په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٨\٢٠١٤

چەند پۆستەرێک بۆ شنگال...


شوان عوسمان   

١
بەرلەوەی هەر دینێک بم، من کوردم...
تا یەک بست لە خاکی کوردستان مابێ ،
ئازاد نەبێت ،من ئازاد نیم..
تا یەک (کورد) بێ کەرامەت بێت ،
من کەرامەتم نابێ ،
من (ئیسلام) نیم ،ئەگەر (ئیسلام )هەمووجار (ئەنفال)م بکات ..
بە ناوێ ،من ئەو دینەم ناوێ..
ئەگەر نەتەوەم بە قوربانی ئایین بێ ،
نەتەوەییم تا دوا دەمارم..
نەتەوەم ناکەم بە قوربانی هیچ دینی نەتەوەیەک...
جارێکی تر نیشتیمان لەمن نابەن بەناوی دین ،
با دینم نەبێ ،من نیشتیمانم هەیە و
من نیشتیمانییم...
یان کوردستان ئەبێت ،یاخود رۆژی نەمانم دێت..
من (یەزیدی) م،(کاکەیی)م ،(شەبەک)م ،(دیان)م
(زەردەشتی)م..
بەرلەوەی ئیسلام بم...
من هەر هەموویانم ،
هەمووشیان لە من دان ،منیش تەنیا کوردم...
لەهەر کوێ بم ،
کورد ئەبم..


٢
شەوی شنگال..

لە شەودا ،
کاتێک شنگال خەوی لێ ئەکەوێ ،
پیاوێک ئەوها خەون ئەبینێ ،
خەون بە (داعش) ئەبینێ ،کاتێک ژنەکەی لێ ئەبەن ،
دین وکەرامەتی لێ زەوت ئەکەن....
ژنێک ئەوها خەون ئەبینێ ،
لە خەونیدا(داعش)ێک ئەبینێ ،
کاتێک پیاوەکەو کەرامەتی لێ ئەبەن..
منداڵێکیش ئەوها خەونئەبینێ ،
کاتێک (گەریلا) دێ ،رۆژ لە هەموو لایەک هەڵدێ...
دایک وباوک و هەموو ماڵەوەیئەو رۆژە لەدەست (داعش) ئازاد ئەکات ،
ئەوان کە هاتن کەرامەتی ئەوانیش هاتەوە..
دینیان بۆ ئەگەڕێتەوە ،
خەونی خۆش خۆش ئەبیننەوە...


٣
چ لە دونیایەک بکەم ،کە پڕ بێت لە دڵی نەرم...
کاتێک دونیا گریانی دێ ،من گریان وشکی کردووم.. درەنگە بۆ گریان من تازە چاوم لەبەر فرمێسکم ،ناتوانێت هیچ فرمێسکێک ببینێ..
دوای زریان با باران هەر ببارێ ،
ئاخر من ئاسمانم نەما ،
تا نزا بکەم..
من خوام بە پەلەپەل خۆی دەرباز کرد ،
تا بە دیل نەگیرێت...


٤
ناتوانم (لالش )لە بیر کەم ،من گەلی کریفان ژ بیر ناکەم..
کاتێک ئەو ئەسوتا ،
ئەز ئەسوتام..
(مەسحەفا رەش) و(جیلوە)م بەجوتە گڕیان ئەگرت ،
ئەسوتان..
گۆڕی شێخ و(مەلەک تاوس)م سەدای هاواریان ئەدا ،
(میر) و(پسمیر) و(پیر)بەخوڕ وەکو رووبار ئەڕژان ..
٥
من هیچم ناوێت شەڕم ناوێت ،پارەم ناوێ ،
فرمێسکم ناوێت..
من تەنیا (شنگال)ەکەی خۆم ئەوێتەوە..
(شنگال) منم ،
ناکرێ من هەبم ،(شنگال) م نەبێ ،
من بێ (شنگال) ناژیم..
منخۆم نابم...


٦
کەوتووینەتە رێ..
نازانم تا کوێ رێ ئەکەین ،
بەرەو کوێ ئەچین ،
رێ هەر دوور ئەبێ و دوور ئەکەوێتەوە ،
دوایی نایێ..
ئەترسم کەس نەبێت بەدوامانەوە بێت ،لێرەوە بەو رێیەدا بچین....
ئەوەندە ئەزانم لەهەر کونجێک (داعش) هەبێ ،من ئەبێ لەوێ بڕۆم...لەهەر دەڤەرێک (یەزیدی) بکوژرێت ،من ئەبێ بڕۆم..ئەوە قەدەری مەمرە و ژیانە، ئەبێ بەبێ پێڵاو بەبێ پیاو بگەمە ئەوێ..
ئاخ (شنگال)ی خۆم ،
چاوەڕێتم ،چاوەڕێم بکە ،
تا دێمەوە..


٢٠١٤ - هۆلەندە

ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک