په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٠\٢٠٢٢

   چەند پارچە هۆنراوەیەک بۆ منداڵان.

عەلی حەمەڕه‌شید

 سەمای گەڵاکان.
هۆنراوەی:عەلی حەمەڕەشید
پایز گـــەڵای ھەندێک دار
دەوەرن دەکەونە خـــــوار
ھەردەڵێی سەمــــا دەکەن
دەچن خۆیان ڕادەخــــەن
دڵگیـرن وەکــــــــو تابلۆ
لەبـەر چــــــاوی من و تۆ
جوانیی گـــــەڵای وەریوە
دیمــــەنی وات نەدیــــوە
پێشوازی پایز دەکــــــەن
بەناز خۆیان دەردەخـــــەن
بە ڕەنگی گەڵا تـــــــەواو
سەرسام دەبن ھۆش و چاو.


 
خولی فێربوون.
هۆنراوەی:عەلی حەمەڕەشید
ھاتووین بۆ خولی فێربوون
تا ئاسۆمان گەش بێ و ڕوون
بـە چـــــالاکی و زانیاری
بە وێنە و مەلـــە و یـاری
لێرە کـات بەسـەر دەبەین
توانای خۆمـان دەردەخەین
وانـەی تــــازە فێر دەبین
ھی ئـەو پۆلەی بۆی دەچین
بۆ خولیا و بەھرەکـانمان
بۆکاری باش و جوانمـان
مامۆستاکــان ھاوکـــارن
لەگەڵمان دەست بەکــارن
تــا ئێمەی بچکـۆلە و ژیر
مرۆڤێک بین ڕۆشـــــنبیر.


١٠\٧\٢٠١٨


 
پەرستار.
ئەو مـرۆڤە بەخشندەی
هەمیشە ماندووی کارە
لەنێو نەخۆشخــــانەدا
چـالاک و دڵسۆز دیارە
کەسێکی خۆشەویستە
بیناسن پەرســــــتارە
  *   *   *
وەک فریشتە بەفریـای
نەخۆشەکــان دەکەوێ
دەبێتە مـــایەی خۆشی
بۆ نەخۆش کە دەرکەوێ
دڵنیام هەمـــوو کەسێک
پەرستاری خۆشـــدەوێ
  *   *   *
مرۆڤێکە میهـــــرەبان
بەگیانی پڕ هاوکـــاری
بۆ شیفای نەخۆشەکان
خەندەی پێیە بەدیاری
گشت پێزانینمان هەیە
بــۆ پیشەی پەرستاری.


١٣\٩\٢٠٢١


 
سروودی ئاوەدانیی.
ئێمـــــەی منداڵ دڵخۆشین
وا بەهار و ســــــــەیرانە
ئەوەی تینمــــــان دەداتێ
هەڵەبجە ئـــــــــــاوەدانە
  *   *   *
وەرن هەمــــــــوو پێکەوە
بە ئـــــاواز و گــــــۆرانی
دەستی یەکتری بگـــــرین
بەخۆشیی و شادومـــــانی
  *   *   *
بڵێین ئێمـــــەی بچکۆلە
پەرۆشین بۆ ئەو کــــارە
بۆ بــــــــاشتر بنیاتنانی
ژیانەوەی ئەم شـــــارە
  *   *   *
بەخوێندن و زانیـــــــاری
هەنگــــاو دەنێین بە گشتی
هەتا شـــــاری هەڵەبجە
نمــــــــونەبێت بۆ ئاشتی
  *   *   *
ناوی وەکــــــو ئەستێرە
گــەش بێ و بدرەوشێتەوە
سرودی سەرکەوتن بێ و
هەموو کـــەس بیڵێتەوەی
  *   *   *
بویت بەپایتەختی ئاشتی
دڵخۆشـــــــم ئاوەدانی
بڵند و پڕ شکــــــۆ بی
تۆ ناسنامـــەی کوردانی.


١٤\٣\٢٠٢٢


 
نەورۆز و نوێبوونەوە.
ئێمــــەی منداڵ هەرهەموو
نەورۆزمان زۆر خۆشدەوێ
نێرگزی داوە لــە خــۆی
وەکو بوک دەردەکــەوێ
  *   *   *
لەگەڵ هـــــاتنی نەورۆز
بەگــــۆرانی و هەڵپەڕکێ
ئامـــــادەین بۆ پێشوازی
لە شار و شارۆچکە و دێ
  *   *   *
نـــــــەورۆز نوێبوونەوەیە
بۆ خاک و خەڵک و گیاندار
سەرمـای زستان نامێنێ و
دەچینە وەرزی بەهــــــار
  *   *   *
کە نەورۆز دێ لەگەڵ خۆی
خونچەی نوێمان بۆ دێنێ
نەورۆز هۆی دڵخــۆشییە
بۆ کوردان لە گشت شوێنێ.

 

ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک