په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١٠\٢٠٢٤

چەند سەرنجێک لەسەر

کوژرانی حەسەن نەسروڵا و کاردانەوەکان!


شوان عەزیز        

پێشەکی:


من دژی شەڕم، دژی چارەسەری کێشەکانم بە ڕێگەی توندوتیژیی و دژی شەڕێکی بەربڵاوم کە تەڕوپووشی تێدا وەک یەک دەسووتێنرێت!


حیزبوڵا لە ساڵی ١٩٨٢ لە خوارووی زۆرینە شیعەی لوبنان بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ئێران دامەزراو یەکەمین سەرۆکی ئەو حیزبە تا ساڵی ١٩٩٢ بریتیبوو لە عەباس موسەوی!


عەباس موسەوی لە ساڵی ١٩٩٢ بەدەستی ئیسڕائیل کوژرا و حەسەن نەسروڵا جێی گرتەوە. کەواتە حەسەن نەسروڵا دووەمین سەرکردەی حیزبوڵای لوبنانیی بەڵام بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئێران لە ساڵی ١٩٩٢ وە سەرکردایەتی حیزبوڵا دەکات!


حەسەن نەسروڵا توانی لە ساڵی ٢٠٠٠ تەواوی هێزەکانی ئیسڕائیل لە خوارووی لوبنان دەرپەڕێنێت و خوارووی لوبنان ڕزگار بکات. لە ساڵی ١٩٩٧ کوڕێکی حەسەن نەسروڵا بە ناوی هادی بە دەستی ئیسڕائیل کوژراو هەرلەو ساڵەشدا حیزبوڵا لە لایەن ئەمەریکاوە خرایە لیستی تیرۆرەوەو وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وێنا کرا. ئەمەریکاو بە گشتی دەوڵەتانی ناتۆ چارەی حەسەن نەسروڵایان نەدەویست و بەدەستیەوە گیریان خواردبوو بە تایبەتی ئیسڕائیل!


لە ساڵی ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی پەیمانگای نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە (لەندەن)ە ڕایگەیاند کە حیزبوڵا خاوەنی ٢٠ هەزار چەکداری مەشق پێکراوە!
لە دووساڵی ڕابردوودا حەسەن نەسڕوللە کەمتر دەهاتە نێوخەڵکەوەو تەنها لە ڕێگەی تەلەفزیۆن و ڕێگای تۆمارەوە خۆی بە خەڵک نیشان دەدا لە ترسی کوژرانی بەدەستی ئیسڕائیل.


حەسەن نەسروڵا لە ٢٧ی ئەیلوول لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر گەڕەکێکی مەدەنی زاحیەی خوارووی بەیروتی لوبنان کرایە ئامانج و کوژرا لەگەڵ دەیان کەسی تری سەر بە حیزبوڵا!


چەند سەرنجێک:


یەکەم: بە بڕوای من، ئێران چەندە کاردانەوەی هەبوو لە دژی ئیسڕائیل لە کاتی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە هەر ئەوەندەش بۆخۆی ڕاستەو خۆ کاردانەوەی دەبێ. ڕەنگە لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیەوە هەندێک جووڵەی هەبێت!


دووەم: جیهانی عەڕەبی و جیهانی سونە مەزەبی ئیسلامی زیاتر بۆ ئیسماعیل هەنیە بە پەرۆش بوون لە حەسەن نەسروڵا! بە تایبەتی جیهانی ئیسلامیی بە ئادیۆلۆجیەت ئیخوانیی!


سێیەم: حیزبوڵا بە سەرکردایەتی حەسەن نەسروڵا بەشداری سەرکوتی ڕاپەڕینی ٢٠١١ی خەڵکی سوریای کردو لە ئەدلەب و تەڕابلوس خەڵک زۆر چارەیان ناوێت . بۆیە لە کاتی بیستنی خەبەری کوژرانی حەسەن نەسروڵا خەڵکی ئەدلەب هەندێکیان خۆشحاڵی خۆیان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە دەردەبڕی!


چوارەم: جیهانی عەڕەبی کەمتر بۆ حەسەن نەسروڵا پەرۆشی و خەمی خۆیان دەردەبڕن وەک لە ئیسماعیل هەنیە!


پێنجەم: حەسەن نەسروڵا، بە بڕوای من، ئەوەی دەیکرد لە نیوەی زیاتری بۆ لوبنانیەیکان نەبوو بەڵک و بۆ سەرگرتنی سیاسەت و پلانی ئێران بوو لە ناوچەکەدا!


شەشەم: لوبنان و فەلەستین دوو وڵاتی ڕاستە ئیسلامی و عەڕەبین بەڵام بیرکردنەوەیان و بەرژەوەندیان جیاوازە. خەڵکی لوبنانیەکان دەڵێن بۆچی دەبێ لوبنان ببێتە سووتەمەنی سیاسەتەکانی ئێران و بە دەستی حەماس و حیزبوڵا بناڵێنێت. کەواتە ئەو هێزەی کە حیزبوڵا هەیەتی لە لوبنان ئۆتۆریتەی هێزە نەک ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی نێو خەڵک. بۆ نموونە حیزبوڵا حکومەتە لە نێو حکومەتی لوبناندا!


حەوتەم: ئیسڕائیل ئەو پلان و ڕێگایەی کە ئێستا گرتوویەتیە بەر کە بریتیە لە کوشتنی بەرپرس و گەورە دەسەڵاتدارانی حیزبوڵا و حەماس وازی لێناهێنێت و بەردەوام دەبێ چونکە دەزانێت ئەو ڕێگایە زۆر کەمەرشکێنەو لە پەڕوپۆیان دەخات!


هەشتەم: هێزی ئیستیخباڕاتیی ئیسڕئیلیی دنەو دزەی کردۆتە ناو هێزەکان و دام و دەزگاکانی حیزبوڵاو حەماس و حوسیەکان و هەموو پڕۆکسیەکانی ئێران لە ناوچەکەداو بە ڕوونی ئەو دنەو دزە کردنە دیارە.


نۆیەم: هێزی تەکنیکی و زانستی ئیسڕائیل هەموو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی هێناوەتە لەرزە. لەوەتی ئیسڕائیل پەیجەرەکانی حیزبوڵای تەقاندنەوە، ئێستا ترس هەیە کە ئیسڕائیل بتوانێت لە ڕیگەی کەل و پەل و ئامرازە زیرەکەکانەوە کاری گەورەتر لە دژی دوژمنەکانی بکات . بۆ نموونە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی زیرەکەوە، لە ڕێگەی تەلەفۆناتی زیرەکەوە، لە ڕێگەی سەعاتی ئەپل و زیرەکەوە، لە ڕێگەی سەیارەو ماتۆڕی خاوەن عەقلی زیرەکەوەو لە ڕێگای دەیان ئامرازی زیرەکی ترەوە.


دەیەم: ئێران ئێستا ئەوەندەی لە پرۆکسیەکانی دەترسێت کە لەناو بچن زیاتر ترسی لە خۆیەتی و لە سەرکردەکانی خۆیەتی لە ناوجەرگەی ئێراندا. ئەوەتە تەواوی ڕاگەیاندنە جیهانیەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەئی، گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی باشتر لە ڕووی ئەمنیەوە لە ترسی ئیسڕائیل!


یازدەیەم: هێزی تەکنیکی و سەربازی ئیسڕائیل زۆر پێشکەوتوویەو زۆریش وێرانکەرە، دیارە بە پاڵپشتی ناتۆ و ئەمەریکا بەدەرەجەی یەکەم. ئەوەتە ئەو شوێنەی کە حەسەن نەسروڵای لێبووە چەندین قات لە ژێرەوەی ساختومانی گەورەدا بووە. بەڵام دەگوترێت ئەو بۆمبەی کە بەکار هاتووە پێی دەگوترێت قومبەلەی چەکوچ واتە (القنبلة المطرقة). ئەو قومبەلەیە ١٥ مەتر ئەستووری کۆنکریت دەبڕێت و چەندین مەتر دەتوانێت بڕواتە خوارو بە ڕێگەی جی پێ ئێس کار دەکات... کەواتە قسەکەی کاوێزاغا دووبارە دەکەمەوە کە دەڵێت بە تفەنگێ شادومانێ شەڕ ناکرێت لەگەڵ ئاسمانێ!


دوازدەیەم : ئەمەریکا و ناتۆ پاڵپشتی خۆیان بۆ ئیسڕائیل دووپات کردەوە!


سێزدەیەم: ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت تا هەموو قاچ و باڵ و لاکانی ئێران لە ناوچەکەدا کۆتایی پێدێنێت یان بە تەواوی لاوازیان دەکات و ئینجا بە بڕوای من ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە سەرەخەری نۆرەی ئەویش دەێت، چونکە ئامانجە سەرەکیەکە ئێرانە و کۆماری ئیسلامیش ئەمە باش دەزانێت.. ئێستا زین و مەم بەهانەن و هیچی تر.. ئێرانیش ئەمە باش دەزانێت.. جیهانی عەڕەبی و بە تایبەتی جیهانی سونەش لێدانی ئێران و باڵ و پڕۆکسیەکانی ئێرانیان پێناخۆش نیە و لە ژێرەوە ڕازین !
چواردەیەم: جیهانی عەڕەبی بە تایبەتی جیهانی سونە نشین زۆرینەکەی ئێرانیان پێ دوژمنترە لە ئیسڕائیل !


پازدەیەم: کردەوەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری پار زیاتر سوودی بە ئیسڕائیل گەیاندو بیانووی دایە ئەوە بکات کە ئێستا تێیدا بەردەوامە. مەسەلەی درووستکردنی دەوڵەوتیشی بۆ فەلەستینیەکان چەندین هەنگاوە بۆ دواوە گێڕایەوە!...


شازدەیەم: حیزبوڵا لە جیاتی سوود بە لوبنان و بە حیزبەکەی خۆی بگەێنێت زەرەری پێگەیاندن ئەویش بە خۆبەستنەوەی بە حەماسەوە بوو لە ژێر بیانووی موسڵمانەتی و فکرەی نەتەوەییدا.. ئەم کارەی حیزبوڵا بۆ حەماس و فەلەستینیەکان نەبوو ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێران و پلانەکانی ئێرانەوە هەبوو لە ناوچەکەدا!


حەڤدەیەم: کوژرانی حەسەن نەسروڵا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هێزی بەرگریی و هێرشی نێو سەنگەرەکانی پێشەوە بۆ پاراستنی ئێران هەیە.. چونکە حیزبوڵا هێزی سەربە ئێرانی سەنگەرەکانی پێشەوەیە بۆ پاراستنی ئێران و ئاسایشی ئێران بەڵام لە ژێر پەردەی لوبنان و خەڵکی لوبنان و مەسەلەی قودس و فەلەستیندا.

 

ماڵپه‌ڕی شوان عەزیز

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک