په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠٢٠

چەند رۆژێک لە سلێمانی بۆ کوشتنی مولازم موحسین خۆمان حەشاردابوو.

 

شەهاب کەریم


جۆرێک لە دیاردە قێزەون و بێزلێکراوەکانی میللەتانی دونیا لە ڕووی مۆڕاڵی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە. کردەی گرتنەبەر و ڕێگاکاری بەرکەوتن و، کاردانەوەی چەوت و پەرچەکرداری خۆبەدەستەوەدانی ملکەچانەیە، بە نەیارەکانی گەل و دوژمن، بە دڵنیایی بەپاساوی بەرگریکردن لە مانەوە و داکۆکیکردن لە مێژووی ڕاستەقینە. بە خواستی سڕینەوە و شێواندن زەمەنی تێپەڕیو لە هەڵە و دروستکردنی دۆخێکی نوێ بە رووکەش جوانی و شاردنەوەی ئەو ملکەچبوون و خۆبندەستکردنە تێیدا هەڵئەسوڕێن.

بێگومان خۆ بردنە پێشەوە و مل شلکردن و موو نەرمیی ئەو فۆرمە لە دەسەڵاتی بچووک بە ویستی دوژمن و کارکردن بە ئامڕاز و شێوازی نوێ بە خواستی دوژمن، دەستبردنە بۆ سەروەرییەکانی گەل و پێپیانانی گشت قوربانییەکانی خاکی کوردستانە کە جێگەی قبوڵکردنی لە مێژوودا زۆر قورسە، سیاسەتی شەڕی لە پای کۆنە قینی بۆماوە و، تۆڵەکردنەوەی سیاسی کەسەکان، گرێی دەروونیی زۆر گەلێکن، دووبارە بەکارھێنان و دەستبردنە بۆ مێژووی پڕ خوێن و ئێسک شکاندنی میللەتێک لە سەرلەنوێ قوتکردنەوە و ھێنانە کایەی گەمەیەکی بریناویی و دروستکراوی بۆگەن لە کوشتن و بڕین، بۆ بەرژەوەندیی کەسی و سەرکەوتن.

ئەم جۆرە لە خۆ پیاهەڵواسین و خۆبەدەستەوە دان و بندەستییە بۆ ژیان و مانەوە وەک ڕێچکەیەکی ڕێپێدراو لە بەردەوامی خۆجێکردنەوە و دەسەڵات و قەڵەمڕەوی ناوچەیی کە درێژە بە بەردەوامی دەسەڵاتی هێزی چەک و خۆجیی دەدات، بۆ دروستکردنی قاوغی هەمەچەشنەی گەواھیدەر و قەڵغانی کارتۆنی بۆ خواستە کارتۆنیەکانی بەنیازن بیکەنە فۆڕمی بردنەوە لە ململانێی سیاسی و دەسەڵاتدا، بە کەرەستەی ناجۆری دەستتێکەڵکردن و گرێدانی بەرژەوەندی و خۆبەدەستەوەدان، ڕاگیری و ڕازیکردنی دووژمن و دوژمنی نەیارەسیاسیەکانی خۆیان، لە پێناو هەڵکێشانی چەکی کوشندە بەرامبەر بە یەکدی. کە تێیدا گشت پرۆسەی تێکۆشان و سەروەری مێژووی گەل و نیشتیمانێک دەبێتە قوربانی کە ھەزاران رۆڵەی خۆی پێبەخشیوە.

بێگومان پاشەڵ قوڕاوییەکان ھەمیشە لە ھەوڵی دروستکردنی قوڕو چڵپاوێکدان کە تەنها خۆیان دەتوانن تێیدا بژین، ھەرچۆن بەدکارەکان ھەوڵی تۆمەت دروستکردن و بەخشینەوەی تۆمەتن لە پێناو بەدکاریکردنی نەیارەکانیان و، خۆ پیشاندانیان بە پاکیی و پاکردنەوەشیان لە پیسیی و بەدکاریی.

لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنییدا "دارای حاجی برایمی چەرمەگا" کە نامەوێ بچمە سەر مێژووی ژیان و دەست تێکەڵکردنی لەگەڵ بەعسدا، خۆی وتەنی ھاوڕێی مولازم موحسینی خوێنڕێژ و بکوژی چەندین لە تێکۆشەرەکانی گەلەکەمانە.

زۆر بە ڕوونیی و بێ سڵەمینەوە لە ڕاگەیاندنێکی کوردییەوە شانازی بە بوونی ھاوڕێیەتی و دۆستایەتی ئەم خوێن مژە دەکا و دەمانخاتە نێو گومانێکی قوڵ و سەرنج ڕاکێشەوە کە تێیدا پێویستی بە بەدواچوون و وردبینی دروست و بڕیاری ھەڵوێستەیەکی توندە بۆ ھەمووان! لە بابەتێکی ئەوها گشتیدا کە مێژووی کورد و کوردستان تایبەتمەندێتی شارێکیشە وەک قوربانی و خەبات و تێکۆشان.

مولازم موحسین چەندین کەسی لەسەر شەقامەکانی شار کوشتوە، سووکایەتی بە چەندین ماڵە تێکۆشەری شاخ و شار کردوە. چەندین جۆر دەستدرێژی کردۆتە سەر ژن و کچانی شارەکە، ئازاری گەنجان و منداڵانی لە یادەکانی نەورۆز و ئاگرکردنەوەی یادی نەورۆزدا داوە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ھەشتاکاندا بە ھیچ شێوەیەک دەستی لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج نەپاراستووە. بە ھەزارەھا شێوەی ناشایستە و نەگونجاو ئازاری زیندانیانی داوە. پرسیارەکە لێرەوە بۆ چەرمەگا دەستپێدەکا؟ باشە کەسێک بەو جۆرە ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ھاوڵاتی و ھاوشارییەکانتدا کردبێ گریمان بە دۆخێکی نە خوازراو و زەمەنێکی تێپەڕیو لە سەرشۆڕیی، ئێستا چۆن دەتوانی پەیوەندییت لەگەڵیدا ھەبێ و بەردەوامبی لە پەیوەندییکردن لەگەڵی و سڵ لەو هەموو خوێن و قوربانییانە نەکەیتەوە و دڵت بەو دایکە جەرگ سوتاوانە نەسوتێ و شەرم نەتگرێ! بە راستیی ئەم وتنانە پەلکێشی ھەندێک شتی کۆنکرێتیمان دەکا.

گەر سەرنج بدەین نەک دەستی بگرە شتی تریشی کەوتۆتە نێوان و چنگیان لەیەک نابێتەوە.


دیارە نایەوێ باس لەو بابەتە بکا و دەیباتەوە بۆ ھێزی ناوچەگەریی، بە جۆرێک خۆی دەردەخات کە لە بوێرییەوە بووبێت و، بێمنەت لووت لە بابەتەکە دەژەنێ. دەنا دڕندەیەک چۆن چۆنی دەبێتە ھاوڕێی گیانی بەگیانی و ئەوەندە ساڵە لێی بێدەنگ بووە، بۆ ئەم کاتە بە سپۆنسەری ھێزێکی دوورەدەست لە کورد بای باڵی خۆت دەدەی ئاگر بەردەدەیتە دڵی هەزاران ماڵە شەهید و قوربانی! بە ئاشکراش پێماندەڵێ دەتوانم دەنگێکی زۆر لە ناوچە بەعس نشینەکانی عێراقدا مسۆگەر بکەم.

لە کاتێکدا ئەوەی تۆی خستۆتە باوەشی ئەم ھەوڵە «سەر"بە" خۆییە». وەک شەڕێکی سیاسی، بوونی خۆت و دۆخەکەی بۆ سەربەخۆبوونی کورد ھان دەدا، کە لێرەدا دەبێتەوە بە پرسیارێکی گەورەتر لە بوونی بەدگومانی و بێ ئومێدی خەڵک و ئامانجەکەی لە گرتنە دەستی دەسەڵاتدا.

بۆیە باشترە ئەم ھاوکێشە دوو فاقی دووژمندۆستی و کوردبوونە لە مۆڕاڵی سیاسی حیزبێکی وەک بەعس پەروەدەدا بۆ کورد مەخوڵقێنەو، شەرمێک لەو قوربانیانە بکەرەوە کە بەدەستی بەعسی فاشی ئەنفالکران تەنها بە هۆکاری کوردبوون، رەش و سپیان بە تێکەڵیی زیندەبەچاڵکرد، ئەو بەعسیە چەک بەدەستانەبوون کە دەبووایە سەر شۆڕکەی بۆیان و لە سایەو سێبەریاندا وەک سەرشۆڕێک بژی. نامەوێ خۆفرۆشییت پێ ئاشناکەم دەزانم خۆت زۆر بەلیتەیی تێیدا ژیاوی.

میللەتی کورد لە مێژووی سیاسی ناوچەکەدا خاوەنی قوربانییەکی زۆری بێ وێنەی نەگوتراوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و بەردەوام لە سەنگەری بەخشیندا بەرامبەر جوانییەکانی مرۆڤبوونیش هەتا ئێستاش دەجەنگێ و قوربانی دەدا.

قوربانییەکانی خەبات و تێکۆشانی جەنگ و ململانێیەکانی کورد لەسەر " دین، کلتور، جوگرافیا، نەتەوە، گرێ و کێشەی پێکهاتەی سیاسی و دابەشکردنی ناوچەیی ". بەردەوامی ململانێکانی بوون مانەوەی خەڵک و خاکی کوردستانە بۆ بوون ژیانی بەردەوامی گەلەکەی کە ئێستا بۆتە بەهێزترین چەکی بەرەنگاریی و بەردەوامیی مانەوە وەک گەلێکی سەربەرز و پڕ شکۆ و سەربەرز بەرامبەر قوربانییەکان و سەفرازیی خاکی کوردستان.

بۆ ئەو بێ ئابڕووییەش پێم باشە چیڕۆکێکی مێژووی بخەمە بەر چاوی خوێنەران کە ئەمە یەکێکە لەو ھەزاران چیڕۆکە بوونە بەرھەمی ئەوەی ئێستا چەتەکانمان بە بێ سڵەمینەوە، بە پیشتوانیی و هێزی چەتە گەورەکان قسە بکەن و شەرم نەکەن کە چکارە بوون!

ساڵی ١٩٨٣ کاتێک لە قەسابخانە و زیندانی ئەبوغرێب بە لێبووردنی گشتی ئازاد کرام و جارێکی تر پەیوەندییم کرد بە شۆڕشەوە، ئەو چیڕۆکی هەڵواسین و بوتڵ پێهەڵگرتن و هەموو ئەو ئازار و ئەشکەنجانەم بۆ هاوسەنگەرانم دەگێڕایەوە و باسی قارەمانێتیی و خۆڕاگریی ئەو تێکۆشەرانەم دەکرد، کە لەلایەن مولازم موحسینەوە دەستگیر کرابوون و هەڵدەواسران و ئەشکەنجە دەدران.

باسی تاوانەکانی (مولازم موحسین)مان دەکرد کە بەچی شێوەیەک ئاسۆی دەلاک و چەندینی هاوشێوەی ئاسۆی دەلاکی شەهید کردبوو، ئەو سەردەمەش مولازم موحسین بەرۆکی خەڵکی شاری دەگرت و هەر وەک هەتکردن، ریشی گەنجەکانی بە بەرچاوی خۆشەویست و خانەوادە و هاوڕێیانیانی دەسوتاند، بڕیارێک لە لایەن شۆرشەوە دەرکراو ئەو تاوانبارە بە سزای گەل شۆڕش بگەیەنین، بۆ ئەو مەبەستەش فەرماندەی کەرتەکەمان ''عومەر حەسەن (عومەر عەرەب) جێگری فەرماندەی کەرتەکەمان سەڵاح حاجی عەلی (سەڵاح چاو زەق) ئەردەڵانی ئیسماعیل عارف، منیش (شەهاب کەریم)'' بە چوار جۆری چەکی کڵاشیکۆف، لە گەڕەکی مامۆستایان لە شاری سلێمانی لەماڵی بەرپرسی شانەکانی سەر بە ڕێکخستن، مامۆستا (ع...) خۆمان حەشاردا و بۆ ڕۆژی دواتر، مامۆستا (ع..) چووە ناوشار و شەقامەکان گەڕاو لەبەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی مولازم موحسین بۆسەی دانابوو، غەدری لە هاوڵاتیان دەکرد، دوای گەڕانەوەی بەرپرسی شانەکانی ڕێکخستنی نهێنییەکانی شار، ئاگاداریکردین مولازم موحسین لە بەر مزگەوتی گەورەدا بۆسەی داناوە و بە ئۆتۆمبیلی ئامادەکراو هەر چوارمان بۆ گیانکێشانی مولازم موحسین زۆر بە پەلە خۆمان گەیاندە ئەوێ بەڵام بە گەیشتنمان لەوێ نەمابوو، ناچار بڕیارمان دا چالاکییەک بە ئەنجام بگەیەنین و رێژێم دڵنیا بکەینەوە لەوەی دەتوانین لە ناو جەرگەی شاردا دەست لە هێزەکانیان بوەشێنین و دڵنیایان بکەینەوە کە ناتوانن بە ویستی خۆیان ئازاری خەڵکی بدەن، لە کاتی گەڕانەوەماندا لەسەر جادەی مزگەوتی گەورە کانێسکان ئەفسەر و سەربازێکی رژێممان بینی و بێ دوودڵیی بە سزای گەل و شۆڕشمان گەیاندن، بە داخەوە چەند ڕۆژێک لە سلێمانی بۆ کوشتنی مولازم موحسین خۆمان حەشار دا، بەڵام شانسێکی گەورەی هەبوو تووشمان نەدەبوو بە تووشییەوە، ئەو تاوانبارە بە سزای شۆڕش بگەیەنین و لە کۆڵ خەڵکی شاری بکەینەوە، ئێستەش دوای ئەو هەموو تاوانانەی لە لایەن مولازم موحسینەوە دەرهەق بە لاوان و گەورە و بچووکی شارەکەمان دەکرا، بە شانازییەوە باس لە پیرۆزی و هاوڕێیەتی و پەیوەندیی دۆستایەتی نێوان دارای حاجی برایمی چەرمەگا و مولازم موحسین دەکرێ، بە بێ ئەوەی هیچ حیزبێک داوای لێبکا شوێنی ئەو تاوانبارە لە لایەن دارای حاجی برایمەوە دەستنیشان بکرێ و چەتە دۆستیشمان لێ ببڕێ و کۆتایی بەم جۆرە پیاهەڵدان و بێمنەتییەش بهێندرێ.
 


wusha.2000@yahoo.de

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک