٢٦\٦\٢٠٢١
چەند
شیعرێکی دی لە عەبدولوەهاب بەیاتییەوە.

عەبدولوههاب
ئەلبەیاتی |

و: نەژاد
عەزیز سورمێ |
نەی.
نەی دەگری: ئەوە دارستانن گەورەم
لە ناخی قووڵی زەویدا بە دوای خۆراکیدا دەگەڕێ
نەی دەگری: ئەوە باھۆزی پایزە
نەی دەگری: ئەوە قوللەکانن ئاگریان گرتووە
نەی: مرۆڤێک بەرەنگاری مەرگی دەبێتەوە
مەرگی سرووشت و وەرزەکان.
سترانبێژی
کوێر.
باران بەسەر مزگەوتەکانی تاران دا دەبارێ
باران و بۆرژان و
ھەوری ترس
پەلاماری خەڵک دەدەن
بەڵام سترانبێژی کوێری مەرگ
گۆرانی بۆ مردووە کوێرەکان دەچڕی.
لە
بارەی کتێبەکانی مێژووەوە.
کتێبەکانی مێژوو قەحپەن
شەھیدە پیرۆزەکان لە ژێر داروپەردوودا دەنێژن
شایەدە ساختەکانیش دەھێڵنەوە.
دیسان
لە بارەی کتێبەکانی مێژووەوە.
کتێبەکانی مێژوو درۆزنن
ئەسکەندەر قوتابی ئەرستۆ نەبوو
ئەو لە جەللادێک زیاتر نەبوو
کە لە پێناوی داگیرکردندا
داگیری دەکرد
تا ئارەزووی
بە خوێنی سەربازە ھەژارەکان بەدی بێنێ.
بۆ
یەڵماز گیۆنای.
ژن و پیاوێک و شەمەندەفەرێک لە شەوی ئەنادۆڵ دا
بەبەر ڕووناکییەوە
ژنەکە بە ترسەوە دەڵێ : ( ئەو شەوە چییە ؟)
شار و دێھات و گورگ لە ژێر بەفرا
لەبرسان دەلوورێنن
دووکەڵی تونێلە خواروخێچەکان و
کۆخەی منداڵان و
شەوێک پێشبینی بوومەلەرزەی لێ دەکرێ
پیاوە نووستووەکە بە چرپەوە وتی : ( شەو شەوە )
پیاوێکی دی لەوپەڕی فارغۆنەکەوە
لەژێر ڕووناکی خنکێنراودا نامەیەک دەنووسێ و
گۆرانییەک دەڵێتەوە
دوای شەڕی دونیا لە باڵکان دا بڵاو بوو
باس لە خۆشەویستییەکی نادیار و
پەیامبەرێکی شاعیر دەکا
خەڵکی شەیدای بوو بوون
پیاوێک لۆمەی برادەرێکی دەکا و دەڵێ :
( ئەم دونیایە خایین و ئۆینبازە
بە بەرەواژی سواری پشتی کەرێ دەبێ )
ژنەکە بە ترسەوە دەگری
پیاوی یەکەم سەرکۆنەی دەکا و
پێی دەڵێ : (ئەوە چییە؟
سپێدە لە ئانوساتی دایە و
دارستان بە قووڵی ھەناسە ھەڵدەکێشێ
خاک لە بەرەژان دایە).
شاعیر.
ئاگری لە کۆتەکانی بەردا و
وتی دەبێ زیندانەکانی سەرزەمین بڕوخێن
نھێنی خۆشەویستی کارەساتباری خۆی بۆ باران درکاند
کە لە پەیکەرەکانی نوور
لە میعراجیش شەھید بوو
خۆڵەمێشی خۆی بە قەسیدەیەک سپارد
بوو بە (چاک)ێکی نادیار و
سەردان دەکرا.
سیما.
ڕووت لە ئاوێنەدا: دوو ڕووە
درۆ مەکە
خوا لە ئاوێنەدا دەتبینێ.
ژنێک.
ھەموو شەوێ لە گۆڕی دووریدا
دەگەڕێتەوە (تەنەکە)ـاوە
لەگەڵ شەیتان لە ماڵەکانیاندا
جووت دەبێ
وێنەی ئەسپ لە با دا دەحیلێنێ
چەندی لە گەڕانیشیدا وەنەوز تینی بۆ دەھێنێ
دەگەڕێتەوە گۆڕەکەی.
بۆ
یەشار کەمال.
دیواری ژوورە کەڕولاڵەکان و
زمانی گەلانی کیشوەرانت بڕی
بە توانەوە لە ئاگر و ژانی داھێنان
بەرەنگاری
کەلاوەی کەچەڵ و بۆرە نووسەران دەبێتەوە
بە ناوی مرۆڤی تژی مەرگ
شۆڕشی داھێنانی
لە داھێناندا داگیرسان.
_________________________________________
*
لە (عبدالوھاب
البیاتی - الاعمال الشعریە) بەشی دووەم، بڵاوکردنەوەی (المۆسسە العربیە
للدراسات والنشر) بێرووت - لوبنان ١٩٩٥. بڕوانە لاپەڕە (٤٥٤ و ٤٥٥ و
٤٧١ و ٤٧٤ و ٤٧٩ و ٤٨٤ و ٤٩٧ و ٥٠١ و ٥١٣).
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|