په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٧\٢٠١٣

چەند تێزێک دەربارەی شۆڕشی میسر!

کازم قادر        

بەرباسێکی کورت.


لەم نوسینەدا باس لەو هۆکارە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییانە ناکرێن کە لە پرۆسەی خۆیدا شۆڕش و ڕەگەزەکانی شۆڕش دەخولقێنن،بەڵکو باس لە دۆخی هەنوکەیی شۆڕش دەکەین لە میسردا،ئەو دۆخە سیاسیی و کولتوریی و بەرامبەرکێ کۆمەڵایەتییە نوێیە کە لە ٣٠ یونیدا نمایشی مەزنی خۆی کردو هەم شۆڕش و پرۆسەی شۆڕشی بردە ئاستێکیترو هەمیش خەتێکی ڕوون و بێپەردەی لەنێوان دوو بەرەی دژبەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییدا کێشا.

تێزی یەکەم: شۆڕشی بەردەوام و بەردەوامیی شۆڕش،یان کودەتا!


* ئەوەی لە میسردا ڕوویداو ڕوو دەدات،واتە شۆڕش،لابردنی(مورسی و ئیسلام)لەسەر شانۆی دەسەڵات، هاوسەنگەریی ئاپۆرەێکی میلیۆنیی خەڵک و سوپا،هەم بابەتی زۆر گرنگن و دەکرێت لە گۆشەو ڕوانگەی جۆراجۆراوە لێیان بڕواندرێت و قسەیان لەسەر بکرێن،هەمیش لەو نیوەدا بابەتی گرنگیتریش هەن و من لێرەدا دەمەوێت قسەێکیان لەبارەوە بکەم،ئەویش ئەمانەن کە بیروڕای فرەچەشن لەبارەیانەوە هەن و دەشکرێت هەبن.


یەکێک لەو بابەتانە کە تا ئاستێک سەنگەر بەندیی و ڕای دژ بەیەکی درست کردووە پرۆسەی لابردنی مورسییە کە بە کودەتای سەربازیی دەیناسێنن و لە ئاستێکی دیارییکراویشدا ناسێندرا.ئەم بیرۆکەیە کە پتر ئیسلامییەکان و میدیای جیهانیی چەواشەکار لەپشتییەوەن بۆ سوککردن و بێبەهاکردنی شۆڕشی میسرو خودی شۆڕش وەک بابەت و میکانیزمێکی ڕادیکاڵی ئاڵوگۆڕبەخش،لە ڕووکەشدا برێک ڕاستیی تێدایە،بەڵام لە جەوهەردا ئاگەییانە بێت یان لە نائاگەییوە چەواشەکارییەکی گەورەیە بە شۆڕش و بەو خەبات و قوربانییە بێوێنەیە کە خەڵکی شۆڕشگێڕی میسر لە دووساڵی ڕابردوودا تۆماریان کردووە. (خاوەکانانی ئەم ڕوانگەو بینیینە لە تیپە کوردیی و بەشێکی زۆری میدیاکانی کوردییدا کە هەستان و شۆڕشی مەزنی میسر لە ٣٠ یونیدا نابیین و یانیش بە کودەتای سەربازیی نێوی دەنێن،کەچی داپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ٩١ کە لە سایەی لەشکرکێشیی زەبەلاحی زەمینیی و ئاسمانیی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی بەڕێوە دەچوو،وەک ڕاپەڕیینی بێوێنەی خەڵکی کوردستان جاڕ دەدەن.لە لابردنی مورسیدا یەک فیشەک نەتەقێنرا،بەڵام کودەتایە،لە(ڕاپەڕیینی ٩١دا هەزاران تەن بۆمبی کۆکوژو وێرانکار تەقێنران،کەچی هەر ڕاپەڕیینە...!).


ڕاستییە ڕووکەشییەکە لەوەدا دەردەکەوێت کە سوپا لە پشتی خەڵکەوە دژ بە مورسی و دەسەڵاتە ئیسلامییەکەی ڕاوەستاو مورسی لە دەسەڵات خست.ئەم ڕوانیینە کورتبیینەو تەنها سوپاێکی ڕووت دەبینێت،یان بە قەستی دەخوازێت وەها ببینێت و وەها لە خەڵک بگەێنێت کە ئەو پرۆسەیە کودەتاێکی سەربازییە.ئەم ڕوانیینە نە ئەو هێزە شۆڕشگێڕە میلیۆنییە دەبینێت کە دژ بەو دەسەڵاتە ئیسلامییە بەدەنگ هاتووەو هاوار دەکەن و ئەڵێن مورسی بڕۆ،نەش ئەو پرۆسەی شۆڕش و شۆڕشگێڕییە دەبینن کە لەدوو ساڵی ڕابردوودا کڵپەی سەندووەو هیچ ئاوێکی کۆنەپەرستیی ئایینیی و ئیمپریالیستیی نەیانتوانیوە بیکوژێننەوە!ئەو ڕوانیینە ئەوە نابینێت کە ئەوە هێزی مەزنی شۆڕش و ویستی بەردەوامیی شۆڕشی میسرە کە سوپای ناچار کردووە لە شوێنێکدا (بێلاێنیی)خۆی ڕابگەێنێت و لە شوێنێکیتریشدا بە ناچاریی و ڕییاکارانە لەپشتی شۆڕشەوە ڕاوەستێت. بەم واتایە ئەوە سوپا نییە کە خەریکە کودەتا دەکات و جەماوەرێکی بێئاگەو گەمژەشی لە پشتی خۆیەوە داناوە،بەڵکو ئەوە خەڵکە لە دۆخی شۆڕشدایەو سوپای ملکەچ کردووە لە خالێکدا یەکبگرنەوە کە لابردنی دەسەڵاتی ئیسلام و ئیخوانەکانە. لەم ڕوانگەیەشەوە من ڕام وایە پرۆسەی لابردنی مورسی کودەتا نییەو نەبوو بەڵکو پرۆسەێکی شۆڕشگێڕانەی خەڵکییەو بەردەوامیی هەیەو دەبێت و هێشتا لەسەرەتای کارەکانیدایە.


هەروەها ڕوانگەی کودەتاچێتی بۆ شۆڕشی میسر لەلابردنی مورسیدا هەم کۆمیدیی و هەم بەدبەختانەیە، ئەو ڕوانگەیە نە لە شۆڕش و خەسڵەتەکانی شۆڕش تێگەیشتووەو نەش هێشتا بیری لە شۆڕشی بەردەوام و شۆڕشی بەردەوامی میسر کردۆتەوە.دوو ساڵە خەڵکی شۆڕشگێڕی میسر لە سەر جادەن،هاوار دەکەن قوربانیی دەدەن،هێزی ٣٠ میلێونی دەهێننە مەیدان و واژۆی ٢٢ میلێونی لەدژی ئیسلام و ئیخوانەکان کۆدەکەنەوە.کەچی ڕوانگەی کودەتاچێتیی ئەو نمایشە بەرجەستە کەم وێنەیەی شۆڕش نابینێت و دەخوازێت هەر بەزۆر تێگەیشتنی کودەتاچێتیی جێبخات.ئەمە بێباێخکردنی شۆڕشە کە ئیخوانەکان لە ئەنجامی تەریککەوتنەوەێکی مێژوویی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کەموێنەدا جاڕی دەدەن و لەو نێوەشدا هەوادارانی جۆراوجۆریان بەدووی خۆیاندا کێش کردووە.


هەر لێرەدا خاڵێکی بێڕادە گرنگ پێویستە بەبیری بهێنینیەوە،بە نەرێت بوون و بە کولتور بوون و بە ناوەکیی بوونی کۆمەڵایەتییانەی شۆڕشە لە شۆڕشی میسردا.واتە شۆڕش لە میسردا تەنها کەف و کوڵ و هەڵچوونێکی کاتیی و بێڕیشە نییەو نەبوو و نابێت کە دوای ڕوخانی دەسەڵاتەکانی موبارەک و مورسی بچنە ماڵەوەو چووبێتنە ماڵەوەو پاڵی لێبدەنەوە،وەک ئەوەی لە هەڵچوون و داچوونەکەی ساڵی ٩١ خەڵکی کوردستاندا ڕوویدا،ئێستاشی لەگەڵدابێت لە ماڵەوەن،تەنها جارێک چەخماخەیدا ١٧ی شوباتی ٢٠١١ بەڵام لەبەر زۆر هۆکار خامۆش کرا،بەڵکو شۆڕش لە میسردا،ئەوە کە لە ماوەی دو ساڵدا هەرەس بە دوو دەسەڵاتی ستەمگەرو ناشیرین دێنێت،دەست لە جەستەی سەرکەوتنە گەورەکانی دەدات و هەستیان پێدەکات، ئیتر شۆڕش خۆبەخۆ دەبێتە بابەتێکی ڕۆحیی و دەرونیی زیندوو،دەبێتە بیرو بیرەوەریی و لە ناو هۆشیارییدا ڕیشە دادەکوتێت و دەچەسپێت.هەر لەبەر ئەو هۆیانە شۆڕش لە میسردا بەردەوامەو بەردەوام دەبێت و ئیتر هیچ هێزێک ناتوانێت بەری پێبگرێت،شۆڕشی میسر ئاییندەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نەک تەنها میسر بەڵکو ناوچەکەش دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوەو ئاراستەیان دەکات،شۆڕش لە میسردا مەشخەڵ و هیواێکی گەورەیە بۆ ئاڵ و گۆڕ لە دونیای وێرانی مرۆڤی عەرەب زماندا...!


تێزی دووهەم: هەرەسی شکۆی ئیسلامی سیاسیی!


بە دەسەڵات گەیشتنی ئیسلامییەکان،یانیش ئیخوان موسلیمین لە میسردا مەترسییەکی بێڕادە گەورە بوو،هاوتای ئەو مەترسییەش،لابردنیان و هەرەس پێهێنانیان لە فۆرمی دەسەڵاتدارییدا هەنگاو و سەرکەوتنێکی بێوێنەی شۆڕشی میسر بوو.هەر وەک چۆن مانەوەی ئیخوان و ئیسلام لە دەسەڵاتدارییدا هەنگاو بە هەنگاو مەترسیی و کورەی دۆزەخەکەیانی گەرمتر دەکردو مرۆڤیان دەسوتاند،هاوکاتیش ئاکامی ئەو شکست و داڕوخانەشیان لە دەسەڵاتدا،هێدیی هێدیی لە ئایندەدا دەردەکەوێت،وەک چۆن سەرکەوتنیان و بەدەسەڵات گەیشتنیان لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوودا خوێنی بەدەماری کۆی ڕەوت و بزوتنەوە ئیسلامیییەکانی ناوچەکەدا کرد(ئەوە کە ئاخوندێکی کورد زمان ئەیوت:لە کوردستان پێویستمان بە بەهارێکی ئیسلامیی هەیە...)هاوکات ئەو شکستەی کە لە شۆڕشی مەزنی میسردا بەسەریاندا سەپێنرا،دەکاتە شکستی هەژمونی کۆی ئیسلامی سیاسیی.ئەو هەرەسە هێدیی هێدیی لە ئاییندەی دوورو نزیکدا دەرکەوێت...!

تێزی سێیەم: سوپا!


یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەردەم شۆڕشی میسر سوپایە.سوپا ئەگەرچی بە شێوەێکی تاکتیکیی و ناچاریی و فێڵبازانە بێلاێنیی خۆی ڕاگەیاندووە،هاوکات هێشتا بازیکارێکی ناو کێشمەکێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانەو هێشتا وەک دەزگەو دامەزراوەێکی سەربازیی و سەرکوتگەر لە مەیداندا ماوەتەوەو ڕۆڵ دەگێڕێت،ئەو گەمەیە نەک مایەی خۆشحاڵییە بەڵکو مایەی مەترسییەکی گەورەی ئاییندەی شۆڕش و لاوازییەکی گەورەی تا ئێستای شۆڕشی میسرە.سوپای میسر سوپاێکی سەرکوتگەری سەر بەڕابردووە، کاراکتەرەکانی لەناو فەزاێکیتری مێژوویی زەبروزەنگدا خولقاون و پەروەردا کراون،بەرژەوەندییە کەسیی و سیاسیی و ئابورییەکانیان پەیوەستە بە مانەوەی سوپاوە.بە واتاێکیتر سوپاێک نییە لەناو شۆڕش و فەزای سیاسیی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی شۆڕش یان دوای شۆڕشدا دامەزرابێت و پارێزەری لاێنی کەمی خواست و خەون و ئامانجەکانی شۆڕش بێت،بەڵکو لەهەر گۆشەێکەوە لێیبڕوانیت و بیپێویت،دواجار وەک هێزێکی ناتەباو دەرەکیی و وەک قەوارەێکی نامۆ بە شٶڕش و ئامانجەکانی دێتە پێش چاو و نماییش دەبێت.لە دواجاردا یانیش لە بەردەوامیی شۆڕشداو بە هۆی ئەو ناکۆکییە گەورەیەی نێوان سوپاو شۆڕشەوە،ئەو دوو هێزە_سوپاو شۆڕش_دەکەونە بەرمبەر یەکەوە.ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە کەیی و چۆن دەبێت،بێگومان نازاندرێت،بەڵام زەمینەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی واقیعیی هەیە.خاڵێکی جەوهەرییتر لەم ڕووەوە بۆ شۆڕشی میسر،بەهیچ جۆرێک خۆشخەیاڵیی نەبوونیانە بە سوپا،بە تایبەت لە پرۆسەی بەرامبەرکێی سوپاو ئیخوانەکاندا.نابێت شۆڕش وەک تەماشاچی دەربکەوێت بەڵکو پێویستە ئاڵای خواست و ئامانجەکانیان لە بەرامبەر سوپاو ئیخوانەکاندا بەرز ڕابگرن،ئەم سووڕە سووڕی تەنگەتاوبوونی سوپاشە بە تایبەت ئەگەر شۆڕش هاوکات تەماشاچی نەبێت و ئاڵاکانی هەڵکات!


ئاکام.


سەرکەوتنی تا ئێستای شۆڕشی میسرو ڕوخاندنی دوو حکومەت لە دوو ساڵدا،وەک پێشتر ئاماژەی پێکراوە ئەگەرچی دوو سەرکەوتنی کەموێنەی مێژوویی شۆڕشی میسرە بەسەر دوو حکومەت و لە هەناویدا بەسەر بلۆکی کۆنەپەرستییدا،بەڵام هێشتا ناکاتە سەرکەوتنێکی دڵنیاکارو بە پەراوێزخستنی ئیسلامییەکان.ئەوەی کە سەرکەوتنی شۆڕش مسۆگەر دەکات چنینەوەی ئامانجەکانی شۆڕشە کە بتوانێت لاێنی کەمی ئازادیی و دادی کۆمەڵایەتیی دابین بکات و سنورێک بۆ ئەو هەژاریی و بێکاریی و بێ خانەولانەییە دابنێت کە کۆمەلگەی میسر تێیکەوتووە،ئەو جۆرە لە خۆشگوزەرانیی و ئازادیی و دادی کۆمەڵایەتیی لەلاێک بەردی بناغەی سەرکەوتنەکانی شۆڕشەو لاێکیش لێدانێکی بێرادە کارییگەرە لەو بناغایانەی کە پایەکانی ئیسلامی سیاسیی و هەر وبیروباوەڕێکی ئەفسانەیی و بەرەودواگەڕانەوەی لەسەر دادەمەزرێت.پانتایی هەرە گەورەی گەشەی ئیسلامی سیاسیی هەژاریی و دواکەوتوویی و نەبوونی ئازادییە.شۆڕشی میسر کە بەردەوامەو بەردەوام دەبێت،پێویستە لە پرۆسەی بەردەوامیی و سەرکەوتنەکانیدا ئەو ئامانجانە جێبخات:دادی کۆمەڵایەتیی،چارەسەری هەژاریی و خۆشگوزەرانیی،ئازادیی،هەڵبەتە ئازادیی بۆ ئیسلامییەکانیش.ئەو کردەی گرتن و ڕاوەدوونانانە کە سوپا لە بەرامبەر هەندێک لە ئیسلامییەکاندا گرتویەتییەبەر،پێویستە لەلاێن شۆڕشی میسرەوە مەحکوم بکرێت،ئەو کردەیە بە زیانی شۆڕش و ئازادییەو بە قازانجی ئیسلامییەکانە.سەرکوتی ئیسلامییەکان لەلاێن سوپاوە ئاماژەێکی ترسناکە هەم بۆ شۆڕش و هەمیش خەسڵەتی ناتەباو سەرکوتگەرو دژە ئازادیی سوپا دەردەخات و پێویستە ئازادیی خوازیی و شۆڕشی میسر لەو بارەوە بەدەنگ بێن.

* تێبینیی: بەشێکی سەرەتای ئەم نووسینە پێشتر وەک کۆمێنتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک دامنابوو، لێرەدا کەمێک بە دەستکاریی و کەم و زیادکردنەوە دووبارە دامڕشتۆتەوە.


١١\٧\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک