٢٩\٦\٢٠١٣
چەند سەرەقەلەَمێک
لە پەراوێزی داڕووخانی دۆخی رۆشنبیریی کەرکوک!!

رابەر رەشید
(تکایە هەر کەسێک بیەوێت بە چاوێکی حزبییانە ئەم چەند سەرەقەڵەمە
بخوێنێتەوە، با دایخاتەوەو بەلایدا نەچێت، چونکە چاوی حزبییانەی
ئەمڕۆمان تەڵخ دەوروبەری خۆی دەبینێت).
مالینۆڤسکی لەم چوارچێوەیەدا پێناسەی رۆشنبیری دەکات و دەڵێت: (رۆشنبیری،
ئەو دەزگا کاریگەرو ئەرێنییەیە کە مرۆڤ لە دۆخێکەوە بەرەو دۆخێکی باش و
باڵاتر دەگوازێتەوە، دۆخێک کە هاوشانی ئەو کێشەو داخوازی و پێشنیارە
تایبەتییانە بێت کە لە کۆمەڵگادا رووبەڕووی دابینکردنی پێداویستییە
بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەبنەوە...تاد).
بەپێی ئەم پێناسەیەی "مالینۆڤسکی" بێت، کەواتە رەوشی رۆشنبیری ئێمەی
کەرکوکی –وەکو تاکء وەکو گشتیش- لە کوێی دابینکردنی پێداویستییە
بنەڕەتییەکانی تاکی کەرکوکیدایە؟
ئەوەی من لێرەدا دەمەوێ تیشکی بخەمەسەرو ئاماژەی پێبکەم، کەسێک،
دەزگایەک، ناوەندێک، کۆمەڵەو سەندیکاو رێکخراوێکی رۆشنبیری و هونەری و
ئەدەبی و رۆژنامەنووسیی تایبەت و دیاریکراو ناگرێتەوە، بەڵکو کۆی
ئەوانەو ئەوانەیتریش دەگرێتەوە کە لەژێر ئەو چەترانەوە دەیانەوێ هەبن و
درێژەش بە بوون و مانەوەی خۆیان بدەن.
کاتێک باس لە دۆخی رۆشنبیری کەرکوک دەکرێت، دیارە مەبەست لەو رەوش و
دۆخەیە کە مرۆڤە رۆشنبیرەکانی گەیاندۆتە چ ئاستێک و چۆن دەتوانن
رووبەڕووی سیاسەت و هەنگاوە چەوت و نا لۆژیکییەکانی بازرگانانی سیاسەت
ببنەوەو سەنگەری درێژەدان بەو بەرخودانە چۆڵ نەکەن. بۆیە من وەکو کۆلکە
خوێندەوارێک دۆخەکە وا دەبینم کە هەلومەرجء هۆکارگەلێکی بابەتی و خودی
زۆر هەن بۆ قەتیسمانی رەوشەکە لە دۆخێکدا کە ئیتر پێویست بەوە دەکات،
هەموومان راشکاوانە قسەی لەسەر بکەین و ئازادانەش دەنگ هەڵبڕین و خاتری
کەسیش نەگرین، چونکە خاترگرتن لە مامەڵەکردن لەگەڵ رەوشی رۆشنبیریدا
دەچێتە خانەی گەندەڵییەوە، گەندەڵیش لە هەموو کایەکاندا پاساوی خۆی
هەبێت، لە رۆشنبیریدا هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، چونکە ئەوکاتە دۆخەکە
دەگوازێتەوە بۆ خانەی تاریکبینی و شتێک ناهێڵێتەوە بەناوی رۆشنبیرییەوە.
وەکو کۆلکە خوێندەوارێک هەر لەدوای ٢٠٠٣وە
تاکو ئێستاو بەبەردەوامی لە چەندین وتارو دیمانەی تەلەفزیۆنی و رادیۆیی
و نووسیندا راشکاوانەو ئازادانە رای خۆم لەسەر دۆخەکە دەربڕیوەو ئێستاش
وا وەکو پاڵپشتییەک بۆ دەنگی ئەو دڵسۆزانەی ئێستا خەریکی گفتوگۆکردنن
لەسەر رەوشی رۆشنبیریی کەرکوک دەردەبڕمەوە. کاتێک باس لە رەوشی
رۆشنبیری دەکرێت، ئەمەشیان دوولایەنەیە، یەکەمیان وەکو ژێرخانء
دووەمیشیان وەکو سەرخانەکەی کە خودی رۆشنبیریی مرۆڤەکانە وەکو زانین.
ئێمە هەمیشە دەرئەنجامەکان دەخوێنینەوەو زۆر بە دەگمەن ئاماژە بۆ
هۆکارەکان دەکەین کە گومان لەوەدا نییە، هیچ دەرئەنجامێک بەبێ بوونی
هۆکارگەلێک بوونی نییەو نابێ بە دەرئەنجام. کەواتە دەمەوێ بڵێم:
تاوانباری سەرەکی لە دۆخی نائاسایی دواکەوتوویی دۆخی رۆشنبیریی کەرکوک
خودی ئەو سیستەمی فەرمانڕەوایەتییە سەقەتە حزبایەتییەیە کە لە کەرکوکدا
باڵادەستی رەهایەو ئامێرێکی بکوژی خودی هزرو ئاوەزو کایە هەستیارەکانی
دیکەی ژیانی تاک و کۆمەڵگایە. سیستەمێکی سیاسەتیی حزبایەتیی سەقەت کە
هەموو شتێک لە چاویلکەی بەرژەوەندییە ژەنگنەکانی خۆیەوە دەبینێت و
لەخەمی رەنگاندنی سەرجەم کایەکانە بە بۆیە تەڵخەکانی خۆی و هەر لەم
چوارچێوەیەشدا سوپایەک خەڵکی لە دەنگوڕەنگی تایبەت بەخۆی کۆکردۆتەوەو
بەسەر لایەنە ژێرخانەکەی رۆشنبیریدا دابەشیکردوون و ئەوانیش بوونەتەوە
ئامرازێکی پیادەکاری خواستەکانی هەمان سیستەمی فەرمانڕەوایی، رەنگە
لەنێو ئەو سوپا زۆروزەبەندەشدا تاکوتەرایەک هەبن، بە حیساب سەربەخۆو
ئازادن، لێ ئازادی ئەوانیش –بەخودی خۆیشمەوە- تا ئەو شوێنە بڕدەکات کە
لە بەرژەوەندیی خودی سیستەمە حزبییەکەدایە، بەدەر لەوە هەموو دەنگ و
رەنگێک بڤەیەو دەستبۆبردنێکیش دەستبڕینەوەی لەدوایە.
کەواتە گلەیی ئێمە لە کێ بێت، لە خودی خۆمانی کۆلکە خوێندەوار؟، یان
لەو سیستەمەی کە دەستەمۆی کردووین و بووکەڵەئاسا گەمەمان پێدەکات؟!
وەڵام: دیارە بەبێ سەرەوژێرکردنی ئەو سیستەمی فەرمانڕەوایەتییە حزبییە
سەقەتە بەرژەوەندخوازەی کە لە کەرکوکدا باڵادەستەو حاکمی موتڵەقە، هەر
نووزەو دەنگێکی لەمەڕ ئەمەی ئێستا لە ئارادایە، جگە لە درێژەدان بە
تەمەنی ئەم سیستەمەو جوانکردنی قەدوباڵا رووکەشەکەی بەولاوە هیچیتر
نییە، چونکە ناکرێ من وەکو منی من، نوێنەری حزبێکی دیاریکراوی ناو
سەندیکایەک بم و ژێراوژێر، یان بە ئاشکرا هۆکارو بەشێکی دانەبڕاوی ئەو
کەموکووڕی و رەوشە زۆر خەراپەی دۆخی رۆشنبیری بم لە کەرکوکدا، کەچی
خۆیشم گلەیی لە کەسانی دیکە بکەم و بە کەمتەرخەم و گەندەڵ و نەزان و
خۆپەرست تاوانباریان بکەم!!
بۆیە تا ئەوپەڕی راشکاوی و تا ئەوسەری ئازادیی مرۆڤە ئازادەکان وەکو
ناڕەزایەتییەک دژی ئەم سیستەمی فەرمانڕەوایەتییە حزبایەتییە نەزۆک و
سەقەتەی کە ئەمڕۆکە دۆخی رۆشنبیری لە کەرکوک ئیفلیج کردووەو زۆربەی
خاوەن دەنگەکانیشی خەساندووە دەڵێم: بەڵێ، هەموومان –بەخودی خۆیشمەوە-
لەم دۆخە ترسناکەی رەوشی رۆشنبیری لە کەرکوک بەرپرسیارین و با کەسیشمان
خۆمان بە بێ تاوان نمایش نەکەین و پاساو بۆ کلکایەتی و قەڵەمفرۆشی
خۆمان بۆ ئەم سیستەمی حزبایەتییە سەقەتەی شار نەهێنینەوەو چیتریش گلەیی
لە خەڵکانی شارەکانی دیکەش نەکەین کە چیمان پێدەڵێن و چۆنمان
هەڵدەسەنگێنن، چونکە ئەگەر خودی خۆمان پابەندو پەیوەست و گرێدراوی ئەو
سیستەمی فەرمانڕەوایەتییە بین و توانای خۆدەربازکردنمان لەو قەفەسی
تاوانبارییە نەبێت، ئەوا خەڵکی دیکە چیمان لێبکەن و چۆنمان پێناسە بکەن؟!
پردێ
ماڵپەڕی رابەر رەشید
|