٤\٣\٢٠١٢
چه‌ند
روونکردنه‌وه‌یه‌ک دەربارەی وه‌ڵامه‌که‌ی کاک جیهاد حەمەکەریم.

زاهیر باهیر
له ڕێکەوتی (١٦\١\٢٠١٢)دا بابه‌تێکم له‌ژێر ناوی بۆچی دروستکردنی
گروپه لۆکاڵییه‌کان زه‌روریه، بڵاوکرده‌وه. هه‌ر به بە یەک دوو
ڕۆژێک دوای ئەوە کاک (جیهاد حه‌مه که‌ریم) لە نامه‌یه‌کدا بۆمن،
ڕاوبۆچونی خۆی له‌سه‌ر بابه‌ته‌کەم ده‌ربڕی، پاشانیش بۆ بڵاوکردنەوە
ناردی بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی و هه‌ندێک له‌ماڵپه‌ڕه کوردییه‌کان. بۆ
خوێندنه‌وه‌ی سه‌رنجه‌کانی کاک جیهاد، تکایه کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکه
بکه:
http://www.emrrow.com/cendsernceklep.htm
پێشه‌کی من سوپاسی کاک جیهاد ده‌کەم، که لە
وەڵامدانەوەمدا خۆی ماندوو کرده‌وه به‌وه‌ی بایەخێکی زۆری بە
بابەتەکەم داوه و داواش له که‌سانی تر ده‌کات که مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌و
مه‌سه‌له‌یه بکه‌ن.
هه‌ڵبه‌ته لای من ئه‌وه‌نده‌ی به‌شداریکردنی خه‌ڵکی گرنگه له کردنی
دایه‌لۆگدا، ئه‌وه‌نده باری سه‌رنجه‌کانیان که کێ ڕاسته‌و کێ هه‌ڵه‌یه
گرنگ نییه، چونکه من ڕام وایە کە ڕه‌نگه ڕاستییه‌کان له‌لای که‌سمان
نه‌بن هه‌تا پلانه‌که ده‌خرێته فۆڕمی کارکردنه‌وه ئه‌و کاته خودی
کارکردنه‌که به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک ده‌بێت بۆ دروستی و نادروستی کارەکە، هه‌ر
بۆیه من لێره‌دا ڕه‌خنه له وه‌ڵامه‌که‌ی کاک جیهاد ناگرم، به‌ڵکو له
ڕوانگه‌ی بۆچونه‌که‌ی کاک جیهاده‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م تاکو چه‌ند
ڕونکردنه‌وەیەک بده‌م به‌و مه‌به‌سته‌ی گه‌ر که‌لێنێک له نووسینه‌که‌مدا
هەبووبێت یا ته‌موومژێکی له‌سه‌ر بووبێت نه‌یهێڵم و لایبه‌رم.
١- من باسم له دروستکردنی گروپی لۆکا‌ڵی کردوه، که به‌ڕای من ئه‌و
گروپه لۆکاڵیانه‌ی که من وێنام کردوون تەنانەت له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا
و ئه‌مه‌ریکای لاتینی و شوێنه‌کانی تریشدا به ده‌گمه‌ن هه‌ن - دیارە
ئه‌مه‌ش ئەوە ناگه‌یێنێت که ئه‌مه بیرۆکه و ئایدیای منه- به‌ڵام له
کوردستاندا نه پێشتریش و نه ئێستاش بوونیان نه‌بووە و نییە. ئه‌وه‌ی
که من ده‌یڵێم نه‌ک هه‌ر گروپ و ڕێکخراوە مه‌ده‌نییه‌کان نین که
ئێستا له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا به کوردستانیشه‌وه، ده‌ستبه‌کارن،
به‌ڵکو گروپه فشاریه‌کانیش نین که له به‌ریتانیا و سه‌رجه‌می وڵاته
ئه‌وروپییه‌کان و ئه‌مه‌ریکاو گەلێک شوێنی تریشدا ده‌ورێکی گه‌لێک
گرنگیان هه‌یه.
ئه‌وه‌ی که له نووسینه‌که‌ی کاک جیهادا هاتووه لای من زیاتر دوو
لایه‌ن دەگرێتەوە. یه‌که‌م: گروپ و ڕێکخراوه جه‌ماوه‌ریه‌کانن، که هه‌مه
ڕه‌نگه‌ن و پارتێک یا ڕێکخراوێکی سیاسی‌یان له پشته‌وه‌یه. دووهه‌میان
گروپه مه‌ده‌نییه‌کانن که ئه‌مانه‌ش پشتوپه‌نای خۆیانیان هه‌یه. من
له‌و دیمانه‌یه‌ی که ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی له هاوینی ساڵی پاردا له‌گه‌ڵیا
کردم، بار و سه‌رنجی خۆمم سه‌باره‌ت بەو گروپه مه‌ده‌نیانە ڕونکردۆته‌وه،
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مە لێره‌دا خۆم له دووباره‌کردنه‌وه‌ی ده‌پارێزم.
بەڵام بەپێویستی دەزانم کە هه‌ر زۆر به‌کورتی به‌راوردێک له نێوانی ئه‌و
جۆره گروپانه‌ی که من لە نوسینەکەمدا باسم کردوون له‌گه‌ڵ گروپه
فشارییه‌کاندا بکه‌م، چونکە وەکو پێشتر وتم گروپه فشارییه‌کان له ئه‌وروپاو
هەندێک شوێنی تردا زۆر کاران و گه‌ڵیک جاریش ئامانجه‌کانیان به‌ده‌ستده‌هێنن.
گروپە فشارییه‌کان وه‌ختین، بۆ گیرۆگرفتێک، داخوازییه‌کی کۆمۆنێتیه‌که
دروستدەکرێن، زۆربه‌ی وه‌خت هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵ
گروپه‌کانی تر چ له ناو خه‌ڵکانی گه‌ڕه‌که‌که‌دا، خودی شاره‌وانییه‌که‌دا،
چ له‌گه‌ڵ گروپه‌کانی ناو گه‌ڕه‌ک و شاره‌وانییه‌کانی تردا، نییە. ئه‌م
گروپانه ڕیفۆرمیست و ڕیفۆرمخوازن. ئه‌مان پانتایی بۆچوون و چالاکییه‌کانیان
ته‌سکه و بەر‌بڵاو نییه، هەر لەبەر ئەمەش بزنس و بزنسمانه‌کان، ده‌سه‌ڵاتداران،
به مه‌ترسیداریان نازانن له‌سه‌ر خۆیان و وروژاندنی کۆمۆنێتییه‌کەش،
کە لە کاتێکدا بزنس و دەسەڵاتداران هیچ وه‌ختێک و له هیچ شوێنێکی ئه‌م
جیهانه‌دا له‌گه‌ڵ سێ پرسی گرنگدا نایه‌نه‌وه: مافی مرۆڤ، پاراستنی
ژینگه و ته‌ندروستی کرێکاران و کارمەندان و کۆمۆنێتییەکەش، وە
دەسەڵاتیش هەمیشە پشتگیری لە بزنس کردووه‌و له‌م سه‌رده‌مه‌دا پشتگیری
زیاتریشی لێدەکات. بازاڕی ئازاد و ئازادی بزنس، کاریگەرییان لەسەر
ملیاردێک زیاتر لە خەڵکی داناوە و ژینگەشیان وێرانکردوە. گەر
بەتایبەتیش تەماشای دەوریان بکەین، ئەوە بۆ نموونە بڕواننە دەوری
کۆمپانیای شێڵ لە نەیجیریا، کۆکەکۆلا لە هیند، بریتش پیترۆڵ لە
ئەمەریکا و مەکسیکۆ، نەوتوقیر لە ئەلبێرتای کەنەدا،ڕۆڵی سوپەرمارکێتە
گەورەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا لەو شوێنانەی کە بوونیان هەیە بەتایبەت
ئەمەریکای لاتین. ئەمە جگە لەوەی هەر لە بریتانیادا دەسەڵات هەتا
بتوانێت ناهێڵێت مانگرتن و خۆپیشاندان و چالاکی ڕاستەوخۆ بکرێت.
ساڵانەش هەزارەها کرێکار و کارمەند سکاڵای یاسایی لەسەر خاوەن
کارەکانیان تۆمار دەکەن لە زیانپێگەیشتنی تەندروستییاندا. لێرەدا دەبێت
ئەوەش بڵێم که ده‌سه‌ڵات و دەوڵەت و بزنس زیاتر له سه‌رده‌مه‌کانی
پێشتر تێکەڵاون بەیەکدی بوونەتە بەشێک لەیەکتری و بەرژەوندییەکانیان
لەیەکتری جیاناکرێتەوە. تەنانەت لە کوردستانیشدا کە زوربەی کاربەدەستان
و بەرپرسەکان یا هەر خۆیان بزنسمانن یا نیوە بزنسمان و نیوە سییاسیین.
لە مەسەلەی پشتگیریکردنیشیان لە بزنس، تەنها ئەوە بەیاد دەهێنمەوە : لە
کاتی مانگرتنەکەی کرێکارانی کارگەکەی چیمەنتۆ لە تاسڵوجە، دەسسەڵات چۆن
چوو بەهانای فاروقی مەلاموستەفاوە و دەستی چوو بە خوێنی کرێکارەکاندا.
وەکو وتم گروپە فشارییەکان بەو دەورەی دەیگێڕن مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات
و بزنس، دروستناکەن، به‌ڵکو ده‌یانه‌وێت بزنس و ده‌سه‌ڵات به‌ئاگابێننه‌وه
که ئه‌وان خه‌ریکن هێڵی سوور دەبەزێنن. ئه‌مان باوه‌ڕیان به هاوپشتی
و کاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ گروپه‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی خۆیان و ده‌ره‌وی
وڵاتیش نییە هه‌ر بۆیه ئه‌مان بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری یا خه‌ڵکی
دروستناکه‌ن و نه نیەتی ئه‌وه‌شیان هه‌یه و نه هانی خه‌ڵکیش بۆ
ئەوە ده‌ده‌ن.
هه‌رچیش ئه‌و گروپه لۆکاڵیانه‌ن که من باسم کردوون، ڕاسته گروپی
فشارین به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها خاڵی ده‌ستپێکردنی چالاکییه‌کانیانە بۆیه
نه کاتیین و نه ئامانجه‌کانیشیان له‌ته‌واوبووندایه و نه
ڕیفۆرمخوازیشن به‌و مانایه‌ی که خۆیان لەگەڵ دەسەڵات و بزنسدا
بسازێنن یا بگونجێنن، بۆیه هه‌وڵی کۆتایی ئه‌وان بۆ کۆتاییهێنانه به‌و
ئیدارانه و ده‌سه‌ڵاتانه له‌پاڵ ده‌سه‌ڵاته‌کانی تردا. له بابه‌ته‌کەمدا
من له‌سه‌ر ئه‌مه به‌درێژی دوواوم، لەبەر ئەوە پێویستی بە ڕونکردنەوەی
زیاتر نییە، تەنها ئەوەندە دەڵێم کە گروپە لۆکاڵییەکان لە کوردستاندا
نە لە دێرزەمانەوە هەن و نە خۆشیان سەپاندووە و نە هەمیشەییشن، هەر
لەبەر ئەمەش ئەو تایتڵەی کە هەڵم بژاردوە بۆ باباتەکەم، لای خۆم، پڕ بە
پێستی بابەتەکەیە.
من لێره‌دا خۆم له باسی گروپ و ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه‌کان که هێزی
حیزبی و حیزبی ده‌سه‌ڵاتیان له پشته‌وه‌یە، لادەدەم چونکه هه‌موومان
ئه‌و کاره‌ساته ده‌بینین که چ فێل و چاوبه‌ستکردنێک له خه‌ڵکی له‌ژێر
ئه‌و ناوه‌دا دەکرێت.
پێش ئه‌وەشی بچمه سه‌ر خاڵی دووهه‌م ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم پێموایه
جفات و کۆمۆنیتی و که‌مه‌نه‌ته‌وایه‌ت و هۆز و تیره و تایه‌فه و
رەگەز، جیاوازن له گروپی لۆکا‌ڵی. من تێنه‌گه‌یشتم که چۆن کاک جیهاد
ئه‌و دووانه‌ی به‌یه‌ک چواندووه و کردوونی به‌یه‌ک.
٢- من ئاوا تێدەگه‌م که چاوچنۆکی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ یا هۆز و تیره و
لایه‌نه‌کانی، له‌وکاته‌وه دروستبووه که کۆمه‌ڵگه له قۆناغی کۆمه‌ڵگه‌ی
مه‌شاعه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وە گوێزرایه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگەی چینایه‌تی، واته
له کۆمه‌ڵگەیه‌که‌وه که موڵکیه‌تی تایبه‌تی تیادا نه‌بووه و هه‌موو
شتێک، هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه سروشتیه‌کان موڵکی که‌س نه‌بوون بۆیه
تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌موویان به‌پێی پێویستی
خۆیان به‌کاریان هێناوه. به‌ڵام هه‌ر به پێنانه قۆناغی کۆمه‌ڵگەی
چینایه‌تییه‌وه، که موڵکیه‌تی تایبه‌تی تێیدا وجودی پەیاکردووە و
سەقامگیر بووە، ئیتر نه‌ک هه‌ر ژیانی خه‌ڵکی گۆڕی سه‌باره‌ت به بەده‌ستهێنان
وبەکارهێنانی پێویستییه‌کانی ڕۆژانه‌یان، به‌ڵکو ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌رهه‌مهێنانە
نوێیەی که دروستیشی کرد کاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوانی
تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ش دانا‌و دیاری کرد، ئیتر له‌مه‌وه ژیانی خه‌ڵک و
ڕێڕه‌وی ئەو ژیانە به‌ته‌واوی گۆڕرا، واته تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که
چین نه‌بوو، موڵکییه‌ت و بەر‌هه‌مهێنانی تایبه‌تی نه‌بوو، نه‌هجی ژیانی
خه‌ڵک له سه‌ر پێداویستییه‌کانی ڕۆژانەی دیاری ده‌کرا و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شی
ده‌ویست، به‌ڵام له کۆمه‌ڵگەی چینایه‌تیدا، له قۆناغی موڵکیه‌ت و به‌رهه‌مهێنانی
تایبه‌تیدا، خه‌ڵکانێک، توێژاڵێک، چینێک دروستبوون له‌سه‌ر پێداویستییه‌کان
یا ئه‌وه‌ی که پێویستیان بوو بۆ ژیانیان، نه‌وه‌ستان، به‌ڵکو ئه‌م
سونه‌تی ژیانه له پێداویستییه‌وه یا پێوویستییه‌وه گۆڕرا بۆ ده‌مه‌وێت،
یا ده‌بێت هه‌م بێت. واته وه‌ک بە ئینگلیزی دەڵێن له Need وه گۆڕرا
بۆ Want، که جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ش له نێوانی ئه‌م دوو وشه‌یه‌دا
هەیە. که کۆمه‌ڵگەی به‌شه‌ری گه‌یشته قۆناغی سه‌رمایه‌داری و چڕ
بوونه‌وه و پۆلینه‌بوونی چینه‌کان، ئەم کێشەیە زیاتر و باشتر ده‌بینرێت،
مرۆڤ تێیدا ده‌بێته ئامێرێکی کارکردن و هه‌میشه‌ش له دڵه‌ڕاوکێی له
ده‌ستدانی کاره‌که‌یی و خێزانەکەیی و سەرپەناکەشیدا ( جێگا‌و مه‌سکه‌نه‌که‌ی)
ده‌بێت، فشاری سەختی کاروباری ژیان و زیادکردنی داخوازییه‌کانی، ژیانی
هەرە زۆرینەکەی مرۆڤی کردۆتە دۆزەخ. بەتێپەڕبوونی ڕۆژگاریش ئەم
بارودۆخەش سه‌ختتر دەبێت بۆیە مرۆڤ زیاتر خۆپه‌رست ده‌کات، بێته‌حه‌مولی
دەکات، به‌رهه‌ڵستی به‌رامبه‌ر ژیان و کێشه‌کانی که‌متر ده‌کاتەوە،
توشی نائومێدی و بێهوده‌یی و سه‌رسامی ده‌کات، بەژیانی خۆی، به ژیانی
کۆمه‌ڵگه‌که‌ی نامۆی ده‌کات، به‌ڕاده‌یه‌ک هه‌ندێک جار ژماره‌یه‌ک له
تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگە به‌رەو کردنی کارێکی نا‌شیاو ده‌بات وه‌کو له ده‌ستدانی
ژیانی خۆی یا کوشتنی سه‌رجه‌می ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی یا خەڵکی تر.
من ڕام وایه سیسته‌مه‌که، کۆمه‌ڵگەکه خه‌ڵکی دروست ده‌کات، مارکس
وته‌نی مرۆڤه‌کان ڕۆڵه‌ی یا بوونه‌وه‌ری سه‌رده‌می خۆیانن. هه‌ر ئه‌م
سیسته‌مه کاراکته‌ر و که‌سایه‌تی و لێوه‌شاوه‌یی و به‌توانایی و
لاوازی و به‌هێزی تاکەکان دروستدەکات. له زۆربه‌ی زۆریشماندا هه‌ر ئه‌م
سیسته‌مە و کۆمه‌ڵگه‌کەی فه‌شه‌لبوونی تاکه‌کانی یا سه‌رکه‌وتنیان له
ژیانیاندا بۆ دیاری ده‌کات. تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه له ڕێگه‌ی ئه‌و
هه‌له‌وه که کۆمەڵگە و سیسته‌مه‌که بۆیان ده‌ڕه‌خسێنێت، پێدەگەن، یا
خێزانه‌کانیان، که به‌شێکن له سیسته‌مه‌که ده‌یانداتێ، ئیدی هه‌ر له
سه‌ره‌تای ژیانی فه‌رده‌که‌وه ده‌توانیت دواڕۆژه‌که‌ی بخوێنیته‌وه
مەگەر ( قەزاو قەدەر) بە ئاقارێکی تردا بیبات، بۆیه زۆر ڕاسته گه‌ر
هه‌ندێک جار بڵێین که تۆ سیسته‌مه‌که یا کۆمەڵگەکە هەڵنابژێریت به‌ڵکو
ئەو تۆ هه‌ڵده‌بژێرێت. بۆ نموونە له زۆربەی بوارەکانی ژیاندا وه‌کو:
بێ‌ئیشی، ته‌ندروستی خراپ، منداڵی خراپ، لانه‌وازەیی و بێجێگەوڕێگەیی،
بەشداری و ئاڵان لە جەنگەوە، تۆ هه‌ڵیان نابژێریت به‌ڵکو سیستەمەکە
بۆت هه‌ڵده‌بژێرێت.
بێگومان هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نن که ئیتر تاک له کۆمه‌ڵدا،
گروپ، ڕیکخراوبوونی خه‌ڵکی ڕۆڵی نییه له گۆڕینی کۆمه‌ڵگه و سیسته‌مه‌که‌دا.
دیاره ئه‌مه‌ش بۆخۆی بابه‌تێکی تره‌و هه‌ر له‌وێدا ده‌توانرێت وه‌ڵامی
ئه‌و پرسیارانه بدرێته‌وه که بۆ هه‌ندێک خه‌ڵک له‌گه‌ڵ هه‌موو خراپی
و زوڵم و زۆر و ناڕێکی و نادادپه‌روه‌رێتی سیسته‌مه‌کەدا ده‌ڕۆن؟ بۆچیش
هه‌ندێک به‌ره‌نگاری ده‌بنه‌وه؟ وه بۆچی کۆمه‌ڵێکیش به‌بێبایەخ کێشه‌کان
وەرده‌گرن و خۆیان ناکه‌ن به‌خاوه‌نی؟ هه‌روه‌ها بۆچی کۆمه‌ڵێکی
تریشمان هه‌لی دەربازبوونی لەم سیستەمە نییە و چی تر خۆی لە
بەرامبەریدا بۆ ناگیرێ و سەرئەنجام تێک‌وپێک دەشکێت و ناچاری له ده‌ستدانی
ژیانی خۆیشی و خێزانیشی دەکات ؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە کاری ئه‌م بابه‌ته نییه به‌ڵام تەنها ئه‌وه‌نده
ده‌ڵێم هۆکاری بناغه‌یی بۆ به‌شدارینه‌کردنی خەڵکی له چالاکییه‌کاندا،
لە دژایه‌تینەکردنی زوڵم و زۆر و نادادپه‌روه‌رێتی کۆمه‌ڵایتیدا،
هەرگیز مه‌سه‌له‌ی خۆپه‌رستی و هەستنەکردن بە بەرژەوەندییەکانی و که‌م
بایەخدان به ژیان نییه.
3- منیش وه‌کو گه‌لێکی ترمان ده‌زانم که سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له
سیسته‌مه‌کانی پێشتری خۆی پیشکه‌وتوو تره، مرۆڤیش له هه‌ندێک ڕوه‌وه
تێیدا ئازادتره،( به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین که کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ
و فشارخستنه‌سه‌ری له‌م سیسته‌مه‌دا به‌هۆی ته‌کنه‌لۆجیای نوێوه زۆر
به ئاسانی ده‌کرێت، بۆ نموونه گه‌ر ئه‌مه‌ریکا که‌سێکی بوێت له هه‌ر
شوێنێکی ئه‌م وڵاتانه‌دا، ده‌توانێت بیهێنێته‌وه ژێر ڕکێفی خۆی، که
30 ساڵ له‌مه‌و پێش ئه‌مه مه‌حاڵ بوو) ، ژیانی زۆربه‌شیان له چاو
ژیانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و کۆیله‌یه‌تی، له ڕوی خۆراک و
پۆشینه‌وه، گه‌لێک باشتره. ئه‌م ئازادیبوونه‌ی مرۆڤ، ئەم باشێتی
ژیانه‌شیان له‌هه‌موو ڕویه‌که‌وه، عه‌تایه‌ک یا خه‌ڵاتێک نه‌بووه که
سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به‌خه‌ڵکی بەخشیبێت. سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌پێناوی
مانه‌وە و گه‌شه‌پێدان به‌خۆیی و زیادکردنی بڕی سوود و قازانج ناچار
بووه که ده‌ستبه‌رداری ئه‌و کۆتانه‌ی که لە سیستەمەکانی پێش خۆیدا
ئاڵابووونه گه‌ردنی کرێکاران و ڕه‌رنجه‌داران و خه‌ڵکانی تره‌وه، ببێت،
بە داماڵینیان یا بە شلکردنیان. لەم سیستەمەدا ده‌بێت خه‌ڵک له‌ماڵ
بێته ده‌ره‌وه بۆسه‌ر کارگه و به کۆمه‌ڵ و گروپ ده‌ست به‌کاربن، ده‌بێت
ئه‌وه‌نده‌شیان کرێ بدرێتێ تاکو هه‌م هێزی ئه‌وه‌شیان تیابێت که بێنه‌وه
بۆ ئیش و هه‌م توانای ئەوەشیان هەبێت لە کڕینی ئه‌و کاڵایانه‌ی که له‌لایه‌ن
خۆیان و هاوکارەکانیانەوە ده‌خرێنە بازاڕه‌وه، بکڕرێت، بۆیه سیسته‌می
سه‌رمایه‌داری بۆ بەردەوامبوونی ژیانی، پێویستی به به‌ندومه‌رجێکی
نوێی کارکردن، شوێنێکی نوێ، ژینگه‌یه‌کی نوێ، ئیداره‌یه‌کی نوێ هەتا
هەبوونی نیقابەی کرێکاران، نقابه‌یه‌کی گۆشت خۆر به‌ڵام نه‌ک ئێسقان
شکێن، هه‌بووە و هەیە.
هه‌ر نمونه‌یه‌کی بچوکی ئاسایی ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر ئیمه‌یل و فه‌یسبوک و
تیوێته بتوانرایه یاساخ بکرایه به دڵنیاییه‌وه سه‌رمایه‌داری ده‌یکرد
چونکه ئه‌م سێ ڕێگەیه‌ی کۆمینیکه‌یشن بوونه‌ته چه‌کێکی گرنگ و
کاریگەر له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه که له خودی سیسته‌مه‌که خۆی، پێده‌درێته‌وه،
به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی که بونه‌ته به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانی خه‌ڵک و
کارئاسانی بۆ ئەمانیش و بۆ سیستەمەکەش دەکات چ لە ڕێکخستنی ژیانی تایبه‌تی
خەڵکی خۆیاند، لە خوێندنیاندا، ئیش و کاریاندا، له ڕاپه‌ڕینی
ئیشوکاری ڕۆژانه‌ی خۆیاندا وه‌کو مامه‌ڵه کردن له گه‌ڵ بانقه‌کاندا،
دوکانه‌کاندا، ئۆفیسه‌کاندا، زانکۆ و قوتابخانه‌کاندا، خەستەخانەکاندا،
له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌کانی هاتوچۆکردن و گه‌شتوگوزارکردندا، گه‌لێکی تریش،
کە بۆ خودی سیستەمەکەش بە سوودبەخش دەگەڕێتەوەو کارئاسانی بۆ ده‌کات،
دەبێت ئەو سێ ڕێگەیەی کۆمینەکەیشن بەردەوام بن تاکو ئەو کاتەی کە
مەترسی تەواو لەسەر دەسەڵات و بزنس پەیدا دەکەن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو
ئه‌مانه‌شدا ژیان له سای سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا ژیانێکی گه‌لێک گه‌لێک
قورسه، سیسته‌مێکی به‌ڕبه‌ڕیانەیە و ئێسک و پروسسکی مرۆڤ دەشکێنێت و
شیرازەی کۆمەڵگە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەبچڕێنێت. ئه‌م سیسته‌مه‌یه
که جه‌نگی دروستکردوه، نادادپه‌روه‌ری و هه‌ژاری و نەبوونی و نامۆیی
و خۆکوشتن و ڕه‌وکردن و ژینگە وێرانکردنی، گه‌لێک زیاتر کرده‌وه، نه‌ک
به‌پێچه‌وانەکەیەوە. هه‌ر ئه‌م سیسته‌مه‌یه که له ڕێگەی ده‌سگه‌کانی
وه‌کو ڕاگه‌یاندن و پارت و رێکخراوه‌کان و پێگە‌یاندن و په‌روه‌رده‌کردن
و دەسگە چاراتییەکان( ده‌سگه یا کۆمه‌ڵه خێرخواییه‌کان) و هه‌تا دین
و مه‌زهه‌بیشه‌وه، کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر سه‌رجه‌می تاکه‌کانی ناو
کۆمه‌ڵگه داناوه که ئه‌مانه‌ش له خۆیاندا ئاستی ڕوناکبیری و هۆشمه‌ندی
و هه‌تا په‌یوه‌ندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ و چالاکییەکانیشیان دیاری
دەکات.
منیش وه‌ک کاک جیهاد کێشه‌م له‌گه‌ڵ مرۆڤدا هه‌یه، به‌ڵام من له
خلالی سیسته‌مه‌که‌وه، کۆمه‌ڵگه‌که‌وه ئه‌م کێشه‌یه‌م هه‌یه، واته
ڕه‌گوڕیشه‌ی مرۆڤه‌کانی، تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌گێڕمه‌وه بۆ سیسته‌مه‌که
بۆ کۆمه‌ڵگه‌که، ئه‌وه سیسته‌مه‌که‌یه، کۆمه‌ڵگه‌که‌یه که مرۆڤه‌کانی
دروستکردوه، هه‌ر ئه‌ویشه وای لێکردوه، وەکو پێشتر باسم کرد، که هه‌موو
بەهایەکی مرۆڤانه‌ی لایان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه، نامۆی کردون به‌خۆشیان و
به‌هه‌موو شتێکی ده‌وروبه‌ریشیان، خۆپه‌رست و دڕنده‌ی کردوون.
ئێمه هه‌مانه و نیمانه هه‌ر ئه‌م مرۆڤانه‌مان هه‌یه، خۆ له
گه‌ردونێکی تره‌وه مرۆڤ ناهێنین، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بێت کار له‌سه‌ر ئه‌م
مرۆڤانه بکه‌ین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خۆ گه‌ر ئێمه کێشه‌مان له‌گه‌ڵ
مرۆڤەکاندا نه‌بێت بۆچی ده‌مانه‌وێت کۆمه‌ڵگه بگۆڕین؟ خۆ ئەگه‌ر ئێمه
کێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئاسماندا هه‌بووایه ئه‌وه ده‌بووایه له
ئاسمانه‌وه ده‌ستمان پێبکردایه، هه‌ربۆیه‌ش گۆڕینی مرۆڤه‌کان ده‌بێت
له‌گۆڕینی کۆمه‌ڵگه و سیسته‌مه‌که‌وه ده‌ستپێبکات. له‌ناو خێزانه‌وه
له قوتابخانه‌وه ده‌ستپێبکات، گەرچی ئه‌م گۆڕانکارییه لەناو خێزاندا
یاقوتابخانه‌دا تاڕادەیەک کارێکی ئاسان نییه و نابێت چونکه بە ئاشکرا
دەبینین ئه‌م دوو یه‌که کۆمه‌ڵایه‌تییه ملکه‌چی یاسا و ڕێسکانی
ئابووری سه‌رده‌من، ملکه‌چی پێوه‌ندی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی
هەنوکەن، ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو یه‌که‌یه‌ش که بۆ سیسته‌مه‌که زۆر زه‌رورن
گەر له هاوشانی سیسته‌مه‌که‌وه نه‌ڕۆن ئه‌وه یا سه‌رئه‌نجام
تێده‌شکێن یا ئه‌وه‌تا شتێکی نه‌شاز ده‌رده‌چن.
من به‌شبه‌حاڵی خۆم گله‌یی له خه‌ڵکی ناکه‌م که ئەگه‌ر وه‌لا به‌رن
بۆ لایه‌ک یاخود شوێنێک بۆ یارمه‌تی، یا به‌شانوباڵی که‌سان و لایه‌نی
یارمه‌تیده‌ردا هەڵبدەن وه‌کو نموونه‌که‌ی که کاک جیهاد
هێناویەتییه‌وه سەبارەت بەوەی کە خەڵکی بڕێک دۆلار وه‌ربگرێت له
ئه‌مه‌ریکیه‌کان. بێگومان ئەمە هەڵوێستی خەڵکانی بار لارن، بەشێکن لە
خەڵکانێک کە سیستەمەکە خستونیەتە پەراوێزی ژیانەوە، پەراوێزی
کۆمەڵگەوە، خۆ خەڵکی لەم حاڵەتەدا کە زەرورە بەوە، داوای دەوڵەتی
سەربەخۆ ناکات، جا ئەمە ڕاستە یا هەڵەیە ئەوە مەسەلەیەکی ترە. خۆ له
ڕاستیشدا گه‌ر هەرکەسێک به وردی ته‌ماشای بابەته‌که‌ی من بکات
جه‌وهه‌ری باسه‌که‌ی من ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی لە پێداویستییەکانی
خۆیەوە دەڕوانێتە کێشەکان. بێگومان من باس لەوە ناکەم کە خەڵکی دەبێت
دەست لە ئەمەریکییەکان پان بکاتەوە بۆ دۆلارێک، یا کارێکی نادروست بکات
بۆ بەدەستهێنانی پارەو پلەو سامان. من لە بابەتەکەمدا دەڵێم خەڵکی
ده‌بێت کار بۆ به‌دیهێنانی پێداویستیه‌کانی ژیانی بکات، خه‌بات و
چالاکی بۆ ئه‌وه بکات، چونکه ئه‌و پێداویستیانه‌یه که ده‌سته‌به‌ری
ژیان و مانه‌وه‌یان ده‌کات، ئه‌مانه‌ن که ته‌ماسی ته‌واو ڕاسته‌وخۆیان
به ژیانیانه‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که خه‌ڵکی
هوشیارن به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان و پێویستیان به ڕابه‌ر و
سه‌کرده و کادیری به‌توانا و بە ئەزمون نییه تاکو پێیان بڵێن
ئه‌وه مه‌که‌ن و ئه‌وه بکەن. هه‌موو ئه‌و داخوازیانه‌ش له ڕێگای
گروپه لۆکاڵییه‌کانه‌وه دێته دی نه‌ک له ڕیگەی په‌ڕله‌مان و
سیاسییه‌کانه‌وه.
من لێره‌دا به‌راوردی ئه‌م کۆمه‌ڵگەیه‌ی ژیر سیسته‌می سه‌رمایه‌داری
به کۆمه‌ڵگه‌کانی پێشتر ناکه‌م، چونکه بەراورد کردن لای من یەکەم :
وادەگەیەنێت کە ئێمە دەبێت خۆمان بە بەختەوەر بزانین و سوپاسگوزار و
مەمەمنوون بین کە لە سایەی سیستەمێکی ئاوا بەڕبەریدا دەژین، کە بەهیچ
شێوەیەک خۆمان هەڵمان نەبژاردووە. دووهەمیش: له زۆر وه‌ختتدا
به‌راوردکردن کارێکی هه‌ڵه‌یه چونکه هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک جوودایه
له‌وانی تر چ له‌ڕووی پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌یه‌وه، له‌ڕووی
موسته‌لزه‌ماتی ژیانی تاکه‌کانییه‌وه، له‌ڕووی کاراکته‌ری
تاکه‌کانییه‌وه چ له ڕووی پێداویستیه‌کانی ژیانیشیانه‌وە.
من لێرەدا ئەوە دووپات دەکەمەوە که له بابه‌ته‌که‌مدا باسم له‌وه
کردوه که ئەگەر چه‌په‌کان، کۆمۆنیسته‌کان ده‌ورێکی کاریگه‌رتریان
له‌سه‌ر به‌رده‌وام پێدان و پته‌و کردنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری زیاتر
له ڕاستڕه‌وه‌کان نه‌بوبێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم که کەمتر
نەبووە . هه‌ر بۆ نموونه ته‌ماشای بزوتنه‌وه چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانی
چه‌رخی ڕابوردوو بکه، ته‌ماشای ڕۆڵیان له ئه‌وروپا و بزوتنەوەکانی
ئه‌م دواییه‌ی جیهان بکە.
لە هەمان کاتیش‌دا من سنوور و ئایدیا ناسه‌پێنم به‌سه‌ر خه‌ڵکدا، من
له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆجیه‌تدا نیم . من باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه که ئێمه
ده‌بێت به مێشکێکی کراوه‌وه، له شێوه‌ی دایەلۆگدا به هێنانە‌وه‌ی
به‌ڵگه و به‌ڵگه‌نامه قسه له‌سه‌ر سه‌رجه‌می شته‌کان بکه‌ین، بۆیه
لای من هیچ شتێک نه هه‌میشه‌ییه و نه ئه‌زه‌لییشه، ده‌بێت هه‌موو
شتێک قابیل به لێکۆڵینه‌وه و شیکردنه‌وه و ئاڵوگۆڕکردن بێت، به‌ڵام
هه‌رچی ئایدۆلۆجیا و ئایدیای سه‌پاو هه‌یه، هیچ هەلێک بۆ ئەوانەی کە لە
سەرەوە وتم ناهێڵێتەوە.
ماڵپه‌ڕی
زاهیر باهیر
|