱۳۸۸ حوکمەکە بە شەفاھی بە
پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.
سزای لە سیدارەدانی ناوبراو بە پێ راگەیاندراوی شەفاھی بە پارێزەرەکەی
کە بڕیار وابوو لە ۵بەفرانباری ساڵی۱۳۸۹ جێ بەجێ بێت بەھۆی نامەی داوای
لێبووردنی بنەماڵەکەی بە فەرمانی دادستان بەکاتی ڕاگیرا.
تاکاتی بڵاو بوونەوەی ئەم ھەواڵا ھەواڵی ھیچ گۆڕانکارییەک بۆ سزای
سێدارەی حەبیب اللە لەتیفی ڕانەگەیەندراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

info@kmmk.info
|