په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠٢٠

چەند تێڕوانینێک سەبارەت بە پرسی پەتای کۆرۆنا.

دەشتی جەمال     

کەرەنتینەکردن بە تەنها بەس نییە، دەبێ دەوڵەت وەڵام بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بداتەوە!

لەسەرەتای گواستنەوەی شەپۆلەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاو بوونەوەی لەسەراسەری وڵاتەکانی جیهان.سیاسەت وهەنگاوە عەمەلییەکانی حکومەتەکان لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتاوە بەجدی وەرنەگیرا و ڕاستییەکان شاررایەوە لە خەڵکی و جێگاو ڕێگای پێویست نەگیرایەبەر کە ئاکامەکەی گیانلەدەستدان ومەرگی بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی لێنەکەوێتەوە، بۆ پێشگرتن بەڤایرۆسی کۆرۆنا بە گشتی سیاسەتی کەرەنتینەکردن ومانەوە لەماڵەوەو ئیفلیجکردنی کۆمەڵگای لێکەوتەوە. ئەمەش بەمانای ملکەچ کردنی هاوڵاتیانە بە بڕیارو ڕێنوێنییەکانی سەلامەتیی تەندروستی گشتی جیهانی، گەرچی ئەم بڕیارانە خۆی لەخۆیدا قەدەغەکردنی هاتوچۆ و ڕاگرتنی هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە وکاری پێکەوەیی وبەڕێوەبردنی ڕێنماییە پزیشکییەکان، لە بەکارهێنانی مەوادی پاکژکردنەوەی دەست شتن وئەو ڕێکارانەی پێویستە بگیرێنەبەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی ژیان وگوزەرانی ئینسانەکان ڕێکارو ڕەفتارێکی دروستی پزیشکی و تەندروستی و کۆمەڵایەتین کە پێویستن بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتا نەگریسە هەمووان پابەند بین پێو پەیڕەوی لێ بکەین لەپێناو مانەوەمان و پاراستنی ژیانی یەکتر، بەڵام سیاسەتی دەوڵەتانی دنیا بەشێوەیەکی گشتی بەتەنها لە چوارچێوەی کەرەنتینەکردنی هاوڵاتیاندا چەقی بەستووەو مەسەلەی ژیانو بژێوی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بەفەرامۆشی سپێردراوە. ئەمەلەکاتێکدایە کەپەتای کۆرۆناو سیاسەتی کەرەنتینەکردن، لەگەڵ خۆیدا بێکاریو گرانیو لەدەستدانی سەرچاوەکانی داهات ونەبوونی خۆراکی ڕۆژانەی کردۆتە لایەنێکی پێکەوە گرێدراوی دۆخێك کە بە قەیرانی کۆرۆنا دەناسرێت. ئەمەش ئەو لایەنەیە کەحکومەتو دەوڵەتانی دنیا ناچن بەلایدا و بەرنامەیەکی ڕۆشن وئاشکرایان لەبەرامبەریدا ڕانەگەیاندوە.


ئەم مامەڵە وهەڵسوکەتەی وڵاتەکانی جیهان بەتەنها لەتەنیشت بێکاری وهەژاری وبێدەرەتان کردنی دانیشتوان،بەوەی بە بژێوی حکومەتەکان وخاوەنکارەکانمان ڕازی بین لە کرێی کەم وبڕینی موچەکانمان وخۆدزینەوە لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەمان ووێرانکردنی باری سایکۆلۆجی وبێمتمانەکردن بەیەکتری، ئەمەش لەگەڵ کەمی پشکنین و نەخشەیەکی ڕۆشن بۆ پێشگرتن بەکۆرۆنا و پڕ نەکردنەوەی ئەوپێداویستییانەیڕۆژانە پێویستن بۆ کەرتی تەندروستی وسەلامەتی گشتی لە نەخۆشخانەکاندا دابین بکرێت، وە نموونەیەکی خۆم کاتێك ئەم پەتایەم گرت لە تێپەڕکردنی ڕۆژە سەختەکانیدا دووجار تەلەفۆنم بۆ هێڵی گەرم کردوە ماوەی یەك کاتژمێر و نیو لەسەر هێڵ ماومەتەوە بێ ئەوەی وەڵامێك وەرگرمەوەوبەهانامەوە بێن. وە تەلەفۆن کردن بۆ دکتۆری خێزانی تەنها لەڕێگای ڤیدیۆ کۆڵەوە ڕێنماییەکانی خۆیان لەگەڵ نەخۆشەکانی خۆیاندا پەیڕەوی لێدەکرد، بەبێ پشکنین وچاودێری و ئەو ڕێکارانە پێویست بوو بەرامبەرم بەڕێوەی بەرن ڕایانگەیاند "ڤایرۆسی کۆرۆنات گرتوە".. ئەمە یەکێکە لەو نیشانە کەمتەرخەمیانەی شکستی ئەو سیستەمی تەندروستییەی کە لەماوەی ١٠ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دەسەڵاتدارێتی کۆنسیرڤەتیڤەکانەوە پیادە کراوە، وە بەگشتی سیستەمێك کە نیولیبرالیزم لە سیاسەتی لێگرتنەوە و شانخاڵیکردن لە مافو خزمەتگوزارییە گشتییەکان گیراوەتەبەر، سەرەنجام ئاکامەکەی بەپێی ئامارەکانی ئەمڕۆ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ١.٦٢١.٧٣١ توشی ئەم پەتایە بووە لە جیهانداو بەداخەوە ژیانی لە ٩٧١.١٨٤ کەس سەندۆتەوە. ئەمە ئەو واقعییەتەی سیستەمی سەرمایەداری ئەمڕۆیە کە ئاماژەی ئایندەیەکی مەترسیدار دەخاتە پێش چاومان وهەژاری و تاریکی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە.


لە کوردستاندا ئەگەرچی هێشتا پەتای کۆرۆنا لەسەرەتای خۆیدایە وهێشتا هەڕەشەومەترسییەکانی ئەم بەڵایە لەسەر ژیانی کۆمەڵگای کوردستان کۆتایی پێ نەهاتووە،بەڵکو بەهۆی وێرانی سیستەمی تەندروستی لەکوردستاندا کە لە ماوەی ڕابردوودا لەژێر ڕێنماییەکانی بانکی نێودەوڵەتی وسندوقی دراوی جیهانی ئاڕاستەکانی خۆی لەسەرژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستان بردۆتە پێشەوە، لە وێرانکردنی کەرتی تەندروستی وبرەودان بە کەرتی تایبەتی بەجۆرێك کە نەخۆشخانەکانی کوردستان بەتەواوەتی بەفەرامۆشی سپێردرابوو. جگە لەکەمکردنەوەی دەوام وپارە وەرگرتن لەهاوڵاتیان تا ناچاکردنیان کە خۆیان دەواودەرمان وپێداویستییەکانی چاکبوونەوە لە ئەستۆ بگرن تا بەتایەبەتیکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەك ئاو،کارەبا،خاشاك و ڕێگاوبان.. بەجۆرێك هەڵنەگرتنی بچوکترین بەرپرسیارێتی لەئاستی بەردەوامی ژیان ومافی گوزەران و خزمەگوزارییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستان، کە ئەمە ئاماژەیەکی ترسناکمان پێ نیشاندەدات کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانێت گەورەترین زەربە لەژیانی خەڵکی کوردستان بدات وکارەساتی دڵتەزێن بخوڵقێنێت گەر بێت و کۆمەڵێك هەنگاوی فەوری نەگیرێتەبەر لەپاڵ کەرەنتینەکردنی هاوڵاتیان و قەدەغەکردنی هاتوچۆ. ئەویش بە وەڵامی پێویست و خێرا دابینکردنی ژیان وبژێوی خەڵك، دەبێ بەرپرسیارانی هەردوو حیزبی یەکێتی وپارتی دەست بکەن بەگیرفانی خۆیان لەپارەی هەڵچنراوی شیرینییەکانی نەوت وپارە کەڵەکە کراوەکانی نێو بانکەکانی ئەوروپا وئەمریکا وکۆمپانیا زەبەلاحەکانیان بۆ بەهاناوەچوونی دەیان خێزانی هەژار کە بەهۆی خزاندنی نێوکونجی ماڵەوەو بێ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی بژێویان بێداد وهەژار ماونەتەوە بێ ئەوەی وەڵامێك وەرگرنەوە، مەرگ هەڕەشەیان لێدەکات، گەر ڤایرۆسی کۆرۆنانەیانکوژێت ئەوا برسێتی وهەژاری ژیانیان نابوود دەکات.ئەوانەی مەعیشەتی ڕۆژانەیان لەسەر دەستفرۆشی ودوکاندارییە وکرێکارانی ڕۆژانەن کەژیانیان لەسەر فرۆشتنی هێزی کاری ڕۆژانەیان وەستاوە.ژیان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵك ناتوانرێت لەسەر گەیاندنی چەند کارتۆنێك لە شتومەك ئیدارە بکرێت، بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا چاوی لەدەستی خەڵکییە، بانگەوازی خەڵك دەکات خێر و سەرفەترانەکانیان بگەیەننە دەست حکومەت وپارەدارو بازرگانەکان کۆمەك بکەن، بەڵام ئەو هەموو ملیۆنێرەی بەرپرسی حیزبەکان لەبەرچاو ونبوون و چاوشارکێ لەگەڵ خەڵك دەکەن، لەکاتێکدا دەتوانن پارەی خەوتووی بانکەکانی ئەوروپا وژێرزەمینەکانیان بهێننە دەرەوەوبیخەنە خزمەتی خەڵك وکۆمەڵگای کوردستانەوە بۆ ڕزگاربوونیان لەم میحنەتەی تێیکەوتوون.


هەربۆیە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کۆمەڵگا لە ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتی مرۆیی ڕزگار بکات و هەنگاوی بەپەلە هەڵبنێ لەدابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ بێکاران وئەوانەی زەرەرمەندی ئەم دۆخەن،دڵنیایی ببەخشێتە ئەو خێزانانەی کرێچین، ئەو خێزانانەی مناڵی خاوەن پێداویستی تایبەتی ونەخۆشی بەردەوامیان هەیە موچەی تایبەتیان بۆ ببڕێتەوە، هەزاران دەرچووانی بواری تەندروستی دابمەزرێنێت، ئەوکارگانەی تائێستا کارتێیاندا ڕانەگیراوە ڕابگرن، ئەوانەشی بەردەوامن وسەرچاوەی ژیانی هاوڵاتیانن بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی ڕێنماییە تەندروستییەکان تیایاندا،درێژە پێ بدرێت، ئەو پەیوەندییە جیهانییانەی لەئێستادا پێویستن بۆ وەرگرتنی یارمەتییەپزیشکییەکان وشارەزاییەکان بۆ پڕکردنی نەخۆشخانەکانی کوردستان پەیڕەوی لێ بکات لەپێناو پاراستی کۆمەڵگای کوردستان لەم پەتایە. کەرەنتینەکردنی هاوڵاتیان پێویستە بەمەرجی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی تەندروستی، خۆراکی، مووچە و بیمەی دەورانی بێکاری، سەلامەتی و خزمەتگوزارییەکانی ترەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێبکرێت.


٩\٤\٢٠٢٠

 


پەرستاران، ئەو مرۆڤانەی بۆ ژیانی هەمووان لە ریزی پێشەوەی مەرگدان.

قەیرانی کۆرۆنا و مەترسییەکانی یەکێکە لە باسە گرنگ و دەمودەستەکانی ئێستای دنیا کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەلامەتی تەندروستیی گشتییەوە هەیە. ئەوەی ئەم پەتایە چ کاریگەرییەکی لەسەر قوڵکردنەوەی قەیرانی تەندروستی و قەیرانی سەرمایەداری دروستکردوە، وە ئاسەوار و ئاکام و کاریگەرییەکانی چەندە مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی جێدەهێڵێت، لێکدانەوە و بۆچوون و بیروڕای جیاوازی لەسەر تاووتوێکراوە.


لەم نووسینە کورتەدا دەمەوێت لەسەر دەور و کۆشش و ماندووبوونی هەر ڕۆژەی ئەو مرۆڤانە، قسەیەکی کورت بکەین کە پارێزەری تەندروستی و سەلامەتیی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگان، ئەوانیش پەرستارانن کە بۆ هەموو کەس دەژین و شەوانە ئێشك دەگرن بۆ بیستنی هەناسە و ناڕەحەتییەکانمان و لەم ڕۆژگارە سەختەدا لە هێڵی پێشەوەی یارمەتیدان و بەرگری و ڕزگار کردنی ئێمە و کۆمەڵگادا ڕاوەستاون. ئەم ئینسانانە ئەو سەربازە ونانەن کە هیچکات ناویان ناهێنرێت تەنها لە ساتە هەستیارەکاندا نەبێت کە هەموان دەمانەوێت تەندروست باشبین و پارێزراو بین، ئەوانەی کە سەلامەتی گشتی پاڵنەرێکی بەهێزیانە و دوور لە خۆپەرستی، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ڕزگارکردنی ئێمە، ئەو ئینسانانەی کە بێگوێدانە ئەوەی ڕەنگ و زمان و ڕەگەز و شوێنی لەدایكبوون لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکاندا پێوەریان بێت، بە یەکسانی پشکنین و چاودێریمان دەکەن و ئامڕازەکانی چارەسەرکردن بێ جیاوازی بەکاردەهێنن.


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئەمڕۆ ٧ی ئەپریل وەك ڕۆژێکی تەندروستی جیهانی دیاریکردوە بۆ بیرهێنانەوەی سەرۆکەکانی جیهان بە کارودەورێکی بەرچاو کە پەرستاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی گشتی لە جیهاندا دەیگێڕن.


سەرۆکی شورای جیهانیی پەرستیاران، ئەنیت کنێدی، لە ڕاپۆرتێك کە لەپەیجی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاو بۆتەوە وتی: "سیاسەتمەداران تێچووی پەروەردەکردنی پەرستیاران و لەمەیدانی کاردا هێشتنەوەیان درك دەکەن، بەڵام کەمینەیەکیان بەهای ڕاستەقینەیان پێدەزانن". وە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەر پارەیەك لە مەیدانی پەرستیاریدا سەرف دەکرێت، بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی تاك و خێزانەکانی کۆمەڵ"... ئەم ڕاپۆرتە تیشك دەخاتەسەر دەوری کادری پەرستیاری وە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی بەرهەمهێنان لە ڕشتەی پەرستیاریدا بریتییە لە بەرهەمهێنان بە قازانجی کۆمەڵگادا نەك سود و مەسرەفی تێچوون. جیهان پێویستیی بە ملیۆنەها پەرستیاری زیاتر هەیە لەوەی کە ئەمڕۆ هەمانە، وە ئێمە بانگەوازی حکومەتەکان دەکەین بۆ کاری عەقڵانی دەربارەی ئەم ڕشتەیە و بەرهەمهێنان لەم مەیدانە جوانە ئینسانییە و تێڕوانینی ئەو سوودانەی کە دانیشتوانەکانیان دەیچننەوە لەو کارە گرنگانەی کە بێجگە لە ئەم کادرانەی پەرستیاری دەیکەن، کەسی تر ناتوانێت ئەنجامی بدات.


بەداخەوە ڕۆژانە لە پاڵ هەڵکشانی ئامارەکانی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا تا ئێستا ١١٠ دکتۆر و پەرستار و کارمەندی تەندروستی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ژیانیان لەدەستداوە. ئەمەش ئەو ئاکامە و دەرهاویشتە و ناکۆکییەکانی ئەم سیستەمی بەرهەمهێنانی ئابوورییەی جیهانییەیە کە جێگا و ڕێگای پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی پێ گرنگ نیە و بێبەری کردوە لە یارمەتی و پێداویستییەك، ناوەندی تۆژینەوە زانستییەکان و کەرتی تەندروستی کە سەرچاوەی داهاتی پڕ و قازانجێکی ئەوتۆ نیە بە فەرامۆش سپێردراوە و ڕۆژ بە ڕۆژ کەوتوونەتە بەر پەلاماری دەوڵەتان و چینی دەسەڵاتدار.


سەرباری ئەوەی دەبێت مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگای هاوچەرخی ئەمڕۆدا لە هەموو ماف و پێداویستییە ستانداردەکان، لە ڕووداو و نەخۆشی و دەستەبەرکردنی ئیمکانیەتە پزیشکی و تەندروستیەکان بەهرەمەند بن، هاوکات فشارهێنان بۆ دەسەڵاتداران و حکومەتەکان و ناچار کردنیان بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی لە ئاست وەڵامدانەوەی بەکردەوە بە هەموو ئەو داوا و خواستانەی کە پەرستاران و دکتۆر و کرێکاران و کارمەندی کەرتی تەندروستی هەیانە و دەیخەنە ڕوو، چونکە مانەوەی فیزیکی هەموو کۆمەڵگا بەندە بەکار و خزمەتگوزارییەکەوە کە ئەم ئینسانانە پێشکەشی دەکەن، بەتایبەتیش لەم دۆخەدا ناهەموارەدا کە جیهان پێیدا تێدەپەڕێت.


لە کوردستان وەك بەشێك لە بەرکەوتەی ئەم ڤایرۆسە نەگریسە کە کۆمەڵگای داگرتوە، پەرستاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی دەورێکی پیشڕەو و ماندوونەناسانە دەگێڕن لە خزمەتی کۆمەڵگا. ئەوان نەبن کارەساتی گەورە ڕووبەڕووی کۆمەڵگاکەمان دەبێتەوە، سەرباری ئەوەی کە سیستەمی تەندروستی کوردستان لە دۆخێکی هێجگار خراپدایە، قورسە بتوانرێت بەرگەی شەپۆلێکی گەورە لە بەرکەوتوانی پەتای کۆرۆنا بگرێت. پێویستە کۆمەڵگا بەهای ڕاستەقینەی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی لەبەرچاو بگرێت، چونکە ئەم ئینسانانە ئەو ئۆردوەن کە ژیانی ئێمەیان ناوەتە پێش ژیانی خۆیان و بۆ هەمووان دەژین. کەوایە دەبێت ئێمەش لەپاڵ ئەوەدا کە دەنگی داخوازییەکانمان بۆ باشکردنی ژیان و بژێوی بەڕووی دەسەڵاتداراندا بەرز دەکەینەوە هاوکات پشتگیری داوا و داخوازی پەرستاران بین و داوا و ویستی ئەوان بەبەشێك لەخواستی خۆمان بزانین، دەبێ فشارەکانمان لەسەر حکومەت توند بکەینەوە و داوای بە خۆڕاییکردنی کەرتی خزمەتگوزاری تەندروستی و دانی ئیمتیازاتی تایبەت بە پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی و پزیشکان کە لە هێڵی پێشەوەی بەرگری و پاراستنی ژیانی کۆمەڵگان بکەین و لە لیستی داخوازییە جەماوەرییەکانماندا جێگیریان بکەین. دەبێ باشکردنی ژیان و بژێوی پەرستاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی هەر لە تەئمینی کار و کرێی شایستەوە تا کەمکردنەوەی سەعاتکاری ڕۆژانە و زیاد کردنی کارمەندان و پێدانی خۆراك و پێداویستی بژێوی ڕۆژانە و دانی دەرماڵە و بیمەی تایبەت پێیان لەبەرچاو بگیرێ و وەك بەشێکی سەرەکی لە بەرنامەی وەزارەتی کار و بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمدا جێگیر بکرێ و بۆیان بەڕەسمی بناسرێت.

 

٧\٤\٢٠٢٠

 


پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا پرسی ئایندەی کۆمەڵگایە!

ئەم ڕۆژانە مرۆڤایەتی دەورەیەکی دژوار و پڕمەترسی بەڕێدەکات. مەسەلەی مانەوەی فیزیکیی ئینسان بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆتە خه‌ونێكی دووره‌ ده‌ست بۆ ملیۆنەها ئینسان لە سەراسەی دنیادا. ترس لە فراوان بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، لە قاتوقڕی و بێخۆراکی، کۆێرەوەری، هەژاری و بێکاری، ترس لە سەرلەنوێ پەرەسەندنی دواکەوتوویی و ڕەگەزپەرستی و فاشیزم، لە هەرەسهێنانی سەرجەم ئەو ماف و ئازادییانەی بەرهەمی چەندە دەیە لە خەباتی مرۆڤایەتی بەدەستهاتوون، ترس لە بڵاوبوونەوەی تاوان و دزی و نائومێدکردن، ڕق و کینە، خۆپەرستی، پشتکردن لە بەها مرۆڤایەتییەکان، لە سپاردنی ژیانی ملیۆن لە پیر و پەكکەوتە و خاوەن پێداویستی تایبەتی بە مەرگی بێڕەحمانە لە حاشیەی کۆمەڵگادا تا بە تاك خستنەوە و بەکاربردنی سیاسەتی ترس وتۆقاندن، کۆڵەکە سەرەکییه‌کانی هەڵسوکەوتی قسەکەران و بیرمەندانی بۆرژوازی بووە لە وەڵام بە هەلومەرجێك کە قەیرانی پەتای کۆرۆنا ئایندە و چارەنووسێکی ئێجگار نادیاری خستۆتە بەرپێی هەموو خەڵکی جیهان. بەڵام ئەمە ناتوانێت کۆتایی سیناریۆکە بێت. مرۆڤایەتی ئەو توانا زانستی و مەعریفی و تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنانەی هه‌یه‌ گەر لە دەستی خۆیدا بێت و دەتوانێت هەموو هەوڵ و وزە و تێکۆشان و توێژینەوە زانستییەکانی خۆی بخاتە گەڕ لەپێناو خزمەتی زانست و پڕکردنەوەی پێداویستییەکان و دابینکردنی سەلامەتی کۆمەڵایەتی و فەردی لە جیهاندا.


پەتای کۆرۆنا ئەو ڕاستییەی جارێکی تر جه‌ختکردەوە کە جیهانی سەرمایەداری جیهانێکی بەتەواوی پێچەوانەیە. سیستەمێکە کە چالاکی ڕۆژانەی ئابووری بەرهەمهێنان و داهات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی مرۆڤایەتی نیە، بەڵکو هەموو شتێك لەپێناو هێنانی قازانج و سودپەرستیی ململانێی بازاڕدایە. نیشانیدا هه‌رچه‌نده‌ لەگەڵ جیهانی بوونەوەی تەکنیك و زانست و شارەزایی و زانیاری و تەکنەلۆجیا لەپێش بێت لەژێر سایەی ئەم سیستەمە ئابوورییەی بەرهەمهێناندا ناچێتە خزمەت سەلامەتی و خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی مرۆڤەوە کە ماف و شکۆمەندیی هاوڵاتیان لەسەروو هەموو شتێکەوە دابنێ، هاوکات پرسی ڤایرۆسی کۆرۆناش پێچەوانەی لێکدانەوەی باو و پەیوەندی ڕاستەخۆی بەشێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە و تایبەتمەندێتییە بنەڕەتییەکانی ئەو سیستەمەوە هەیە. ئامانجی ئەم سیستەمە قازانجە بۆ کەمایەتییەك لەسەر گۆی ئەم جیهانە نەك مانەوەی مرۆڤ و بەرژەوەندیی کۆمەڵگا. هەربۆیەشە کۆتاییهێنان بەو سیستەمە دەتوانێت کۆمەڵگایەکی تەندروست و سەلامەت دابین بکات. لەکاتێکدا ئەم جیهانە لەسەر شانی هاوکاری و هەوڵی بەکۆمەڵی مرۆڤەکان بنیاتنراوە، بەڵام هەوڵ و تەقەلاکانی مرۆڤ بە فرۆشتنی ڕۆژانەی هێزی کاری خۆی لەپێناو بەڕێوەچوونی ژیان و داهاتوو بۆ کەمایەتییەك لە نیعمەت و بەروبوومەکانی کاری هاوبەشی لە کۆمەڵگادا بێبەشە و کۆیلەی کاری بەکرێیە. ئەمە بنەما ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداری زاڵە لە جیهاندا. مرۆڤایەتی ئەوکاتە ئازاد و هەست بە خۆشبەختی دەکات کە لەنێو سیستەمێکی کۆمەڵایەتیدا بژی کە لەسەر بناغەی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بنیادنرابێت. کۆمەڵگایەك کە تێیدا ئینسانەکان بەهاوبەشی و خاوەندارێتی هاوبەشی کۆمەڵایەتی ڕەوتی بەرهەمهێنانیان بۆ خزمەتی ئینسان لەدەستگرتبێ و لێرەشەوە دەستیان لەنێو دەست نابێ بەرامبەر بە هەر بەڵا و موسیبەتێکی سروشتی و بایۆلۆژیدا.


جیهانی سەردەمی کۆرۆنا و دوای کۆرۆنا گرێدراوە بە خەباتی چینایەتی چینی کرێکارەوە بە گۆڕینی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی ڕژێمی بەرهەمهێنان کە لەسەر بناغەی چەوسانەوەی مرۆڤەکان و کۆیلەیەتی کرێ دامەزراوە، کە نه‌ك ته‌نها ماف و ئازادییەکان و خۆشبژێوی، بگره‌ سەلامەتی تەندروستیش مانایەکی بۆ نەماوەتەوە. مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی زیاتره‌ بۆ سه‌ر پرسی مافی سەلامەتی و پزیشکی، پرسی بەهرەمەندکردنی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخ، لە پاراستن لەڕووداوە نەخوازراوەکان و سروشتییەکان، لە مافی ژیان و پارێزراوی جەستەیی و دەروونی، لە ڕابواردن و ئاسودەیی و بەهرەمەندبوون لە ژینگەیەکی پاك. لەژێر سایەی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی و قەیران و تەنگانە ئابوورییەکاندا ئەو مافە ڕەوایانەی خەڵك له‌ بری ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ر بكرێن، ده‌كه‌ونه‌ به‌ر هێرش و په‌لامار، له‌به‌رئه‌وه‌ی دابین و زامنكردنیان ڕێگرن له‌به‌رده‌م كه‌ڵه‌كه‌ی قازانج و سوودی زیاتر. له‌ كاتێكدا هه‌موو شتێك له‌م سیستمه‌دا له‌به‌رامبه‌ر پاره‌ و سووددایه‌. کەوایە خەبات و تیکۆشان لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێکی جیانەکراوەی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانەی چینی کرێکار و جەماوەری مەحرومی کۆمەڵگایە کە لەڕابردوودا بەدژی نیزامی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانی لەسەر بابەتی جۆراوجۆر لەئارادا بووە و لەئێستادا پێدەنێتە قۆناغێکی ترەوە و بەشێوازێكی تر لەدژی هەمان نەزم و نیزامی سەرمایەداری دەردەکەوێ.


پەتای کۆرۆنا لەم دۆخەی سەرتاپای جیهانی داگرتووە، هەڵسوکەوتی حکومەت و دەسەڵاتدارەکانی بردەسەر پەیڕەویکردنی یەك ڕەفتاری هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسەکە کە ئەویش خۆی لە سیاسەتی کەرەنتینەکردن و داخستنی ژیان بەڕووی هەمووان، خستنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و تێکدانی باری سایکۆلۆجی خەڵك، بێمتمانەیی و فەردگەرایی، پابەندکردنی سەرجەم هاوڵاتیان بە ڕێنماییەکانی خۆیان، هێنانەخوارەوەی ئاستی چاوه‌ڕوانیی مرۆڤەکان، ئەمە لەپاڵ بێکارکردن و هەژارکردنی دانیشتوان وە خۆدزینەوە لە هەموو ئەو ڕێکار و پێداویستییانەی بۆ کەرتی تەندروستی و سەلامەتیی گشتی پێویستە دابین بکرێت. هەموان ئەو ڕێگایەیان په‌یڕه‌وی لێكرد کە ڕووی لە دەستەمۆکردنی هاوڵاتیانه‌. بەڵام ئەوەی خۆیان چی بۆ خەڵك دەستبەر دەکەن چۆن ژیانی کۆمەڵگا لەو مەترسییە دوور دەخەنەوە، هێشتا دەستیان بۆ گیرفانی خۆیان نەبردووە، لەکاتێکدا ترلیۆن دۆلار و یۆرۆکان بۆ جەنگ و چەکی ئەتۆمی و بایۆلۆجی و کەرەسە سەربازییەکان تەرخان دەکرێت لەپێناو قازانجی مۆنۆپۆڵەکانی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداران و کۆمپانیا چاوچنۆکەکانیان. بەڵام بە متمانە بە زانست و زانیاری سەرفکردنی بودجەی تایبەت بۆ كه‌رتی تەندروستی گشتی کە قازانجێکی ئەوتۆی نیە بۆ سەرمایەداران بە فەرامۆشی دەسپێرێت، چونکە خەرجیی ڤاکسینێك تەنها بۆ یەك جارە و قازانجی بەردەوامی لێ چاوەڕوان ناکرێت. بەشێك لە حکومەتەکان ڕێڕەوی وازهێنان لە هاوپەیمانی و هاوکاری یەکتریان گرتەبەر، خۆدزینەوە لە گۆڕێنەوەی زانیاری و ڕێکارە پێویستەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی، داخستنی سنوورەکان بەڕووی یەکتردا، بەکار‌هێنانی دامودەزگاکانی سوپا و پۆلیس بۆ کۆنترۆڵکردنی گشتی، شاردنەوەی زانیاری لە یەکتر، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و نازانستی، نەناردنی ئامێر و بەرهەمە پزیشکییەکان وەك ئامێری هەناسەدانی دەستکرد کە ژیانی هەزارانی پێ ڕزگار بکرێت، نەناردنی تیمە پزیشکییە تایبەتیەکان بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستن و لەگەڵ ڕەوشێکی خراپی ڤایرۆسەکەدا بەرەوڕوون. ئەوکارەساتە تراجیدیانەی لە ئیسپانیا و ئیتالیا لەئیهمالی و حساب نەکردن بۆ پیر و پەککەوتە و کارمەندانی تەندروستی و دکتۆرەکان بەڕێوە چوو، نیشانەیەکی بەربەریەتی ئاشکرای بەشێکە لەو حکومەتانە و هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌به‌رامبه‌ر ته‌ندروستی و مانه‌وه‌ و سه‌لامه‌تیی مرۆڤه‌كاندا. ئەمەش نیشانیدا کە ئەم حکومەتانە لەسەردەمی قەیران و تەنگانەکاندا کێبڕکێ و توندوتیژی لەنێو خودی سەرمایەداری قوڵتر دەبێتەوە و سەرئەنجام ڕووی لە شکاندنەوەی ئەو قەیرانەیە بەسەر چینی کرێکار و کەمکردنەوە و گرتنەوە لە سامانی گشتی کۆمەڵگا و کرێ و خزمەگوزارییە گشتییەکان.


لە کوردستان حکومەتی هەرێم لە پەیوەند بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە وەك ئەو هەڵسوکەوتەی حکومەتە بۆرژواکانی دنیا كه‌ بەرهەمی فەرامۆشکردنی سیستەمی تەندروستی و فریاگوزاری گشتییە پەیڕەو لێدەکەن، کە ئەویش قەدەغەکردنی هاتوچۆ و کەرەنتینەکردن و لەقەفەسکردنی سەرجەم کۆمەڵگای کوردستانە، بێ دەستەبەرکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خۆپارێزی هاوڵاتیان و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگا و سپاردنی ژیانی سەدان هه‌زار خەڵکی کەمدەرامەت و هەژار و دەستەنگه‌ بە مەرگی شێنەیی، وەیان خستنەژێر ڕەحمەتی کۆمەکی بازرگان و پارەدارەکانه‌وه‌. هەربۆیە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناکرێت دەسەڵاتێکی ستەمکار و گەندەڵکار لەبیر بەرێتەوە. قەیرانی کۆرۆنا ئەم کێشە و ناڕەزایەتییانەی خەڵکی لەگەڵ دەسەڵاتدا نەخستۆتە لاوە، بەڵکو زۆر توندتر و پەرەسەندووتری کردووە. دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم هەمان ئەو دەسەڵاتەیە کە لەماوەی ٢٩ ساڵدا لە چوارچێوەی سیاسەتی نیولیبرالیزمی جیهانی و ڕێنوێنییەکانی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان پەیڕەوی لێدەکات، بەو هۆیەوە هەژاری و بێکاری و بێدەرامەتی و بڕینی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی کردۆتە نسیبی خەڵکی کوردستان. خەڵکی کوردستان دەبێ بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەسەڵاتی میلیشیایی پێکەوە بجەنگن. پرسی سەلامەتی تەندروستی و ڕزگاری کۆمەڵگا لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پرسێکی گرێدراوە بە خەباتی چینایەتییەوە.


خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لەکاتێکدا کە دەبێ بەجدی خەتەری پەتای کۆرۆنا ببینن و بە وریایی و هوشیاریی بێوێنەوە ڕێنوێنییە پزیشکییەکان بۆ خۆپارێزی فەردی و کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرن و مانەوەی خۆیان بە ئەولەویەت وەربگرن، هاوکات دەبێ حکومەتی هەرێم لەژیر فشاری جۆراوجۆردا ناچار بکرێت هەموو پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵك لە خواردن و دەرمان و سەلامەتی تەندروستی دابین بکات و لە کرێ خانوو و پارەی ئاو و کارەبا و خاشاك ببەخشرێت، بڕینەوەی پارە بۆ بێکاران و ئەوانەی زەرەر و زیانیان لێکەوت، بەهاناوە چوونی پیر و پەکكەوتە و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایه‌نیان هەیە تا بە پیرەوەچوونی ئاوارە و لێقەوماوانی نێو کەمپەکانی پەنابەران... ئەو هەنگاوانەن کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو مانەوەی بەردەوامی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان دەستی بۆ بەرێت. پێویستە کۆمەڵگە بە کەمترین زیان ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت.


٧\٤\٢٠٢٠

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک