په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٤

چەند تێزێک سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی و سیاسەتی بایکۆت.


نادر عەبدولحەمید  


١. ھەڵبژاردنی پەرلەمانی میکانیزمەیەکی سیاسی دەسەڵاتدارەتی و دوبارە بەرھەم ھێنانەوەی دەسەڵاتدارەتی ئەو چینەیە کە ئەھرەمەکانی ئابوری و میدیا و سەربازی، لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا لەدەستدایە.


٢. ئەم میکانیزمەیە، ڕێگە دەدات بە ڕەوتە سیاسیە جیاجیاکانی چینی بورژوازی کە ئاسۆ و هێڵی هزری و سوننەتی حیزبی جیاواز نوێنەرایەتی دەکەن، دەستاودەستی ئەم دەسەڵاتە بکەن لە نێوان خۆیاندا، لە بارودۆخی سیاسی جیاوازدا، لە ڕێگەی خستنەڕووی ئاڵتەرناتیڤی جۆراوجۆرەوە.


٣. ئەم میکانیزمە بەوپێیەی کە پەنا دەباتە بەر دەنگدانی خەڵک و ھەڵبژاردنی نوێنەران، بریتیە لە شەرعیەت وەرگرتن بۆ دەسەڵاتی بورژوازی ھەر چوار ساڵ جارێک، جا چ لە کوردستان و عێراق بێت یان لە ژاپۆن، سوید و کەنەدا.


٤. بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، خوازیاری ڕوخاندنی دەسەڵاتدارەتی بورژوازی و ھەڵپێچانی خاوەنداریەتی تایبەتی و لەناوبردنی کۆمەڵگەی سەرمایەداریە لەمیانەی بەرپاکردنی شۆڕشێکی سۆسیالیستیەوە لەڕێگەی ڕێکخراوکردنی چینی کرێکارەوە بە ئاسۆیەکی کۆمۆنیستی.


٥. ئەم کاری ڕێکخراوکردنەی چینی کرێکار لە ھەلومەرجی سیاسی دیاریکراودا لەھەر کۆمەڵگەیەکدا، لە میانەی خەباتێکی نەپساوە و دەخالەتکردن لە ناڕەزایەتیەکان، لە ھەڵچون و داچونە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەدا، وە لەمیانەی بەشداری لە پڕۆسە و میکانیزمە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ھێزگرتن، وە لەوانە ھەڵبژاردنی پەرلەمانیەوە دێتەدی.


٦. مەبەستی ئەسڵی بەشداری کۆمۆنیستەکان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی، نەک لە ڕوانگەی باشترکردنی ژیان و گوزەرەرانەوە بەڵکو لەڕوانگەیەکی سیاسیەوەیە بۆ ھێزگرتنی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری، وە پڕوپاگەندەیە دژی ئاڵتەرناتیڤی ڕەوت و باڵە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی تا ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی ھێز بگرێت لەناو کۆمەڵگەدا. نمونەی ئەوەش بەشداری لینین و بەلشەفیەکانە لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی ڕوسیای قەیسەری سەرەتای سەدەی بیست دا [١٩٠٥ - ١٩١٧]، کە لە کۆی ٤٧٥ ئەندام پەرلەمانی ڕوسیای ئەوکاتە، بەھەردوو باڵی مەنشەفی و بەلشەفی تەنھا ١٣ ئەندامیان ھەبوو، دیارە کە ھیچ پڕۆژە یاسایەک ناتوانرێت بەم ژمارە کەمەوە لەبەرژەوەندی خەلکی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان جێگیربکرێت وەیا، بەم ژمارە کەمەوە ناتوانرێت بەر بگیرێت بەھیچ پڕۆژە یاسایەکی دژی خەڵک و دژی کرێکاری کە لەلایەن پەرلەمانەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لینین و کۆمۆنیستەکان دەستبەرداری بەشداری نەبوون لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، چونکە مەسەلەکە لای ئەوان بەکارھێنان و سود وەرگرتنە لەو میکانیزمە بۆ ھێزگرتن و پەرەپێدان و بەھێزکردنی ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی لەناو کۆمەڵگەدا.


٧. بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەو مانایە نیە کە ھێزێکی کۆمۆنیست بەرنامەی شۆڕشگێرانەی خۆی وەیا ھەتا تاکتیکی شۆڕشگێرانەی خۆی لەبەرامبەر ھەلومەرجی سیاسی دیاریکراوی کۆمەڵگەدا بگۆڕێت وەیا وەلای بنێت. لینین و بەلشەفیەکان، نەک ھەر لەبەرنامەی حیزبەکەیان نەھاتنەخوارەوە بەڵکو ھەتا دەستبەرداری ئەو تاکتیکە شۆڕشگێرانەش نەبوون کە ھەیان بوو کە ئەویش ڕوخانی دەسەڵاتدارەتی قەیسەربوو لەڕوسیای ئەوکاتەدا بەتایبەت لە ساڵانی نێوان [١٩٠٥ - ١٩١٧]. واتا نەک ھەر بەرنامەی حیزبی بەلشەفی کە خوازیاری شۆڕشی کۆمۆنیستی بوو، بەڵکو ئەو تاکتیکە شۆڕشگێرەشی ھەبوو کە ڕوخانی دەسەڵاتدارەتی پاشایەتی قەیسەر و جێگیر کردنەوەی بوو بە جمھوریەتێکی دیموکراسی شۆڕشگێر لە ھاوپەیمانیەتی چینایەتی نێوان کرێکاران و جوتیاران، ئینجا بەشداری ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیشی دەکرد. ئەوە تەنھا ڕوانگەیەکی وردەبورژوازی بەرتەسکە کە وا دەڕوانێت بۆ کاری سیاسی کە بەشداریکردن واتای وازھێنانە لە بەرنامە و تاکتیکی شۆڕشگێرانە و گرتنەبەری بەرنامە و تاکتیکی ڕیفۆڕمیستانەیە. لەڕوانگەی وردە بورژوازیەوە ھەر کار و چالاکیەک کە مل نەدان و لاساری و ھەڵشاخانەوەی تیا نەبێت، بە شۆڕشگێڕی نابینێت و وادەزانێت ئەوە ڕیفۆڕمیستیە.


٨. قورسی مەرجەکانی بەشداری و بەرتەسکردنەوەی مافی بەشداری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ھێز و حیزبە سیاسیەکانی سەر بەئەوان، گەرچی مانای قبوڵ کردنی نیە بەڵام مانای دەستبەرداربونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی نیە. لە ھەڵبژاردنەکانی ڕوسیای سەرەتای سەدەی بیستدا دەنگی چل وپێنج ٤٥ جوتیار لەبەرامبەر دەنگی تەنھا یەک دەرەبەگ و دەنگی پانزە ١٥ کرێکار لەبەرامبەر دەنگی تەنھا یەک سەرمایەداردا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا لینین و کۆمۆنیستەکان بەشداریان کردوە. ئەڵبەتە خەباتیشیان کردوە کە ئەو مەرجە قورسانە لەبەردەم کرێکاران و جوتیاران وەلانێن و مافە دیموکراتی و سیاسیەکانیان ھەرچی زۆرتر بەدەستبھێنن.


٩. نەک ھەر ئەو مەرجانەی سەرەوە بەڵکو دوای سەرکوتی شۆڕشی ١٩٠٥-١٩٠٧ و جێگیربوونی ڕژێمی دژەشۆڕشی (ستۆڵپین)یش، لینین و بەلشەفیەکان بەشداری ھەڵبژاردنی دەورەی پەرلەمانی ١٩٠٨-١٩١٢ یان کرد. لەم دەورەیەدایە کە بەشێک لە بەلشەفیەکان و ھاوڕێکانی لینین سیاسەتی "بایکۆت" دەگرنەبەر و لینین نەک ھەر لە دژیان دەنوسێت و ڕەخنەیان لێدەگرێت، بەڵکو بڕیارنامەش لە کۆنفراسی حیزبدا بە دژیان پێشنیار دەکات.


١٠. لە ھەمووی سەرسوڕھێنەرتر ئەو شتەیە کە ھەرگیز ناچێتە عەقڵی وردەبورژوازیەکی شۆڕشگێڕەوە کە لینین دوای دوو - سێ ھەفتە (دوای کەمتر لەیەک مانگ) لە پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر واتا لەسەرەتای نۆڤەمبەری ١٩١٧ دا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕاگەیاند [کە دادەنرێت بە یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئازاد و دیموکراتیک لە مێژوی ڕوسیای سەرەتای سەدەی بیستەمدا]، وە لەو ھەڵبژاردنەدا حیزبی (سۆشیالیستە شۆڕشگێرەکان) براوەی یەکەم بون نەک حیزبی بەلشەفی. کێشمەکێشی دەسەڵاتی دوولایەنە (ئیزدیواجیەتی سوڵتە) لە نێوان شۆرا کرێکاری و جوتیاریەکان و حکومەتی لینین لەلایەک وە پەرلەمان لەلایەکی ترەوە درێژەی کێشا تا سەرەتای مانگی یەکی ساڵی ١٩١٨ کە لینین دامەزراوەی پەرلەمان ھەڵدەوەشێنتەوە و تەواوی دەسەڵات دەکەوێتە دەست شۆراکان. ھەر لە ماوەی ئەم کێشمەکێشەدایە کە لینین چەند تێزێک دەنوسێت بەدژی دیموکراتیەتی بورژوازی و پەرلەمانیەت.


ئەوەی جێگە مەبەستی منە لەو خاڵە، بۆچی لینین ئەو تاکتیکە دەگرێتەبەر کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێ بخات لەکاتێکدا شۆڕشی سۆشیالیستی ئەنجامداوە و کرێکارانی چەکدار لە شۆراکاندا ڕێکخراو بوون، وە حکومەتیش لەدەستی حیزبی بەلشەفی و لینیندایە؟ ئەگەر کەسێک ئاگاداری مێژووی ڕوسیای ئەوکاتە بە کێشمەکێشی ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەتیش مێژووی بزوتنەوەی سۆشیالیستی کرێکاری و حیزبی بەلشەفی نەبێت، وەئەگەر ئاگاداری کەلەپوری لینین و ھەروەھا کتێبی (مێژووی شۆڕشی ڕوسیا)ی ترۆتسکی و کتێبی جۆن ڕید (دە ڕۆژێک کە جیھانی لەرزاند)ی نەخوێندبێتەوە ناتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بەدەست بھێنێت.


لە مێسۆدی لینین دا پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئامڕازێکی خەباتی سیاسی-چینایەتین بۆ بردنە پێشەوەی ئەو خەباتە و بەکۆمەڵایەتی کردنەوە و ھێز پێگرتنی ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی لەبەرامبەر کۆمەڵگەدا، وە بەتایبەت کاتێک کە جەماوەر و ھاوڵاتیان خۆشخەیاڵ (موتەوەھیم)بن بەوەی کە لە ڕێگەی ئەم ھەڵبژاردنانەوە دەتوانن بارودۆخی ژیانیان بگۆڕن، کە ئەمە یەکێکە لەو خاڵە گرینگانەی مێسۆدی لینین کە دەبێت بەعەمەلی لەناو دڵی ئەو جەماوەرە خۆشباوەڕەدا کارێک بکەیت کە بیروڕای سیاسی و بۆچونەکانیان بگۆڕیت و بەدەوری ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستیدا گردیان بکەیتەوە. کارێکی پڕ حەوسەڵە و بەسەبری لینین لە گەڕانەوەیدا بۆ ڕوسیا لەسەرەتای ئەپریلی ١٩١٧ دا کە بەشداری کۆبونەوەی ھاوبەشی ھەردوو باڵی مەنشەفی و بەلشەفی دەکات و "تێزەکانی ئەپریل"ی خۆی بۆ ئەوان شیدەکاتەوە تا نەک ھەر ھاوڕێیانی قەدیم بەلشەفی خۆی قەناعەت پێبھێنێ بەڵکو کادرە مەنشەفیەکانیش ڕاکێشێت بۆ سیاسەتەکانی خۆی. کاری پر حەوسەڵەی ئەو لە یەکەمین کۆنگرەی سەراسەری شۆڕاکانی ڕوسیا لە حوزەیرانی ١٩١٧ دا کە وتارەکانی چۆنچۆنی سەرنجی ئامادەبوان ڕادەکێشێت بە بەڵگە و ئیستیدلالەوە سیاسیەتی بەلشەفی شیدەکاتەوە تا جەماوەری کرێکاران و جوتیاران قەناعەت پێبھێنێ.


ھەرلێرەشەوەیە دەتوانین ھەڵوێستی لینین بەدژی (کۆمۆنیزمی چەپ) تێبگەین. کە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و سەقامگیر بوونی سیستمی شۆرایی بەشێک لە کۆمۆنیستەکانی وڵاتانی ئەوروپایی کەوتنە دژایەتی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بەو بیانووەی کە سەردەمی دیموکراتیەتی بورژوای و پەرلەمان بەسەرچووە و ئێستا بەشەریەت پێی ناوەتە سەردەمی دیموکراسیەتی پڕۆلیتاری و سیستمی شۆرایی. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کەلەپوری لینین دەبینین لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٩ و ١٩٢٢ دا چەندین وتار و بابەت دەنوسێت بەدژی ئەو بایکۆتچیانەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی، بەتایبەت نامێلکەی (باڵی چەپی کۆمۆنیزم، نەخۆشیەکی مناڵانە). لینین لەو نوسراوانەدا بە بەڵگەوە باس لەوە دەکات کە کۆمۆنیستە بەلشەفیەکان لە ڕوسیادا نەک بە شعیار بەڵکو بە عەمەلی و لەڕێگەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکاندا و بەڕێخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لەژێر دەسەڵات و حکومەتی بەلشەفیدا، توانیان ئەو سیستمە بە بنبەست بگەێنن و جەماوەر بەدەوری ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستیدا کە شۆراکانن کۆبکەنەوە.


١١. پێویستە جیاوازی بکرێت لەنێوان شەرعیەت پێدان و بەڕەسمی ناسینی دەسەڵات. لینین و بەلشەفیەکان کە بەشداری ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی ڕوسیای قەیسەریان کردوە، شەرعیەتیان نەداوە بە دەسەڵات بەڵکو دەسەڵاتەکە و پرۆسەی ھەڵبژاردنیان بەڕەسمی ناسیوە و خەباتیشیان کردوە ھەم دژی دەسەڵاتەکە و ھەم دژی سیستمی پەرلەمانیش بۆ جێگیرکردنی سیستمی شۆرایی. وە بە عەمەلیش ھەر ئەوەیان سەلماند لە مێژوودا. ھەر ھەڵبژاردنێک ھەروەک چۆن کێشمەکێشێکی سیاسیە لە نێوان شەرعیەت پێدان بەدەسەڵاتی ڕەوتێکی بورژوازی و ھەوڵدان بۆ لێسەندنەوەی ئەوە شەرعیەتەیە لەلایەن ڕەوتێکی تری بورژوازیوە، ھەرواش دەتوانرێت کێشمەکێش بێت لە نێوان شەرعیەت پێدانی دەسەڵاتی یەکێک لە ڕەوتە بورژوازیەکان و خستنە ژێر پرسیار وەیا ھەوڵدان بێت بۆ لێسەندنەوەی ئەو شەرعیەتە لەلایەن ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی چینایەتی کرێکاری و کۆمۆنیستەوە.


خواستی (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) بۆ وەرگرتنی ئیجازەی چالاکی عەلەنی لە وەزارەتی ناوخۆی "حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێڕاق" لەچەند ساڵی ڕابردوودا و پاشان وەرگرتنی ئەو ئیجازەیە ئایا مانای شەرعیەت پێدانی دەسەڵاتی سیاسی "حکومەتی ھەرێم" بوو؟ یان بەڕەسمی ناسینی ئەو دەسەڵاتە بوو لە پێناو خەبات کردنێکی عەلەنی دژی ئەو دەسەڵاتە، کە ھەرئێستا ئەو حیزبە، بە عەلەنی و بە عەمەلی لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتەدا ئەو کارە دەکات، کە خستنە ژێر پرسیاری شەرعیەتی ئەو دەسەڵاتە و ھەوڵدانە بۆ لێسەندنەوەی ئەو شەرعیەتە. بەشداریش لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و شارەوانیەکاندا ھەر ھەمان شتە.


١٢. بایکۆت لەڕوانگەی لینینەوە لە دووخاڵدا بەرجەستە دەبێتەوە:


ا) بوونی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە کە لە پلەیەک لەپەرەسەندا بێت کە لە شۆڕش نزیک بوبێتەوە و بورژوازی تاکتیکی پەرلەمانی گرتبێتەبەر بۆ خاوکردنەوەی ئەو بزوتنەوە شۆڕشگێرانە و بەرگرتن بەسەرھەڵدانی شۆڕش واتا لەباربردنی ئەو شۆڕشەی کە بەڕێگەیەوە، وەیا پوچەڵکردنەوە و تێکشکاندنی شۆڕشێک کە لەئارادایە. نمونەی ئەوەش تاکتیکی بایکۆتی لینینە لەبەرامبەر ڕاگەیاندنی ڕژێمی قەیسەر( لەژێر فشاری بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەدا)، بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دێسمبەری ١٩٠٥ دا، کە خودی ھەڵبژاردنەکەش ئەنجام نەدرا. بەڵام دوای دامرکانەوەی شەپۆلی شۆڕشگێرانە، لینین و بەلشەفیەکان بڕیاری بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانیاندایەوە کە بڕیاربوو لەھاوینی ١٩٠٦ دا بەرێوە بچێت.


ھەروەھا لەدوای تێکشکانی ھەوڵوکۆششی دژە شۆڕشی جەنەڕاڵ (کۆرنیلۆف) لە کۆتایی ئۆگۆستی ١٩١٧ دا، کۆرێک لە حیزبەکان پێک دێت لە ١٤ تا ٢٢ ی سێپتێمبەری ١٩١٧ کە بە "کۆنگرەی دیموکراتی ڕوسیا" دەناسرا و ئامادەکاری دەکرد بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پەرلەمانی و "لیژنەی ئامادەکاری بۆ پەرلەمان" پێکھێنابوو، کە یەکەمین دانیشتنی لە ٧ ی ئۆکتۆبەردا ئەنجامدا و بەلشەفیەکان بەپێی سیاسەتی لینین، لەو یەکەمین دانیشتنەی لیژنەیەدا بەشداریان کرد بە چەند کەسێک بە سەرۆکایەتی ترۆتسکی کە تیایدا بەیاننامەی حیزبی بەلشەفی خوێندەوە و داوایان کرد کە تەواوی دەسەڵات دەبێت بدرێتە شۆراکان و چونە دەرەوە لە کۆبونەوەکە و بایکۆتیان کرد. ئەمەش چونکە لە ڕەوەندی تێکشاندنی (کۆرنیلۆف)دا، کرێکارانی ھەردوو شاری پیترسبۆرگی پایتەخت و مۆسکۆ چەکدار ببوون و سوپای سور وەک بازووی چەکداری شۆراکان پێکھاتبوو، وە بەگشتیش جەماوەری جوتیاران مەزاجیان لە دژی ئەو دەسەڵاتەی کە شەش مانگ دوای شۆڕشی شوباتی ١٩١٧ دەستی دەستی بەجوتیارەکان دەکرد و بەڵێنی دابەشکردنی زەوی و زاری پێدەدان و لە چاوەڕوانیدا ڕای گرتبون، مەزاجی ئەو جوتیارانە دژی ئەو دەسەڵاتە وەرچەرخابوو بەلای سیاسەتەکانی حیزبی بەلشەفیدا، بۆیە لێکدانەوەی لینین زۆر دروست بوو کە دەبێ بەرەو شۆڕشی سۆشیالیستی بڕۆین بە پشتیوانی کرێکارانی چەکدار و جوتیاران نەک ئەو ڕەوەندە خاو بکەینەوە بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی وە ڕەوتی ڕوداوەکانیش ڕاستی و دروستی ئەو سیاسەتە یا تاکتیکەی سەلماند، کە ھەم بایکۆتی ئامادەکاری بوو بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و ھەم ھەنگاونان بوو بەرەو شۆڕشی ئۆکتۆبەر.


ب) خاڵی دووەم بونی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و داپڵۆسێنەری سیاسیە کە ھیچ جۆرە بوارێکی بەشداری بۆ کۆمۆنیستەکان نەھێشتبێتەوە. نمونەی ئەوە وەک دەسەڵاتی جمھوری ئیسلامی ئێرانی ئەمڕۆ.


١٣. تا ئەوجێگەیەی پەیوەستە بە عێراق و کوردستانەوە.


ا) تایبەتمەندی ھەرە ئەسڵی ناسەقامگیری سیاسییە. ئەم ناسەقامگیریە لە شکڵی فەزایەکی ئاوەڵای سیاسیدا لەسەر ئاستی عێراقدا خۆی دەنوێنێت، کە کێشمەکێشی سیاسی ھاوڕای توندوتیژی حیزب و ھێزەکانی سەر بە ڕەوتە قەومی و مەزھەبیەکان دەیانەوێت شکڵی دەوڵەت و دەسەڵاتی ئایندەی عێراق دیاری بکەن. ئەم فەزای ئاوەڵای سیاسیە بەلاچونی سەرقاپی ئیستیبدادی بەعس؛ [ڕوخانی دەسەڵاتی سەددام حوسێن و لە گرێژنە بردنی تەواوی جومگە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کۆمەڵگەی عێراق] ھاتۆتە ئاراوە و پڕۆسەیەکی بورژوا ئیمپریالی لەژێر چاودێری ئیمپریالیزمی ئەمریکی و وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوادا خراوەتە ڕێ، بۆ شکڵدانەوە بە عێراق لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا. لەم بارودۆخە سیاسیەدایە کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و شارەوانیەکان لە عێراق و کوردستاندا بەڕێوە دەچێت.


ب) گەرچی فەزای ئاوەڵای سیاسی کوردستان لەسەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە بەدوای کشانەوەی سوپا و ھێزە چەکدارەکانی ڕژێم لە کوردستان ھاتۆتە ئاراوە و دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسیش پلەیەکی زیاتر لە ئارامی (ئەمنیەت) و بوژانەوەیەکی ئابوری بەخۆیەوە بینیەوە، بەڵام ناجێگیری سیاسی ھەروەک سەراسەری عێراق بەشێکە لە پێناسەکەی.


ج) ئەم ناجێگیری سیاسیەیە، فەزای ئاوەڵای سیاسی بۆ چالاکی و ھەڵسوڕانی سیاسی ڕەوت و ھێزە جۆراوجۆرە دژ بەیەکەکان و ھەروەھا بۆ ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و دەنگی سەربەخۆ و ئازادیخواز و کۆمۆنیستەکانیش ھێناوەتە ئاراوە و لەم فرسەتەدا بواری ھەناسەدانی بۆ بخوڵقاندون. واتا عێراق [لەگەڵیشیا کوردستان] وڵات وکۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی بە سەقامگیریەکی سیاسیەوە نیە کە لەوڵاتانی دیموکراتیدا لەئارادان. ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و شارەوانیەکانی عێراق و کوردستان تەنھا لەشکڵ و فۆڕمدا لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و شارەوانیەکانی وڵاتانی دیموکراتی خاوەن دامەزراوەیی سیاسی دەچن.


د) بە پێچەوانەی خۆشخەیاڵی ڕۆشنبیرانی لیبڕاڵی دیاردەی ھەڵبژاردن چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی کوردستان بەشێک نین لە پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و جێگیرکردنی مافەکانی ھاوڵاتیان، بەڵکو بەشێکە لە پڕۆسەی شکڵگیری دەوڵەتێکی ئیستیبدادی بورژوازی بە ڕوکەشێکی فرەحیزبی و ھەڵبژاردنەوە لە میانەی کێشمەکێشی ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی کە ھەر یەک دەیەوێت بەشە پشکێکی زۆرتری ھەبێت لەو دەوڵەتەی کە بڕیارە بەسەرسەری ھاوڵاتیانی عێراق و کوردستانەوە قوتبکرێتەوە. وە لەڕاستیدا ئەم ھەلومەرجە سیاسیەی عێڕاق زیاتر لە ھەلومەرجی سیاسی ناسەقامگیر و پر لە گێژاوی ڕوسیای پاشایەتی موتڵەق و نەبونی دامەزاروەیی سیاسی دەوڵەتی سەرەتای سەدەی بیست دەچێت، کە توێژە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی دەیانویست بەشە پشکیان لە دەوڵەت ھەبێت و دەسەڵاتەکانی قەیسەر و بنەماڵەکەی کەم بکەنەوە، وە لەھەمانکاتیشدا بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێرانەی کرێکاران و جوتیاران دژی تەواوی ئەو ڕژێمە لە ئارادا بووە و لینین و کۆمۆنیستەکانیش بەشداریان لە ھەڵبژاردنەکانیدا کردوە.


١٤. ھەربۆیە ئەو ڕەخنانەی کە دەخرێنەڕوو وەک پاکانە بۆ بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان لەو ڕوانگەوە کە دیموکراتیەت و دامەزراوەیی دەوڵەت و شەفافیەت لەئارادا نین و دەسەڵاتی ڕەوت و حیزبە قەومی و مەزھەبیەکان و بنەماڵە و عەشیرە و میلیشیای حیزبی و .... ھتد، ڕەوتی ئەم پڕۆسەیە دیاری دەکەن و دوبارەش دەسەڵاتی گەندەڵی تائیفی و قەومی بەرھەم دەھێنێتەوە. ھەروەھا ڕەخنەی وەک ئەوەی کە ئەم ھەڵبژاردنانە خۆشگوزەرانی و باشبژێوی بۆ خەڵک ناھێنێتە دی، وە چارەسەری گرێوگۆڵە سیاسیەکانی کۆمەڵگە ناکات، ڕوانگە و ڕەخنەی کۆمۆنیستی و لینینی نین بۆ بایکۆت کردنی ھەڵبژاردن، چونکە تەواوی ئەو دیاردە سیاسیانە بەسەروزیادەوە لە ڕوسیای ئەوکاتەدا لە ئارادابوون و لینین نەیکردونەتە بیانووی بایکۆت کردن. ئەو ڕەخنانە وەنەبێت نادروست بن و بەشێک نەبن لە پڕوپاگەندەی دیموکراسیەتی پڕۆلیتاری و سۆشیالیزم دژی جیھانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی ڕەوتە سیاسیەکانی، بەڵکو نادروستیەکە لەوەدایە کە بیانکەیتە بەھانەی گرتنەبەری تاکتیکێک کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لە پەراوێز و گۆشەگیریدا ڕابگریت.


ا) ھەرلەمڕۆی ئەوروپا و لە وڵاتانی ئەسکەنداڤیای دەوڵەتی ڕەفاھی سۆشیال دیموکراتەکان دوای ھەر ھەڵبژاردنێک دەسەڵاتی ئەو حیزبە یان چەند حیزبی براوەی ھەڵبژاردن، ھێرش دەکەنە سەر خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و بەرتەسک کردنەوە مافەکانی ھاوڵاتیان و سیاسەتی سک ھەڵگوشین (تەقەشوفی ئیقتیسادی) دەگرنەبەر کە لایەک باجوخەراجی تازەخستنە سەر ھاوڵاتیانە و لایەکی تریش توندوتیژ کردنەوەی ھەلومەرجی کار و ڕێگرتنە لەچونەسەری کرێ کە لە ڕاستیدا داشکاندنی کرێی کرێکاران و موچەی کارمەندانە بەھۆی چونەسەری نرخی کەلوپەل و ھەڵاوسانی دراویەوە، وە لەبەرامبەریشدا کۆمەگی مالی دەدەن بە بانکەکان و کۆمپانیاکانی سەرمایەداران و باج و خەراجیشیان لەسەر کەم دەکەنەوە. ئایە ئەمە گاڵتە جاڕی نیە کە ھەر چوار ساڵێک لە ناو دڵی دیموکراتیەتی ئەوروپاییدا خەڵکی دەچنە پای سندوقەکانی دەنگدان و لەوسەرەوە ئەو حیزبەی کە لەسندوقەکانەوە شەرعیەت وەردەگرێت دەکەوێتە پیادەکردنی ئەو سیاسەتانەی دژی ھاوڵاتیانە و لەبەرژەوەندی سەرمایەدارانن؟ ئایە وەڵامی کۆمۆنیستێکی لینینی چییە لەبەرامبەر ئانارشیستەکاندا کە داوای بایکۆتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی دەکەن ھەتا لە دیموکراتیترین و بێ خەوشترین ھەڵبژاردنی پەرلەمانیدا؟


ب) ئایە دەسەڵاتی میلیشایی و ھێزی زێرەڤانی حیزبە قەومی و مەزھەبیەکانی عێراق و کوردستان ترسناکترن بۆ کرێکاران و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان لە بونی دەزگا جاسوسیەکانی وڵاتانی دیموکراسی ئەوروپایی و ئەمریکا لە چەشنی سی ئای ئەی (C.I.A)، و پۆلیس و سوپای سەرکوتگەری ئەو دەوڵەتە ئیمپریالیستانە؟ ئایە دەسەڵاتی میدیای دەنگ و ڕەنگ و ڕۆژنامەگەری وڵاتانی دیموکراسی (کە زوربەشیان سەریان بەندە بە کۆمپانیا گەورە و جیھانیەکانەوە) وە ھەندەسەکاری بیروڕای گشتی دەکەن کەمتر خەتەرناکترن لە دەسەڵاتی بنەماڵە و عەشیرەت؟


ج) بەڵێ تەواوی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دیموکراتیترین وڵاتانێکی ھەتا وەک وڵاتانی ئەسکەندناڤیایی کە بە شەفافیەت و کەمترین ساختەکاری بەڕێوە دەچن لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمی لینینەوە لە شانۆسازی و گاڵتەجاریەک زیاتر نین، کە ھەرچوار ساڵێک خەڵکی کێش دەکەن بۆ سندوقی دەنگدانەکان بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتێک بۆ ئەوەی دەست بەکار ببێت بۆ ھێرش بردنەسەر ماف و دەستکەوت و خزمەتگوزاریەکانیان و بەبەرچاویشیانەوە بکەوێتە کۆمەگی کردنی بانقەکان و کۆمپانیاکان. ئینسان یا دەبێت وەک ئاناڕشیستەکان بایکۆت لەئاست پرێنسیپیدا سەیر بکات کە لە ھەموو حاڵێکدا دەبێت سیاسەتی بایکۆت بگیرێتەبەر، یان دەبێت وەک لینین بە تاکتیکێکی خەباتی سیاسی بیبینێتەوە بۆ خستنەڕووی ئاڵتەڕناتیڤی کۆمۆنیستی و بەھێزکردنی لە بەرامبەر ئاڵتەرناتیڤە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازیدا.


١٥. ھەڵوێستی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری (کوردستان، عێراق و چەپی عێراق) بۆ بایکۆتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کوردستان وھەروەھا ھەڵبژاردنی شارەوانی شارەکانی کوردستان، لەگەڵ پڕێنسیپەکانی ئاناڕشیزمدا ڕێک دێتەوە نەک لەگەڵ پرێنسیپ و ھەڵوێستی کۆمۆنیستی و لینیندا.


١٦. ھەڵوێستی بایکۆتی ئەم حیزبانە، ھەڵوێستێکی دوورەپەرێزی (ئینعیزالیەتی) کۆمەڵایەتی-سیاسیە. ئاکامەکانی ئەم ھەڵوێستە، چەپ و کۆمۆنیزم لە کۆمەڵگەدا، وە ئالتەرناتیڤی کۆمۆنیستی ھێندەی تر گۆشەگیر و تەریک دەخاتەوە. ئەو فرسەتەش لە کادرە کۆمۆنیستەکان دەسێنێتەوە کە پڕۆسەی پەروەردەکردن و بارھێنانیان، لە بۆتەی خەباتێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری دا بڕواتە ڕێوە.


١٧. ڕێگرە واقعی و عەمەلیەکانی بەردەم بەشداری کۆمۆنیستەکان لەمڕۆی عێراق و کوردستاندا، بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانی و شارەوانیەکاندا، گەلێک زۆر و سەختن.


ا) بەڵام لە حاڵەتێکدا کە هێڵێکی کۆمۆنیستی لینینی لە ئارادابوایە بۆ ھەڵوێست گرتن ئەوا ھەلی زاڵ بوون بەسەر ئەو ڕێگرانەدا فەراھەم دەکرا، و بواری تواناسازی چەپی کۆمەڵگە بەگشتی و ھێزە کۆمۆنیستەکان بەتایبەتی دەخوڵقا بو بەشداری.


ب) ئەگەر حیزب یان ھێزێکی کۆمۆنیست نەتوانێت بەلیستێکی سەربەخۆی خۆیەوە بەشداری بکات ئەوا دەکرێت لەگەڵ باقی ھێز و ڕێکخراو و دەستە و گروپ و حیزبە کۆمۆنیست و چەپەکان بەگشتی لیستێکی ھاوبەش پێک بھێنن. ھەرنا دەکرێت پلاتفۆڕمێک لە کەسانی سەربەخۆی چەپ و ئازادیخواز کە ئیتۆریتەیەکی کۆمەڵایەتیان ھەیە ساز بکرێت بۆ ھەڵسوڕان و چالاکی چەپی کۆمەڵگە و کۆمۆنیزم لەم ھەڵبژاردنانەدا، کە مەسەلەی ئەسڵی خستەڕووی ئاڵتەرناتیڤێکی چەپ و کۆمۆنیستە بۆ کۆمەڵگە و گردکردنەوەی ھێزی کۆمەڵایەتیە بەدەوریدا. ئەمە وەک دەروازەیەک و ئەزمونێکی سەرەتایی بوار دەخوڵقێنێت بۆ ھاتنەمەیدان و بەشداری ڕاستەوخۆی ھێزە کۆمۆنیستەکان لە ئایندەدا.


ج) لەوانەیە بوترێت کە بایکۆتیش خستنەڕووی ئاڵتەرناتیڤی چەپ و کۆمۆنیستیە بۆ کۆمەڵگە و ھەوڵدانە بۆ ھێزکۆکردنەوە بەدەوریدا. بەڵام بەپێ لێکدانەوەکانی سەرەوە، ئەم سیاسەت و تاکتیکە گۆشەگیری کۆمەڵایەتی سیاسیە لەم بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی عێراق و کوردستاندا، وە بەعەمەلیش لە دوو دەورەی پێشوی ھەڵبژاردنەکان و ئەم دەورەی سێھەمەشیدا [٣٠-٤-٢٠١٤] ئاکامەکانی مانەوەی ئەو ھێز و حیزبانە بووە لە حاڵەتی گۆشەگیری و لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا کە بایکۆتیان پەیڕەو کردوە.


د) دەوترێت کە ناڕەزایەتی بەشێک لە جەماوەر بەدژی ئەم ھەڵبژاردنە و بۆ بایکۆت کردنی ھەیە،... ماویەتی.


١٨. ڕیشەی بنەما هزری و سیاسیەکانی سیاسەتی بایکۆت،... ماویەتی.


٢٤\٤\٢٠١٤

nadr1506@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک