په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠٢١

  چەند قەسیدەیەکی خۆشەویستیی

  لەبەر حەوت دەروازەکەی دونیا.

 

 

 

 

عەبدولوه‌هاب ئەلبەیاتی

و: نەژاد عەزیز سورمێ

١
لە بازنەی ڕوناھییەوە بەرەو مێرگان ھەڵدێم
لە خانەی ھەسارەکانی دییەوە
بۆ (لووڤەر) دادەبەزم
تەلیسمی شێردراوەی ناو تابلۆکان
بە باڵداری کوێردا دەبەم، عاشقاتیی دەکا
لە تاریکاییدا
بە وشە و بە ئاگری شینی کوژاوەی زەردەپەڕەوە
بە سیمای (پیکاسۆ)
لەو دیو ڕووی ڕۆژگارە ونبووەکان و دارستانان
دەیدرەوشێنێتەوە..
بە فڵچە بەرکەوتنێکی
‌سەر پێستی جەستەی ژن و گوڵ و ئاسمان
بە ھاواری گاڵتەبازی ڕەشپێست
کە دەبینێ ماسکەکەی
لە (لوار)دا نقوم دەبێ..
دەگەڕێمەوە ماڵەوە -
سەریشم ژاوەژاوی شاری بارانێ و
جاڵجاڵۆکەی ئاگری تێدایە
دەرگەی ژوورەکەم دادەخەم، خۆم بە گاز دەکوژم.

٢
خۆشەویستم!
ھەموو زیندانەکانی دونیای کۆنم ناسین
بەڵام ئێستا خەریکم زیندانەکانی دونیای نوێ و
زۆرداریی و ڕیسواکردنی ‌ ڕۆژگاری نوێ و
مردن لە ژێرزەمینەکانی شار و
ژووری ئوتێلە نەفرەت لێکراوەکان بدۆزمەوە..
زانیم: زۆردار
چۆن پێستیان لە وەختی شکستدا ‌گۆڕی و
دەمامکی تازەیان پۆشی و
گۆرانییە کۆنەکەیان گوتەوە..
خۆشەویستم!
ھەموو زۆردارەکانی دونیای کۆنم بینین
چۆن دەنوون و دەخۆن
چۆن پێدەکەنن و دڵداریێ دەکەن
چۆن دەمرن و دویماھیان پێ دێ
لێ نووکە
زۆردارانی دونیای نوێ دەدۆزمەوە
لە ڕۆژگاری لافاو و شۆڕشی مرۆڤ
ماسکی کارا‌کتەرەکان گۆڕاوە
دونیا کەوتووەتە ژێر چڕنۆکی وانەدادەری بەر سێبەر و
لە ژێر ڕەحمەتی گاڵتەبازان :
فرۆشیاری داروپەردوو
پێش ئەوەی یەکترمان خۆش بوێ
کوشتمانیان خۆشەویستم!
شانۆکەشیان بە خوێن سواخ دا.

٣
دز لە پاریس ھێرشیان بۆ ھێنام
دەفتەرەکانیان لێ سەندم
شەشپاڵوی نوور و قیڕیان لە خوێن سوور کرد و
بە مردوویی جێیان ھێشتم
بەڵام من پێش بەیانیدان ھەستامەوە ‌ خۆشەویستم
گوڵە مێلاقەی کێڵگان و ئێش و ئازاری پیت و
ئاگری ئەم چەرخەم
بۆ نیشتمانی وەک گۆڕ کراوەم ھەڵگرتووە.
 

٤
(ئارکادیا) دوای (نیشاپور)
جادووگەرەکە بە دەرزیلەیەک
بە نەخشەی جیھانییەوە کرد
بە شوورەیەک دەورەی دا،
برین دەکاتەوە و
خوێن بەسەر کتێبەکانی جادوو و
بەسەر جەستەی عاشق و مەعشوقدا دێتە خوارێ..
دەرزیلەی ڕاکێشا و لەگەڵی جووت بوو
فانۆسی کوژاندەوە
کێ لە دەرگا دەدا؟
ئاگرپەرست بە ژێر سێبەری پەلکە دار خورما
گەڕانەوە وڵاتەکەیان
دەگرین و بایش دەگری
(ئارکادیا) پاش (نیشاپور)
شەو چەند بێ مەفەرە و
نوور چەند دەست قوچاو
لەم ماڵ و شەقامە لاڵانەدا
کە خۆشەویستی و ژیان و مەرگی
لەبەر دەروازەکاندا قەدەغەیە..
 

٥
نووسراوی لاگیریم
پێشکێش بە پەیامبەری خوداوەند و
نوێنەری گەل کرد
تا خۆری خوا
بەسەر سبەینێی تارمایی و ترسنشین دا ھەڵبێ
کەچی حەواڵەی زیندان و پۆلیس و
ژووری ئەشکەنجەدان و
دوورخستنەوەو ونبوونی کردم..
سککەی خراپ
لە شارەکانی سەردەمی نوێدا
سککەی نوێی باشی وەلا ناوە
کوێری (ڕۆما)یش نەجیبزادە و
شۆڕشگێڕ و عاشقەکانی دەرکردن
پێڵاوی کون کون و کەلاوەی کەچەڵ و
کەڕەنایان دانان..
 

٦
خۆشەویستی لە کوێوە دێ خۆشەویستم!
کە مەحکووم بین بە عیدام
کە ئێمە لە سێرک و باخچەی ئاژەڵان بین
زمان سۆزانی و مێژوو و وەھم و
نەزۆکی و وێرانە
کە دوو ھەزار ساڵە گەمارۆ دراوین و
ھەوڵ ئەدەین لە بازنەی سفران دەربچین.


٧
شەوانە ئەم ئاگرە لە چیای (قەفقاس) ھەڵدەگرم
بەناو کەڕەنایان دەقیژێنم و
بۆرە شۆڕشگێریش
لە نیشتمانی نوقمی نائومێدی
لە ئۆقیانووسەوە بۆ کەنداو
نووستن و نوێژ
خۆشحاڵترن لەو وڵساتانە و
ئەو سرووشتە بێدەنگە لاڵە
لە نەدارانی شارە نەخۆشەکان و
لە ھەرچی و پەرچییە مردووەکانی گوندان
بەڵام من لەگەڵ توڵعی بەیانیدا
بەسەر شوورەکانەوە لە خاچ دەدرێم.

________________________________________________
* ‌لە (عبدالوھاب البیاتی - الاعمال الشعریە - الجزء الثانی) بڵاوکردنەوەی (المؤسسە العربیە للدراسات والنشر) بێرووت - لوبنان، ١٩٩٥، ل ٢٥٠، کراوە بە کوردی .‌
 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک