٢٣\١٠\٢٠١٠
چەند سەرنجێک لە
بارەی کۆچکردنی کوردەکانی قەزای دووزخورماتوو.

عەبدوڵا ئەحمەد
دەسپێک.
لەبەر هەستکردن بەبەرپرسیارێتی بەباشم زانی
لەم کورتە نووسینەدا بۆچونەکانم بخەمە بەر دیدی خوێنەرانی بەڕێز
لەبارەی کۆچکردنی کوردەکانی قەزای دووزخورماتووەوە تا لایەنە
پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانن رێگە لەو شاڵاوە
کۆچکردنە بگرن.
لەئێستادا بەحوکمی ئەوەى لەقەزای دوزخورماتوودا ژیان دەگوزەرێنم و پتر
ئاگادارین لە کێشەو گرفتەکانی ئەم قەزایە، هەرچەندە لەم ماوەیەی
رابردودا چەندین نووسەر و رۆژنامەنووس راپۆرت و وتار و نوسینیان
لەبارەی کۆچکردنی ماڵە کوردەکانی ئەم شارە بڵاوکردەوە و ئەو دیاردەیەش
بوە سەرنجی چەندین میدیای عەرەبیش و بەم نوسینەش دەخوازم هەندێ خاڵ کە
پێویستە بزانرێت پەنجەی بخەمە سەر.
سەرەتا.
دوزخورماتوو لەساڵی (1951)دا کراوە بەقەزا و یەکێکە لەدێڕینرین
قەزاکانی باشوری کوردستان و دەکەوێتە باشوری شاری کەرکوکەوە و لەڕووی
ئیداریشەوە پێشتر سەر بەپارێزگای کەرکوک بووە، بەڵام بەهۆی گۆڕینی
دیموگرافیای ئەم دەڤەرە کوردستانییە، رژێمی لەناوچو بەپێی مەرسومێکی
کۆماری لەساڵی (1976)دا لەکەرکوکی دابڕاند و خستە سەر پارێزگای
سەڵاحەدین و لەو کاتەوە و تا رۆژگاری ئەمڕۆشمانی لەگەڵدابێ
دەسەڵاتدارانی پارێزگای سەڵاحەدین هەمیشە دووزخورماتوویان بەهێڵی سوور
زانیوە و خزمەتێکی ئەوتۆیان بەم قەزا کۆڵنەدەرە نەکردوە، و هۆکاری
سەرەکی ئەم حاڵەتەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەزانن ئەم قەزایە لەزۆرینەى
نەتەوەی کورد پێکدێت و بەداخەوە سەرانی پارێزگا لەئێستاشدا کین و
حقدیان بەرامبەر بە کورد هەیە، هەربۆیە جیاوازی لەنێوان قەزای
دووزخورماتوو و حەوت قەزاکەى دیکەى پارێزگای سەڵاحەدیندا دەکەن لەڕووی
دامەزراندن و باشترکردنی جادە و رێگاوبان و بوارەکانی خزمەتگوزاری
بەگشتی.
بەپێی خەملاندنێکی ئەنجومەنی شارەوانی قەزای دووزخورماتوو رێژەی
دانیشتوانی قەزای ناوبراو بەهەموو پێکاهاتەکانیەوە زیاتر لە(200) هەزار
کەس دەبێت و نەتەوەی کوردیش لە %40 ی قەزاکە پێکدەهێنێت و دواتر رێژەى
تورکمان و ئینجا عەرەب دێت. ئەم قەزا کوردستانیە کەوا (60) ساڵی رەبەقە
کراوەتە قەزا و بێگومان شوێنێکی ستراتیژیە و هەر دانیشتوانی ئەم قەزایە
بو کە لەنەوەتەکانی سەدەى رابردو بەتایبەت ئەو کاتەى کە عێراق گەمارۆی
ئابووری لەسەر بوو بوبوە دەروازەیەک بۆ بوژانەوەى ئابووری چەند
ناوچەیەکی کوردستان لەرێگەى هەناردەکردنی شت و مەک و هەر لەگڵۆپ و
فافۆن و مسەوە بیگەرە تا بەئاودیوکردنی زۆر شتی دیکە لەرێگای زنجیرە
چیای حەمرینەوە، چونکە سنوری هەرێمی رزگارکراوى کوردستان تەنیا ئەو
زنجیرە چیایە بو لەنێوان دووز و خاکى رزگارکراودا. هەروەها کوڕانی
نەبەردی ئەم قەزایە لەراپەڕینە مەزنەکەى ساڵی (1991)دا چەندین رۆژ
بەرخۆدانیان کرد و توانیان بۆ ماوەیەک ئەم شارە داماڵێنن لەسەرانی بەعس
و سەرەڕای ئەوەى سیاسەتی توانەوە (ئاسیملاسیۆن) دژ بەکورد پەیڕەو دەکرا،
بەڵام کۆڵیان نەداو خۆراگرانە توانیویانە بەرپەچی دوژمن بدەنەوە.
ئەمە و لەشۆرشی نوێ گەلەکەمان و پێشتریش لەشۆرشی ئەیلولدا کوردانی
نەبەردی ئەم قەزایە بەشداریەکى بەرچاویان هەبووە و هەمیشەش درێغیان
نەکردوە لەپێناو کوردایەتیدا چەکی شەرەفیان لەشان کردووە و رووبەڕووی
دوژمن بونەتەوە و لەو پێناوەشدا دەیان شەهیدیان داوە و وە لەپرۆسەى
ئەنفالی سێشدا مەخابن پشکی شێریان بەرکەوتووە و هەزاران ئەنفالیان داوە
ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەى کورد بوونە و ئەوەى کە من دەیزانم تەنیا
لەیەکێک لەگوندە کوردنشینەکانی سەر بەقەزای دووزخورماتوو لەو گوندەدا
کە لە (100) ماڵ پێکهاتبوون (300) کەس بە ژن و پیر و گەنج و منداڵەوە
ئەنفال کران و هەروەها خاوەنی سەدان زیندانی سیاسیشە و تا هەنکوکەش
برینەکانی ئەم قەزایە سارێژ نەبوەتەوە.
دەستی ئاوەدانی حکومەتی هەرێم.
لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە حکومەتی هەرێم بەسوپاسەوە چەند پرۆرژەیەکی
بچوک و مام ناوەندی بۆ دووزخورماتوو بەئەنجام گەیاندووە وەک دروستکردنی
پارکێک و مەلەوانگەیەک و یارێگایەک و چەند پرۆژەیەکی دیکە و هاوکات
لەدوای ساڵی (2003)ەوە زیاتر لە(500) مامۆستای سەرەتایی و ئامادەیی
لەسەر بودجەى حکومەتی هەرێم بۆ قەزای ناوبراو دامەزرێنراوە و هەروەها
هەر لەم سنورەدا سەدان پێشمەرگەیان دامەزراندووە، و ئەو هەنگاوانە
جێگای دەس خۆشین، بەڵام ئەوانەی کە ئاماژەم بۆ کردن کە حکومەتی هەرێم
کردویەتی بەشی ئەوە ناکات کە داخوازیەکانمان بهێنێتە دی و ئەوەشى کە
کراوە لەماوەى ساڵی (2003)ەوە تاکو ساڵی (2007) ئەنجامدراون و ئەوا
نزیکەى (4) ساڵە یەک کەسیش لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە بۆ ئەم شارە
دانەمەزرێنراوە و هاوکات هیچ خزمەتگوزاریەک بەم شارە نەگەیەندراوە،
ئەمە لەکاتێکدایە تەنیا بۆ خوێندنی ئەمساڵ پەروەردە پێویستی بە (100)
مامۆستا هەبوە بۆ ئەوەى ئەو بۆشایەی کە لەقوتابخانە کوردیەکاندا دروست
بووە پڕبکاتەوە و ئاشکراشە بۆ ئەمساڵی خوێندن حکومەتى هەرێم (3000)
هەزار مامۆستای دامەزراندوە ژمارەیەکیشی بۆ ناوچە دابڕاوەکان
دامەزراندوە، بەڵام یەک مامۆستاش بۆ سنوری پەروەردەى دووزخورماتوو
دانەمەزرێنراوە.
دانیشتوانی دوزخورماتوو دەزانن کە لەدوای پرۆسەى ئازادیەوە سەدان
تورکمان دامەزرێنراون لەلایەن حکومەتى مەرکەزیەوە و ئەوەش بەهەوڵی چەند
پەرلەمانتارێکى تورکمانەوە دێت کە هەوڵ بۆ نەتەوەى خۆیان دەدەن و ئێمەش
وەک کوردی ئەم شارە یەک بەڕێوەبەری گشتی کوردمان نییە لەبەغدا تا
لەرێگەیەوە هەوڵی دامەزراندن بدەین و بەرپرسە کوردەکانی بەغداش بەسەر
دوزدا تیدەپەڕن و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان نەک دەستى یارمەتیان بۆ
قەزاکە درێژ نەکردووە، بەڵکو بۆ جارێکیش هیچ کامیان سەردانێکی دووزیان
نەکردووە، ئەمە لەکاتێکدایە وەزیری وەرزش و لاوانى عێراق کە بەنەتەوە
تورکمانە و خەڵکی دووزە چەند پڕۆژەیەکى ئەنجامداوە بۆ گەڕەکە تورکمان
نشینەکان.
لێرەدا مەبەستمە بڵێم حکومەتى هەرێم دەبا ئاوڕێکی جددیمان لێبداتەوە
ژمارەیەکى زۆری دەرچوى ئامادەیی و پەیمانگا و زانکۆمان هەیە با
چاویشیان لەدووز بێت نەک تەنیا مامۆستا و پێشمەرگەمان بۆ دابمەزرێنن،
هەرچەندە ئەوانەش پێویستن، بەڵام با لەبەشە جیاجیاکانی دیکەشدا خەڵکمان
بۆ دابمەزرێنن. ئەوەى کە تێبینیم کردبێ لەم رۆژانەدا ئەنجومەنی
وەزیرانی حکومەتی هەرێم لەکۆبونەوەیەکیاندا بڕیاری ئەوەیان داوە دوای
پەسەندکردنی بودجەى ساڵی (2011) پڕۆژەیەکیان لەبەر دەستدایە تا بتوانن
بێکاری کەم بکەنەوە و هەلی کاریان بۆ دەدۆزنەوە بۆ تەفعیلکردنی کەرتی
تایبەت و هەروەها سودگەیاندن بەلاوان دەبا لەم پڕۆژەیەشدا دووز لەبیر
نەکەن، چونکە خاوەنی دەیان دەرچون و بێ ئەوەى دابمەزرێن.
کورد لەپاشەکشێدایە.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە زۆربەى فەرمانگە حکومییەکانی قەزای
دووزخورماتوو لەدەستی کوردابوو، بەڵام لەئێستادا پیلانێک دژ بەکورد
بەڕێوەیە و چالاکانە کارەکانیان ئەنجام دەدەن و ئەمەش وەک دەزانرێت
دەستی بەرەى تورکمانی و ئەندام پەرلەمانێکى تورکمان کە خەڵکی دووزە
لەپشتەوەیەتی و لەبەغداوە هەوڵەکانیان خستوەتەگەڕ و لەماوەى ئەم دوو
ساڵەى رابردوودا توانیویانە بەڕێوەبەری پۆلیسی دوزخورماتوو، لەبەر
ئەوەى کە کورد بوو لایبەرن تورکمانێکی لەجێگا دابنەن و هەر
لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دووزخورماتو تەنیا سێ ئەفسەری کوردمان هەبوو
ئەوانیش بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوورخرانەوە لەسەر
کارەکانیان و هاوکات بەڕێوەبەری سایلۆ کە کوردێک بو لابرا و تورکمانێک
دانرا لەجێگاکەی ولەدواین هەوڵیشیاندا بەڕێوەبەری پەروەردەى
دووزخورماتوو کە کوردێک بوو لەسەر کارەکەى لابرا و بەپێی هەندێ
زانیاریش کە بەندە ئاگادارە لەئێستادا پیلانێکی دیکە بەڕێوەیە دژ بە
لابردنی قائیمقامی قەزای دووزخورماتوو ئەگەر ئەو کارەیان سەر بگرێ ئەوا
بەتەواوەتی کورد لەم شارەدا رەوشی بەرەو خراپبون دەچێت. هەروەها گەر
سەردانێکی فەرمانگەکانی وەک شارەوانی و بانک و پۆستە و گەیاندن بکەین
دەبینین لەهەر یەک لەو فەرمانگانە تەنیا دو فەرمانبەری کوردی تێدایە
ئەمانە و لەزۆربەى فەرمانگەکانی دیکەشدا رەوشمان هەر بەمشێوەیەیە.
ئەگەر باس لەوە بکرێ حکومەتى هەرێم نەتوانێ راستەوخۆ دەستێوەردانی ئەم
قەزایە بکات یان کێشەکانی چارەسەر بکات خۆ سەرکردایەتى سیاسی کورد
لەبەغدا دەتوانن خەمێک لەم شارە بخۆن و لەبەغداوە لەرێگەى دامەزراندن و
خزمەتکردن لەسەرجەم بوارەکاندا هەندێ لاری رەوشەکەمان راست بکەنەوە.
کورد بە شاڵاو کۆچ دەکا.
لەئێستادا کوردەکانی دانیشتووی دووزخورماتوو بۆ شارەکانی وەک سلێمانی و
هەولێر و کەلار و شوێنەکانی دیکەى هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن بەپشت
بەستن بەو زانیاریەى کە لەقائیمقامیەتی دووزخورماتووەوە وەرگیراوە
تەنیا لەماوەى (10) مانگی رابردوودا زیاتر لە (450) خێزانی کورد
قەزاکەیان بەجێهێشتوە و شاڵاوی کۆچکردنی کوردەکان بەردەوامە و ئەمەش
نەک تەنیا خەڵکی ئاسایی کۆچ دەکەن، بەڵکو دەیان کادری حزبی و حکومی
ماڵەکانیان لەشوێنەکانی تری کوردستانە و خۆشیان لەبەر موچەو ئیمتیازات
دەوامەکانیان هەر لەدووزە، نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە رەوشی شارەکەمان
لەرووى ئەمنى و خزمەتگوزاریەوە باش نییە، بەڵام ئەوەش نایەتە ئەو
مانایەی ئێمە ئەو شارەى کە هەزران قوربانیمان لەپێناویدا داوە بەسانایی
جێیبهێڵین. ئەو خەڵکە ئاسایەی کە کۆچ دەکەن بەدڵنیایەوە دەیڵێم
بەشێکیان لەداخی بەرپرسانی شارەکە کۆچ دەکەن، چونکە لەرابرودا وەعد و
بەڵێنی زۆریان بەدانیشتوانی قەزاکە داوە و هیچیانیش بەدى نەهێناوە و
لەئێستاشدا خۆیان کۆچ دەکەن، بۆیە ئەو حاڵەتە هاندانێکە تا خەڵکی
ئاسایی کۆچ بکات.
بێگومانم لەوەى ئەم کۆچکردنەش کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت یەکەم :
لەبەر ئەوەى رێژەى کورد لەدووزدا کەم دەبێتەوە و ئەمەش لەکاتێکدایە
بەرەو سەرژمێری گشتی عێراق دەچین. دووەم: ئیدی لەهەڵبژاردنەکاندا وەک
کورد هەرگیز زۆرینە نابین ئەگەر لەهەڵبژاردنی سەرتارسەرى عێراقدا
لەساڵی (2005)دا تەنیا دەنگی کورد لەم شارەدا کورسیەکى مسۆگەر کرد و
لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیشدا دەنگى کورد توانی دوو کورسى
مسۆگەر بکات لەئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین ئەوا بەدڵنیایەوە دەڵێم
گەر لەداهاتودا ئا بەمشێوەیە ئەم کۆچکردنە بەردەوام بێت ئەوا زەحمەتە
بتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیدا،
بۆیە ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن مەترسیەکانی ئایندە لەپێش چاومانە.
دوا سەرنج.
بەر لەبەرچاوگرتنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کرد و
بۆ رێگە چارەسەرکردن ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو.
یەکەم: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوڕی جددی لەقەزای
دووزخورماتوو بداتەوە لەسەرجەم بوارەکاندا و هەروەها حسێب بۆکردن بۆ
ئەم قەزایە لەراگەیاندن و میدیاکاندا بۆ نمونە گەر باس لە ناوچە
دابڕاوەکان بکرێ یەکسەر باسی خانەوقین و بەسەر دووزدا باز دەدات و
دەچێتە سەر کەرکو ک شەنگال، بەبڕوای من دووز هیچی لەناوچەکانی تر کەمتر
نییە. چۆن ئەگەر خانەقین لەپارێزگای دیالەدا پێگەى کورد دیاری بکات،
ئاوەهاش دووزخورماتوو لەپارێزگای سەڵاحەدیندا پێگە و قورسایی کورد
دیاری دەکات.
دووەم: پێشنیاز دەکەم کە سەرکردایەتی سیاسی کورد بەشێوازى جۆر بەجۆر
کاری وابکات کە ئەو شاڵاوە کۆچکردنە رابگرێت، ئەگەر بوترێ با بەرپرسە
کوردەکانی شارەکە ئەو گرفتە چارەسەر بکەن، ئەوا ئێمە دەزانین کە هەر
ئەو بەرپرسانەن ماڵەکانیان لەدەرەوەى دووزە وەک یەکێک لە بەرپرسە
کوردەکان لە کۆڕێکدا فەرمویەتی" ژیان لەدووزدا تاڵ و زەحمەتە و نامەوێ
رەوشی منداڵەکانم خراپ بێت، بۆیە ماڵم گواستوەتەوە" ئەگەر ئەمە بۆچونی
بەرپرسێک بێت ئەى بەخەڵکی نورماڵ بڵێن چی، هەربۆیە دەبێ هەر کادرێکی
حزبی بەتایبەت فەرمانی پێ بکرێت گەر ماڵی لەشوێنێکی دەرەوەى دووز بوو
ئەوا لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکرێت.
سێهەم: لایەنی کوردی دەبێت رێگە بگرێت لەو پیلانەى کە دژ بەکورد پەیڕەو
دەکرێت و هەر لەلابردنی بەرپرسە کوردەکانەوە تا ئەو حاڵەتەى کە ترسی
لاى کوردەکان دروست کردووە کە پەپێ سەرچاوەیەکى باوەڕ پێکراو کە بەندە
ئاگادارە لێی لەلایەن چەند گروپێکی تورکمان و عەرەبەوە هاوڵاتیانی کورد
هان دەدرێن بۆ ئەوەى دووز چۆڵ بکەن ئەویش هەندێ جار لەرێگەى کردەوەی
توندوتیژی و ترس و تۆقاندنەوە و کوردەکانیش خانوەکانیان بەتورکمان و
عەرەب دەفرۆشن و ئەوەى کە خەڵکی دوزبێت و یان ئاگاداری بارودۆخى دوزبێت
ئەوا دەزانێت کە چەند گەڕەکێکی کوردنشینی ئەم شارە لەئێستادا پڕ بووە
لەخێزانی تورکمان و عەرەب، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە نەتەوەی ترمان
پێ قبوڵ نەکرێ، بەڵکو ئەو دیاردەیە مەبەستی سیاسی بەدوادا هەیە.
چوارەم: جارێکى تر دەیڵێمەوە دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کورد بزانێت
ئەوەى لەدووزدا روودەدات لەشوێنەکانی تری ناوچە دابڕاوەکاندا بوونى
هەیە ئەگەر بەشێوەیەکى کەمتریش بێت هەر هەمان هاوکێشەمان هەیە و بۆ ئەو
مەبەستەش پێشنیار دەکەم کە لیژنەى تایبەت بنێرن بۆ ئەم ناوچانە بۆ
دیراسەکردنی کێشەکان تا چارەسەری گونجاوى بۆ دەدۆزنەوە.
ماڵپهڕی عهبدوڵا ئهحمهد
|