٢٦\٩\٢٠٢٢
چەند پەیڤێک بۆ گیانی ژینا ئەمینی.

هاوڕێ نەهرۆ
هۆ ژینا خان
لە گۆرەکەت سەر دەربێنە
ئەوا خەریکە زوڵفت
دەبێتە پەت و قەنارە بۆ ئاخوندەکان
هۆ ژینا خان
لە گۆرەکەت سەر دەربێنە
ئەوا خەریکە روحت
لە یادەوەریی گشتیی ئێراندا
زیندوبووەتەوە و شەپۆل ئەدا
لە دەریای خەزەر تیشک دەداتەوە و دەدرەوشێتەوە
رێك لەو شوینەی بەهرەنگیان خنکاند!
هۆ ژینا خان
لە گۆرەکەت سەردەربێنە
باسی ئاوێزانی روحت
لەگەڵ قاسملوو و قازی و شەرفکەندی بکە
باسی دەستەخۆشکت، قارەمانیەتی بەیانی کۆمەڵە بکە
هۆ ژینا خان
تۆ هەڵگری پەیامی هەر چوار پارچەکە بووی
تۆ هەناسەی پەنگخواردووی گەلانی ئێران بووی
تۆ خەباتی ئەنتەرناسیونالیزمت لە سەراپای ئێران
بەرجەستە کرد
وا ئێستا بە یادی تۆوە
بەلوج و فارس و ئازەری
پێکەوە سەمای شۆڕشگێڕانە دەکەن
پێکەوە دروشمی گەرووی تاساوی تۆ دەڵێنەوە
هۆ ژینا خان
تۆ بە گڕی روحی خۆت کلیلی دۆزەخت تواندەوە
ئێستا هەر ئافرەتەو بە یادی تۆوە
هاوار دەکا
ژین، ژیان، ئازادیی
هۆ ژینا خان
توو گیانی خۆت
دڵنەوایی
شەهیدەکانی دوای خۆت بکە
زامەکانیان هەتوان بکە
چونکە سەرچۆپی شۆرش
بە قەدوباڵای تۆ بڕا
لە سەقزی سەربەزەوە
سڵاوت بۆ دەنێرمەوە
لە سەقزی سەربەرزەوە
چەخماخەی شۆڕشت داگیرساند
وا خەریکە وێنە و درامای ساڵی ٧٩
لە میژووی گەلانی ئێراندا
خۆی دووبارە دەکاتەوە!
٢٤\٩\٢٠٢٢
-
ئۆسلۆ
ماڵپەڕی
هاوڕێ نەهرۆ
|