په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٦\٢٠١١

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی ''گۆڕان و وەرگۆران''.

 

هەژێن

- بەشی یەکەم -

بەرایی:

 

خوێنەرانی هێژا، ئەوەی کە بووە هاندەری نووسینی ئەم سەرنجانە لەمەڕ پەرتووکی (گۆڕان و وەرگۆران: جیهانبینییەکی شیکاریی هزریی و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی بۆ فەلسەفەی یەکسانییخوازیی) نووسینی هێژا (دارا ئەحمەد)، داخوازی خودی نووسەر بوو بۆ سەرنجدان لەسەر پەرتووکەکەی، پێش بڵاوکردنەوەی چاپە نوێیەکەی. پاش ئەوەی کە سەرنجەکانم تەواو بوون، گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە باشترە ئاڵوێری زانیاری و سەرنج و ڕەخنە لە بازنەیەکی گەورەتردا بێت، بۆ ئەوەی خوێنەرانیش هەم  لە مشتومڕ و بۆچوونگۆڕینەوەکان ئاگاداربن و هەم ئاسانتر بتوانن بەشداری کارا بکەن، تاوەکو لەو ڕێگەوە بتوانین بەستەڵە هزریی و ئایدیۆلۆجییەکان بشکێنین و زەمینە بۆ نزیکبوونەوە و لەیەكگەیشتن و بەیەکدی ئاشنابوون لەبار بکەین.

لەوێوە کە، من وەك سۆشیالیستێکی ئازادیخواز [دژە-سەروەر]ێك باوەڕم بە مارکسیزم [سۆشیالیزمی دەوڵەتی] نییە و کۆمونیزمیش ئەو وێناندنە، کە مارکسیستەکان لە خودی( مارکس)ەوە تا دوا کۆمونیستە  دەسەڵاتخوازەکان بەدەستییانەوە داوە، باوەڕم پێی نییە و پێموایە هەڵەوگەڕاوی ئەفسانەی بەهەشتە و ئەو شێوازی پێگەیشتنە و پێداویستی دەوڵەت و دیکتاتۆری پارت و دەستەبژێری کۆمونیست (بەنێوی پرۆلیتاریا) و چۆنییەتی توانەوەی دەوڵەت لەو کۆمەڵگەدا، ئایدیالیستانەیە و لە لێکدانەوە و پاساوی ئایدیالیستەکان، بۆ گەیشتن بە بەهەشت و بەڕێوەبەرایەتی کاروبارەکانی ناو بەهەشت، دەچێت. ئەگەر بە وردی سەرنجی تێزی توانەوەی دەوڵەتی سۆشیالیستی بدەی، دەبینیت لە بوونەخواردنی کێشکەکانی بەهەشت دەچێت، کە بە پێی بۆچوون و گێڕانەوەکانی ناو قورئان، دەبنە خواردن بۆ بەهەشتیان و پاشان لە ئیسکوپروسکیان کێشکە-خواردراوەکان چێ دەبنەوە و دەفڕنەوە سەر لکی دار و درەختەکان. ئایا دروستکردنی دەوڵەتێك و لە خۆوە توانەوەی لە چیرۆکە پوچگەراییەکانی بەهەشت ناچێت؟

ئەمە سووکایەتی نییە، ئەگەر بڵێم من مارکسیزم بە دونیاییکردنی ئایینەکان دەبینم و بەس. چونکە لە مارکسیزمدا مارکس و ڕابەرانی پاش وی، جێی خوا و پەیامبەرانی دەگرنەوە و دەبنە بتی پیرۆز و خوا کە لە ئاییەکاندا نیشانەی هۆشی سەروومرۆییە و شایانی پاشڕەوییە، دەستەبژێری کۆمونیستەکان و لەناویاندا ڕابەران و ئیدئۆلۆگەکانیان ئەم ڕێوشوێنە پایەبەرزە داگیردەکەن و دەبنە مامۆستا و فەرماندەری نەزانەکان ( نەزان لە دیدگەی ئەوانەوە). پاشان قۆناخبەندی مێژوو و شۆڕش و فەرماندانیان بە شۆرش و لێکدانەوەیان بۆ شۆڕش و ڕۆڵی کۆمونیستەکان و پارتەکەیان و پیرۆزی گوتەکانیان و دیاریکردنی دروستی و نادروستی هەر بۆچوون و هزر و تێڕوانێك یا هەر ئارەزووییەکی مرۆیی بە بەراورد بە دەقە پیرۆزەکان. دواجار ئاراستەکردنی چارەنووسی مرۆڤەکان و مێژوو بەو جۆرەی کە چەند کەسێك هێڵکارییان بۆ کێشاوە و ناچاربوون بە ملدان بەو نەخشانە وەك ڕاستییەکی بێچەندوچوون. ئایا ئەمە هیچ جیاوازییەکی لەتەك ڕێڕەو (مذهب) و ئایینەکان هەیە؟

بەم بەراییە کورتەوە، هەوڵدەدەم بەپێی توانای بۆچوونی کەسیی خۆم لەمەڕ ئەو بیرۆکانەی کە نووسەر بەنێوی هزری نوێی کۆمونیستی دەیانخاتە بەرچاومان، بخەمەڕوو.

سوپاسنامە و چەن پەیڤێك.

نووسەر لە سەرەتای پەرتووکەکەیدا سوپاسنامە و چەند پەیڤێکی وەك پێشەکی بۆ پەرتووکەکەی  نووسیوون، کە پاش خوێندنەوە و سەرنجدانەکەی من و ئەوانی دیکە هاتووەنەتە نووسین. بە خوێندنەوەی ئەم بەشە دیسانەوە سەرنجی دیکەم لە لا دروست بوون، لەوانە:

- جگ لە هەندێک را و بۆچوونی سەرپێیی هەندێکیان - زۆربەیان ئەرێنی بوون،

من بەم تێڕوانینەی نووسەر بۆ ڕا و بۆچوونی نەرێنی هەندێك، کە وی بە سەرپێییانە نێویان دەبات، لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی خۆی، بۆچوونی نەرێنیم لە لا دروستبوو. چونکە ئەمە باوترین و کۆنترین شێوازی بیرکردنەوەی ناو ڕەوتێکی هزرییە کە وی دەیەوێت ڕەخنە لە خەوشەکانی بگرێت و هەر ئەم خەوشەیە بووەتە هۆی دۆگمبوونی و ڕێسایی (سوونەت) بوونی سێکتاریزم لە کۆمونیزمی مارکسیستیدا. کاتێك کە من ڕوو لە کەسانێك بنێم و چاوەڕێی دەربڕینی بۆچوونیان لێ بکەم، پێویستە بەبێ هەڵاواردن بۆچوونەکانیشیان بە هەند وەربگرم و لە سوپاسنامەدا سووکایەتییان پێ نەکەم [هەندیك ڕا و بۆچوونی سەرپێیی]. ئایا ئەمە ڕەنگدانەوەی نائاگایانەی ئەو بۆچوونە نییە، کە دەڵێت ئەوەی لەتەکم هاوڕا نییە، دوژمنمە؟

رێکخراوبوونی هەر ڕەوتێکی نوێش کە لەژێر ڕۆشنایی یا کاریگەریی ئەو هزرە نوێیەدا دادەمەزرێ ناتوانێ لە دەرەوەی یا دوور لە شێوە رێکخراووبونی کۆمۆنەیی کە رێکخراوبوونی رەسەنی هزر و فەلسەفەی کۆمۆنیستییە خۆی دروست بکا.

بەداخەوە نووسەر وەك ئەوانی دیکەی پێش خۆی لە نێوان واژەکانی( کۆمون و کۆمۆن ، کۆمونیزم و کۆمۆنیزم) جیاوازی نەکردووە. لێرەدا مەبەستم لە باری زمانەوانی نووسینەکە نییە، چونکە ئەو هەویرە ئاوی زۆر دەکشێت، بەڵکو تەنیا مەبەستم لە ڕووی (چەمك- تێگەیشتنی فیلۆسۆفیی و واتاسازی)ەوە ئەم دوو واژەیە بە نموونە دەهێنمەوە، کە (کۆمۆن Common) وەك (Common Language، Common-law) بە واتای (ناوکۆیی)  دێت و (Commune) و (Communism) لە ڕووی واتای پەتی وشەوە بە واتای شارەوانی و شارەوانیخوازی دێن و لە ڕووی ڕامیارییەوە بە واتای کۆمەڵگەی یەکسان و یەکسانیخوازی دێن. پرسیارێك کە لێرەدا یەخەمان دەگرێتەوە، بۆچی هەموو ڕەوتە کۆمونیستییە ماركسیستەکانی کوردستان خۆیان بە کۆمۆنیست ناوکۆگەرا ناودەبن، لە کاتێکدا کە لە 1848 تا هەنووکە نەك کۆمونیستەکان بە دوای خاڵی ناوکۆیی نێوان تاك و گروپەکانیاندا نەگەڕاون، بەڵکو بەردەوام وەك بۆمبی هێشوویی پارچە پارچە تر بوون و لە یەکتر دوور کەوتوونەتە و لەبەر دەسەلاتخواییان ئەوەندەی جەنگی یەکتریان کردووە، لە ملیۆندا یەکی ئەوە جەنگی سیستەمە چینایەتییەکەیان نەکردووە، هەر ئەم هۆیەشە ئاوای کردووە، کە هەموو مانگێك، گروپێك لە پارتێك جیابێتەوە و هەموو ساڵێك، پارتۆکەیەك لە شار و شارۆچکەیەدا قوت بێتەوە.

(ڕێکخراوبوونی ئامادە و بانفەرمایی حیزبییی حیزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییە کلاسیکیی و بەناو نوێ و کرێکارییەکان کە وەك خێل خۆدەنونی، رێکخراوبوونی بێ سەروبەری دەستە و کۆمەڵە بچووک بچووک و پەرشوبڵاوەکانی دەستەگەرییەکان و ئەنارکیستەکان، رێکخراوبوونی بۆق ئاسای حیزب و لایەنە مزەورەکانی سۆشیال دیمۆکرات و سۆشیال ئەنەتەرناسیونال و سۆشیال نەتەوەیی و سۆشیال قەرەجیی و هەندێک لە لیبرالییەکان کە خۆیان بە بزاڤی چەپ و کۆمۆنیستیی ناوزەد دەکەن)

لەم نێوهێنان و نموونەهێنانەوەدا چەند نێو و واژە داهێنانێك جێی سەرنجن و ناکرێت بازیان بەسەردا بدرێت. چەپ و کۆمونیستەکان  ئەم دوو واژەیە لە ئەدەبیاتی مارکسیستەکاندا زۆر جار یەکی دەکرین و لە بری یەکدی بەکار دەبرێن، هەندێك جاریش بەم جۆرە دەکرێنە دەستە خوشك و دەستبرای یەکدی.  ئەم تیکەڵکردنە بێ ڕوونکردنەوەیە، سەر لە خوێنەر تێکدەدەن و کاری ڕەخنەگریش دژوار دەکەن. ئەگەر چەپ، هەمان کۆمونیستەکانن، ئیدی پێداویستی ئەم دوو واژەیە لە یەك ڕستە و یەك پەرەگراف و لەیەك دەق و یەك جیهانبینیدا لە کوێدایە؟ ئەگەر دوو شتی جیاوازیشن، ئەز دەخوازم هەم چەپەکان بۆ ئێمەی خوێنەری ڕۆشن بکەنەوە، کە پێناسەی خۆیان و کۆمونیستەکان چۆن دەکەن، هەم کۆمونستەکان، چۆن پێناسەی خۆیان و چەپ دەکەن؟ مێژوو و فیلۆسۆفی دەرکەوتنیان بۆ کەی و چی دەگەڕێتەوە؟ دیسانەوە ئەگەر یەك واتایان نییە، کامیان پاش کامیان دەرکەوتووە، ئایا هۆی دەرکەوتنی ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکەی پێش خۆیەتی؟

 مەبەست لە رێکخراوبوونی بێ سەروبەری دەستە و کۆمەڵە بچووک بچووک و پەرشوبڵاوەکان، چییە؟ ئایا نووسەر خوازیاری ناوەندێتی ڕێکخراوبوون و ڕێکخراوەکانە و لە بەرامبەر ئەوەدا کە وی بە بێسەرەبەرەیی دەیچوێنێت، خوازیاری دیسپلینی پۆڵایینی لە چەشنی پارتی لێنینیستییە؟ ئەگەر نا، ئایا لە نێوان ئەوەی ئەو بە بێسەرەبەرەیی نێوی دەبات و ناوەندگەرایی و دیسپلینی پۆڵاییندا، ئەڵتەرناتیڤی دیکە شك دەبات یا دەخاتە ڕوو، کامەیە و جیاوازی لەتەك ئەوەی کە کۆمونیستەکانی پێش خۆی پەیڕەویان کردووە، چییە؟

دەستەگەرییەکان و ئەنارکیستەکان ، یەکێك لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی ئەنارکیستەکان و مارکسیستەکان چ لە پراکتیك و چ لە تیئۆریدا، ئەوەیە کە ئەنارکیستەکان بە درێژایی مێژووی دەرکەوتنیان وەك ڕەوتێکی ڕامیاریی، هەوڵ و کۆششیان لەپێناو دۆزینەوە و بەکاربردنی میکانیزمگەلێكدا بووە، کە بەر بە دەستەگەری (سکتاریزم) بگڕن و یەکێك لە ڕەخنە سەرەکییەکانیان لە تێڕوانینی مارکسیستەکان، هەر لەو بارەوە بووە. چونکە دەستەگەری چەند هۆکار و دنەدەری هەیە؛ یەکەم، پاش و پێشی سەرهەڵدانی تیئۆری و پراکیك، کە لایئەنارکیستەکان بە پێچەوانەی  مارکیستەکانەوە، تیئۆری بەرەنجامی پراکتیکە.

دووەم، دەسەڵاتخوازیی و شەڕە دەنووك لەسەر پلەو پایەی پارتیی و میریی، کە ئەنارکیستەکان بە پێچەوانەی مارکسیستەکانەوە، هەموو پێکهاتەیەك کە سەر و خواری هەبێت و تاکەکان بەسەر رابەر و رابەریکراودا دابەش بکات، ڕەتدەکەنەوە و هەر لێرەشەوە پێکهاتە قوچکەییەکان (hierarchy) لەوانە پارت و میرایەتی و دەوڵەت و ڕێکخراوە کرێکارییە باوەکان [ زەرد و ڕیفۆرمیستەکان]  ڕەتدەکەنەوە.

سێیەم، گچکەیی گروپە ئەنارکییەکان، بۆ دەستەگەریی (سکتاریزم) ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ پرسی ئاساییشی و بەرگرتن بە دەسەلاتگەری (Authoritarianism) و پاوانخوازیی (dominate)  و ناوەندەگەرایی (centralism) دەگەرێتەوە، هەروەها گروپە ئەنارکییەکان وەك کار وچالاکی تەنیا گروپی راگەیاندن و هیچ ڕۆڵ و پێگەیەکی دیکەیان نییە. لە بەرامبەردا تاکە ئەنارکییەکان خۆیان لە گروپە کارییە لۆکاڵییە جۆراوجۆرەکاندا چالاكی دەکەن، چونکە لە بەرامبەر ڕێخکراوەی ڕامیاریی سەروو خەڵکیدا بەرتەری بە گروپی جەماوەری سەربەخۆداکان دەدەن و تەنانەت بێجگە ئەرکی راگەیاندنی هیچ ڕێوشوێنێکی تایبەتی بە گروپەکانی خۆیان نادەن و ناسپێرن.

 لایەنە مزەورەکانی سۆشیال دیمۆکرات،  راستییەکەی هەرچەندم کرد، لەم دەستەواژەیە تێنەگەییشتم، ئایا دەستەیەکی دیاریکراوی ناو ڕەوتە سۆشیال-دێمۆکراتەکانە؟

سۆشیال ئەنەتەرناسیونال، ئەم دەستەواژەیە بەتایبەت ئەنتەرناسیونال لە نووسینی کوردیدا و لە هەمووی سەیرتر لەلایەن کۆمونیست و ڕۆشنبیرانەوە بەو جۆرە دەنووسرێت، کە نەك هەڵەیە، بەڵکو واوەتر لە هەڵە واتایەکی هەڵەیەتر بەدەستەوە دەدات، کە دەتوانین بە قورسکردنەوەی پیتی یەکەم (ئـ) ەبێتە عەنتەرناسیونال و کەم نین ئەو کەسانەی کە لە ڕووی ناشارەزاییەوە لە زمانە لاتینی و ڕۆمانییەکان، ئەو واژە و چەمکانە بەو شێوە دەردەبرن. لێرەدا هیچ گلەیی لە کەسانی ناشارەزا ناکرێت، بەڵام ناکرێت و ناتوانرێت دوو بەرە (کۆمونیستەکان) و (نووسەر و ڕۆسنبیرەکان) لە ژێر باری ڕەخنە و سەرکۆنە دەرکەین. چونکە ئەگەر بە هەر کۆمونیستێك بڵییت، سڵاو، دەلێت ئێمە ئەنتەرناسیونالیستین، دەستەبژێری ڕۆشنبیرانیش لە هەموو ڕستە و پەرەگرافێکدا وێنای خۆیان وەك توێژێکی بان و تەنانەت بان-مرۆڤیش دەکەن.

ئەگەر مەبەستی کۆمونیستەکان و ڕۆشنبیران و نووسەران، چەمکی نێونەتەوەیی بێت، ئەوا بە (ئینتەر-Internationalism) دەستپێدەکا. ئەگەر مەبەستیشیان دژە-ناسیونالیسم بێت، ئەوا بە (ئەنتی-Anti-nationalism) دەستپێدەکا. ئەگەر مەبەست لەم دووانەش نەبێت، ئەوا دەربڕینە گشتییە نەشارەزایانەکە عەنتەرناسیونالیزم دەمێنێتەوە، کە لەو بارەشدا هەم بە واتای پۆزەتیڤ (سۆپەر نەتەوەیی- لای خودی ناسیونالیستەکان) و هەم بە واتای نیگەتیڤی (ملهوڕی نەتەوەیی- لای دژە-ناسیونالیستەکان) دێت.

سۆشیال قەرەجیی, سەرەتا وەك خوێنەرێك کە یەکەم جارە چەمك یا دەستەواژەی ئاوا بەرچاوم بکەوێت، بۆیە پێمخۆشە بزانم بۆ یەکەم جار کەی دەرکەتووە و لە چ لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆگی و رامیاریدا هاتووە، ئایا لە ناو ڕەوەندە (ڕۆما)کاندا بزاڤی سۆشیالیستی ڕامیاریی بە ئاراستەی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی جێگیر هەبووە و هەیە؟

ئەگەر لەو ناڕۆشنییانەی سەرەوە بگوزەرێم، ئەوا لێرەدا فرەتر وەك سووکایەتی دەیبینم و قەرەجی یەکێكە لەو دەستەواژە باوانەی ناو زمانی دەستەبژێریی و دەسەلاتخوازانەی کوردی، کە وەك کوتەك هەموو کات لە بەرامبەر ملنەدانی ڕۆماRomsکان بە سنوورە نەتەوەییەکان و باج و خەراج و یاساکانی سەروەری چینایەتی، بەرزکراوەتەوە.

لیبرالییەکان، ئەم واژەیە، بەم شێوە داڕشتنە هەڵە لە دەرکەوتنی چەمکدا دروست دەکات و چەمکی (لیبراڵ) دەبێتە چەمکێکی دیکە (لیبڕاڵی)، چونکە لیبراڵییەکان تەنیا دەتوانێت کۆی نێوی لیبڕاڵی بێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێت هەڵگرانی هزری (لیبرالیزم) لە زمانی کوردیدا کۆ بکەینەوە، ئەوا لە دوو شێواز بەدەر نییە؛ لیبرالیستەکان یا لیبڕاڵەکان.

( کە خۆیان بە بزاڤی چەپ و کۆمۆنیستیی ناوزەد دەکەن)، ئەوەندەی من ئاگادار بم، سۆشیال- دێمۆکراتەکان و سۆشیال ئینتەرناسیونالیستەکان [ ئەگەر مەبەستی نووسەر سۆشیالیست ئینتەرناسیوناڵ بێت] و سۆشیال نەتەوەیی [ ئەگەر مەبەستی نووسەر نازییەکان و نەتەوەییە چەپەکان بێت] لیبڕاڵەکان، نەك خۆیان بە کۆمونیست نازانن، بەڵکو دژایەتیشی دەکەن و بڕواناکەم ئەندامانی خوارەوە و لایەنگرانیشیان هەڵەی وا بکەن و دژی پارتەکانی خۆیان پاگەندە بۆ کۆمونیزم بکەن. لە دەرەوەی ئەو باڵە چەپانەی دەسەڵاتخوازان، دوو نێو دەمێننەوە؛ سۆشیال قەرەجیی و ئەنارکیستەکان. وەك وتم سۆشیال قەرەجیی یا بوونی نییە و داهێنراوی نووسەرە یا ئەوەتا من لەو بارەوە زانیاریم نییە. ئەوەندەی دەگرێتەوە سەر ئەنارکییەکان، چەپ نین و هەروا بەبێ ڕوونکردنەوە و دیاریکردنی واتای چەمکەکە، ناچنە ژێڕباری کۆمونیزم و خۆیان بە کۆمونیستی ئازادیخواز و سۆشیالیستی ئازادیخواز نێودەبەن و بە دیاریکراویش ئاراستەیەك لە ئەنارکیزم خۆی بە کۆمونیزمی ئازادیخواز پێناسە کردووە.

لەبەرئەوە بێجگە لەو پارتانەی کە هەڵگری پاشگریکۆمۆنیستن، ڕیزکردنی ئەو نێوانەی دیکە لەو پەیوەندەدا هیچ واتابەخش نییە و زیادەیە. ئیتر نازانم ئەو ڕەوتانەی [ بێجگە لە سۆشیال- دێمۆکراسی کە کارل مارکس و فریدریش ئەنگلس هیوای خۆیان پێوەگرێدابوو] کە خۆیان کۆمونیست نەبوون و ناشبن، چۆن توانیویانە ببنە ڕێگر لەبەردەم بزاڤی کۆمونیستی و بەو دەردەیان بردووە؟

*24\9\ 2010

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک