په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠١١

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی ''گۆڕان و وەرگۆران''.

 

هەژێن

- بەشی شه‌شه‌م - 

كرێكاران و کۆمونیزم.

کۆمونیزم جگه ‌له‌وه‌ی بزاڤێكی هزریی و فه‌لسه‌فییه‌.. سیسته‌م و قۆناغی دوارۆژی مرۆڤایه‌تییشه، له‌ رووی رامیارییشه‌وه له ‌سه‌رده‌می ئێستا  كه ‌رژێمی چه‌وسێنه‌ری سه‌رمایه‌داریی باڵاده‌سته‌؛ خه‌باتێكی كۆڵنه‌ده‌رانه‌ی چینایه‌تییه ‌له ‌لایه‌ن کۆمونیسته‌كان به‌ گشتیی و کۆمونیسته ‌كرێكاره‌كان به ‌تایبه‌تیی ‌بۆ گه‌یشتن به ‌سۆسیالیزم، جیهانبینیی ماركسیزمیش له‌ چوارچێوه‌ی پێكهاته سه‌ره‌كیی و بنچینه‌ییه‌كانیدا له‌ پاش رسكانی قۆناغی سه‌رمایه‌داریی؛ ئاواكه‌ر و شێوه‌ی بوونه ‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی و چرای رۆشنكه‌ره‌وه‌ی رێگه‌ی كاروانی خه‌باته‌كه‌یه‌تی. ل36

ئەم پەرەگرافە، دەکرێت بە پێناسەیەکی لایەنگرانە دابنێین و هیچ ئەرگومێنتیك نییە، کە پشتراستی پاگەندەکانی بکات، چونکە ئێمە لە قۆناخی دواڕۆژدا نین و ناشزانین، چۆنە و سیستەمەکەی چۆن دەبێت و ئەو فەرماندانە، کەتواریی نییە. هەروەها کۆتایی پەرەگرافەکە لە ڕووی داڕشتنەوە ناڕۆشنی و هەڵنەپێکراوی دروستکردووە. ئەگەر سەلمێندراوی مێژوویی بە ئەرگومێنت وەربگرین، ئەوا هەم ئیدە کۆمونیستییەکان بەگشتی و هەم مارکسیزم وەك چوارچێوەیەکی دیاریکراوی ئەو کۆمونیزمە لە پراکتیکدا بەرەنجامی پێچەوانەی پاگەندەکانیان بەدەستەوە داوە. هەڵبەتە ئەمە لە چەندین وڵاتی جیاواز و سات و شێوازی جیاواز و پیادەگەریی جیاوازدا. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە هەموو بەرنامەیەکی ئامادەکراو، هەموو هزرێکی بە ئایدیۆلۆجیکراو، لەتەك گۆڕان و داخوازییە زیندوو و بەردەوامگۆڕاوەکانی ژیاندا دەکەوێتە ناکۆکییەوە، هەروەك مارکسیزم کە وەك بەرنامە و چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆجی لەتەك گەشە و ویست و ئازادی و چاوەڕوانی و تەنانەت لەتەك خودی میکانیزم و هێزەکانی بەرهەمهێناندا کەوتە ناکۆکییەوە و دواجار گەورەترین هێزی ڕوخاندنی ئیمپراتۆری و دیکتاتۆرییە پارتییە بەناو پرۆلیتارییەکانی، هەر ئەو کرێکار و زەحمەتکێشانە بوون، کە لە نێونەتەوەیی یەکەمەوە نەوە لە دوای نەوە، پارت لە دوای پارت پاگەندەی  نوێنەرایەتییان دەکرد و دەکەن.

ئەوەی کە لە پەرەگرافی دواتردا نووسەر پێیوایە، کە ئەوە هەڵەی پارتەکان و پاشینانی هزری ماركسیستی بووە، کە ناتەبا و شکستخواردوو بووە، بەپێچەوانەوە من پێموایە، لەوێوەیە، کە مارکسیزم بڕوای بەوە هەیە، کە کۆمونیستەکان، لەبەر ئەوەی کە دەرکی بەرژەوەندی کرێکاران دەکەن، بەو پێیەش دەبنە ڕابەر و چاوساخییان. ئەمەش گەورەترین ناکۆکی بیری مارکسیستییە، لە کاتێکدا کە کرێکاران بە گەورەترین و کاراترین و شۆرسگێرترین هێز دادەنێت، کەچی ئەرکی ڕزگاربوونیان بە کۆمونیستەکان دەسپێرێت و دواتریش بەرێوەبردنی کۆمەڵگەی داهاتووش بەوان و بە بوونی دەوڵەتی دەستەبژێری کۆمونیست دەسپێرێت. هاوکات هەر لە ئێستاوە بەرنامەیەك دەنووسێتەوە و دەیکاتە پەرتووکی پیرۆز و کۆمەڵگەی پێ لە چوارچێوە دەدات، بەمجۆرە ئەوە کۆمەڵگە نییە، وەك پێکهاتەیەکی زیندوو و بەردەوام لە گۆڕاندا کە کێڵگەی تاقیکردنەوەی هەر ئایدیایەکە، بەڵکو بەرنامەیەکی پێشتر ئامادەکراو و مردوو دەکاتە کێڵگەی تاقیکردنەوەی گونجاوی کۆمەڵگە و هەر شتێك لەو چوارچێوەیە دەرچوو و زیاد و کەمی بوو، ئەوا مەقەستی ئایدیۆلۆجیا دایدەپاچێت، وەك لەو نموونانەدا ڕووی دا، کە خودی نووسەر باسی کردوون.

بە بۆچوونی من بزووتنەوەکان، ئیدی هەرچی بن؛ سۆشیالسیتی یا ناسیونالیستی یا ئایینی یا هونەری، ئەوا لە ڕەوتی خەباتی ڕۆژانە و بەردەوامدا، دروستی و نادروستی ئایدیاکانی ناویان تاقیدەکەنەوە و بەرنامە و پلانەکانی لە خوێندنەوەی ئەزموونەکاندا بەدەست دەهێنن. ئەمەش ڕەتکردنەوەی ئایدیۆلۆجیا دەگەیێنێت، کە گیانی مارکسیزمە. چونکە ئایدیۆلۆجیا واتە مەرگی ژیان و هزریش واتە موتوربەبوونی ئایدیاکان بە ژیان و هزر و تیئۆری، بەرهەمی ئەزموونەکانی مرۆڤایەتین نەك پێچەوانەکەی.

ڕاستە نووسەریش پەنجەی خستووەتە سەر ئەو گرفتانە، بەڵام ئەو بۆ خەتاباری پارت و فڵانە سەرکردەی دەگێرێتەوە. ئەگەر سەرنجی کەتواری گرفتەکان بدەین، دەبینین، بۆ ئایدیۆلۆجیابوونی مارکسیزم و پەرتووکە پیرۆزکراوەکانی دەگەرێتەوە، کە تووشی دوگماتیزمیان کردووە.

ڕاستییەکەی لە سەراپای پەرەگرافەکاندا نووسەر بە بەردەوامی هزری نوێی کۆمونیستی دووبارە دەکاتەوە، بەڵام دیاری ناکات، کە ئەو هزرە لە کام سەروبەندی مێژووییەوە سەریهەڵداوە و پانتایی بووونی لە کوێدایە ئایا مەبەستت لە ڕەخنەکانی خۆیەتی لە کۆمونیزمی کلاسیك و وەك پێشنیارێك بەنێوی "کۆمونیزمی نوێ" ئاراستەی دەکات یا ئەو هزرە نوێیە ئەوڕۆکە هێلێکی ڕامیاریی جیهانییە و بزووتنەوەگەلێکی زیندوو خەریکی پراکتیزەکردنینی؟

تا ئەوەندەی من تێگەیشتبم، مەبەستی نووسەر خودی بۆچوونەکانی خۆیەتی، ئەگینا من هیچ بزووتنەوەیەکی کۆمونیستی هەڵگری تێڕوانینە مارکسیستییەکان ناناسم، کە هاوبۆچوونی نووسەر بێت و  پاشماوەی بزاڤی کۆمونیستی لە جیهاندا خەریکی بتسازیییە لە کەلەسەری مارکس و ئەنجلس و لێنین و ستالین و مائو تسی تۆنگ تا دەگاتە مەنسووری حیکمەت لای حیکمەتیستەکانی ئێران و کوردستان.

بەمجۆرە من ئاوا ئەم تێکستە دەخوێنمەوە، کە پیاهەڵدان و ناساندنی  بەرنامەیەکی دیکە بێت، کە ئێمە نەیناسین و لەوەی کۆمونیزمی باو، جیاواز بێت. ئەگەر مەبەستی لە کۆمونیزمی نوێ سەرخەتگەلێك نین، کە خۆی ئاماژەیان پێدەکات، ئەوا دروستتر بوو، کە خودی ئەو سەرچاوەمان پێبناسێنیت، کە خۆی باسی دەکات، واتە هزری کۆمونیستی نوێ.

به‌ڵام هه‌رگیز هێنده‌ خۆشباوه‌ڕانه‌ش لێیان ناڕوانێ كه‌ ده‌توانن له ‌هه‌موو كات و بارێكدا به‌ پێی پێویست پارێزگاریی له‌ یه‌كگرتوویی و شۆڕشگێڕیی و دڵسۆزیی خۆیان بكه‌ن ل37

ئەم ڕستەیە، لەباری زمانەوانییەوە، پێویستی بە ڕستەیەکی پێچەوانە هەیە، کە بەدوایدا بێت، چونکە ئەوە دەگەێنێت، کە لە هەندێك باردا ناتوانن  له ‌هه‌موو كات و بارێكدا به‌ پێی پێویست پارێزگاریی له‌ یه‌كگرتوویی و شۆڕشگێڕیی و دڵسۆزیی خۆیان بكه‌ن. بەڵام ئەوە ڕۆشن نەکراوەتەوە، کە پێویستە چی بکەن و لەو بارانەدا کە خۆیان ناتوانان، کێ فریادڕەسییانە؟

دواجار نووسەر سەری لە بۆچوونەکانی نێو نێوتەوەیی یەکەمی کارل مارکس و لایەنگرانی دەردەچێتەوە، کە کۆمونیستەکانیان بۆ ئەم ئەرکە دەستنیشان دەکرد. بەڵام کەتوار ئەوەمان پێدەلێت کە هەموو چین و توێژەکان ئەگەر بە ڕێوشوێن و کارایی و ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەیەکدا هوشیار بن، ئەوا دەتوانن ژیان وەها ئاراستە بکەن، کە دەیخوازن. وەك ئەوەی کە بۆرجواکان و وردە-بۆرجواکان لە ئێستادا دەیکەن. یا به‌ واتایه‌کی دیکە، ئه‌گه‌ر زۆرینەی چه‌وساوان، خۆهوشیاری و ڕێوشوێنی چینایه‌تی خۆیان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا بزانن و قورسایی به‌شدارییان له‌ به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا بزانن، ئه‌وا وه‌ڵانانی ئه‌م سیسته‌مه‌ ئاسانیترین کارێکه‌، که‌ مرۆڤی چه‌وساوه‌ ده‌توانێت به‌ خه‌باتی هاریکارانه‌ی له‌ته‌ك هاوچینه‌کانی، پێیهه‌ستێت. سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌لاتداران به‌و هه‌موو توانا ئابووریی و ته‌کنۆلۆژیی و سه‌ربازیی و ڕاگه‌یاندنه‌یانه‌وه‌، که‌ هه‌یانه‌، له‌به‌رده‌م مانگرتنی چه‌ند هه‌فته‌یی کرێکارانی شاره‌وانی (که‌ناسان)دا گیرۆده‌ ده‌بن و بۆگەن دەکەن، چ بگات به‌ مانگرتنی گشتی کرێکارانی گواستنه‌وه‌ و ئاو و کاره‌با و نه‌خۆشخانه‌کان و سۆپەرمارکێته‌کان و هی دیکە. پێکهاته‌ی کۆموڵگه‌ی چینایه‌تی له‌ تڕکه‌ڵه‌کی ئه‌فسانه‌ی ئایینه‌کان له‌مه‌ڕ بومه‌له‌رزه‌ ده‌چێت، که‌ هه‌ر ته‌کانێکی هوشیارانه‌ی چینه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان، به‌ ئاسانی وێرانی ده‌کات. ته‌نیا خۆهوشیاربوونه‌وه‌ی چه‌وساوه‌کان مسۆگه‌رگه‌ری کۆتاییهاتنی سه‌رکوت و نایه‌کسانی و نادادوه‌ریییه‌. چونکه‌ سیسته‌مه‌ چینایه‌تییه‌کان به‌رهه‌می ده‌ستی خودی مرۆڤن و گۆڕین و وه‌ڵانانیشیان، کاری ئه‌و که‌سانه‌یه‌، که‌ له‌ ناهوشیاریدا ئه‌م سیسته‌مه‌یان لەسەر پشتی کۆیلەتی خۆیان ڕایانگرتووه‌.

له ‌لایه‌كی دیش كه‌ سه‌رمایه‌داریی رژێمێكی پڕ ئاژاوه‌ و ناجێگیره‌.. ل38

بەڵام بەداخەوە، کەتوار پێچەوانەی ئەمەیە و سەرمایەداری هێندە جێگیرە، کە نەك تەنیا بۆرجواکان و وردە بۆرجواکان وەها نیشان دەدەن، کە کۆتایی مێژووە، نەك تەنیا کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناهوشیار بڕوایان بە شیاوی وەرگۆرانی کۆمەڵگەی چینایەتی (هەنووکەیی) نییە، بەڵکو زۆرێك لەوانەی کە پاگەندەی کۆمەڵگەی ناچینایەتی بە تێروانینی مارکسیستی دەکەن، ناتوانن کۆمەڵگەی ناچینایەتی (سۆشیالیستی) بەبێ دەوڵەت و ڕیشسپێتی دەستەبژێری خۆیان  و کوتەك و زنجرە پلەوپایەی بەڕێوەبەرایەتی و پێکهاتنی قوچکەیی وێنا بکەن و هەر وێنایەك کە بۆ کۆمەڵگەی سۆشیالیستی لەبەرچاوی دەگرن، هەر کوپیکردنەوە و میکیاجکردنی کۆمەڵگەی چینایەتی هەنووکەییە. هەروەك چۆن داریژەرانی پەرتووکە ئایینیەکانی وەك تۆرات و ئینجیل و قورئان نەیانتوانیوە وێنای بەهەشت بەدەر لە وێنەی کۆمەڵگەکانی ئەو کاتی خۆیان بکەن، هەرواش مارکسیستەکان ناتوانن وێنای کۆمەڵگەی ناچینایەتی بەبێ دەوڵەت و ڕابەریی خۆیان بکەن و هەر بۆچوونێك واوەتر لە تێڕوانینی خۆیان بۆ کۆمەڵگەی سۆشیالیستی بڕوات، ئەوا بە خەیاڵی تاوانباری دەکەن.  لەبەرئەوە بە پێچەوانەی بۆچوونی نووسەرەوە، تا ئەو کاتەی تاکە بندەستەکان ئامادەبن، مل بە کاری کرێگرتە و سەروەری کەسانی دیکە بدەن، ئەوا سیستەمی سەرمایەداری جێگیر و پارێزراو دەبێت و لە توانایدا دەبێت، کە بەسەر قەیرانەکانیدا زاڵ بێت و پەڕوپینەی سیستەمەکەی بکاتەوە و هەر بەو پێیەش، بەداخەوە تا ئەو کاتەی زۆرینە دەگەنە ئەو بڕوایە، کە سەرمایەداری شیاوی بەرگەگرتن نییە و چیتر ناتوانرێت لە سایدا بژێت، کۆمەڵگەی ناچینایەتی تەنیا خەونی خۆشی هەموو ئاراستە و باڵە سۆشیالیستەکان دەبێت و دەمێنێتەوە.

 له ‌كاتی به‌رانگژبوونه‌وه‌شدا چه‌ندین دیارده‌ و گۆڕانكاریی نائاسایی كه ‌بۆرجواكان راسته‌وخۆ باجی له‌پێناودا ده‌ده‌ن دێنێته‌‌ ئارا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێوشوێن و وزە ‌و توانایه‌ هزریی و رامیارییه ‌چینایه‌تییانه‌ی كه ‌به‌ جۆرێكی خۆڕسكیی له‌نێو كرێكاراندا هه‌ن و هزری کۆمونیستی پشتیان پێده‌به‌ستێ.. هه‌ڵگێڕته‌‌وه ‌و بۆ دژایه‌تیكردن و له‌باربردنی بزاڤه‌كه ‌به‌كاریانبهێنێ. ل38

ئەوەی کە ئەو گۆچانە جادووییە دەداتە دەستی بۆرجواکان، لایەنە ناکۆکەکانی خودی کۆمونیزمی ماركسیستییە لەتەك سروشتی خەبات چینایەتی بۆ چێکردنی کۆمەڵگەی ناچینایەتی؛ پارت کە ئامرازی لێکدابڕان و دەستەگەریی نێوان کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانە و لە تاکی سەر بە چین و توێژی کۆمەڵایەتییەوە دەیانکاتە ئەندامی گروپی سەروو-چین و ناکۆمەڵایەتیی و لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجی ڕێکیان دەخاتەوە و لەتەك هاوچینەکانیان کە هزر و ئایدییایەکی دیکەیان هەیە، دەیانکاتە دوژمن و لە ڕیزی خەباتی ڕۆژانەدا لەیەك دایاندەبڕێت، مارکسیزم پارت لە سەرووی هەموو ڕێکخراوە چینایەتییە  سروشتی و شۆرشگێڕەکانی کرێکاران و زەحمەتکیشانەوە دادەنێت؛ دەوڵەت کە ڕاگر و ئامرازی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی چینایەتییە، دەیکاتە گۆچانی جادوویی بنیاتنانی کۆمەڵگەی ناچینایەتی و ناوەندێتی بەرنامەڕێژی و ملکەچی ناوچە و هەرێم و کەمایەتی و ڕێکخراوە خۆجێییەکانی کۆمەڵگە، دەکاتە گوێرایەڵی دەستەبژێری سەروەر..، ئەمە بێجگە لەوەی کە لە بری ئەوەی متمانەی تواناداریی چەوساوان بۆ خۆڕزگاری و خۆبڕیاردان و خۆخەباتکردن و خۆبەڕێوەبەری و خۆموختاری لە تاکە بندەست و ستمدیدەکانی کۆمەڵگە زیندوو بکاتەوە و لە بری مامۆستایی بەبێ مامۆستایی ڕایانبهێنیت، کەچی دەچێتە سەرخوانی ڕاخراو و ئامادەی بۆرجواکان و پێکهاتە هیرارشییەکانی وەك پارت و دەوڵەت و دەیانپارێزێت و پاساو بۆ پێویستبوونیان دەهێنێتەوە.

ئەمانە تۆمەت نین، کە من یا کەسانی دیکە بۆ مارکسیزمی دروست بکەن، بەڵکو سەرەنجامی ئەزموونکردنی هەموو جۆرەکانی مارکسیزمن؛ لە جۆری کاوتسکیزمەوە تا لێنینیزم و ستالینیزم و خرۆشۆڤیزم و مائیۆئیزم و کاسترۆئیزم و  خۆجەییزم، کە لە زۆر وڵات و کیشوەر و سەردەم و کۆمەڵگەی ئاست جیاوازدا فەرمانڕەواییان کرد و بێجگە لە نەهامەتی و بەدبەختی زیاتر بۆ چین و توێژە پرۆلیتێرەکان، هیچی دیکەیان بەرهەم نەهێنا.

لە بەرامبەر ئەوانەشدا، کە پاگەندەی ئەوە دەکەن؛ ئەوانە هەموو لادان بوون لە مارکسیزم و پەیوەندییان بە کۆمونیزمەوە نەبووە، هێندە بەسە بپرسین، باشە چ ڕەخنەیەکتان لە بنەما هزری و پراکتیکییەکانی ئەو ڕەوتانە هەیە؟ تا چەندە میرایەتی، دیکتاتۆری، دەستەبژێر، ناوەندەێتی و  بەرنامەڕێژی ئابووریی و زۆری دیکە، کە بەرهەمهێنەری ئەو قەرەقوشیانە بوون و لە سایەی مۆدێلی مارکسیستیی کۆمونیزمدا، ڕووی دێمۆکراتی پارلەمانی و بازارئازادییان سپی کردەوە، ڕەتدەکەنەوە؟

له ‌هه‌مانكاتیشدا نه‌ خۆی به‌و خه‌ڵكانه ‌ماندوو بكا كه‌ ناتوانن وه‌كو کۆمونیستێك له ‌ریزه‌كانی خه‌بات و ژیانی رۆژانه‌یاندا هه‌نگاو بنێن نه‌خۆشی به‌و خه‌ڵكانه ‌چیڕ بكاته‌وه‌ كه ‌به ‌هه‌ر جۆر و شێوازێك هه‌یه ‌بوونه‌ته ‌کۆمونیست و له‌گه‌ڵ ساده‌ترین دیارده ‌و وه‌رچه‌رخانی دڕندانه‌ی سه‌رمایه‌داریی سارد ده‌بنه‌وه ‌یان به‌ هۆی ماندووبوون و به‌ته‌مه‌نداچوونیان دووچاری نه‌خۆشیی راستڕه‌ویی و دۆگماتیستیی و لادان ده‌بن و ده‌بنه ‌بار به‌سه‌ر بزاڤه‌كه‌، له ‌لایه‌كی دیش ئه‌گه‌ر ببینێ زۆربه‌ی زۆری كرێكاران نه‌یانتوانیبێ هێنده‌ هۆشیار ببنه‌وه‌ كه‌ کۆمونیزم باشترین و تاكه‌ ره‌وتێكه ‌بۆ سه‌ركه‌وتن و رزگاریی ئه‌وان له‌ سه‌رمایه‌داریی و رژێمه ‌چه‌وسێنه‌ره‌كه‌ی ل38-39

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم، کە سەردێڕ باس لە کرێکاران و کۆمونیزم دەکات، نەك لە کۆمونیزم و کرێکاران. تەناتەت ئەگەر باسی باری دووەمیشی بکردایە، ئەوا دیسانەوە ئەم پەرەگرافە هیچ پەیوەندی بە باسەکەوە نەدەبوو. چونکە ئەوەی نووسەر لێرەدا باسی لێ کردووە، ڕامیاریکردنی دەستەیەك یا ڕێکخراوێکی ڕامیارییە نەك خەباتی شۆڕشگێرانەی چینایەتی کرێکاران. چونکە لە خەباتی چینایەتیدا ئامانج بەرەوپێشبردنی خەباتی ڕۆژانە و ئاراستەکردنییەتی بەرەو تەنهەڵچینین بە سیستەمە چەوسێنەرەکە، نەك خۆخەریکردن بە بژاردنی تاکەکانەوە. بژارکردنی تاکەکان، ئەرکی پارتە ڕامیارییەکانە، وەك ئەوەی لە کۆنگرەکانی پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر، پارتی سۆشیالیدیـموکراتی ڕوسیە و لەسەر دەستی خودی لێنین و لە پارتی ناوگۆراو بە (کۆمونیست)دا لەسەر دەستی ستالین و دواتریش مائو تسی تۆنگ و پۆلپۆت و لای خۆشمان لەسەر دەستی مەنسووری حیکمەت ئەنجام درا. ئەمە پەیوەندی بە خەبات و کرێکارانەوە نییە، تەنیا میکانیزمی پلەوپایە پاراستنی دەستەبژێرێکی سەروەری ناو پارتە کۆمونیستەکانە و بەس.

به‌و جۆره‌ هزری نوێی کۆمونیستی ته‌نیا و ته‌نیا خۆی به‌ رێبازی سه‌رجه‌م کۆمونیستان به ‌تایبه‌تییش کۆمونیسته ‌كرێكاره‌كان ده‌زانێ .. هه‌روا نه‌خۆی به‌ خاوه‌نی خه‌باتی ئابووریی كرێكاران ده‌زانێ كه‌ به‌ر له‌و و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌ر هه‌بووه ‌و تا كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تتیش مابێ هه‌ر ده‌مێنێ.. نه‌خۆی به ‌رێبازی ئه‌و كرێكارانه ‌ده‌زانێ كه ‌به ‌هۆی سه‌ختیی ئه‌و ژیانه ‌كوله‌مه‌رگییه‌ی كه ‌سه‌رمایه‌داریی بۆی دروست كردوون تا ده‌شمرن ناتوانن له ‌ناخه‌وه ‌کۆمونیزم په‌سند بكه‌ن و هه‌رسی بكه‌ن.. ‌سه‌ره‌نجام فه‌رهه‌نگی دواكه‌وتووانه ‌و دژه‌مرۆیی سه‌رمایه‌دارییان هه‌ڵگرتووه‌، واته‌ ته‌نیا رێبازی کۆمونیسته‌كانه ‌به‌ بێ هیچ جوایه‌زییه‌ك و کۆمونیستبوونی رێبوارانیشی پێ  له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌. ل39

هەرچەندە سەراپای ئەم تێڕوانینە ڕەتدەکەمەوە، بەڵام خۆم لەوە دەبوێرم و تەنیا پرسیارێك ئاراستە دەکەم، ئایا ئەم هزرە نوێیە و کۆمونیستە هەڵگرەکانی، [کە لە هیچ سەردەمیکدا تەنانەت لە کۆمەڵگەیەکیشدا کە خه‌ونی پێوە دەبینن، نابنە زۆرایەتی کۆمەڵگە و تەنانەت زۆرایەتی ناو کرێکارانیش، ئەزموونەکان ئەمەیان نیشانداوە] لە کۆمەڵگەکەیدا کە دایدەمەزرێنن و بەڕێوەی دەبەن، چی لەو کرێکارانە دەکەن، کە كه ‌به ‌هۆی سه‌ختیی ئه‌و ژیانه ‌كوله‌مه‌رگییه‌ی كه ‌سه‌رمایه‌داریی بۆی دروست كردوون تا ده‌شمرن ناتوانن له ‌ناخه‌وه ‌کۆمونیزم په‌سند بكه‌ن و هه‌رسی بکەن ؟  ئەی ئەو کۆمونیستانەی کە باوەڕییان بە هزری نوێی کۆمونیستی  نییە، چی؟ دواجار کۆمونیستەکان، کێن، نووسەر چ شوناسێکی کۆمەڵایتییان بۆ دیاری دەکات؟ ئەی ئەگەر لەو کۆمەڵگەدا بەرهەڵستی بەرنامە و بڕیارەکانی هزری کۆمونیستی نوێ کرا، وەڵامیان چی دەبێت؟ ئازادی بە ناڕازییان دەبەخشێت یا سەرکەوتییان دەکات؟ بە واتایەکی دیکە، ئەگەر لە هەرێمی کوردستاندا هزری کۆمونیستی نوێ توانی کۆمەڵگە بگرێتە دەست و سیستەمەکەی پیادە بکات و تد، بەڵام لە شارەزوور، خەڵکی [مەبەست لە خەڵکی زۆرینەیە] خوازیاری کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی بوون و لە  گەرمیان خوازیاری کۆمەڵگەیەکی پشتبەستوو بە بازارئازاد و سیستمی پارلەمانی بوون و لە هۆرامان خەڵکی خوازیاری خۆبەرێوەبەرایەتی و هەرەوەزی ئەنارکی بوون و لە بادینان خەڵکی خوازیاری یەکگرتنەوە لەتەك هەرێمی باکووری یا خۆراوای کوردستان بوون، لە وەها بارێکدا وەڵام و هەڵوێستی فەرمانڕەوایانی کۆمونیست لە بەرامبەر هەر یەك لەو بڕیار و ویستانە، چی دەبێت؟

_________________________________________________

* ئەو بەشانەی هێڵیان بەژێردا کێشراوە، لە پەرتووکی گۆڕان و وەرگۆران وەرگیراون و بۆ ئاسانکاری و جیاکردنەوەیان، من هێڵم بەژێردا کێشاون. بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکە، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن: http://emrro.com/goranuwergoran.htm

 

*24\9\ 2010

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک