په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک


       چەند پەیڤێ لە نێوانماندا.

که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر


1
دەتوانی دەستم بگری بۆ سەما
قژم بدەی بەسەر شانتا
بەڵام هیچ کاتێ ناتوانێ
بەربەستێ بی
لەئاستی تیرۆرکردنما؟!


2
چاوت دەکەیتە باڵندە
دەیبەخشیتە هێلانەی من
لێوت دەکەیتە خونچەیەک
دەیدەیت لە ئێخەو سنگی من
بەڵام تا ئێستا ناتوانی
دەستەکانت بکەیتە چەقۆ
بۆ بڕینی ئەو زمانەی
بوونە مایەی ئازاری من


3
پایز گەڵاکانی زەرد کرد
خۆیان وەراند
کیژێک کراسەکەی خۆی
زەرد کرد
رەشەبا لەبەریا دڕاند
کاتێ سیما گەشەکەی تۆ
زەرد هەڵگەڕا
چی درەختی ئەم شارە بوو
بەری ئاسمانیان تەنی بوو
پەردەیاندا بەڕووی خۆردا


4
تۆ بەشێکی لە گیانی من
منیش بەشێک لە دڵی تۆ
بەڵام تاکوو رۆژی مردن
گەر بگەم بەسێبەری خۆم
ناگەم بە تۆ؟!


5
سەرت بنێ بە سنگمەوە
لەمن زیاتر کەسێ نیە
لەئازاری دڵەی پەشۆکاوت بگا
کەسێ نیە
وانەی عەشقی لەگەڵ خوێندبی
کێ لەزمانی هەناسەی
دەروونت دەگا ؟!


6
بەشەو میوانی دڵ نابی
بەرۆژیش هەرگیز هەرنایەی
تۆ ئەستێرەی لەخۆر وون بی
یاخۆریت لەشەو هەڵنایەی ؟!


7
عاشقێک هەیە
لەتۆ دەچێ و لەتۆ ناچێ
جوانێک هەیە
لەتۆ دەچێ و لەتۆ ناچی
چەند دەمەوێ
لەدەرگای دڵێکی تر بدەم
هیچ دەرگایەک
لەدەرگای دڵت ناچێ ؟!


8
دڵێ دوو دڵ و سێ دڵ
ئەیکەم بە مەنزڵگایەک
بۆ حەوانەی گیانی تۆ
چاوێک دوو چاوو سەدان چاو
بۆ بینینی پەپوولەی
حەزەکانی تۆ
لێوێک دوو لێو دەیان لێو
بۆ ناو هێنانی ناوی تۆ
گەر ئەمانەش هیچیان نەمان
روحم دەکەمە فیدای تۆ


Kazhal_3@hotmail.com