په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠١٩

چەند پرسیار و وەڵامێک لە بارەی

''ھەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە''.

 

هەژێن


پرسیاری یەکەم : "ئایا بایکۆت نابێتە ھۆی بێکاریی کوردانی باکوور؟

وەڵام: پێش ھەموو شت، پرسیارەکە لە ڕوانگەی ناسیونالیستییەوە خەریکە سۆزی نەتەوەچییانەی کوردان بورووژێنێت، ئاراستەکەرانی دەسەڵاتدارانی ھەرێمن، ئەوانەی کە نانیان لەنێو ڕۆنی تورکیە و ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەی "ئیمتیازی"نەوتی ھەرێم بۆ تورکیە دەستەگوڵی دەستی ئەوانە و ھەر بایکۆتێکی ئابووریی دەبێتە ھۆی نەمانی ڕۆنەکەی تورکیە و وشکبوونەوەی نانەکەی خۆیان.

بە بۆچوونی من، وەک کەسێک کە ناسیونالیزم بە ئایدیۆلۆجیای سەروەریی چین و توێژێک لەسەر کۆمەڵ دەزانم، بۆ من لەنێوان بێکاربوونی کرێکارێکی ئیزمیر و ئامەد و ھەولێر و فەلووجە جیاوازی نییە. بێجگە لەوە، کاتێک بڕیاردان لەنێوان بێکاربوونی کرێکارێک و لاقپەڕینی منداڵێک بێت، بێکاربوونی ملیاردان کرێکار لە لاقپەڕین و بێ دایک و باوک-بوون و ئاوارەبوون و کوژرانی منداڵێک، تەنانەت لە کوژرانی ئاژەڵێک و شکانی درەخت و گوڵێک، باشتر دەبینم؛ کرێکارێک بەبێ کاری کرێگرتە ئەگەری زیندوومانەوەی ھەیە، بەڵام منداڵێک و دەروون و خەونەکانی لەژێر بۆمبێک کۆتایی ژییان و مێژووە، بۆ من وەک کەسێک کە منداڵیی و لاویی من لەژێر بۆمبارانی جەنگی عیراق-ئێران تێپەراندبێت!

ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، فرمێسکی تیمساحیانەی ڕامیاران و کاناڵە میتییەکەی ئەوان(ڕووداو) بۆ نەمانی نانە چەورەکەی خۆیان و زیانی سەرمایەدارە کوردەکانی باکوور و لەوەش بێئابڕوانەتر ئەوەیە، کە زۆریک لە پرۆژە ئابوورییەکانی باکوور پشکی سەرانی پدک و ینک لەنێو ھەیە، ھەر ئاوا کە بەناوی کەسانی دیکە لە ئۆروپا ڕێستورانت و نانەواخانە و پیتزەری و ڕێزە ئاپارتمان دەکڕن و پارەی دزراو سپی-دەکەنەوە!

پرسیاری دووەم: ئەی بۆچی کاڵای کارخانەکانی ئاڵمانیا و برتانیا و ئەمەریکا بایکۆت-ناکەن؟

وەڵام: ئەوەی کە سەرمایە و سەرمایەداران لەم سەر تاکو ئەوسەری دونیا لەنێو ئەو جەنگە بەرژەوەندییان ھەیە، گومانی وەرناگرێت. بەڵام بەرھەمی کارخانەکانی دیکەی جیھان [مەبەست کارخانەکانی چەکسازیی و بواری سەربازیی نییە، چونکە ئێمە کڕیاری کاڵای ئەو کارخانانە نین]وەک بەرھەمی کارخانەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ بەو جەنگەی ئێستا خزمەتناکەن و ڕاستەوخۆ پشتیوان نین. بێجگە لەوەش، ھەر ئاوا کە لە ھەرێمی کوردستان ھیچ پڕۆژەیەکی بازرگانیی بەبێ پشک و ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارانی ینک و پدک بوونی نابێت، ھەر ئاواش لە تورکیە، بەبێ ڕەزامەندیی ڕامیاریی تورکیە ھیچ پڕۆژەیەک بوونی نییە و زۆربەی پڕۆژە گەورەکان ھی ئەردۆگان و زاواکەی ئەون، ھەر کەس گومانی ھەیە، با فیلمە دۆکومێنتەرییەکان لەبارەی ناچارکردنی خەڵکی گەڕەکە ھەژارنشینەکانی ئیستانبوڵ و ئانکارا و شارەکانی دیکەی تورکیە و پرسی مەیدانی تەقیسم لە ئیستانبوڵ تەماشابکات!

بە بۆجوونی من، ئەگەر بایکۆتکردنی کاڵای ھەر کارخانەیەکی جیھان و بایکۆتکردنی گەشتی ھەر گۆشەیەکی دیکەی جیھان وەک بایکۆتکردنی کاڵاکانی تورکیە و بایکۆتکردنی گەشتکردن بۆ تورکیە ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ کارایی چارەنووسسازی ھەیە، پێویستە بیخرێتە نێو لیستی بایکۆتکردن!

بێجگە لەوەش، ئەو بایکۆتکردنەی ئێستای خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی یەکەمە و دەکرێت لە بەردەوامی و درێژەی بەرەو بایکۆتکردنی کارخانە و ھێڵە ھەواییەکان و گەشتی ئەو وڵاتانەش کە وێرای ناڕەوایی جەنگەکە و کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی ڕۆژاوا [ڕۆژاوا بەس کرمانجی-زمان نین، چەندین ئێنتنیی و ئایین و کولتووری دیکەن] کۆمەکی حکومەتی ئاکپارتیی و ئەردۆگان دەکەن، پێویستە دەستبەجێ ئەوانیش بایکۆتبکەی.، بەڵام وەک دەبینین بایکۆتکردنی ئەوان لەسەر خێراڕاگرتنی جەنگەکە کارایی نابێت، چونکە کاڵای ئەوان ناچێتە ھەرێم و ئێران و ...تد، تاکو خەڵکی ھەرێم ئەوانە بایکۆتبکەن. وێرای ئەوەش، ڕێپێوانەکانی ئۆروپا بۆ درووستکردنی فشارێکە بە داچلەکاندنی رای گشتیی ئۆروپا و کەم نین، ئەو ئۆروپییانەی کە چەندین ساڵە وەک ھاوپشتییەک لەتەک خەڵکی فەلەستین و ڕۆژاوا کاڵای کارخانە و کێڵگەکانی ئیسرائیل و تورکیە بایکۆتدەکەن!

ئەوەی کە دەبێت وەک کاڵای کارخانەکانی تورکیە و گەشتکردن بۆ ئەوێ، کاڵای ھەموو کارخانەیەک لە یەک کات و ھەر ئێستا و بە چاوتروکاندنێک بایکۆتبکەین، فرەتر پاساوە بۆ بایکۆتنەکردنی کاڵای کارخانەکانی تورکیە. ھەر ئاوا ناچارکردنی خەڵکە بەوەی کە یان بایکۆتی کاڵای ھەموو کارخانەکان یان کاڵای کارخانەکانی تورکیەش بایکۆتنەکرێت!

بە بۆچوونی من، ئەگەر ئاستی ھوشیاریی کەسە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بە ئاستی خۆھوشیاریی بەرھەمھێنانی ھەرەوەزیی و ناکرێگرتەیی و نامشەخۆریی گەییشتبێت، ئەی بۆچی نا، بەدڵنیاییەوە ئەوە بەشێکە لە ستراتیجی ھەموو کەسێکی سۆشیالیستی دژە-دەوڵەت، بەڵام تاکو ئەو کاتەی کە ئەندامانی کۆڵانێک، گەڕەکێک، گوندێک، سارێک، ناوچەیەک، ھەرێمێک بەو ئاستە لە خۆھوشیاریی نەگەییشتبن و بەرھەمھێنانی ھەرەوەزیی و خۆکۆمەکیی و گەلکاریی و ھەر ئاوا کێڵگە و کارخانەکان کۆمەڵایەتیی نەکرابنەوە، بڕیارێکی ئاوا لە جەنگێکی خۆتڕێن زیاتر نابێت. ئەوەی کە ئێستا نەتوانین ئەوە بکەین، نابێتە پاساوی ئەوەی نابێت کاڵای کارخانەکانی تورکیە وەک فشارێکی ئابووریی بۆ ڕاگرتنی جەنگ و ھێرشکردنی فەرمانداریی ئاکپارتیی و ملھوڕیی ئەردۆگان، بەکارنەبەین.

بە بۆچوونی من، ھیچ لۆجیک و ڕەوایەتییەک لەنێو ئەو پرسیارە نییە. ئەو پرسیارە چ بخوازێت و چ نەخوازێت ماری تۆپیوە بۆ بەرپێی جەماوەر، کە خەریکە پاش نیو سەدە بۆ یەکەم جارە خۆخۆیی و دابڕاو لە دەسەڵات و ڕامیاران و پارتییەکان بڕیارێک دەدات و ھەنگاوێکی سەربەخۆ دەنێت.

پرسیاری سێیەم: لەنێوان بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای کارخانەکانی تورکیە و گەمارۆی ئابووریی لەسەر وڵاتێک جیاوازی چییە؟

وەڵام: جیاوازییەکە ئەوەیە، بایکۆتکردنێک کە خۆبەخۆ کەسانی نەدار و بێدەسەڵات وەک ھاودەردیی لەتەک دانیشتووانی جەنگ-زەدەی ڕۆژاوا بانگەوازیدەکەن، بۆ کۆتاییھێنانە بە جەنگ و ملھوڕیی حکومەت و دەوڵەت و پارتیی و سەرۆکی تورکیە، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکە لە مەرگ، نەک برسیکردنی خەڵکی تورکیە.

بەڵام ئابڵۆقەی ئابووری وەک ئابڵۆقەی ھاوپەیمانان لەسەر عیراق و ئابڵۆقەی ھاوپەیمان و حکومەتی بەعس لەسەر ھەرێم و ئئابڵۆقەی ئێستای دەوڵەتی ئەمەریکا لەسەر ئێران و کوبا و کوریا و ...تد فشاری دەوڵەتانە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێوان خۆیان لەسەر دابەشکردنی کێکی چەوسانەوەی ئێمە؛ ئەگەر ئێران وەک سعودیە بە مەرجەکانی بانکی جیھانی و سندووقی نیودەوڵەتیی دراو و دەوڵەتی ئەمەریکا ملبدات، گرفت و ئابڵۆقەیەک بوونی نامێنێت، ھەرچەندە وەک سعودیە ئەگەر نەریتی ملپەراندن ھێشتا پیشەیەکی پەسەندکراوی پاسایەتی ئەو وڵاتەش بێت. ھاندەری ئابڵۆقەی ئابووریی بۆ سەر "وڵاتێک"سەپاندنی جەنگ و مەرجی ملھورانەی دەوڵەتێکە لەسەر وڵاتێکی دیکە و ھیچ پەیوەندی بە خواستی خەڵک و ھاوپشتی و ھاودەردیی لەتەک خەڵک نییە!

بێجگە لەوە، ئێمە بایکۆتکەرانی گەشت و کاڵای کارخانەکانی تورکیە دەستپێکەری ئەو جەنگە نین، بایکۆتکردن پەرچەکرداری مرۆڤە بێدەسەڵات و نەدارەکانە لە دژی جەنگ، لە دژی کوژرانی منداڵان، لە دژی ئاوارە بوون ، لە دژی داگیرکاری، لە دژی ملھوڕیی و ئەوە ھێرش و جەنگی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی تورکیەیە، کە ئێمە بە بایکۆتکردن ناچاردەکەن، ئێمە بایکۆتکەران وەک بڕیاردەرانی ئابڵۆقەی ئابووریی لەسەر وڵاتان، ھیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتیی و کەسیی و مشەخۆرانە و ملھوڕانەمان نییە؛ ئێمە خوازیاری کۆتایی ھێڕش و جەنگین؛ ئێمە خوازیاری لێدانین لە بازار و سیستەمەکە، ھەنگاوی یەکەمیش لە پێداویستیی خەڵکەوە دەستپێدەکات، کە پێداویستیی خەڵکی ڕۆژاوا [خەڵکی ڕۆژاوا بە ھەموو ئێتنی و ئایین و کولتوورەکان نەک بەس کوردانی ڕۆژاوا]یە بە ھاوپشتی ئێمە و ئێمەی بێ چەک و نەدار و بێدەسەڵاتیش تاقە یەک چەکی شۆرشگەرانە شکدەبەین، ئەویش بایکۆتکردنی کڕینی کاڵا و گەشکردنە بۆ تورکیە وەک لێدان لە ئابووریی و بازاری جەنگ!

بە کورتی جیاوازی نێوان بایکۆتی ئابووریی و ئابڵۆقەی ئابووریی ئەوەیە، کە بایکۆتکەران کڕینی کاڵای کارخانەیەک یان کاڵا و گەشتی وڵاتێک بایکۆتدەکەن نموونە (بایکۆتکردنی خواردنەوەی کۆلا، خواردنی مێکدۆناڵد، کاڵای کارخانەکانی دەوڵەتێک لەپێناو سەپاندنی ماف و داخوازییە ڕەوەکانی کۆمەڵێک بەسەر کۆمپانییەکان و دەوڵەتەکان، زیندووترین نموونە: بزووتنەوەی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە.

بەڵام ئابڵۆقەی ئابووریی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک ھەناردە و ھاوردەی کاڵا بۆ دانیشتووانی ناوچە و ھەرێمێک قەدەخەدەکەن، تاکو خەڵکی ئەو شوێنانە و فەرمانداریی ئەو شوێنە بە داخوازییەکانی کۆمپانییەکان و بانکەکان و نێوەندە جیھانییەکان ملبدەن. زیندووترین نموونە : ئابڵۆقەی حەوت ساڵەی دەوڵەتی تورکیە و فەرمانداریی ھەرێم لەسەر خەڵکی ڕۆژاوا. بە واتایەکی دیکە، جیاوازی نێوان (بەدەستھێنانی ماف و داخوازییەکانی خەڵک) و (سەپاندنی بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و ملھوڕیی دەوڵەتەکان لەسەر خەڵک)!

چوارەم توانج و تاوانبارکردن: شێواندن و تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەی جەماوەریی بایکۆتکردن بە بزووتنەوەی "کۆنەپەرست و ناسیونالیستی"لەلایەن چەپی دەسەڵاتخواز

وەک دەبینین و دەردەکەون، پێشەنگی ئەو چەواشەکارییە ڕامیارییە و ئەو تۆماتبارکردنە، قۆمۆنیستە* کوردیی-زمانەکانن. قۆمۆنیستەکان لە کاتێکدا دەبنە ھەڵگری ئاڵای ڕێفراندۆمی "دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان"، کە پڕۆژەیەکی ئەردۆگانی بوو بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی کۆنی ئوسمانی و سەفەوی و جەنگی ئێستای نیئۆ-ئوسمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران لەنێو عیراق، لەوێ بە کێکخواردن لەتەک نێردراوی حکومەتی ئەردۆگان بۆ ھەرێم ئۆکتۆبەری ٢٠١٨شاگەشکە بووبوون و بە کورسی دەسەڵاتی سێکیولاستیکیی خۆیان خەونیان دەبینی، کەچی ھاودەردی و ھاوپشتی خۆخۆیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ھەرێم و ئازادیخوازانی جیھان لەتەک لێقەوماوانی ڕۆژاوا بە "ناسیونالیستی و کۆنەپرەستانە"ناودەبەن.

من وەک خۆم، باشترین وەڵام بۆ ئەوان بەس ئەوە دەبینم، کە یڵێم "قومارچی ئەگەر نەڵێت بە ھینم، دڵی دەتەقێت"؛ ئەوان کە کاتی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ١٩٩٦دایکی خۆشیان دەنگی نەدانێ؛ ئەوان کە ساڵی ٢٠٠٠لەنێو جەنگێکی خۆتڕێن پێنج کەسیان بەکوشتدا و دواتر خۆیان بەرەو ھەندەران ھەڵھاتن؛ ئەوان کە دواتر لە بەرانبەر مۆڵەت و پشک لەتەک بکوژانی ئەندامەکانی خۆیان ڕێکەوتن و چوونە یادی ھەمان ڕادیۆیینک، کە کوشتنی ئەندامەکانی ئەوانی ڕەوادەکرد؛ ئەوان کە کاتی ھاتنی داعش ھەڵای "دەستەی چەکداری جەماوەریی"یان بەرپاکرد و ھیچ کەس بە کڵاوی ئەوان ... نەپێوا؛ ئەوان کە لەنێو پڕۆسەی "خۆتڕاندنی دەوڵەتی کوردی"ڕسواترین ھێز دەرچوون؛ ئەوان کە ھەموو مانگێک ڕێکخراو پارتییۆکەیەک درووستدەکەن و بێجگە لە خۆیان ھیچ کەس ناوی خۆیان و ڕێکخراوە بەناو جەماوەرییەکانیان و خۆیان نازانێت، زۆر ئاساییە کە لە بەرانبەر بزووتنەوەی خۆخۆیی جەماوەریی بکەونە سووکایەتی و شێواندن، ئەگەر نا وەک قومارچییەکە دڵیان شەقدەبات! چونکە بزووتنەوەی بایکۆتکردن بزووتنەوەیەکە، کە ھیچ شوانە "ڕابەر "و "حزبی قائد"و شێخ و تەریقەتێکی نییە و بە چەند ڕۆژ بووە بە دەنگێک و حکومەتی ئاکپارتیی و ئەردۆگان و کۆمپانییەکانی ھەرێم و کارخانەکان ھەژاندووە و ناچاربوون دەزگە میدیاییەکانیان بۆ پاشگەزکردنەوەی خەڵک بەگەڕبخەن و قۆمۆنیستەکانیش وەک دەسەڵاتخواز و ھاودەردی دەسەڵاتداران و کارخانەکان کەوتوونەتە سووکایەتی و شێواندنی ڕەوایەتی بزووتنەوەی بنایکۆتکردن!

ئەگەر لەوەش بگوزەرێن، کە ئاوا تۆمەتبارکردنێک بەس شێواندن و ئێرەییەکی ڕامیارییە وەک بەرەنجامی ناکارایی بۆچوون و بڕیارەکانی خودی ئەوان. پرسیارێک کە تۆمەتی "ناسیونالیست-بوونی بایکۆتکەران"لەبارەی خودی (ناسیونالیزم)دەیورووژێنێت، ناکرێت بەبێ وەڵام بمێنێتەوە.

ساڵی ١٩٩٣کاتێک ڕێکخراوەکانی (قۆمۆنیزمی کرێکاری) لە ھەرێمی "کوردستان"خەریکبوون پارتییەک لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی (مەنسووری حیکمەت)پێکبھێنن، بۆ ئەو مەبەستە خودی مەنسووری حیکمەت بە نامەیەکی ئاراستەکراو کۆمەڵێک پرسیاری لە "فەعاڵین"ی ئەو کات کردبوو و منیش وەک چالاکێکی کۆمونیستی ئەو ڕۆژگارە دەبوو بە پرسیارەکانی نێو ئەو نامەیە وەڵامبدەمەوە. یەکێک لە پرسیارەکان ئەوە بوو "بە ڕای تۆ حزب عیراقی بێت یان کوردستانی، بۆچی؟" [ئەگەر داڕشتنی پرسیارەکە بە درووستی لەنێو ھۆشی من مابێت، ئاوا بوو].

ئەو کات کە من بە بۆچوون و بڕوای (پارتیی کۆمونیستی جیھانی)گەییشتبووم و ھیچ بڕوایەکم بە پارتییە ناوچەییەکان نەمابوو، بە پرسیارێک کەوتمە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی (مەنسووری حیکمەت)؛ ئەگەر "کوردستان"یی-بوونی پارتییەک ناسیونالیستبوونی ئەو بێت، ئەی جیاوازی کوردستانیی-بوون و عیراقیی-بوون چییە، ئایا ھەر دووکیان شوناسەیەکی جوگرافیی نین و شوناسی ڕامیاریی تایبەتیی کۆمەڵە خەڵکێک نین؛ بە چ پێوەرێک یەکەم "ناسیونالیست"یی دەبێت و دووەم "ئینتەرناسیونالیست"یی؟

ئێستا با بە جۆرێکی دیکە ئەو پرسیارە لە ئێوە دەروێشەکانی (مەنسووری حیکمەت)بکەینەوە؛ ئێوە کە حزبەکانتان شوناسی "کوردستانی"ی و "عیراقی"یان ھەیە و لە ھەر گۆشەیەکی جیھان بژین، بە ھیچ شێوەیەک لەنێو تێکۆشانی ئەو کۆمەڵانە بەشدارییناکەن، بەڵام ھەموو درووشم و بانگەواز و بڕیار و ھەوڵێکی ئێوەی (قۆمۆنیست) لەپێناو "کوردستان"و "عیراق"ەکەی خۆتانە و بە ھەزار و یەک شێوە و ڕێگە بەناوی دەیان ڕێکخراوی بەناو"جەماوەریی"یەوە بووجەی خەرجە کۆمەڵایەتییەکانی [بیمە کۆمەڵایەتییەکانی]ئەو کۆمەڵانە بۆ "عیراق"و "کوردستان"ەکەی خۆتان دەدزن، کەچی خۆتان بە "نا-ناسیونالیست"و کەسانێک کە دژی جەنگی فەرمانداریی تورکیە بۆ سەر کۆمەڵی ڕۆژاوا لە باکووری سوریە وەستاونەتەوە و بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە وەک بەرەنگارییەکی ئابووریی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوا بەکاردەبەن، ئێوە ئەوان بە "ناسیونالیست"ناودەبەن؛ ئەرێ بەڕاست، بە کامە پێوەر و لۆجیک ئەوە درووستە و بۆ ئێوە (ناسیونالیزم) و (ناسیونالیست)-بوون چ واتایەک دەبەخشێت؟
__________________________________________
پەراوێز:
قۆمۆنیست: قۆم/ قۆمون = نەتەوە، نەتەوەچی، (ئیست) پاشگری بکەرە، وەک (چی). قۆمچی یان قۆمۆنیستەکان ئەو ڕەوت و ئاراستە چەپە ھەلپەرست و دەسەڵاتخوازانەن، کە لەپێناو دەسەڵات و ناوبانگ و بەرتەریی دەستەبژێرانەی خۆیان، ھەر ڕۆژە درووشم و بەرنامەیەک بەرزەدەکەنەوە: "حکومەتی کرێکاری"، "دەوڵەتی سۆشیالیستی ، "کۆماری سۆشیالیستی"، "حکومەتی شورایی"، "کۆماری شورایی"، حکومەتی عیلمانی ، "حکومەتی سێکولاریستی"، "حکومەتی مەدەنی"، "دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان"، "دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی"و بەدڵنیاییەوە وەک ھەموو ڕەوتێکی دەسەڵاتخواز بەیانی پارلەمان دوا مەنزڵگەی ئەوان دەبێت!
بۆ من و بە لێکدانەوەی و تێگەییستنی ئەنارشیستییانەی من لەبارەی کۆمونیزم [کۆمونیزم نەک کۆمۆنیزم]؛(کۆمونیزم)و دەوڵەت، (کۆمونیزم)و پارتیی، (کۆمونیزم)و ڕابەر، (کۆمونیزم)و دەستەبژێر، (کۆمونیزم)و سەرۆک و لیدەر؛ کۆمونیزم و ئەو شتانەی دیکە کۆمەڵێک چەمکی پارادۆکسی یەکدین و کۆمونیزم یان نییە، یان دژی کۆمەڵی چینایەتی، دژی سیستەمی چینایەتی، دژی ڕێکخستنی چینایەتی، دژی خەونی چینایەتیی دەبێت. تکایە سەرنجبدە، من لەبارەی کۆمونیزم دەدوێم، نەک مارکسیزم!


٢٢\١٠\٢٠١٩
ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک