|
٥\٢\٢٠٢٦
چەند سەرنجێک
لەسەر تاوانەکانی دوورگەی جیفری ئێپستین.

شوان عەزیز
- ئەم تاوانە کارێکی قێزەون و تاوانیکی دژە
مرۆییە!
- بە بڕوای من تاوانباری سەرەکی جێفری ئێپستین نییە بەڵک و ئەو دەسەڵات
و سیستەمەیە کە جێفری لە ژێر سایەیدا ئەو دوورگەیو شوێنەی بەڕێوەبردووە.
بۆیە دەبێ سەرەتا سیستەمە یاسایی و حوکمڕانیەکە سەرکۆنە بکرێت ئینجا
جێفری ئیپستین.
- تاوانبارەکان کە لە تاوانەکانی دوورگەی ئێپستینەوە تێوەگلاون، جا کەم
یان زۆر ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، زۆرن و فرە ڕەگەز و فرە نەتەوەو
فرە پیشە و فرە ئایدۆلۆجیی و فرە ڕەنگ و فرە کەلتوور و فرە ئایین و فرە
شوێنی جوگرافیایی جیاوازیشن. بۆیە بە گشتاندنی تاوانەکەو لکاندنی بە
لایەکەوە کارێکی نا لۆجیک و نادرووستە.
- درووست نییە ئەو تاوانە دژە مرۆییە تەنها بدرێتە پاڵ ئایدۆلۆجیەتێک،
شوێنێک، کەلتوورێک، ئایینیک یان ڕەگەزو نەتەوەێک. چونکە زۆر نزیکە لەو
شێوە تاوانانە لە زۆر شوێنی تریش بوونیان هەبی بەڵام جارێ
ڕاگەناندنەکان پێی نازانن، یان دەزانن و ناوێرن هیچ بڵێن.
- میژوو لەو جۆرە کارانەی تۆمارکردووە بە تایبەتی لە کاتی جەنگ و
داگیرکاریەکاندا.
- سەردەمی کۆیلایەتی و سەردەمەکانی مامەڵەو کڕین و فرۆشتن بە ئینسانەوە
ئەو جۆرە تاوانانەی زۆر تێدایە. ئێستا بازاڕی کڕین و فرۆشتنی
ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ و مامەڵە بە مرۆڤەوە برەوی زۆری هەیە. لە هەندیک
وەڵات و لە لایەن هەندێک گرووپی مامەڵە بە مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت.
- لە نێو سیستەمێکی، خێڵەکییدا، دەوڵەتیی و عیلمانیدا، لیبڕالییدا،
کۆمۆنیستیی و چەپدا، هەروەها لە نێو سیستەمیکی تەواو ئایینیشدا
ناتوانرێت بە تەواویی بەر بە تاوان و تاوانی دژە مرۆیی بگیرێت. تاوان
ئەنجام دەدرێت بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو جۆرە سیستەمە سزای تاوانبار بدات!
بەڵگە هەیە کە لە هەندێک سیستەمی حوکمڕاییدا زۆر بە دەگمەن تاوانبار
سزا دەدرێت!
- درووست نییە لایەنی ئایینی و خودایی بێت تاوانەکانی نێو دوورگەی
ئیپستین وەک پڕوپاگەندە بۆ پاکیی و بێتاوانی خۆی بەکاربێنێت..
پەیدابوونی تاوانباریک ناکاتە ئەوەی تاوانی تاوانبارەکەی پێش خۆی
بشواتەوە.
- لە نێو هەر سێک ئایینە ئیبراهیمیی و ئاسمانیەکەدا مرۆڤ تاوانی
ئەنجامداوە کە ڕەنگە زۆریش بە قەبارە گەورەتر و لە ڕووی مرۆییشەوە دژە
مرۆییتر بووبێت لەوەی دوورگەی ئێپستین. لە هەردووک باردا تاوانەکە مرۆڤ
ئەنجامیداون بەڵام لە دوورگەی ئێپستیندا مرۆڤەکە خۆی بە بریکاریی
خۆیەوە تاوانەکەی ئەنجامداوە و لەوەیتریاندا تاوانەکە بە ناوی خوا و
فەرمانی خواوە ئەنجام دراوە. تکایە مێژووی هەرسێک ئایینەکەی ئیبڕاهیمی
کە بریتیین لە مەسیحیەت و یەهودیەت و ئیسلام تەماشا بکەن. کارەکانی
داعش بە نموونە. یان کەنێزە زۆرەکانی حەرەمسەراکانی سەردەمی خەلافەتی
عوسمانی و سەردەمی فتوحاتی ئیسلامیی بۆ باکووری ئەفریقا و هێنان و
بەسەبایەبردنی دەیان هەزار کچی ئەمازیغیی بۆ شام. مێژوو چەندین نموونەی
لەو جۆرەی بۆ تۆمارکردووین!
تێبینی: کاری گرنگ و دەستبەجێ و مرۆیی بۆ هەر کەس و لایەن و شوێن و
ئایدۆلۆجیی و کەلتوور و ئایینێک ئەوەیە کە ئەو تاوانانە سەرکۆنە بکات و
داوای دەستبەجێ سزادانی تاوانباران بکات، نەکو بێت تاوانەکە بە کەلتوور
بکات یان بە یاسایی بکات یان بیشەرعێنرێت! ئەو تاوانانە تاوانی دژە
مرۆیین و دەبێ هەر کەسێک باوەڕی بەوە هەبی کە مرۆڤ و باوەڕی بە
مرۆڤایەتی هەبێ، دەبێ دژی ئەو تاوانانە بێتە قسە و بشهێتە مەیدان.
ماڵپهڕی
شوان
عەزیز
|