په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٣\٢٠١١

چەند ووشەیەک بۆ میژوو.


ئەنوەر فه‌تاح محه‌مه‌دئەمین


خۆپیشاندان و خەباتکردن هەر لە لادێکانەوە تا سەرشەقامی شارەکان بۆتە بەشیک لە کەڵچەری خەبات و خەلکییش بە پەرۆشەوە دەچێتەوە بەگژ دەسەلاتدا بۆ بەدیهاتنی خواستەکانیان.


هاولاتیان دەیانەویت ئازاد بن و ئەندامیکی گوێرایەلی خیل نەبن، خاوەنی مەعنەویەتیکی مەزنی دلخۆشکەریشن، ئیتر گوێ نادەن بە ئامۆژگاریی و فەرامۆشکردن و پەراویزخستنیش قبول ناکەن. بەلام گرنگ ئەوەیە لەولاوە، خەبات و هیلاک بوونی خەلکی خوین رژاوی گەنج بەتایبەت، بەکار نەهینریت و نەکریتە قوربانی خیتابی پر لە حەماسی بۆش و بەتال. ئەوەتا هەر لە ئیستاوە، لەسەرای ئازادی، هەرباسی دوای 17 ی شوبات دەبیستین، باس هەر باسی وەزیفەی بەرزی تەکنۆکرات و بەردانی گیراوەکان و بریارەکانی پەرلەمانە. ئەمە لەکاتیکا ئەو باسانە هیچیان ئەو هۆکارانە نەبوون کە خەلکی خوینی بۆ رژاند، بەلکو خەلکی راپەری دژی بارگرانی ژیانی و پەراویزخستنی، دژی بەخواوەند کردنی حیزب و سەرۆکی حیزبی و گویرایەل بوون بۆیان. ئیستا باسی ئەو کۆشک و تەلارانە بیر چووەوە کە زیاتر لە کۆشکەکانی ماری ئەنتوانیت ولویسی شانزەهەمی تیچووە، دەزگای خزمەتکارو و پاسەوانەکانیشیان لە هی ئەوان زیاترە. ئەمە لە کاتیکا کە نەهامەتی پیشینەی میژوویی ئەم راپەرینە بوو.


خەتیبەکانی سەرای ئازادی زیاتر باسی وەزیفەو ئەندامیتی ئەنجوومەنی پاریزگاکان و پەرلەمان و وەزیرو گزیری تەکنۆکرات دەکەن، ئیستا بازاری وەزیفە پلەدارەکان گەرمە. هەر لە سەرای ئازادیدا بەدەیان پێشێلی ئازادی خەلک دەکریت. ئەوەتا بزووتنەوەی گۆران و ئیسلامی و نارەزاکانی ناو یەکیتی وپارتی سواری شەپۆلی نارەزایی خەلکی بوون. لیژنە دادەمەزرینن و لەناو خۆیاندا ئەو لیژنانە دەبنە مجلسی قیادەو ئاراستەی راپەرینی خەلک و رۆژانەیش دەلین لیژنە هیچ نیە جگە لە ریکخستنی ساحەو میکرۆفۆنەکە نەبیت. ئەو لیژنەیە هەر لە نیوەندی خۆیاندا دامەزراوەو لە 17 ئەندام پیکهاتووە. هەر لە سەرای ئازادیدا هەر کەسێکیش ووتەیەک بڵێ بە دلی مجلسی قیادە نەبیت ئەوا کۆمەلیک ئینزباتی بزووتنەوەی گۆران بەگژیدا دینەوەو دەمکوت ووتۆمەتباریشی دەکەن. هەر لە ئیستایشەوە کۆمەلیک چەپلە لیدەریان ئامادە کردووە بۆ خەتیبەکانی خۆیان. هەرکەسی دی قسە بکات دەبیتە هەراوهوریایەک هەر مەپرسە. هەر ئیستایش هیچ جیاوازیەک بەدی ناکریت لە نیوان حمایەی مەسئولیکی حیزبە دەستەلاتدارەکان و ئەمانەدا. هەموو رۆژیکیش پیمان دەلین ئەوان لە 18 ی شوباتەوە لیرەن. واتە هەر لە دوای 30 رۆژ، خەباتی خۆیان بە خەلکی دەفرۆشنەوە. سەیریش ئەوەیە لۆمەی حیزبەکانی دەستەلات دەکەن کە هەموو رۆژیک خەباتی 30 سالەی شاخ و ژیر زەمینی و بەندیخانەو ئەنفال بە گوێی خەلکیدا دەدەن بۆ حەلالکردنی سەروەت و سامانە بێئەندازەکەیان وتا سیفەتی ئیلاهییش بەخۆیان بەخشیوە.


خەتیبەکان بە کەشوفشێکەوە بەخەلکی دەلین ئەوە مام جەلال، د. بەرهەم، د. کەمال .. هتد تەلەفۆنیان بۆ کردین. ئەوە ناسکەخان شەو تا بەیان نامە دەنووسیت بۆ سەرۆک ئۆباما، دەیانەویت لە بەرامبەر خوین رژانی خەلکیدا، ئەم هەر لە ئیستاوە، سەعاتەکانی خەباتی خۆیمان بۆ حسێب بکات. نایشی شارینەوە ساحەکە بۆتە بازاری عوکاز بۆ عەرزکردنی ووتە حەماسیەکانی ریکخەری ساحەکەو لە پاشیشدا هەموو خەباتی خەلکی دەکریتە قوربانی چەند وەزیفەیەک و لاکردنەوەی دەسەلات لە بزووتنەوە سیاسیەکەی گۆران و ئیسلامی و چەند تەکنۆکراتیک. بەلام گرنگ ئەوەیە بەم لیژنەی سەرای ئازادیە داواکاری کارتۆنی بۆ خەلک دیتەبەر، وەلێ داواکاریی شاهانە بۆ سەرۆکەکان.


هەر ئیستایش خەلکی راپەریو کراونەتە هیزی چەپلەلیدان و هوتافکیشان بەسەر خەتیبەکانداو. خەلکی بوونەتە کریکاری خوبەخش بۆ خەتیبەکانی 20 مارت 2011 کە سازش لەسەر خوینی رژاوی راپەریوان دەکەن. وە حال بەم جۆرە بروات هەرزوو تیشکان رووبەروومان دەبیتەوە. بۆیە دەبیت خەلکی خۆیان لەم خەتیب و ئەدیب و حیزبە سازشکارانە دوور بخەنەوە، دەنا تیشکانی ئیمە و سەرکەوتنی ئەوان بەسەرماندا چاوەروانکراوە.

 


anwar.amin2011@hotmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک